ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی 3ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی یەكێتیی ئەوروپا كرد كە پێكهاتبوو لە ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆمیتەی بەرگری و كۆمیتەی كاروباری دەرەوەی پارلەمانی ئەورووپا و جانا هیباسكۆڤا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەیان لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە سەرۆك بارزانی كرد و ڕۆڵ و قوربانیدانی پێشمەرگەیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان بەرز نرخاند و ئاماژەیان بەوەدا كە شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ مەترسییەكان و بەرخودانی پێشمەرگە وایكردووە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بەشداریی ئافرەتان لەم بەرخودانەدا ڕێز و پێگەیەكی بەرزی بۆ پێشمەرگە لە ئاستی جیهانیدا مسۆگەر كردووە. هەروەها ستاییشی سەقامگیری و پێشكەوتنی كوردستانیان كرد و ڕایانگەیاند كە دەیانەوێ كار بكەن بۆ بەردەوامیی و فراوانتركردنی پشتیوانی بۆ هەرێمی كوردستان و پێویستیشە وڵاتانی ئەوروپایی بەردەوام بن لە گەیاندنی هاوكاریی سەربازی و مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هەڵسەنگاندن و هەڵوێستی ئەوانی كرد لەمەڕ هێزی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان و وێڕای ئاماژەدان بە چۆنییەتی دەركەوتنی داعش و پەلاماردانیان بۆ كوردستان و تاوانەكانیان ئەوەی خستەڕوو كە بە یارمەتیی هێزی هاوپەیمانان پێشمەرگە ئوستوورەی داعشی شكاند و لە زۆربەی ناوچەكانی دەركردن بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا داعش هێشتا هەڕەشەیە و پێویستە لەڕووی فكرییشەوە لەدژی تیرۆریستان بوەستین و داوایشی كرد كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی جدیتر بیر لە ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی تیرۆر بكات و كار لەسەر نەهێشتنی هۆكارەكانی دیاردەی توندڕۆیی و تیرۆر بكرێت. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە موسڵ و هەموو ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی داعشدا ماون ئازاد بكرێن. هەر لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە یەكێتیی ئەوروپا دەتوانێ ڕۆڵێكی كاریگەرتری لە چارەسەركردنی قەیرانەكانی ناوچەكەدا هەبێت و پێشوازیشی لەوە فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و یەكێتیی ئەورووپا كرد.
لەبەشێكی دیكەی ئەم دیدارە باس لە گرفتی ئاوارەكان كرا و شاندی میوان پێزانینی بۆ هەرێمی كوردستان هەبوو كە سەرباری شەڕ و قەیرانی ئابووری یارمەتیی پتر لە ملیونێك و پێنجسەد هەزار ئاوارەی داواە كە خۆی لە خۆیدا بارێكی قورسە لەسەر شانی هەرێمی كوردستان. هەروەها ستاییشی هێزی پێشمەرگەیان كرد كە مامەڵەیەكی زۆر شیاویان لەگەڵ عەرەبی ئەو ناوچانە كردووە كە لەژێر دەستەڵاتی تیرۆریستان ئازاد كراون.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2015/3/19 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا كرد.
لە دیدارێكدا بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان، پرسی ئاوارەكان، بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ كران و شاندی میوان دەستخۆشییان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە سەرەڕای ئەوەی تووشی قەیرانی بێ بودجەیی هاتووە و بارێكی قورسی لەسەر شانە، ئەركێكی گەورە و پیرۆزی مرۆیی ئەنجام داوە بە حەواندنەوەی سەدان هەزار ئاوارە كە لە ترسی تیرۆر لە دەڤەرەكانی دیكەی عیراقەوە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و توانیویەتی تا ڕادەیەكی باش پێداویستییەكانیان دابین بكات.
شاندی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا هەروەها باسیان لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش كرد و ئاماژەیان بەوە كرد ناوی پێشمەرگە بووەتە وشەیەكی گرنگ و گەشاوە لە سەرتاسەری ئەورووپا و جیهاندا كە بە هەموو شێوەیەك بەرگری لە بنەماكانی ئازادی و مرۆڤایەتی دەكات و فیداكارییەكانی پێشمەرگەیان بەرز نرخاند و هیوایان خواست ئەو شەڕە لە ماوەیەكی كورتدا بە سەركەوتنی پێشمەرگە و هێزە ئازادیخوازەكان دژی تیرۆر و تۆقاندن، كۆتایی پێ بێت. هەر لە دیدارەكەدا باسیان لە پێدوایستییەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕووی مرۆیی و سەربازی و ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا كرد.
لە لایەن خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ هەڵوێستە ئەرێنییەكانی یەكێتیی ئەورووپا لە بەرامبەر هەرێم بە شاندی میوان ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە كرد كە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ پەنابەران و ئاوارەكانی دەستی تیرۆر بەردەوام دەبن، بەڵام ئەوەی كە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەهاناوەچوون و هاوكاریكردنی ئاوارەكان چاوەڕوان دەكرا، وەك پێویست نەبووە، بە تایبەتی كە چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی ئازادكردنی مووسڵ لە دەست تیرۆریستان، ژمارەیەكی زۆرتری ئاوارە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، بۆیە چاوەڕوانی ئەوە دەكەین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی یەكێتیی ئەورووپا چ ڕاستەوخۆ یان بە ڕێگەی ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە ناحكوومییەكان، خۆیان بۆ هاوكاریی پێویست ئامادە بكەن.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە وردی تیشكی خستە سەر بەرەكانی شەڕی هێزی پێشمەرگە دژی تیرۆریستانی داعش و ئاماژەی بە سەركەوتن و پێشڕەوییە بەردەوامەكانی پێشمەرگە كرد. سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداش باسی لەوە كرد كە هەرێم پابەندی ئەو ڕێككەوتنەیە كە لەگەڵ بەغدا هەیەتی، بەڵام پێویستە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی ساڵی 2015دا بەغداش ئەركەكانی خۆی بەرامبەر هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات.
ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەسەر چەند بابەتێكی دیكەی مایەی بایەخی هەردوولا، بەشێكی دیكەی دیدارەكە بوو.