ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە خاتوو یانا هیباشکۆڤا باڵیۆزى یەکێتى ئەوروپا لە عێراق و بەڕێز باتریک جەیسن بەرپرسى تازەى نووسینگەى هەماهەنگى یەکێتى ئەوروپا کرد کە بەبۆنەى تەواو بوونى کارەکانى وەکو باڵیۆزى یەکێتى ئەوروپا لە عێراق سەردانى هەرێمى کوردستانى کردبوو.
لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، باڵیۆزى یەکێتى ئەوروپا لە عێراق مەبەستى سەردانەکەى بۆ هەرێمى کوردستان روونکردەوە کە ئەویش ماڵئاوایکردن بوو بەبۆنەى کۆیایی هاتنى کارەکانى لە عێراق و ناساندنى بەڕێز باتریک جەیسن وەکو سەرۆکى تازەى نووسینگەى هەماهەنگى یەکێتى ئەوروپا لە هەرێمى کوردستان.
لەلایەن خۆیەوە، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت ستایشى کارەکانى بەرێزیانى وەکو باڵیۆزى یەکێتى ئەوروپا لە عێراق کرد کە لەماوەى ڕابردوو پێشکەشی کردبوو لەگەڵ دەستخۆشیکردن لە هەوڵ و ماندووبوونى ناوبراو کە رۆڵى گرنگیان هەبوو لە کردنەوەى نووسینگەى هەماهەنگى یەکێتى ئەوروپا لە کوردستاندا.
پاشان، بەرێزیان پیرۆزبایی لە بەرێز باتریک جەیسن بە بۆنەى دەستبەکاربوونى وەکو بەرپرسى تازەى نووسینگەى هەماهەنگى نوێنەرانى یەکێتى ئەوروپا لە کوردستان کرد و ئامادەیی فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتیشى دەربڕى بۆ پێشکەشکردنى هەر جۆرە هاوکاریەک و هەماهەنگیەک بۆ سەرخستنى کارەکانى نووسینگەى ناوبراو لە هەرێمى کوردستاندا.
لە کۆتایدا، بالیۆزى یەکێتى ئەوروپا لە عێراق سوپاس و پێزانینى خۆى ئاڕاستەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى لەسەرخستنى کارەکانى یەکێتى ئەوروپا لە هەرێم و هاوکاریکردنیان لە کردنەوەى نووسینگەى نوێنەرایەتیان لە هەرێمى کوردستان کرد.
دواى هەوڵێکى زۆرو هەماهەنگى بەردەوامى نێوان یەکێتى ئەوروپا و وەزارەتى دەرەوەى فیدڕاڵ و فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم و تەواو بوونى رێکارە یاساییەکان، بڕیاردرا لە داهاتوویەکى نزیک یەکێتى ئەوڕوپا بە فەرمى نووسینگەى هەماهەنگى خۆى لە هەرێمى کوردستان بکاتەوە.
لەم بارەیەوە فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت لە لێدوانێکدا رایگەیاند ئێمە وەک حکومەتى هەرێم بەگەرمى پێشوازى لە کردنەوەى نووسینگەى هەماهەنگى نێردەى یەکێتى ئەوڕوپا لە هەرێمى کوردستان دەکەین و سوپاسى بەرپرسانى یەکێتى ئەوڕوپا دەکەین کە داواکارى بەرپرسانى هەرێمى کوردستانیان بە هەند هەڵگرت و بڕیاریان دا نووسینگەى یەکێتى ئەوڕوپا لە هەرێمى کوردستان بکەنەوە.
فەلاح مستەفا گووتى: یەکێتى ئەوروپا کە پێگەیەکى گرینگى هەیەو لە ٢٨ وڵاتى ئەندام پێکهاتووە، کاریگەرى و سەنگى خۆى هەیە لەسەر ئاستى قەیران و هاوکێشە سیاسى و ئابووریەکانى جیهان بە گشتى و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەتایبەتى و هاوکات دەتوانێت رۆڵێکى کاریگەر لەم بارودۆخەى ئێستادا ببینێت، ئەویش لەڕێگەى پشتیوانى کردنى دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان لەڕووبەڕووبوونەوەى ئاستەنگەکان.
هەر لە درێژەى لێدوانەکەیدا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە پشتیوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى دووپات کردەوە بۆ سەرخستنى کاروبارەکانى نووسینگەکەو پەرەپێدانى پەیوەندى زیاترى نێوان هەرێمى کوردستان و یەکێتى ئەوروپا.
جێگەى ئاماژە پێکردنە هەرێمى کوردستان لەماوەى چەند ساڵى رابردووە لەڕووى سیاسى و دیپلۆماسى و فراوانکردنى بازنەى پەیوەندیەکانى لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى پێشکەوتنى بەرچاوى بەخۆیەوە بینیوەو ئێستا 33 وڵات نوێنەرایەتیان لە هەرێمى کوردستان هەیە کە لە ناویاندا هەر پێنج وڵاتى ئەندامى هەمیشەیى لە ئەنجومەنى ئاسایش لەسەر ئاستى کونسوڵگەرى گشتى نوێنەرایەتیان لە هەرێمى کوردستان هەیە.