پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 10 - 1 - 2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەرێز لۆدڤایك ئاشەر جێگری سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە بەڕێزان خاتوو ژەنین هێنس پلاشخارت وەزیری بەرگری و سوپاسالار و باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سەربازی و دیپلۆماسی پێكهاتبوون.
لە دیدارێكدا كە بەڕێزان جێگری سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە وەزیرانی حكوومەتی هەرێم ئامادەی بوون، جێگری سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و سوپاسی خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستانی كرد كە توانیویانە ڕووبەڕووی دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆرستیی جیهان ببنەوە و هەموو پێكهاتە و نەتەوەكان بێ جیاوازی لە ترسی تیرۆر بپارێزن و سەركەوتن بەسەر تیرۆردا تۆمار بكەن.
هەروەها سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە سەرەڕای قەیرانی دارایی و ئابووری، پێشوازیان لە ژمارەیەكی یەكجار زۆر ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆری كردووە و ئامادەییی وڵاتەكەیشی بۆ بەردەوامیی هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی بۆ كوردستان دەربڕی. هەروەها دەستخۆشی لەو هەنگاوانەی چاكسازی كرد كە بەم دواییانە حكوومەت لە بواری ڕێكخستنەوەی داراییدا دەستی پێ كردووە و بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەییی وڵاتەكەی بۆ هەر هاوكارییەك پیشان دا.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی هۆڵەندای بۆ هەرێمی كوردستان كرد و تیشكی خستە سەر قەیرانی ئابووری و ڕایگەیاند بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانە حكوومەت دەستی بە كۆمەڵێك ڕێكار كردووە و هیوای خواست وڵاتە دۆستەكان لەم ڕووەوە هاوكار بن.
هەروەها سوپاسی هۆڵەندا و هاوپەیمانی كرد بۆ ناردنی هاوكارییە مرۆییەكان و هیوای خواست كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی زیاتر بۆ ئاوارە و پەنابەران بنێرێت. بەڕێزیان جەختی لەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان دەخوازێت كێشەكانی لەگەڵ بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكات. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە بۆ ڕزگاركردنی ئەو ناوچانەی تا ئێستا لەژێر دەستی تیرۆرستانی داعشدا ماونەتەوە، هەرێمی كوردستان هاوكار دەبێت
ڕۆژی یەكشەممە 10ـی 1ـی 2016 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی باڵای حكوومەتی هۆڵەندا كۆبۆوە كە پێكهاتبوون لە لۆدڤایك ئاشەر جێگری سەرۆك وەزیران و ژەنین هێنس پلاشخارت وەزیری بەرگری و جەنەڕاڵ تۆم میدن دۆرپ سوپاسالاری هۆڵەندا و جان واڵتماز باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق و ڤان دێر زاندی كۆنسوڵی هۆڵەندا لە هەولێر.
لە دیدارەكەدا جێگری سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە خۆی و شاندی یاوەری كراوە و هەروەها ستاییشی ڕۆڵ و ئازایەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و سەرەخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد بۆ ئەو پێشمەرگانەی لەپێناو پاراستنی پێكهاتەكان و شەڕی دژی تیرۆریستان گیانی خۆیان بەخت كردووە و لە شەڕەكاندا شەهید بوونە. هەروەها جەختیشی لەبەردەوامی پشتیوانی وڵاتەكەی كردەوە لە كوردستان و هێزی پێشمەرگە. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا پێزانینی وڵاتەكەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە هەرێمی كوردستان میوانداری ملیۆنێك و هەشتسەتهەزار ئاوارە و پەنابەری كردووە و سەرباری بوونی گرفتی قووڵی ئابووری قوربانی زۆریشی لە شەڕی تیرۆریستان داوە و لەوەدا هۆڵەندا هاوسۆزی كوردستانە و هەروەها شەڕی تیرۆریستانیشی بە هۆكاری یەكبوونی هەردولا لە قەڵەم دا.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی گەل و حكوومەتی هۆڵەندای كرد كە لە شەڕی تیرۆریستاندا پشتیوانی پێشمەرگەن. هەروەها باسی لە هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان كرد و ئەو هەماهەنگییەی بە كەموێنە وەسف كرد كە بووەتە هۆی ئەوەی سەركەوتنەكان زووتر بەدەست بێن و لە شەڕەكاندا هیچ شوێنێكی سڤیل نەكرێتە ئامانج. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی مەترسییەكانی توندڕۆیی و ڕێكخراوی داعشی بۆ سەر مرۆڤایەتی بۆ شاندی میوان خستەڕوو و باسی لە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی داعش و گەشەكردنی لە عێراق كرد و جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە قۆناغی دوای شكستدانی داعش بە بایەخەوە سەیر بكرێت و دەبێ ڕێككەوتنێك هەبێت كە لەدوای ڕزگاركردنی موسڵ ناوچەكان چۆن بەڕێوەببردرێت و گەرەنتیش بۆ ئاییندەی پێكهاتەكان هەبێت كە كارەساتەكان چیتر دووبارە نەبنەوە.
هەر لەم كۆبوونەوەیە جەخت لە پێویستی لەناوبردنی تیرۆریستان لە سووریا و عێراق و گەڕاندنەوەی ژیانێكی ئاشتیانە بۆ ناوچە ئازادكراوەكان كرایەوە و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە شەڕی دژی تیرۆر جگە لە لایەنی سەربازی پێویستە ڕەهەندی ئابووری و ئایدیۆلۆژیشی هەبێت. لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا باس لە پێداویستییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ كرا.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم و فەریق جەمال سوپاسالاری پێشمەرگە و فەریق جەبار یاوەر ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 6/10/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز جان واڵتمانس باڵیۆزی نوێی هۆڵەندا لە عێراق و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا بەڕێز باڵیۆزی هۆڵەندا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و پابەندبوونی حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە پیشان دا. هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندییە لەمێژینەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا كرد و هیوای تۆكمەتركردنی ئەو پەیوەندییانەی لە هەموو بوارەكاندا خواست.
لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ بەڕێز واڵتمانس وەك باڵیۆزی نوێی هۆڵەندا لە عێراق خواست و ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی بۆ هەر هاوكاریی و پشتگیرییەك دەربڕی. هەروەها سوپاسی گەل و حكوومەتی هۆڵەندای كرد بۆ ئەو پشتیوانییە سەربازی و مرۆییەی كە لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرشەكانی تیرۆرستانی داعش، پێشكەش بە هەرێمی كوردستانیان كردوە.
دواتر بەڕێزیان تیشكی خستە سەر چەند بابەتێكی هەنووكەییی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان و عێراق لەوانە، شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش، بارگرانی هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان، ئەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا وەك خۆی و بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، لەمبارەیەشەوە جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان بڕوای بە دیالۆگ و گفتوگۆیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
هەروەها ئاماژەی بە پرۆسەی چاكسازی و پابەندبوونی حكوومەتی هەرێم بەو پرۆسەیەوە لە هەموو بوارەكاندا كرد بە تایبەتی لە بوارەكانی ئابووری و داراییەوە. سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیشەوە ئاماژەی بەوە كرد كە جیاوازیی بیروبۆچوون لە نێوان لایەنەكاندا هەیە و ئێستا هەموولایەنەكان لە گفتوگۆ و دانوستاندان بۆئەوەی پرسەكە چارەسەر بكەن. جەختی لەوەش كردەوە كە لە هەموو كێشەكان زیاتر، قەیرانی دارایی خەڵكی هەرێمی كوردستانی هەراسان كردووە و دووپاتی كردەوە هەرچەند هەرێمی كوردستان توانای زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوتی هەیە، بەڵام دابەزینی نرخەكەی هۆكارێكی دیكەیە بۆ بەردەوامیی ئەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە.
باسكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا لە هەموو بوارەكانەوە، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو و لەم بارەیەشەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە دەرگاكانی هەرێم بۆ كۆمپانیا وەبەرهێنەكانی هۆڵەندا واڵایە و هانی وەبەرهێنەران دەدات بێن سەرمایەگوزاری لە هەرێمی كوردستان بكەن و بەم ڕێگەیەشەوە هاوكار بن بۆ كەمكردنەوەی ئەو قەیرانە ئابووریەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە.
خاتوو جێنێت سێپین باڵیۆزى هۆڵەندا لە عێراق بە بۆنەى کۆتایى هاتنى ماوەى کارکردنى لە عێراق سەردانى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى کرد و لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە پێشوازى لێکرا.
لە دیدارێکدا کە جۆن ڤان دێرزاند کونسوڵى گشتى هۆڵەندا لە هەرێمى کوردستان ئامادەبوو، بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە سوپاسى باڵیۆزى هۆڵەنداى کرد کە لە ماوەى کارکردنى لە عێراقدا بەشێوەیەکى بەردەوام سەردانى هەرێمى کوردستانى کردووە ڕۆڵى هەبوو لە بەرەوپێش بردنى پەیوەندیەکانى هەرێمى کوردستان وهاوکات جەختى لەسەر ئەو ڕاستیە کردەوە کە ووڵاتى هۆڵەندا لە ڕابڕدوودا و لە کاتە سەختەکاندا دەرگاى کراوە بووە بۆ پێشوازى کردن لە خەڵکى هەرێمى کوردستان. هەروەها لە ڕێگاى ناردنى ڕاوێژکارى سەربازى بۆ مەشق پێکردنى هێزەکانى پێشمەرگە و کەلوپەلى سەربازى پشتگیریان لە هێزەکانى پێشمەرگە کردووە لە بەرەنگاربوونەوەى داعش کە جێگاى پێزانینى هەرێمى کوردستانە. هاوکات بەردەوام هاوکارى بۆ ئاوارە و پەنابەران ناردووە و سەردانى بەردەوامى شاندەکان نیشانەى دۆستایەتى و پشتگیرى هۆڵەندایە بۆ هەرێمى کوردستان.
لە بەرامبەردا خاتوو جێنێت سێپین باڵیۆزى هۆڵەندا لە عێراق سوپاسى ئەو پێشوزایە گەرمەى کرد و ئاماژەى بە ڕۆڵى قارەمانانەى هێزەکانى پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەى داعش و خۆڕاگرى خەڵکى هەرێمى کوردستان لەبەرامبەر قەیرانى دارایى و مرۆیى و کە هۆلەندا پشتگیرى لە هەرێمى کوردستان دەکات بەردەوام دەبێت لەسەر پێشکەش کردنى هاوکاریەکان.
هەروەها باڵیۆزى هۆڵەندا سوپاسى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد بۆ پشتگیریان لە کارەکانى باڵیۆزخانەى هۆڵەندا لە بەغدا و کونسوڵگەرى گشتى هۆڵەندا لە هەوڵێر و ئەوان کاردەکەن بۆ زیاتر پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و هۆڵەندا.
لە تەوەرێکى دیدارەکەدا هەردوولا بیروڕایان ئاڵوگۆڕکرد دەربارەى دووایین بەرەوپێشچوونە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتى و پەیوەندیەکانى نێوان هەولێر و بەغدا و بارودۆخى مرۆیى و سەربازى.
لە کۆتایى دیدارەکەدا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە هیواى سەرکەوتنى بۆ خاتوو جێنێت سێپین خواست لە ئەرکى داهاتوویدا وەک دۆستێکى هەرێمى کوردستان.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2015/5/14 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز ژینیان هێنس وەزیری بەرگریی هۆڵەندا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا وەزیری بەرگریی هۆڵەندا دەستخۆشی لە هێزەكانی پێشمەرگە و ڕاهێنەرانیان كرد كە لە هەولێر لە لایەن پسپۆڕانی سەربازیی هۆڵەندا و هاوپەیمانانهوه مەشق و ڕاهێنانی پێویستیان پێدەكرێت و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی كە هێزەكانی پێشمەرگە توانیویانە لەو مەشق و ڕاهێنانانە سەركەوتوو بن و بە شێوەیەكی دڵسۆزانە كارەكانی خۆیان ئەنجام دەدەن.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری بەرگریی هۆڵەندا ئاماژەی بەو قوربانییە گەورەیهی هێزی پێشمەرگە كرد كە بۆ پاراستنی خاكی كوردستان دەیدات و ڕێز و سوپاسی خۆی بۆ ئەو قارەمانیهتی و نەبەردیەی پێشمەرگە نیشان دا. ئەوەشی خستە ڕوو كە ئەوان ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش تەنیا وەك مەترسییەك لەسەر هەرێمی كوردستان نابینن، بەڵكو مەترسییە بۆ سەر ئاسایشى هەموو جیهان و بڕیاریان داوە هاوكاری پێشكەش بە پێشمەرگە بكەن بۆ بنبڕكردنی ئەو مەترسییە، بەردەوامیش دەبن لە هاوكارییەكانیان وەك چۆن هەر لە ڕۆژی یەكەمی دروستبوونی مەترسییەكانهوه لە چوارچێوەی هێزی هاوپەیماناندا، هاوكارییان پێشكەش بە هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە كردووە.
هەروەك سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ حەواندنەوە و بەپیرەوەچوونی ئەو ژمارەی زۆرەی ئاواره و پەنابەران كە لە ترسی تیرۆریستانی داعش ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و بە هەموو شێوەیەك خزمەتگوزاری و هاوكاری پێشكەش كردوون.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی وەزیری بەرگریی هۆڵەندا و پەیام و قسە بەنرخەكانی دەرهەق بە هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە كرد و ڕێز و پێزانینی حكوومەت و خەڵكی كوردستانی پێشكەش بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتى حكوومەت و خەڵكی هۆڵەندا كرد كە هەر لە سەرەتای دروستبوونی هەڕەشەی تیرۆرهوه لە ناوچەكە، هاوكاریی هەرێمی كوردستانیان كردووە و جەختیشی لەوە كردەوە كە پێشمەرگە هەموو ئەركەكانی خۆی بە شێوەیەكی ڕێكوپێك جێبەجێ كردووە و بەردەوامیش دەبێت لەو ئەركە بۆ پاراستنی بنەماكانی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و ئەو ئازادیانەی كە جیهانی ئازاد بەرگرییان لێ دەكات.
ئەوەشی خستەڕوو كە ڕاستە ڕووبەرێكی زۆری خاكی كوردستان لە دەستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار كراوه و مەترسییەكانیان بە شێوەیەكی بەرچاو كەم كراوەتەوە، بەڵام مەترسییەكە هێشتا كۆتایی نەهاتووە، بۆیە پێویستە هاوكارییەكان لە هەردوو بواری مرۆیی و سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت و سوپاسی ئەو ئەفسەر و پسپۆڕە سەربازییە هۆڵەندییانەشی كرد كە مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە دەكەن و هیوای بەردەوامیی ئەو مەشق و ڕاهێنانانەی خواست كە سودێكی زۆری بۆ بەرەكانی پێشەوەی هێزی پێشمەرگە لە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش هەبووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 29ـی 10ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی هاوپەیمان لەشەڕی دژی داعش كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی ئەمەریكا و فەڕەنسا و بریتانیا و ئەڵمانیا و ئیتالیا و هۆڵەندا و كەنەدا و ئۆستڕالیا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان سوپاسی گەل و حكوومەتەكانی هێزی هاوپەیمانان لە شەڕی دژی داعش كرد بۆ ئەو پاڵپشتی و هاوكارییەی كە لەشەڕی دژی داعش پێشكەشی هەرێمی كوردستانیان كردووە و ئەو هەماهەنگییەی كە لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیماندا هەیە بە بەرز نرخاند بە تایبەت كە هەماهەنگییەكە وای كردووە كە لەشەڕی دژی داعشدا هیچ زیانێك بەر خەڵكی سڤیل نەكەوێت.
سەرۆك بارزانی ئەوەیشی باس كرد كە تیرۆریستانی داعش لەم شەڕەدا پابەندی هیچ یاسا و ئەخلاق و بەهایەكی مرۆڤی نین بەڵام لەبەرانبەر ئەوەدا هێزی پێشمەرگە سەرباری دڕندەیی داعش بە تەواوەتی ڕەچاوی یاساكانی جەنگ و بنەماكانی مافی مرۆڤ و پاراستنی خەڵكی مەدەنی دەكات و ئەو پابەندبوونەی هێزەكانی پێشمەرگەیش ڕیشەی لە بەهاكان و مێژووی خەباتی گەلی كوردستاندایە كە بە هیچ شێوەیەك پێشمەرگە دەستی بۆ كردەی نامرۆڤانە و تۆقاندنی خەڵكی سڤیل نەبردووە.
سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا ڕایگەیاند كە بە پشتیوانیی هێزی هاوپەیمان و ئازایەتیی پێشمەرگە سەركەوتنی بەرچاو لە بەرەكانی شەڕ بەدی هاتووە و ئەو سەركەوتنانە بووە هۆی ئەوەی تیرۆریستانی داعش لە پلانەكانیان بۆ پێكەوەگرێدانی دەشتی نەینەوا و ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتیان لە سووریا شكست بهێنن.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی بە وردی شاندی میوانی لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە و پلانی داهاتووی بەرەكانی شەڕ ئاگادار كردەوە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە دوژمن توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی پێشمەرگەی نەماوە و پشتی بە خۆكوژ و دانانی تەقەمەنی و ماین و بۆمبی چێندراوەوە بەستووە. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی بە پێویستی زانی كە حكوومەتی عێراقی لە شەڕی دژی داعش كار بە بەرپرسیارێتی و پابەندبوونەكانی بكات و ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان سەرباری ئەوەی تێبینیی زۆری لەسەر حكوومەتی تازە هەبوو بەڵام بڕیاری بەشداریكردنی دا بۆ ئەوەی باشتر بتوانرێ شەڕی تیرۆریستان بكرێ. سەرۆك بارزانی لەمبارەیەوە بە پێویستی زانی كە حكوومەتی عێراقی ئەرك و پابەندبوونەكانی لە هاوكاریكردنی پێشمەرگە لەم شەڕەدا جێبەجێ بكات.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر بارودۆخی ئەو هاووڵاتی و پێشمەرگانەی لەسەر چیای شنگالدا قارەمانانە بەرگری لە چیا دەكەن و ڕۆڵی ئەوانی لە پاراستنی چیای شنگال بەرز نرخاند.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەدا ئامادەبووان تێبینی و پرسیارەكانیان لەبارەی چۆنییەتی هاوكاریكردنی پێشمەرگە و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و سەرۆك بارزانیش وەڵامی تێبینی و پرسیارەكانیانی دایەوە.
شایانی باسە لەم كۆبوونەوەیەدا فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.