ڕاگه‌يه‌نراوێك لە سەرۆكايه‌تيی هەرێمی كوردستانەوە

ڕووداوەكانی ئەم دواییەی كەركووك و قائیم و بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، ئاماژەن بۆ ئاڵۆزبوونی زياترى بارودۆخی عێراق و كردار و پەرچەكرداری چەندبارەی بەدوای خۆیدا هێنا، هەر لەو سۆنگەیەوە ئەو هەنگاوانه‌ ڕه‌تده‌كه‌ينه‌وه‌ كە لەسەر خاكی عێراق تەسفیەی حیساباتی وڵاتان بكرێت و سەروەریی عێراق پێشێل بكرێ كە لە ئاكامدا سەردار قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی ده‌سته‌ى حەشدی شەعبی و هاوڕێكانیان بوونە قوربانی كە هەردووكیان ڕۆڵى به‌رچاویان لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەبوو.

 

نابێ عێراق بكرێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێی وڵاتان. داوا دەكەین كێشەكانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن و ڕێز له‌ عێراق و سه‌روه‌رييه‌كه‌ى بگيرێت. بەردەوامیی ئەم ئاڵۆزی و كردار و پەرچەكردارانە، عێراق و ناوچەكە بەرەو هەڵدێر و ئاییندەیەكی نادیار دەبات و دەبێتە هۆی زیندووكردنەوە و بەهێزكردنی هێزە توندڕەو و تیرۆریستەكانی وەك داعش.

 

لەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیار و مەترسیداره‌دا، داوا لە هەموو لایەك دەكەین ئەوپەڕی دانبەخۆیاندا بگرن و ڕێگە لە په‌ره‌سه‌ندنه‌ مەترسیدارەكان بگيرێت.

دوو شەممە, 30 ک یەکەم 2019

نازم دەباغ لەگەڵ کیوومەرس پوورئەحمەد دەرهێنەری سینەمای ئێران کۆبۆوە

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، لەگەڵ "کیوومەرس پوورئەحمەد" دەرهێنەری ناودار و بەئەزموونی سینەمای ئێران دیداریی کرد. 

 

"کیوومەرس پوورئەحمەد" دەرهێنەری ناودار و بەئەزموونی سینەمای ئێران، ئەمڕۆ دووشەمە ڕێکەوتی 30ی دیسەمبەری 2019 سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تارانی کرد و لە لایەن "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران و هەروەها "سەلام عارف روشدی" جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران و "لوقمان محەمەد لەتیف" و "فەخرەالدین عەزیز ساڵح" ئەندامانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیان لێکرا.

 

"کیوومەرس پوورئەحمەد" کە ئەم ڕۆژانە سەرقاڵی نووسینی سیناریۆی "کوردستانی من"ە، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە خەباتی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و شەڕە پارتیزانییەکانی ئەو شۆڕشگێڕانە دژی ڕژێمی بەعس، چاویی بە "نازم دەباغ" کەوت و چەندین پرسیاریی لەمبارەیەوە ئاراستە کرد کە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران بە وردیی وڵامی تەواوی پرسیارەکانی دایەوە و ئەم بابەتە گرینگەی بە جوانی بۆ شیکردەوە. 

 

ئەم دەرهێنەرە پێشەنگەی سینەمای ئێران هەروەها سەردانی "سەلام عارف روشدی" جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تارانی کرد کە لەم دانیشتنەدا "لوقمان محەمەد لەتیف" و "فەخرەالدین عەزیز ساڵح" ئەندامانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش تیایدا ئامادەبوون. 

 

"کیوومەرس پوورئەحمەد" دەرهێنەر، سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەری ئێرانی ساڵی 1949 لە شاری نەجەف ئاباد لە پارێزگای ئیسفەهان لە دایک بووە و دەرچووی لقی دەرهێنەری سینەمایە و 22 فیلمی سینەمایی، لەوانە: "اتوبوس شب"، "شەوی یەڵدا"، "خواهران غەریب"، "گل یخ"، "بی بی چلچلە"، "ناتوورە"، "نوک برج"، "شەرم"، "نان و شیعر"، "باران" و هەروەها 3 زنجیرە دڕامای تەلەڤیزیۆنی سازکردووە کە "چیرۆکەکانی مەجید" یەکێکیە لەو بەرهەمانەی کە هەموو تاکێکی ئێرانی لە شاشەی تەلەڤیزیۆنەکانی ئێران سەیری کردووە. پوورئەحمەد بە سازکردنی ئەم بەرهەمانە کۆمەڵێک خەڵاتی گرینگی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە.

 

 

نێچيرڤان بارزانى په‌يامێك ئاراسته‌ی یه‌كێتی ده‌كات

 K24 - هه‌ولێر //  نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌بۆنه‌ی كۆتاییهاتنی كاره‌كانی كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی ئه‌و حزبه‌ ده‌كات.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی:

"به‌ بۆنه‌ى كۆتاييهاتن و سه‌ركه‌وتنى كۆنگره‌ى چواره‌مى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستانه‌وه‌، به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى له‌ يه‌ك به‌ يه‌كى ئه‌ندامانى ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەنديی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردايه‌تيى گشتيى يه‌كێتى و ته‌واوى كاديران و ئه‌ندامان و لايه‌نگرانى ده‌كه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ له‌سه‌ر ئاستى كوردستان و عێراق خاوه‌ن ئاماده‌يى و پێگه‌يه‌كى كاريگه‌ره‌، به‌ سه‌ركه‌وتنى كۆنگره‌كه‌ى ده‌توانێ ڕۆڵێكى باشتر بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ عێراق و خزمه‌تكردنى زياترى هه‌رێمى كوردستان و پاراستنى ده‌سكه‌وته‌كانى و دروستكردنى يه‌كڕيزى و ته‌بايى له‌نێوان لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كاندا بگێڕێت.

هه‌ر له‌م بۆنه‌يه‌دا به‌ ڕێزه‌وه‌ يادى جه‌نابى سه‌رۆك مام جه‌لال ده‌كه‌ينه‌وه‌.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان"

 

https://www.kurdistan24.net/so/news/563980dd-08cf-49f8-8d03-de77d1ed803e

 

مه‌سرور بارزانی په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌كات

 K24 - هه‌ولێر ///  مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی پپرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی یەکێتی ده‌كات.

له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌: "هیوادارم ئەم کۆنگرەیە ببێتە دەرفەتێك بۆ خزمەتکردنی پرسە نیشتمانییەکان و پشتیوانی زیاتری حکومەتی هەرێمی کوردستان".

ده‌قی په‌یامی پیرۆزباییه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت:

"پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەی چوارەم لە بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتی و گشت ئەندامانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەکەم . هیوادارم ئەم کۆنگرەیە ببێتە دەرفەتێک بۆ خزمەتکردنی پرسە نیشتمانییەکان  و هەروەها پشتیوانی زیاتری حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بۆ ئەوەی بتوانین بەیەکەوە خزمەتێکی شایستەتری خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین و داکۆکیش لە مافە دەستوورییەکانمان بکەین.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2019/12/27"

https://www.kurdistan24.net/so/news/588104d0-cb98-462c-9868-3d8b93d06363

 

شەممە, 28 ک یەکەم 2019

نازم دەباغ لەگەڵ جێگری وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیداری کرد

"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، لەگەڵ "ئاگرین عه‌بدو‌اڵڵە عه‌زیز" جێگری وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی هاوڕێی کۆبۆوه.

 "ئاگرین عه‌بدو‌اڵڵە عه‌زیز" جێگری وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان به هاوڕێیه‌تی لەگەڵ "زانا مستەفا عه‌زیز"  بەڕێوه‌بەری گشتیی لە وەزارەت و "نصرالڵە محه‌مه‌د عه‌لی" بەڕێوه‌بەری گشتیی ئەمرۆ شەمە رێکەوتی ٢٨/١٢/٢٠١٩ سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تارانیان کرد و لە لایەن "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران و "سەلام عارف روشدی" جێگری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران و "هیوا ره‌سوڵ ره‌شید" و "لوقمان محه‌مه‌د لەتیف" و "وڵات ئەسعد پیرۆ" ئەندامانی نووسینگەی نوێنەرایەتی پێشوازیان لێکرا.  

 سەردانی شاندی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ شاری تاران بە مەستی بەشداری کردن لە پێشانگای نێودەوڵەتی پیشەسازیی خانوبەرەیه‌ کە لە پێته‌ختی وڵاتی ئێران بەرێوەدەچێت.

شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو

مەنسوور جیهانی ـ  بە دروشمی "ڕۆژئاوا لەگەڵتانین" و بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی کورد، شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" لە سوید بەڕێوەچوو.

 

بە ئامادەبوونی "دڵشاد ئەحمەد" سەرۆکی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" Goteborg و سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، "شەماڵی عەبە ڕەش" ئەکتەری ناوداری کورد و بەرپرسی هونەریی ئەم فیستیڤاڵە، "لاگێ بیۆرک" Lage Björk بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، هەندێک لە سینەماکارانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ و هۆگرانی هونەریی سینەما، شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" بە دروشمی "ڕۆژئاوا لەگەڵتانین" و بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی کوردستانی ئێران، هەرێمی کوردستان و سینەماکارانی کورد لە ئەورووپا لە هۆڵی سینەمایی "فۆڵکت هیووس" Fulket Hus لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو. 

 

لە گوتاری بەرپرسانی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری"دا هاتووە: شەش ساڵە، خەون و ئازار و شادی لەگەڵ ئێوەدا بەش دەکەین، شەش ساڵە نیشتمان و تاراوگە بەیەکەوە گرێ دەدەین. ئێمە لە ڕێگەی هونەرەوە دەمانەوێت خۆمان و جیهان بدوێنین. چیرۆک و ئازارە سیاسی و کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکانمان شەنوکەو بکەین. لە گۆشەیەکی پڕ لە شەڕ و تەنگەژەی ئەم جیهانەدا خۆمان نمایش دەکەین و دەمانەوێت تێکەڵ بە شارستانییەتی جیهان ببین، بیر لەوە ناکەینەوە خەون و هەوڵەکانمان گەورە بن یان بچووک، بۆ ئێمە گرنگ هەوڵدان و بەردەوامییە. 

 

لە بەشێکی دیکەی ئەم گوتارەدا هاتووە: بەڕێزان ئێمە لە چرکەساتێکدا دیداری فیلمی کوردیی سازدەکەین، کە هەورێکی ڕەش لە مێژوویەکی دوریی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانییەوە بەرەو ئاسمانی نیشتمانی ئێمە دێت. لە هەگبەیەدا کە ماڵ و ژیانمان، نیشتمان و کوردبوونمان زەوت بکات. کوردستانییان نزیکەی پێنج ساڵە لە جەنگێکی قورس و گرانی ئاڵا ڕەشەکانی داعشدان. ئێمە لە جەنگەکاندا گۆرانی دەڵێین و فیلم دروست دەکەین، نیگار دەکێشین و چیرۆکەکانمان دەنووسینەوە. ئێمە لەم دۆخەدا زیاد لە هەموو کاتێکی دیکە پێویستیمان بە هونەرە، بۆ گرێ دانەوەی خۆمان بە جێهانەوە. 

 

لە درێژەی ئەم گوتارەدا هاتووە: لەم سەردەمەدا شانازییەکانی ئێمە تەنها شەڕڤانان نین، کە جەنگێکی خۆپارێزیی دەکەن لە دژی کۆنەپەرەستان. لەم سەردەمەدا جیهان ئاشنا دەبێت بە زانایەکی بیرکاریی کورد و ڕۆمانی کوردیی لە ئەورووپادا بۆ سەر چەندین زمانی دیکە وەردەگێڕدرێت. ڕێکخراوەی جیهانی یۆنسکۆ لە پاریس، شارە کوردییەکان وەکوو شاری کەلتووری بە جیهان دەناسێنێت. سینەماکارانی کوردیش هەوڵدەدەن لە ژێر سوتوو و باڕووتی جەنگەکانەوە چیرۆکەکانیان بە جیهان ئاشنا بکەن.

 

لە کۆتایی گوتاریی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری"دا نووسراوە: ئەم سەردەمە سەردەمی کوردە، لەم سەردەمەدا کاری ئێمەش ئەوەیە دوور لە ڕەگەز پەرەستی ئینسانی بوون و کوردبوونی خۆمان، دووپات بکەینەوە پێناسەی خۆمان بکەینەوە بۆ ئەوەی لە خۆمان و لە جیهان تێبگەین، بۆ ئەمەش کاری زۆرمان لە پێشە. گرنگترین کار گوزارشت کردنە لە خۆمان و گێڕانەوەی چیرۆکەکانە و ڕاوەستانە لەسەر خەونەکانمان. هونەری سینەما و هەموو چالاکییە کەلتوورییەکانی دیکە، هۆکارێکن بۆ مانەوەمان لەو جوگرافیا داخرا و ترسناکەی کە دەورەی داوین. 

 

ناوی ئەو فیلمانەی کە لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" نمایش کران بریتی بوون لە: فیلمی سینەمایی "گوڵ نیسا" لە دەرهێنانی سەتار چەمەنی گوڵ لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی فیستیڤاڵ و هەروەها کورتە فیلمەکانی "ڕەش و سپی" لە دەرهێنانی ڕێبین ڕەشید، "سوور و سەوز" لە دەرهێنانی سارا فەخری، "فڕینی بەرد" لە دەرهێنانی هەردی حەسەن، "وەک هەمیشە" لە دەرهێنانی نەسرین پاکو، "بۆنی خوێن" لە دەرهێنانی کاردینا هێمن، "ساتێک بۆ من" لە دەرهێنانی مەریوان ئیبراهیم، "هیوا" لە دەرهێنانی عابد هەورامی، "سێ" لە دەرهێنانی هەردی سەلامی، "ڕێگا" لە دەرهێنانی خەیبەر ڕەفیق، "هاویە" لە دەرهێنانی سامی کاکە، "جارێک لە کوردستان" لە دەرهێنانی ژینۆ هادی، "قوربانی" لە دەرهێنانی ڕزگار حسێن، "سنوورێن ڤاڵا" لە دەرهێنانی هەژار دهۆکی، "وون بوون" لە دەرهێنانی گۆنا حەمە ساڵح، "دوا چارەنووس" لە دەرهێنانی کامەران مەنسوور، "ناتەواو" لە دەرهێنانی ڕەحمان هوشیاری، "لێت دەگەڕێم بڕۆیت" لە دەرهێنانی سۆران سۆرانی و "گەڕان بەدوای شوناسدا" لە دەرهێنانی ئاوات عوسمان.

 

لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری"دا هونەرمەند بەرزان سەیدا بە هاوکاری گرووپی موزیک کە پێکهاتبوون لە هێرش عومەر ڕەزا، ئیبراهیم عوسمان، سەباح سەنتوور، ئاسۆ دیلان، فەریبورز کەرەمی و ڕەزا شەریفی چەندین گۆرانی و پارچە موزیکی کوردییان پێشکەش کرد.

یەک شەممە, 15 ک یەکەم 2019

نازم دەباغ له‌گه‌ڵ "یۆچی میکامی" ڕاوێژکاریی وەزیری دەرەوەی وڵاتی ژاپۆن کۆبۆوه‌

"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، له‌گه‌ڵ "یۆچی میکامی" ڕاوێژکاریی وەزیری دەرەوەی ژاپۆن و جێگری باڵیۆزی ژاپۆن لە ئەنقەرە دیداریی کرد. 

"یۆچی میکامی" ڕاوێژکاریی وەزیری دەرەوەی ژاپۆن و جێگری باڵیۆزی ژاپۆن لە ئەنقەرە هاورێ لەگەڵ "کێنتا بامێ" سکرتێری سێیەم لە باڵیۆزخانەی وڵاتی ژاپۆن لە تاران، ئەمرۆ یەکشەمە ڕێکه‌وتی 15/12/2019 سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تارانیان کرد و لە لایەن "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران و "سەلام عارف روشدی" جێگری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران و "سۆران عه‌لی ئەمین" بەرپرسی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن پێشوازیان لێکرا.

له سەرەتای ئه‌م دیداره‌دا "یۆچی میکامی" سوپاسی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران کرد بۆ پێدانی ئەو دەرفەتە و باسی لەوە کرد کە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن نێردراوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی و ئامادەکردنی ڕاپۆرت سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، هەر لەبەر ئەم هۆیەش سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران کردووه.

له درێژه‌ی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران باسی لە باروودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و سیاسەتی حکومەتی هەرێمی لەم باروودۆخەی ئێستای عێراقدا بۆ ڕاوێژکاریی وەزیری دەرەوەی ژاپۆن و جێگری باڵیۆزی ژاپۆن لە ئەنقەرە شیکرده‌وه‌ و هەروەها بۆ پشتیوانییەکانی وڵاتی ژاپۆن لە شه‌ڕیی دژ بە داعش له ڕێگای "یۆچی میکامی" سوپاس و پێزانینی گەلی کوردستانی پێشکەش به حکومەتی ژاپۆن کرد. 

 له به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م دیداره‌دا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، هیوای خواست کە حکومەتی ژاپۆن ڕۆڵی کاریگەرتر بگێڕێت لە ئاییندەدا بۆ پشتیوانی کردن لە دۆزی ڕه‌وای گه‌لی کورد.

هەینی, 13 ک یەکەم 2019

نازم دەباغ لەگەڵ شاندی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆی سنە کۆبۆوە

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، لەگەڵ شاندی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە دیداریی کرد.

شاندی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنەی سەر بە پارێزگای کوردستانی ئێران، رۆژی چوارشەمە ڕێکەوتی 11/12/2019 سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تارانیان کرد و لە لایەن "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران و "سەلام عارف رشدی" جێگری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران پێشوازیان لێکرا. 

لەم دیدارەدا خوێندکارانی ئامادەبوو دەستخۆشی میوانداریی و پێشوازییان لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و باسیان لە چۆنیەتی خوێندن لە زانکۆی کوردستان و پەیوەندیی لەگەڵ زانکۆکانی دیکە و هەروەها باسی کێشە و گیروگرفتی خوێندکارانی کوردیان لە وڵاتی ئێران و لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆبوونەوەیەدا "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، بەخێرهاتنی شاندی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنەی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن. هەروەها گوێی لە داواکارییەکانیان گرت و ئۆمێدی خواست کە لە لایەن بەرپرسانی زانکۆ و لایەنی ئێرانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەریان بۆ بکرێت.

زانیارى نوێ لەبارەى خێزانە هەڵەبجەییەکە و تۆمەتبارەکان بڵاو دەکرێتەوە

 ناس کورد-ئەحمەد مستەفا // نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئێران ڕایگەیاند، یەکێک لە بریندارەکانى خێزانە هەڵەبجەییەکە تەندروستى خراپە و ئێرانیش ئەرکى چارەسەرکردنى بریندارەکانى گرتوەتە ئەستۆ..

کۆتایی هەفتەى ڕابردوو سێ کەسى دانیشتووى هەڵەبجە، کە لە ژن و مێردێک و دایکى پێکهاتبوو، بەمەبەستى چارەسەرى پزیشکى سەردانى ئێرانیان کردبوو، بەڵام لە ورمێ “دەرمانخوارد کران و هەوڵى سوتاندنیان درا”.

نازم دەباغ نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئێران تایبەت بە ناس کوردى ڕاگەیاند “ئەو سێ کەسە لە نەخۆشخانەى ئیمام خومەینى لە ورمێ چارەسەر دەکرێن، ڕەوشى ژنەکە خراپە، بەڵام بارودۆخى پیاوەکە باشە”.

وتیشى “قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم داوایکردبوو ئەرکى چارەسەرکردنى ئەو کەسانە لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام ئێران وتویەتى خۆمان چارەسەرى دەکەین لەبەرئەوەى میوانى ئێمەن”.

ئەو سێ کەسە دوانیان بە ڕێژەى جیاواز سوتاون کە لە ژن و پیاوەکە پێکهاتوون، ژنەکەى دیکەش کە دایکى پیاوەکەیە بەهۆى هێرشکردنە سەرى بە چەقۆ برینداربووە.

نازم دەباغ وتى “لەسەر ڕووداوەکە 11 کەس دەستگیرکراون سیانیان تۆمەتبارى سەرەکین کە خەڵکى ورمێن”.

باسى لەوەشکرد، داوایان لە ئێران کردووە بەدواداچوونى جدى بکەن لەسەر کەیسەکە، ئەوانیش وتویانە بەوردى بەدواداچوون دەکەن و ڕووداوەکەشیان بە تاوان ناوبردووە کە دەرهەق بەو گەشتیارانە کراوە.

دواى چەند ڕۆژێک لە ڕووداوەکە، ئەمڕۆ کەسوکارى ئەو سێ کەسە چوونە ورمێ و لە نەخۆشخانە چاویان بە بریندارەکان کەوت.

بەوتەى نازم دەباغ،  ئەو سێ کەسە لە ماڵێک دەرمانخوارد کراون و دواتر ویستراوە بسوتێنرێن.

 

https://www.nasnews.com/ku/%d8%a6%db%8e%d8%b1%d8%a7%d9%86-%d9%82%d9%88%d8%a8%d8%a7%d8%af-%d8%aa%d8%a7%da%b5%db%95%d8%a8%d8%a7%d9%86%d9%89-%da%95%db%95%d8%aa%d8%af%db%95%da%a9/

 

 

نازم دەباغ بۆ ژیان: ئەو کەسانەی خێزانەکەی هەڵەبجەیان دەرمانخوارد کرد دەستگیرکران

 ژیان:کۆچەر عەزیز /// نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەئێران رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران سێ کەسیان دەستیگركردوە كە خێزانە هەڵەبجەییەکەیان لە ورمێ دەرمانخوارد کردوە.

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران بەدواداچوونیان کردوە بۆ دەرمانخواردکردنی خێزانەکەی هەڵەبجە و لەسەر رووداوەکە سێ کەسیان دەستگیرکردووە.

وتیشی: دوو ژن و پیاوێک ئەو کارەیان ئەنجامداوە، لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەستگیرکراون، ئەوانیش وەک نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەن.

لە چەند رۆژی رابردودا هێمن باقی کە گەنجێکی هەڵەبجەیە لەگەڵ هاوسەر و خەسووی بەمەبەستی چارەسەری پزیشكی ڕوویان لەوڵاتی ئێران كرد، بەڵام لەگەڵ گەشتنیان بەو وڵاتە لە جێگایەك بەمەبەستی بردنی ئەو پارەیەی كە پێیان بووە دەرمان خوارد كراون، بە پێی زانیارییەکان، دوای دەرمانخواردن کردنیان ئاگر لە جەستەی هێمن باقی و خێزانەكەی بەر دەدەن بەوهۆیەوە جەستەیان دەسوتێت، بەڵام خەسووی سەلامەت دەبێ، دواتریش ئەو كەسانەی كارەكەی ئەنجامداوە هێمن باقی و خێزانی و خەسووی لە ناوچەیەكی دورەدەست فڕێ دەدەن".
دوای جێهێشتنیان لەلایەن ئەو کەسانەی کە سوتێنراون هاوار بۆ خەڵكانی ئەو ناوچەیە دەبات و هێمن باقی و خێزانی دەگەیەننە نەخۆشخانەكانی ئورمیە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

https://zhyan.co/detailnewsga.aspx?jimare=24823&cor=1&related=2

 

پەڕەى 68 لەکۆى 208 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی