دوای بەشداریكردنی لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی دیداری سلێمانی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 16 - 3 - 2016 بەرێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە شاری سلێمانی پێشوزای لە بەڕێز ئیلی مۆرگانۆڤ باڵیۆزی ڕووسیای فیدرال لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد كە لە كونسولی گشتیی ڕووسیای فیدرال لە هەرێمی كوردستان و چەند بەرپرسیارێكی دیكە پێكهاتبوو.
لە دیدارەكەدا دوایین پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان و عێراق و سووریا تاوتوێ كرا و تیشك خرایە سەر كاریگەریی ئەو شەڕە لەسەر ئێستا و داهاتووی ناوچەكە بە گشتی.
هەر لە دیدارەكەدا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ڕووسیای فیدرالی كرد بۆ ئەو هاوكارییە سەربازییەی وڵاتەكەیان كە چەند ڕۆژی ڕابردوو گەیشتە هەرێمی كوردستان و دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان خوازیاری بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانییەتی لەگەڵ ڕووسیای فیدرال. جەختی لەوەش كردەوە كە بۆ شكاندنی تیرۆرستانی داعش لە كوردستان و ناوچەكە، پێشمەرگە پێویستی بە هاوكارییی بەردەوامیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدرال كرا و تیشك خرایە سەر كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا. لەمبارەیەشەوە بەرێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە خوازیارە هەموو كێشە و ناكۆكییەكانی لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێكگەیشتنەوە لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدرال چارەسەر بكات و هەر بەم ڕێگەیەش بیر لە شێوازێكی دیكەی پەیوەندی لە نێوان هەردوولادا بكرێتەوە، چونكە شێوازی پەیوەندیی پێشتری هەولێر و بەغدا شكستی هێناوە و سەركەوتوو نەبووە.
لای خۆیەوە بەرێز باڵیۆزی ڕووسیای فیدرال خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و دیداری لەگەل بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی دەربڕی، هەروەها پشتگیریی ڕووسیای فیدرالی بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی داعشدا دووپات كردەوە و هیوای سەركەوتنی بۆ پێشمەرگە و كوردستان لەو شەڕەدا خواست.
"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لهگهڵ"سێرگێی سوشکۆڤ" سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی ڕووسیای فیدراڵ لە ئێران دیداریی کرد.
رۆژی سێشەمە رێکەوتی 9/2/2016 "سێرگێی سوشکۆڤ" سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی ڕووسیای فیدراڵ لە ئێران سەردانی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تارانی کرد و لە لایەن "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران و "سۆران عهلی ئهمین" بەرێوبەریی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران پێشوازیی لێکرا.
لە دانیشتنەکەدا باس لە باروودۆخی ناوچەکە بە گشتیی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتیی کرا.
"سێرگێی سوشکۆڤ" ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی بە گرنگییەکی زۆرەوە دەڕوانێتە هەرێمی کوردستان و دەیانەوێت لە ئایندەیەکی نزیکدا ئاستی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کورد بەرز بکەنەوە. هەروەها باسی لەوەکرد کە ڕووسیا، کورد بە دۆستی خۆی دەزانێت.
لەلای خۆیەوە "نازم دەباغ" ڕاوبۆچوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیلەمەر پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە بۆ سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی ڕووسیای فیدراڵ لە تارانڕوونکردەوە هەروەها باسی لە پێویستییە هەنوکەییەکانی هەرێمی کوردستان کرد لەبواری هاوکاریی کردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هاوکاریی کردنی ئەو ئاوارانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن.
ڕۆژی هەینی 9ـی 10ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جۆن ئاڵێن نوێنەری تایبەتی سەرۆك ئۆباما لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ماتیاس میتمان كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك فەرماندە و ڕاوێژكاری سوپای ئەمەریكا.
لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆك ئۆباما لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایگەیاند كە هەر جارێك كە سەردانی كوردستان دەكات هەست بە قوربانیدان و دەستكەوتەكان و پێشڤەچوونی گەلی كوردستان دەكات و سەرەخۆشییشی لە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لەشەڕی تیرۆردا گیانی خۆیان فیدا كردووە و شەهید بوونە و هەروەها پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە كرد بەبۆنەی ئەو سەركەوتنانەی لە بەرەكانی شەڕ مسوگەریان كردووە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆك ئۆباما لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش، بیروبۆچوونی وڵاتەكەی لەبارەی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و سووریا و شەڕی تیرۆر و هەروەها گورزە سەربازییەكانی ڕووسیا بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە و نیگەرانیی خۆیشی لە مەترسیی قووڵتربوونی گرفتەكان و دەستپێكردنی شەپۆڵێكی دیكەی ئاوارەكان نیشاندا.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی نوێنەری تایبەتی سەرۆك ئۆبامای كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا كە هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە لە ئاستێكی زۆر باش دایە و ئەنجامی باشی لێ دەكەوێتەوە. سەبارەت بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش سەرۆك بارزانی ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە لەدەستدانی قارەمانان كە بۆ پاراستنی وڵاتیان گیانیان فیدا دەكەن، خەسارتێكی گەورەیە. ئێستا هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە ورەیەكی بەرزەوە بەرگری لە كوردستان دەكات. پەیوەست بە گۆڕانكارییە سیاسی و سەربازییەكانی ناوچەكە و دەستێوەردانی سەربازیی ڕووسیا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە بوونی هەماهەنگیی نێوان ڕووسیا و وڵاتانی هاوپەیمان و لە شەڕی تیرۆریستاندا دەستكەوتی زۆر باشی دەبێت و ئەوەیشی ڕاگەیاند پێویستە ئەولەوییەتی هەموو لایەك بە پلەی یەكەم لێدان و لەناوبردنی داعش بێت ئەگینا تووشی هەڵەی گەورە دەبن.
لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەروەها بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە تاوتوێ كرا و شاندی میوان ئەوەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاندكە ئەمەریكا لە هەموو بارودۆخێكدا هاوكار و هاوپەیمانی هەرێمی كوردستانە و لە یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگەیش بەردەوام دەبێت.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت و ئەنوەر حاجی عوسمان جێگری وەزیری پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدولرەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.
ئەمڕۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز میخائیل باگدانۆڤ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ڕووسیای فیدراڵ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگری وەزیری دەرەوە و ئەلیكساندەر دیۆكۆف سەرۆكی كۆمپانیا كازپرۆم و یووری سێنتۆرین جێگری وەزیری وزەی ڕووسیا فیدراڵ و شاندێكی یاوەریان كرد.
لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان و ئەو پێشوازییە گەرمەی كە لێیان كرا، دەربڕی و جەختیان لەسەر پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەردوو گەلی كورد و ڕووسیا كردەوە و خوازیاری ئەوە بوون كە پەیوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا پەرەی پێ بدەن بە تایبەت لە بواری ئابووری و كلتووری. هەروەها باسیان لە ڕێوڕەسمی ئەمڕۆی نمایشی کتێبی "نیشتمانی داستان، کەلتووری کوردی لە چاوى توێژەرانی ڕووسى" كرد كە لە لەلایەن ژمارەیەك لە زانا و ئەكادیمییەكانی پەیمانگای دەستنووسەكانی ڕۆژهەڵاتناسی و پەیمانگای توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتناسییەوە ئامادە كراوە و كۆمپانیا گاز پرۆمی نەفتی ڕووسیش بە چاپی گەیاندووە.
دواتر سەرۆكی كۆمپانیای گاز پرۆم پوختەیەكی دەربارەی كار و چالاكییەكانی كۆمپانیاكەیان لە دەڤەرە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان و ئەو پێشكەوتنانەی كە بەدەستیان هێناوە، پێشكەش كرد و خۆشحاڵیی خۆشی بۆ پەیوەندییەكانیان لە گەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم دەربڕی و خوازیاری بەردەوامی ئەو پەیوەندی و هاوكارییە بوو. ئەوەشی خستە ڕوو كە پلانیان هەیە وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی كوردستان بكەن.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی شاندی میوانی كرد و دەستخۆشی لێكردن بۆ ڕێكخستنی ڕێوڕەسمی نمایشی کتێبەكە و دوو پاتیكردەوە كە چالاكییە كلتوورییەكان پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا توندوتۆڵتر دەكات و خۆشحاڵی خۆیشی دەربڕی بەوەی كە لایەنی ڕووسی ئامادەیە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان زیاتر پەرە پێ بدات.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و نەبەردی و چاونەترسی پێشمەرگەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی تیرۆر كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە بەهۆی ئەو شەڕەوە بارێكی ئابووری قورس كەوتۆتە سەر هەرێمی كوردستان بە تایبەت كە هەر بەو هۆیەوە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە ڕوویان لە هەرێم كردووە كە بارگرانییەكی زۆری بۆ حكوومەت دروست كردووە و سەرەڕای ئەمە بەغدا بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان وەك لە یاسای بودجەی عێراقدا هاتووە، نانێرێت و لەلایەكی دیكەشەوە دابەزینی نرخی نەوت ئەو بارگرانییەی هێندەی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان قورس كرد. هیواشی خواست ڕووسیا بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە سەختە لە بوارە جیاجیاكاندا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات.
نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا پەیوەندییەكانی لەگەڵ ڕووسیا پەرە پێدەدات.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 17/5/2015 بە ئامادەبوونی بەڕێزان مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و میخائیل باگدانۆڤ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ڕووسیای فیدراڵ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگری وەزیری دەرەوە و ئەلیكساندەر دیۆكۆف سەرۆكی كۆمپانیا كازپرۆم و یووری سێنتۆرین جێگری وەزیری وزەی ڕووسیا فیدراڵ و ژمارەیەك لە وەزیر و پەرلەمانتار و بەرپرسانی هەرێم، لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر، ڕێوڕەسمی نمایشی كتێبی چاپكراو (نیشتمانی داستان: كەلتوری كوردی لە چاوی توێژەرانی ڕووسی) بەڕێوە چوو كە لە لەلایەن ژمارەیەك لە زانا و ئەكادیمییەكانی پەیمانگای دەستنووسەكانی ڕۆژهەڵاتناسی و پەیمانگای توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتناسییەوە ئامادە كراوە و كۆمپانیا گاز پرۆمی نەفتی ڕووسیش بە چاپی گەیاندووە.
سەرەتای ڕێوڕەسمەكە میخائیل باگدانۆف وتەیەكی پێشكەش كرد و تیایدا باسی مانەوەی مستەفا بارزانیی نەمر و هاوەڵانی لە ڕووسیا كرد و پەیوەندییە دێرینەكانی نێوان هەردوو گەلی كورد و ڕووسیا و زیاتر بەهێزكردنیان لە هەموو بوارەكاندا كرد و دەستخۆشیشی لە ئاماەكارانی ئەو كتێبە كرد.
دواتر سەرۆكی كۆمپانیا گاز پرۆم لە وتەیەكدا باسی لە كار و چالاكییەكانی كۆمپانیاكەیان لە دەڤەرە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە گرنگیی پەیوەندیی ئابووری لە گرنگیی پەیوەندییەكانی بوارەكانی دیكە كەمتر نییە و باسی لەوەش كرد كە مێژووی گەلی كورد زۆر سەرنجی گەلی ڕووسیای ڕاكێشاوە. هەروەها ئەوەشی ئاشكرا كرد كە بەر لە دوو ساڵ و لە كاتی سەردانی بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووسیا و بینینی ئەو هەموو بەڵگە و دیكۆمێنتانە، ئەوان بڕیاری نووسینی ئەو كتێبەیان داوە و پڕۆژەی داهاتووشیان دروستكردنی ئینسكلۆپیدیای مێژووی كورد و ڕووسیا و فیلمێكی دیكۆمێنتاری دەبێت.
لە ڕێوڕەسمەكەدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتارێكی پێشكەش كرد و تیایدا وێڕای بەخێرهێنانی بەڕێز میخائیل بۆگدانۆڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکى ڕووسیای فیدراڵ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگری وەزیری دەرەوە، بەڕێز ئەلیکساندەر دیۆکۆف سەرۆکی کۆمپانیای گازپرۆم لهگهڵ شاندی یاوەری و بەڕێز یوورى سێنتۆرین جێگری وەزیری وزەی ڕووسیای فیدراڵ، وتەیەكی ڕووسی بیرهێنایەوە كە دەڵێت: (چۆن پەڕەکان تاووس جوان دەکەن، بە هەمان شێوە کەلتوور و ڕۆشنبیری، مرۆڤ جوان دەکات) و هەروەها خۆشحاڵیی خۆی بۆ بەشداریكردن لە ڕێوەڕەسمی نمایشی کتێبەكە دەربڕی.
ئاماژەی بەوەش دا كە ئەم دەرفەتە نیشانەی ئەوەیە ڕووسیا و هەرێمی كوردستان مەبەستیانە لە پەیوەندیی دوولایەنەبەردەوام بن و ئاڵوگۆڕی فەرهەنگیی نێوانیان بەهێزتر بکەنو جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كەفەرهەنگزمانی گەلانە، هەڵگری بانگهێشتکردنە بۆ یەکگرتنەوە و گفتوگۆ و ئاشنابوون، گوزارشتە لە ڕەسەنایەتیی مرۆڤایەتی، لە بونیادنانی پردی زانیاری و دامەزراندن و پەرەپێدانى قەڵای زانست.
بەهاىئەم کتێبەشی بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم ئەو وێنە و دۆکۆمێنتە مێژووییانە گەڕاندەوە کە لە لایەن ڕۆژهەڵاتناسانی ڕووسیاوهسەبارەت بە کورد یادداشت کراون و لە پەیمانگا و مۆزەخانەکانی ڕووسیا پارێزراون و گوتی : "ئەم بەرهەمە مێژوو وفەرهەنگی كوردی دەوڵەمەندتر دەکات".
بەڕێز سەرۆك وەزیران هەروەها سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی كرد کە بە بەرهەمهێنانی ئەم کتێبەوە ماندوو بوونە وبە تایبەتیسوپاسی پهیمانگاى دهستنووسهكانى ڕۆژههڵاتناسى و پهیمانگاى توێژینهوهى ڕۆژههڵاتناسى كرد بۆ ئامادهكردنى كتێبهكهو سوپاسی كۆمپانیای گازپرۆم نەفتیشی كرد بۆ ئەم دەستپیشخەرییە و هاوکارییان لە بەچاپگەیاندنی ئەم کتێبە.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە بەردەوامی وتەكەیدا گوتی : "ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی، ئەورووپا جێگای ڕۆژهەڵاتناسی بێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە جێگای لێكۆڵینەوەی كوردناسی، ڕووسیا بووە.دەوڵەتی ڕووسیا بەهۆی نزیکبوونی لە ڕووی جوگرافییەوەلە كوردستان، توانیویەتی هەر لە زووەوە پەیوەندیەكی بەهێز لەگەڵ گەلی كوردستان دروست بکات. ئێمە دەزانین كهڕۆژهەڵاتناسی لە ڕووسیا مێژوویەکی دێرینی هەیە وژمارەیەکی بەرچاو لەو ڕۆژهەڵاتناسانەی لە بەشی لێكۆڵینەوەی كوردیدا و لە ئەورووپا کاریان کردووە، ئەوانە خەڵکی وڵاتی ڕووسیان و دەرچووی ئەکادیمیاکانی ئەو وڵاتەن".
بەڕێز سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە ناوی دیپلۆماتکار فلادیمیر مینۆرسکی كرد کە ڕۆشنبیرانى كورد باش دەیناسن و سەرەتای سەدەی ڕابردوو لە سەر جوگرافیا و مێژووی کورد کاری بەنرخی کردووە.هەروەها ئاماژەی بە ناوی میخائیل لازارێفیش كرد کە سەبارەت بە دۆزی کورد لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەمەوە، تا کۆتاییی جەنگی جیهانی دووەم، کارنامەی زانستی نووسیوە.
ئەوەشی بە جێگای شانازی بۆ گەلی كورد لە قەڵەم دا كە ڕۆژهەڵاتناسێکی وەکو مینۆرسکی، سەد ویەك ساڵ پێش ئێستا لە ساڵی ١٩١٤ئاماژە بە بینینی عادیلە خانم بکات لەھەڵەبجەو ستایشی سەخاوەت و میوانداریی ئەوژنە کوردە بکات كە ئەمڕۆ هەڵەبجە لە سایەی کۆڵنەدانی خەڵکی بەشەرەفی شارهكه و هەوڵی جددی حکوومەتی هەرێمى كوردستان، پارێزگایەکی گرنگی هەرێمی کوردستانە. هەروەك ئەوەشی بە جێگای شانازی بۆ گەلی كورد لە قەڵەمدا كە مینۆرسکی باس لەوە بکاتئافرەتی كورد شان بە شانی پیاو لەهەموو سەردەمەکاندا و لە هەموو کاروبارێکدا هاوبەشی پیاوی کردووە.
لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لە کاریگەریی شیعر و ئەدەبی کلاسیکی ڕووسی لەسەر ڕۆشنبیران و شاعیران ونووسەرانی کورد كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە زۆرێكلە کارنامە ڕووسیەکان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی و هەروەها شاعیری گەورەی کورد مامۆستا عبدالله گۆران لە زۆرێك لە شیعرەکانیدا بە سەرسامییەوە ئاماژە بە ڕووسیا و شۆڕشی گەورەی ڕووسیای كردووە و دەستکەوتەکانی ئەو شۆڕشەی بەرز نرخاندووە. ئەمەسەرەڕای هەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە كورد لە كۆمارهكانى یەکێتیی سۆڤیەتى جاران، کە مێژووەکەی بۆ چەندین سەدە دەگەڕیتەوە و فەرهەنگی باو باپیرانی خۆیان پاراستووە.
داواشی لە مامۆستایانی زانکۆ، بەشی مێژوو و ئەدەب و هەروەها کەسانی ئەکادیمیی کورد كرد بە جددی هەوڵ بدەن بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر ئەو دەستنووسانەی کە موڵکی کوردستانن و سەروەتێکی نەتەوەیین و لە مۆزەخانە گرینگەکانی ڕووسیا پارێزراون. بە پێویستیشی زانی نەوەی نوێ بەو میراتە نەتەوەییەی گەلی كورد ئاشنا ببن و بە شێوەیەکی ئەرێنی سوود لە میراتە کەلتوورییەکان وەربگیردرێت و بەکار بهێنرێنبۆ پێشکەوتنی کوردستان. هەروەك پاراستنی بەهاکانی گەلی كوردی بە بنەمایەك بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە زانی، بۆ ئاڵوگۆڕکردنی فەرهەنگ و ئابووریەکی ئازاد.
بەڕێزیان هەروەها باسی لە پاراستنی كلتوور و پێكەوەژیانی ئاشتیانە و بەها مرۆییەكان لە هەرێمی كوردستان كرد و گوتی: "لەپێناو پاراستنی کەلتوور و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و بەها مرۆییەکانی دیكه،دەمانەوێ سەقامگیریی هەرێمەکەمان بپارێزین. دیارە ئەمەش بەبێ قارەمانیهتی و ئازایەتیی پێشمەرگەکانمان ناکرێ کە ئەمڕۆ بێ وچان بەرگریلە خاك و گەلی كوردستان دەکەن. لێرەوە دەستخۆشی لە یەکەیەکەیان دەکەین وسڵاوی گەرمیان ئاراستە دەکەین، دڵنیاشیان دەکەینهوە کەوا بەردوام دەبین لە پاڵپشتیکردنیان بۆ سەرکەوتن. جیهانی ئازاد بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنمان لە جەنگی دژ بە تێرۆریستان و تاریكپەرستان".
لە كۆتایی وتارەكەیدا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لەوە كرد كە پەیوەندییهمێژوویەکانینێوان ڕووسیا و هەرێمی كوردستان بە گرنگ دەزانن و دەیانپارێزن. هەروەها لەڕووی سیاسی و ئابووری و کەلتووریشەوە بەهێزتریان دەکەن لەپێناو بەرژەوەندیی هەردوو میللەتی ڕووسیا و کوردستان.هیواشی خواست کەلتوور وەک چەکێکی نەرم بەکاربهێنرێت لەپێناو ئاشتی و بونیادنانی کۆمهڵگای شارستانی، کە لەسەر بنەمای لێکگەیشتن و دەستەبەرکردنی ژیانێکی پڕ شکۆمەندی و دادپەروەری بۆ سەرجەم کۆمەڵگاکانی ئەم جیهانە، پێك بێت.
ئەمەش دەقی وتەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی یە:
جەنابی سەرۆك ئامادەبووانی بەڕێز
ڕۆژتان باش...
بەخێرهاتنێکی گەرمیبەڕێز میخائیل بۆگدانۆڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکى ڕووسیای فیدراڵ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگری وەزیری دەرەوە، بەڕێز ئەلیکساندەر دیۆکۆف سەرۆکی کۆمپانیای گازپرۆم لهگهڵ شاندی یاوەری و بەڕێز یوورى سێنتۆرین جێگری وەزیری وزەی ڕووسیای فیدراڵ دهكهین بەخێربێن.
بەڕێزان...
وتەیەکی ڕووسی هەیە دەڵێ: چۆن پەڕەکان تاووس جوان دەکەن، بەهەمان شێوە کەلتوور وڕۆشنبیری، مرۆڤ جوان دەکات. خۆشحاڵین كه ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدار دەبین لە ڕێوەڕەسمی نمایشی کتێبی "نیشتمانی داستان، کەلتووری کوردی لە چاوى توێژەرانی ڕووسى".
ئەم دەرفەتە نیشانەی ئەوەیە، کەوا ڕووسیا و هەرێمی كوردستان مەبەستیانە لە پەیوەندیی دوولایەنەبەردەوام بن و ئاڵوگۆڕی فەرهەنگیی نێوانیان بەهێزتر بکەن. فەرهەنگزمانی گەلانە، هەڵگری بانگهێشتکردنە بۆ یەکگرتنەوە و گفتوگۆ و ئاشنابوون. فەرهەنگ گوزارشتە لە ڕەسەنایەتیی مرۆڤایەتی، لە بونیادنانی پردی زانیاری و دامەزراندن و پەرەپێدانى قەڵای زانست.
دیارە بەهاىئەم کتێبەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم ئەو وێنە و دۆکۆمێنتە مێژووییانەی کە لە لایەن ڕۆژهەڵاتناسانی ڕووسیاوهسەبارەت بە کورد یادداشت کراون و لە پەیمانگا و مۆزەخانەکانی ڕووسیا بە شێوەیەكی باش پارێزراون، ئەم بەرهەمە مێژوو وفەرهەنگی كوردی دەوڵەمەندتر دەکات.
بۆیە لێرەوە بە ناوی گەلی كوردستانەوە سوپاسی ئەو هەموو لایەنانە دەکەین، کەوا بۆ بەرهەمهێنانی ئەم کتێبە ماندوو بوون و سوپاسی خۆمان ئاراستەی پهیمانگاى دهستنووسهكانى ڕۆژههڵاتناسى و پهیمانگاى توێژینهوهى ڕۆژههڵاتناسى دهكهین بۆ ئامادهكردنى كتێبهكه، ههروهها سوپاسى تایبەتی کۆمپانیای گازپرۆم نەفت دەکەین بۆ ئەم دەستپیشخەرییە و هاوکارییان لە بەچاپگەیاندنی ئەم کتێبە.
ئامادەبووانی بەڕێز...
ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی، ئەورووپا جێگای ڕۆژهەڵاتناسی بێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە جێگای لێكۆڵینەوەی كوردناسی، ڕووسیا بووە.دەوڵەتی ڕووسیا بەهۆی نزیکبوونی لە ڕووی جوگرافیەوەلە كوردستان، توانیویەتی هەر لە زووەوە پەیوەندیەكی بەهێز لەگەڵ گەلی كوردستان دروست بکات. ئێمە دەزانین كهڕۆژهەڵاتناسی لە ڕووسیا مێژوویەکی دێرینی هەیە وژمارەیەکی بەرچاو لەو ڕۆژهەڵاتناسانەی لە بەشی لێكۆڵینەوەی كوردیدا و لە ئەورووپا کاریان کردووە، ئەوانە خەڵکی وڵاتی ڕووسیان و دەرچووی ئەکادیمیاکانی ئەو وڵاتەن.
دیپلۆماتکاریكی دیكهی وەک فلادیمیر مینۆرسکی، کە ڕۆشنبیرانى كورد باش دەیناسن، سەرەتای سەدەی ڕابووردوو لە سەر جوگرافیا و مێژووی کورد کاری زۆر بەنرخی کردووە.یان میخائیل لازارێف، کە سەبارەت بە دۆزی کورد لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەمەوە، تا کۆتاییی جەنگی جیهانی دووەم، کارنامەی زانستی نووسیوە.
جێگای شانازیە بۆ ئێمەی كورد كە ڕۆژهەڵاتناسێکی وەکو مینۆرسکی، سەد ویەك ساڵ پێش ئێستا لە ساڵی ١٩١٤ئاماژە بە بینینی عادیلەخانم بکات لەھەڵەبجەو ستایشی سەخاوەت و میوانداریی ئەوژنە کوردە بکات.
ئێوە دەزانن کەوا ئەمڕۆ هەڵەبجە لە سایەی کۆڵنەدانی خەڵکی بەشەرەفی شارهكهو هەوڵی جددی حکوومەتی هەرێمى كوردستان، پارێزگایەکی گرنگی هەرێمی کوردستانە. جێگای شانازیە مینۆرسکی باس لەوە بکات، كهئافرەتی كورد شان بە شانی پیاو لەهەموو سەردەمەکاندا و لە هەموو کاروبارێکدا هاوبەشی پیاوی کردووە.
کاریگەریی شیعر و ئەدەبی کلاسیکی ڕووسی لەسەر ڕۆشنبیران و شاعیران ونووسەرانی کورد کەم نەبووە. زۆرێكلە کارنامە ڕووسیەکان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی. شاعیری گەورەی کورد مامۆستا عبدالله گۆران لە زۆرێك لە شیعرەکانیدا بە سەرسامیەوە ئاماژە بە ڕووسیا و شۆڕشی گەورەی ڕووسیا دهكات و دەستکەوتەکانی ئەو شۆڕشەی بەرز دەنرخێنێت. سەرەڕای هەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە كورد لە كۆمارهكانى یەکێتیی سۆڤیەتى جاران، کە مێژووەکەی بۆ چەندین سەدە دەگەڕیتەوە، ئەوان لەوێ فەرهەنگی باو باپیرانی خۆیان پاراستووە.
بە پێویستی دەزانین لێرەدا داوا لە مامۆستایانی زانکۆ، بەشی مێژوو و ئەدەب و هەروەها کەسانی ئەکادیمیی کورد بکەین، کە بە جددی هەوڵ بدەن بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر ئەو دەستنووسانەی کە موڵکی کوردستانن و سەروەتێکی نەتەوەیین و لە مۆزەخانە گرینگەکانی ڕووسیادا پارێزراون.
پێویستە نەوەی نوێمان بەو میراتە نەتەوەییانەمان ئاشنا بن و ئێمەش بە شێوەیەکی ئەرێنی سوود لە میراتە کەلتوورییەکانمان وەربگرین و بەکاریان بهێنینبۆ پێشکەوتنی کوردستان. پاراستنی بەهاکانمان بە بنەمایەك دەزانین بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە، بۆ ئاڵوگۆڕکردنی فەرهەنگ و ئابووریەکی ئازاد.
لەپێناو پاراستنی کەلتوور و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و بەها مرۆییەکانی دیكه،دەمانەوێ سەقامگیریی هەرێمەکەمان بپارێزین. دیارە ئەمەش بەبێ قارەمانیهتی و ئازایەتیی پێشمەرگەکانمان ناکرێ کە ئەمڕۆ بێ وچان بەرگریلە خاك و گەلی كوردستان دەکەن.
لێرەوە دەستخۆشی لە یەکەیەکەیان دەکەین وسڵاوی گەرمیان ئاراستە دەکەین، دڵنیاشیان دەکەینهوە کەوا بەردوام دەبین لە پاڵپشتیکردنیان بۆ سەرکەوتن. جیهانی ئازاد بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنمان لە جەنگی دژ بە تێرۆریستان و تاریكپەرستان.
پەیوەندییهمێژوویەکانینێوان ڕووسیا و هەرێمی كوردستان بە گرنگ دەزانین و دەیانپارێزین و لەڕووی سیاسی و ئابووری و کەلتوریەوە بەهێزتریان دەکەین لەپێناو بەرژەوەندیی هەردوو گەلی ڕووسیا و کوردستان.
لەکۆتاییدا دووبارە سوپاسی ڕێکخەرانی ئەم بەرنامەیە دەکەم و هیوادارم کەلتوور وەک چەکێکی نەرم بەکاربهێنرێت لەپێناو ئاشتی و بونیادنانی کۆمهڵگای شارستانی، کە لەسەر بنەمای لێکگەیشتن و دەستەبەرکردنی ژیانێکی پڕ شکۆمەندی و دادپەروەری بۆ سەرجەم کۆمەڵگاکانی ئەم جیهانە، پێك بێت.
زۆر سوپاس و دووبارە بەخێربێن
سهرلهبهیانیى ئهمڕۆ سێشهممه، 20-1-2015، بهڕێز نێچیرڤان بارزانى سهرۆك وهزیرانى ههرێمى كوردستان، پێشوازى له نێردراوى تایبهتى سهرۆكى ڕووسیا بۆ ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست و ئافریكا و جێگرى وهزیرى دهرهوه بهڕێز میخائیل بۆگدانۆڤ و شاندێكى یاوهرى كرد كه له ژمارهیهك له دیپلۆماتكاران و پیاوانى كار و نوێنهرانى ههردوو كهرتى گشتى و تایبهتى ڕووسیا، پێكهاتبوو.
له دیدارێكدا نێردراوى تایبهتى سهرۆك پوتین ڕایگهیاند بۆ ئهوهى له نزیكهوه ئاگادارى ڕهوش و پێشهاتهكانى عیراق و ههرێمى كوردستان بن و له چۆنیهتیى پهرهپێدانى ههماههنگیى هاوبهش بۆ بهرهوپێشبردنى زیاترى پهیوهندییهكانى ههولێر و مۆسكۆ بكۆڵنهوه، سهردانى ههرێمى كوردستانیان كردووه. ههروهها باس له پهیوندییهكانى نێوان ههردوو گهلى كوردستان و ڕووسیا كرا كه دهگهڕینهوه ناوهڕاستى سهدهى ڕابردوو كاتێك ئهو سهردهمه جهنهراڵ مستهفا بارزانى و هاوهڵانى له ڕووسیا ماونهتهوه.
شهڕى دژى تیرۆرستانى داعش و سهركهوتنه بهردهوامهكانى پێشمهرگه و گرنگى و كاریگهریى هاوپهیمانیى نێودهوڵهتى بۆ ڕووبهڕووبوونهوهى تیرۆر كه مهترسییهكى جیهانییه، بهشێكى دیكهى دیدارهكه بوو، تیایدا باس له گرنگیى ههماههنگى و گۆڕینهوهى زانیاریى ههواڵگرى له نێوان دهزگا پهیوهندارهكانى عیراق و ههرێمى كوردستان و ڕووسیا بۆ بهرهنگاربوونهوهى تیرۆرستان كرا و شاندهكه پشتگیریى ڕووسیایان بۆ ههرێمى كوردستان دووپات كردهوه. ههروهها تیشك خرایه سهر كۆمهك و هاوكارییهكانى ڕووسیا بۆ ههرێمى كوردستان و بهڕێز سهرۆك وهزیران سوپاسى ڕووسیاى كرد كه له ڕووى مرۆییهوه هاوكاریى ههرێمى كوردستانى كردووه و كۆمهك و یارمهتیى مرۆیى پێشكهش به ئاواره و پهنابهران كردووه.
له دیدارهكهدا كارى كۆمپانیا ڕووسییهكان له ههرێمى كوردستان بهتایبهتیش له بوارى هاریكاریى وزه و سهرچاوه سروشتییهكاندا، لهگهڵ كار و چالاكیى كۆمپانیا بارزگانى و وهبهرهێنهرهكانى ڕووسیا له ههرێمى كوردستان تاوتوێ كرا و بهڕێز سهرۆك وهزیران دووپاتى كردهوه كه ههرێمى كوردستان به چاوى بایهخهوه دهڕوانێته پهیوهندییهكانى لهگهڵ ڕووسیا و كۆمپانیا ڕووسییهكانیش ههموو دهرفهتێكیان ههیه له بواره جیاكاندا له ههرێمى كوردستان كار بكهن، ههرێمى كوردستانیش دهتوانێت له زۆر بواردا سوود له ئهزموون و پسپۆڕییهكانى ڕووسیا وهربگرێت.
له لایهنێكى دیكهى دیدارهكهدا، ڕهوشى ناوچهكه بهگشتى و بارودۆخى سووریا بهتایبهتى خرایه بهر باس و لهمبارهیهوه بهڕێز نێچیرڤان بارزانى گوتى: كێشهى سووریا له ڕێگهى شهڕهوه چارهسهر ناكرێت و دهبێ له ڕێگهى دیالۆگهوه چارهسهرێكى سیاسیانهى بۆ بدۆزرێتهوه. كار و چالاكییهكانى كونسولخانهى گشتیى ڕووسیا له ههولێر و پهیوهندییهكانى ههرێمى كوردستان و وڵاتانى دراوسێ، بهشێكى دیكهى دیدارهكه بوو. ههروهها شاندى ڕووسى خۆشحاڵى و پشتگیریى خۆى بۆ دوایین ڕێككهوتنى ههولێر و بهغدا و ههوڵى چارهسهركردنى كێشهكانى نێوان حكوومهتى ههرێمى كوردستان و حكوومهتى عیراق دهربڕى.
نیوهڕۆى ئهمڕۆ پێنجشهممه 18ى ئهیلوولى 2014، بهڕێز نێچیرڤان بارزانى سهرۆك وهزیرانى ههرێمى كوردستان، پێشوازى له بهڕێز "تان بانگلین" نێردراوى وهزارهتى دهرهوهى كۆمارى چین كرد، كه وهك كونسلى گشتیى وڵاتهكهى له ههرێمى كوردستان دهستهبهكار دهبێت.
له دیدارێكدا بهڕێز "بانگلین" خۆشحاڵیى خۆى به سهردانى ههرێمى كوردستان دهربڕى و دووپاتى كردهوه كه حكوومهتى وڵاتهكهى، به تایبهتى لهم بارودۆخهدا ئهوى ڕهوانهى ههرێمى كوردستان كردووه، بۆ ئهوهى له نزیكهوه پشتگیریى چین بۆ ههرێمى كوردستان و هاوسۆزى لهگهڵ ئاواره و پهنابهراندا نیشان بدات و لهوه بكۆڵێتهوه ئاخۆ چین چۆن دهتوانێت لهم بارودۆخهدا، هاوكاریى ههرێمى كوردستان و ئاواره و پهنابهران بكات؟.
ههروهها ڕایگهیاند كه بۆ پتهوكردنى پهیوهندییهكانى نێوان ههرێمى كوردستان و عیراق لهگهڵ چین، له ماوهى دوو مانگى داهاتوودا كونسلخانهى گشتیى كۆمارى چین له ههولێر دهكرێتهوه و خۆى وهك یهكهم كونسلى گشتیى چین له ههرێمى كوردستان دهستبهكار دهبێت. جهختیشى لهوه كردهوه كه له ڕێگهى كردنهوهى كونسلخانه له ههولێر، ههوڵ دهدهن ببنه پردێكى پتهوى نێوان ههرێمى كوردستان و چین و، كۆمپانیا چینییهكان هان دهدهن بۆ ئهوهى بێن له ههرێمى كوردستان كار بكهن و بهشدارى له پرۆسهى ئاوهدانكردنهوه و بنیاتنان و پێشخستنى ههرێمى كوردستاندا بكهن.
لاى خۆیهوه بهڕێز سهرۆك وهزیران به گهرمى بهخێرهاتنى كرد و به خۆشحاڵییهوه ستایش و پێشوازى لهم ههنگاوهى چین كرد، كه لهم بارودۆخهدا دهیهوێت كونسلخانهى گشتى له ههولێر بكاتهوه و پهیوهندییهكانى لهگهڵ ههرێمى كوردستان پتهو بكات. دووپاتیشى كردهوه كه ئهم ههنگاوهى چین لهم بارودۆخهى ئێستاى ههرێمى كوردستان و ناوچهكهدا، پشتگییرییهكى مهعنهویى گهورهیه و ههموو هاوكارییهكى بۆ كردنهوهى كونسولخانهكه، دووپات كردهوه.
له كۆتاییى دیدارهكهدا ههردوولا خواستى خۆیان بۆ پتهوكردنى پهیوهندییهكان له ههموو بوارهكانى ئابوورى و بازرگانى و سیاسى و كۆمهڵاتیدا دهربڕى و، جهختیان لهسهر پێویستیى هاوكاریكردنى حكوومهتى ههرێمى كوردستان بۆ ڕووبهڕووبوونهوهى تیرۆرستانى داعش، كردهوه.
به كردنهوهى كونسلخانهى كۆمارى چین له ههولێر، لهگهڵ ئهمهریكا، ڕووسیا، فهرهنسا و بهریتانیا، ئیتر ههر پێنج ئهندامى ههمیشهییى ئهنجومهنى ئاسایشى سهر به نهتهوه یهكگرتووهكان، نوێنهرایهتیى دیپلۆماسییان له ههرێمى كوردستان دهبێت.