به توندی سەرکۆنەی کوشتنی هاووڵاتیی ژاپۆنی "هارونا یۆکاوا" بە دەستی تیرۆریستانی داعش دەکەین کە لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردووەوە لە سووریا، لە لایەن ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستیەوە ڕفێنرابوو.
ئەم ڕەفتارە وەحشیگەری و نامرۆڤانەیەی داعش هێندەی دی دەیسەلمێنێ کە مەترسیی ئەم تیرۆریستانە هیچ سنوور و ڕەگەز و ئایین و نەتەوە و وڵاتێک نابوێرێ و دوژمنێکی گەورەی جیهان و شارستانی و مرۆڤایەتییە، هەر بۆیە دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جددیتر و یەکدەست لە هەموو ڕووەیەکەوە، پێکەوە کار بکەن بۆ بنەبڕکردن و لەناوبردنی ئەم مەترسییە گەورەیه.
بە ناوی حکوومەت و گەلی هەرێمی کوردستانەوە، سەرەخۆشی لە خانەوادەی "هارونا یۆکاوا" و حکوومەت و گەلی ژاپۆن دەکەین، هاوکات داواکار و هیوادارین هاووڵاتیی ژاپۆنی"کینجی گۆتۆ" کە ئەویش بارمتەیەکی دیكەی دەست تیرۆریستانی داعشە، بە زووترین کات ئازاد بکرێ و لە هەڕەشەی کوشتن ڕزگاری بێت.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
2015/1/25