نوێنەری هەرێم لە تاران: لە کابینەی نوێ‌دا پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێم باشتر نەبێ خراپتر نابێ
نازم عومەر دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران دەڵێت: هەرچەندە لەسەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نوێ ئێران دیسان سنوورەکانی بۆردومانکردەوە، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ساردبوونەوەو تێکدانی پەیوەندی هەردوولا، چونکە تێگەیشتنی تەواویان هەیە بۆ ئەو رووداوانە روودەدەن.
لە دیدارێکدا لەگەڵ “زەمەن”، نازم دەباغ ئاماژە بەوە دەکات، بۆ دانوستان و کۆبوونەوەی حزبەکانی رۆژهەڵات و کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتێکی ئەوروپا، ئەوانیش لەڕێی میدیاکانەوە بیستوویانەو دڵنیا نین لە راستی هەواڵەکە.
* کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم چۆن دەڕوانێتە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران‌دا، ئایا هیچ گۆڕانێکی نەوعی بەسەر ئەو پەیوەندییانەدا دێت؟
- پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ، بە دڵنیاییەوە ئەگەر روو لە باشتربوون نەبێ ئەوا کەمتر نابێ لە کابینەکانی پێشوو. حکومەتی هەرێم پێیوایە پێش هەموو شتێ هەبوونی پەیوەندییەکی باشە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت ئێران و تورکیا. ئێران لە رابردوو و ئێستا و داهاتووشدا، رۆڵێکی گرنگی هەبووەو دەبێ لە سەقامگیری ئەمنیەت و ئاسایش لە هەرێمی کوردستاندا.
* لەسەروبەندی دەستبەکاربوونی سەرۆکی حکومەت و کابینەی نوێ، ئێران تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی کردووەو بەوهۆیەوە کچێک شەهیدو چەند کەسی تر برینداربوون، ئەم ئاڵۆزییانە چ کاریگەرییەکیان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و تاران دەبێ؟
- راستە لە سەروبەندی دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ ئاڵۆزی لەسەر مەرزەکان درست بوو. چونکە لەو کاتەدا لەناوخۆی ئێران‌دا چەند رووداوێک روویاندا و سوپای ئێران وەک کاردانەوە بەو چالاکی و رووداوانە، بۆردومانی ناوچە سنوورییەکانی کردەوە، بەڵام هەردوولا تێگەیشتنیان هەبوو بۆ بارودۆخەکەو کاریگەری نەبوو بۆ سەر تێکچوونی پەیوەندییەکان. هەردوولا هەوڵیاندا پێش بەو جۆرە چالاکی و رووداوانە بگرن کە روویاندا و جارێکی تر روو نەدەنەوە. خۆشبەختانە ئێستا ئارامیی هەیە و پەیوەندییەکان لە شوێنی خۆیاندان بە باشی.
* ئێستا کەمتر لە ساڵانی رابردوو سەردان و هاتن و چوون هەیە لەنێوان بەرپرسانی هەرێم و ئێران بۆ لای یەکتر، هۆی ئەم کەمبوونەوانە چین؟
- یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ئەم سەردان و دیدارانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، پێکهێنانی کابینەی نوێ زۆر درێژەی کێشا. هۆکاری دووەمیان ئەوەیە ئێران لەڕێی کەناڵ و شێوازی پەیوەندی خۆیەوە، بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ حکومەتی هەرێم. ماوەی رابردوو کە هەردوو سەرکونسوڵگەری نوێی ئێران لە هەولێر و سلێمانی دەستبەکاربوون، ئاگامان لێیان بوو لە پەیوەندییەکی چڕوپڕدابوون لەگەڵ هەموو بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت لایەنە سیاسییەکانیش. واتا دەکرێ بڵێین پەیوەندییەکان لە ئاستێکی باشدایە تا رادەی دڵنیایی و رازی بوون.
* ئێران بانگێشتی هیچکام لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و پەرلەمانی نەکردووە بۆ تاران؟
- بۆ بانگهێشت و داوەتی هەرکام لە سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی پەرلەمان و حکومەت، هەمیشە ئەو بانگێشتانە لە ئارادایە. هەرکات زەمینە لەباربێ و بڕیار بدرێ، بەدڵنیاییەوە لەلایەن ئێرانەوە لە ئاستی پێویستدا پێشوازی لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکرێ.
* گەمارۆکانی سەر ئێران، چ کاریگەرییەکی هەنووکەیی ودوور مەودای بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەیە؟
- هەر گەمارۆیەک بۆ سەر ئێران، یان هەر ئاڵۆزی و پشێویەک لە ناوچەکەدا، کاریگەری دەبێ لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەش. چ کاتیی بێ یان درێژخایەن. بەڵام خۆشبەختانە سیاسەتی حکومەتی هەرێم و عێراق، هەروەها سیاسەتی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە کۆماری عێراق، دەکرێ بە سیاسەتێکی دروست حسابی بۆ بکرێ کە لەم مەسەلەیەدا بێلایەنە لەو ململانێ و گەمارۆیانەی هەیە. ئەوەی کە دەمێنێتەوە دەبێ چاوەڕێی بکەین بۆ داهاتوو.
* هەرێمی کوردستان لەژێر گوشارێکی دوو لایەنەدابوو لە سەرەتای سەپاندن‌و توندکردنەوەی سزاکان هەم لەلایەن ئەمریکاوە، هەم لەلایەن خودی ئێرانەوە، ئێستاش ئەو گوشارانە هەر ماون؟
- بەڵێ راستە هەرێمی کوردستان لەم کاتەدا دەکەوێتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە لەو هەلومەرجەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە بەتایبەت لە نێوان ئەمریکا و ئێران‌دا. بەڵام خۆڕاگری و لێزانی، سیاسەتی راست و دروست بۆی هەیە کاریگەری ئەم فشارانەی سەر هەرێم کەمتر بکاتەوە.
* پەیوەندی حزبەکانی کوردستان لەگەڵ ئێران وەکو جاران ماوە؟ ئایا دیدار و یەکتربینینەکان لەڕێی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمە یان خۆیان راستەوخۆ پەیوەندی بە بەرپرسانی ئێرانەوە دەکەن؟
- بەڵێ.. پەیوەندی حزبەکانی هەرێم لەگەڵ ئێران، هەر لە ئاستی خۆیدایە وەکو پێشوو. خۆیان لە پەیوەندیدان و شاندەکانیان سەردانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەکەن و شاندەکانی ئێرانیش بۆ هەرێمی کوردستان بەبێ هەڵاواردن وئیستسنا سەردانی هەموو لایەنانەکان دەکەن. پێشتریش باسمان کردووە کە ئەو حزبانە لەڕێی کەناڵی تایبەتی خۆیانەوە، راستەوخۆ لەگەڵ ئێران پەیوەندی دەکەن. حکومەتی هەرێم و نوێنەرایەتییەکەی لە تاران دەکرێ ئاگاداری ئەو سەردانانەبێ، بەڵام ئاگای لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان و بەرنامەی ئەو سەردانانە نییە.
* وابڵاوکرایەوە مانگی رابردوو، نوێنەرانی حزبەکانی رۆژهەڵات لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران لە وڵاتێکی ئەوروپا چاوپێکەوتنیان هەبووە، رۆڵی حکومەتی هەرێم چیە لەو دیدار و گفتوگۆیانەدا؟
- بۆ ئەو دیدار و دانیشتنانەی حزبەکانی کوردستانی ئێران، ئێمەش وەکو هەموو لایەنەکانی تر، هەر لەڕێی کەناڵەکانی راگەیاندنەوە بیستوومانە. زانیاری و بەڵگەیەکی ئەوتۆمان لا نییە کە بیسەلمێنن ئایا ئەو دانیشتنانە کراون یان نا.
* ساڵانە بڕێکی زۆر خۆراک و کاڵای بەسەرچوو لە ئێرانەوە دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان، هەروەها ناوبەناو پارەی تەزویر لە ئێرانەوە رەوانەی هەرێم دەکرێ، تۆ وەکو نوێنەری حکومەتی هەرێم بەرپرسانی ئێرانت لەم خراپەکارییانە ئاگادار نەکردووەتەوە تا سنوورێکیان بۆ دابنرێ؟
- سەرپێچی لە کاری بازرگانی و ئەو شتانە، هەمووی لە دەرەوەی سیستمی بانکیی و هەردوو حکومەتی ئێران و هەرێمی کوردستانە. هەر کاتێ سکاڵا و کێشە هاتبێتە لامان گەیاندوومانە بە حکومەتی ئێران یان هەرێمی کوردستان. کێشەی گەورەی بازرگانی لەنێوان ئێران و هەرێمدا ئەوەیە تائێستا هەر بە شێوازی پیلەوەریی و دابینکردنی پێداویستی رۆژانەیە لە مەرزەکاندا، بۆیە زۆرجار ئەم کێشە و گرفت و زۆرجار سەرپێچیانەش روو دەدەن.
مەسەلەی هێنانی کاڵای خراپ و بەسەرچوو، شتێک نییە تەنیا لە ئێرانەوە بنێردرێتە هەرێمی کوردستانەوە، بەڵکو لە وڵاتەکانی تریشەوە ئەو شتانە دەهێنرێن. بەڵام دیارە هەندێ کەناڵی راگەیاندن ئەوەندەی فۆکەسی لەسەر ئێرانە، ئەوەندە لەسەر وڵاتەکانی تر نییە.
سازدانی: زەمەن
نازم دەباغ لەگەڵ دکتۆر "سه‌عد جه‌واد القه‌ندیل" باڵیۆزی عێراق لە تاران کۆبۆوه
"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران، لەگەڵ دکتۆر "سه‌عد جه‌واد القه‌ندیل" باڵیۆزی عێراق لە تاران دیداریی کرد.
دکتۆر "سه‌عد جه‌واد القه‌ندیل" باڵیۆزی عێراق لە تاران هاورێ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای باڵیۆزخانە، ئەمرۆ سێ شەممە رێکەوتی ١٧/٩/٢٠١٩ سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تارانیان کرد و لە لایەن "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران و "سەلام عارف روشدی" جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران و هه‌روه‌ها "ئەمجەد بابا حاجی"، "فه‌خرالدین عه‌زیز ساڵح"، "سۆران عه‌لی ئەمین" و "عه‌لا غوڵام" ئەندامانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان به گه‌رمی پێشوازییان لێ‌کرا.
لە دانیشتنەکەدا باڵیۆزی عێراق و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، باسیان لە بارودۆخی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد و باڵیۆزی عێراق دووپاتی کردەوە کە باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان ماڵی هەموو عێراقییەکانە و باڵیۆزخانە ئامادەیە بۆ هەماهەنگی تەواو لەگەڵ نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له تاران.
له به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ کارئاسانی و هەماهەنگی ستافی باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران بۆ ڕاییکردنی کارووباری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
وتاری نازم دەباغ ؛ سیاسه‌تی ئابووری و با فرۆشتن
زۆرجار وا پێش دێت رووداوه‌كانی رابردوو له‌گه‌ڵ هه‌ندێ قۆناغ و رووداوی سه‌رده‌م یه‌كده‌گرنه‌وه و ده‌بێته په‌ندێكی پێشینان.
ده‌گێرنه‌وه ( كه راستیشی تێدایه له‌به‌ر هه‌ستیاری شوێنه‌كه ناوی ناهێنم) له ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان كوێخای دێیه‌ك هه‌بووه، هه‌ستی كرد ده‌توانێت یاریه‌ك له‌گه‌ل دانیشتوانی دێكه‌دا بكات، له وه‌رزی زستاندا دانیشتوانی دێكه كۆده‌كاته‌وه و پێیان ده‌ڵێت: بیرۆكه‌یه‌كم هه‌یه، هه‌ندێ پاره‌م كۆكردۆته‌وه و ده‌مه‌وێت خێره‌كه‌شی به ئێوه بگات، ده‌مه‌وێت ئه‌مساڵ بای دێكه له ئێوه بكرم. دیاره دانیشتوانی دێكه ده‌بێته مشتومڕیان و گاڵته پێ كردن.... ده‌ڵێن كوێخا كاری وا چۆن ده‌بێت....؟ با چۆن ده‌فرۆشرێت؟.
كوێخا سوور ده‌بێت له‌سه‌ر داواكه‌ی خۆی و ده‌ڵێت ئێوه چیتان به‌سه‌ره‌وه‌یه ئه‌وه با و ئه‌مه‌ش پاره، بۆ هه‌ر ماڵێك بڕێك دیاری ده‌كه‌ین و ده‌چینه مزگه‌وت لای مه‌لای دێ به‌شه‌رع و شاهید. له مزگه‌وتی ماڵی خوا رێككه‌وتن نامه‌كه ده‌نووسین و هه‌ركه‌سێكیش په‌شیمان بێته‌وه ده‌بێت چه‌ند به‌رابه‌ر برێك پاره بدات، دانیشتوانی دێكه ده‌ڵێن كه‌واته بابڕۆین و كاره‌كه ئه‌نجام بده‌ین و ناوی خوای لێ بهێنین.
زستان رۆیی و به‌هار هات كه‌وتنه مانگی دروێنه و شه‌ن كردنی خه‌رمانه‌كانیان....
رۆژێ كوێخا هات و چووه سه‌ر خه‌رمانه‌كان و ئاگاداری كردنه‌وه نابێت خه‌رمان شه‌ن بكه‌ن! چونكه باكه هی ئه‌وان نه‌ماوه هی كوێخایه...! ده‌بێت پاره‌ی شنه‌باكه بده‌ن.
هه‌مووانی ئاگادار كرده‌وه به پێی رێكه‌وتنكه‌ش كه‌س بۆی نیه بای دێكه به‌كار بهێنێت ده‌نا گوناهبار ده‌بن به شاهیدی مه‌لای دێ( له‌گه‌ڵ مه‌لای دێكه كاكه‌براله‌یه‌كیان هه‌بوو.. جۆرێك له رێككه‌وتن ) .... ناچار دانیشتوانی دێكه له‌گه‌ڵ كوێخا رێكده‌كه‌ون و چه‌ند به‌رابه‌ر پاره‌ی فرۆشتنی باكه ده‌ده‌نه‌وه كوێخا و مافی با به‌كارهێنان بۆخۆیان ده‌گێرنه‌وه.....
ئه‌گه‌ر سه‌یری بارودۆخی ئه‌مرۆكه‌ی ئابووری كوردستان بكرێت له‌و گێژاوی قه‌یرانی دارایی كه تێی كه‌وتووه و كه‌وتۆته ژێر فشاری حكومه‌تی ناوه‌ند و هه‌روه‌ها قه‌رزێكی زۆر و بارگران به‌دڵنیاییه‌وه پێویستی به هه‌نگاوێكی زیره‌كانه و بوێرانه هه‌یه، دیاره بریاری ئابووری سه‌ربه‌خۆ و نه‌وت فرۆشتن بۆ ئاینده‌ی ده‌مه‌زراندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، پرسێكی گرنگ و بوێرانه‌یه، ئه‌و بریاره‌ش ته‌نها بریاری تاك لایه‌ن نه‌بووه، به‌ڵكو بڕیاری هه‌موو هێز و لایه‌نه سیاسیه‌كانی كوردستان و به‌ناو راوێژكاران و شاره‌زایانی بواری ئابووری بووه، بێ ئه‌وه‌ی وه‌كو خۆی سنووری جوغرافیای كوردستان و دوژمنه ستراتیژی ومێژووییه‌كانی گه‌لی كورد ڕه‌چاو بكه‌ن، بزانن كێ ده‌یه‌وێت كورد له‌سه‌ر پێی خۆی راوه‌ستێت. ئه‌مڕۆكه وا ده‌بینرێت پرۆسه‌ی ئابووری سه‌ربه‌خۆ و نه‌وت فرۆشتن وه‌كو ئه‌و په‌ندی لێ هات كه با مان لێ كڕا و پێشمان ده‌فرۆشرێته‌وه.........!!
نازم عومه‌ر ده‌باغ
نوێنه‌ری حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان له تاران
https://www.pukmedia.com/KS_Direje.aspx?Jimare=144094
ماڵپەڕی هەواڵنێری "ئینتخاب" Entekhab.ir: نێودەوڵەتی / ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لە وتووێژ لەگەڵ "ئینتخاب": ئاستێک لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان "موقتەدا سەدر"ی ڕەوانەی تاران کردووە / بوونی سەدر لە تەنیشت ڕێبەری مەزنی ئێران بە کارێکی ئاسایی ناتوانین هەڵسەنگێنین / سەردانی سەدر بێگومان هەنگاوێگی گرینگە لە پێناو نزیککردنەوەی زیاتریی ئێران لەگەڵ هاوپەیمانی سائێرون لە پەڕڵەمانی عێراق / هاوبەشی مەزهەبی، ئەویی لەگەڵ ئێران پێکەوە گرێداوە / ناکۆکییەکانی سەدر لەگەڵ ئێران، هیچ کاتێک ناتوانین لە پێگەی "دوژمنایەتی و شەڕ" هەڵسەنگێنین.
"نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ سەردانی "موقتەدا سەدر" بۆ ئێران و بەشداریی ئەو لە تەنیشت ڕێبەری مەزنی ئێران لە ڕێوڕەسمی ماتەمینی شامی غەریبان لە حوسەینییەی ئیمام خومەینی (رە) لەو باوەڕەدایە کەإ "سەردانی موقتەدا سەدر، مەسەلەیەکی نامۆ و سەرسوورهێنەر نییە. ئەو وەکوو کەسایەتییەکی مەزهەبی و سیاسی شیعە کە پێگەی کۆمەڵایەتی بەرچاویی لە وڵاتی عێراق هەیە، ناتوانرێت وەکوو دیاردەیەکی دەگمەن لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان ئێران لەگەڵ شیعەکانی عێراق لەبەرچاو بگیرێت. ڕاستییەکە ئەوەیە کە بەردەوام سەماحەتە مەزهەبییەکانی شیعە لە ئاستێکی بەربڵاو و پۆزێتیڤدا پەیوەندییان لەگەڵ سەماحەتە مەزهەبی و حکوومەتییەکانی ئێران لە ساڵانی دوای شۆڕش تا ئێستا هەبووە."
دەباغ لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی "ئینتخاب" ڕایگەیاند: "هەر چەندە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار ناکۆکییەکانی نێوان سەدر لەگەڵ ئێرانمان بینیوە بەڵام لە کۆتاییدا هاوبەشە مەزهەبیەکان ئەوان لەگەڵ ئێران پێکەوە گرێدەدات. لەو ناوەندەدا، تەنیا مەسەلەی کات و قۆناغە گونجاوەکانە کە گرینگی هەیە."
ئەو دیپڵۆماتە کوردە عێراقییە، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: "لە بواریی سیاسەت هیچ کاتێک ناتوانین بە تەواویی دەست لەسەر کێشە یا دۆستایەتی دابنێین. هەر وەکوو چۆن لە هەندێک باروودۆخدا موقتەدا سەدر ئاستێک لە ناکۆکی لەگەڵ ئێران‌دا هەبووە، لە قۆناغی نوێشدا ئاستێک لە بەرژەوەندیی هاوبەش، ئەویی ڕەوانەی تاران کردووە. بێگومان دەتوانرێت سەردانی موقتەدا سەدر بۆ ئێران، بە هەنگاوێگی گرینگ لە پێناو نزیککردنەوەی زیاتریی ئێران لەگەڵ هاوپەیمانی سائێرون لە پەڕڵەمانی عێراق هەڵسەنگێندرێت.
"نازم دەباغ" گوتیشی: "سەردانی موقتەدا سەدر بۆ تاران و بوونی ئەو لە تەنیشت ڕێبەری ئێران، کاریگەری ئیجابی و پۆزێتیڤ لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا دادەنێت. هاوپەیمانی سائێرون وەکوو گەورەترین ڕەوتی ئامادە لە پەڕڵەمان، نوێنەرانێکی لە حکوومەت و داموودەزگا جۆراوجۆرەکاندا هەیە. ئامادەبوونی ڕێبەری ئەو ڕەوتە لە تاران، بێگومان کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی ئەوان لەگەڵ تاران دادەنێت و دەتوانێت لە نزیککردنەوەی دوو وڵاتی ئێران و عێراق کاریگەری دابنێت."
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "ناتوانین بوونی سەدر لە تەنیشت ڕێبەری مەزنی ئێران بە کارێکی ئاسایی و ساکار هەڵسەنگێنین. کەسێک ناتوانێت لە ڕێوڕەسمێکی بەم شێوەیەدا ئامادەبێت و دوای گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆی قسە بە پێچەوانەی کردەوەی خۆی بکات. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ناکۆکییەکانی سەدر لەگەڵ ئێران، هیچ کاتێک ناتوانرێت لە پێگەی "دوژمنایەتی و شەڕ" هەڵسەنگێندرێت، بەڵکوو زیاتر لە چوارچێوەی ناکۆکییەکان دەبێت شیبکرێتەوە.
لینکی چاوپێکه‌وتن:
https://www.entekhab.ir/fa/news/500590/سطحی-از-منافع-مشترک-مقتدی-صدر-را-راهی-تهران-کرده-حضور-صدر-در-کنار-مقام-معظم-رهبری-را-امری-ساده-نمی-توان-ارزیابی-کرد-سفر-مقتدی-مطمئنا-گامی-مهم-در-راستای-نزدیکی-بیش‌تر-میان-ایران-با-ائتلاف-سائرون-در-پارلمان-عراق-است-اشتراک-مذهبی-او-را-با-تهران-گره-زده-اختلافات-صدر-با-ایران-را-هیچگاه-نمی‌توان-در-مقام-دشمنی-و-ستیز-مورد-خوانش-قرار-داد
وتاری نازم دەباغ ؛ سیاسەت و گۆرانی چراندن
کاتێک سەیری بارودۆخی دونیا و خۆرهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکە و کوردستان دەکەین لە ئاستی روداوەکانی ئێستاکە و بیرکردنەوە لە داهاتوو، پێویست دەکات دڵنیایی بدەین کە دەکرێت بارودۆخی ئێستاکە لەسەر رۆشنایی رابردوو هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، ئەوکات لەسەر رۆشنایی و بارودۆخی ئەمرۆکە دەکرێت ئایندەیەکی دیار دەست نیشان بکرێت و پێش بینی بکەین.
بەبڕوای من بەداوای لێبوردن لە هەموو ئەوانەی رۆژانە لە پەخشی راستەوخۆ و تەلەفزیۆنەکان و نووسین و بابەتەکان بەدیدەکەیت بەناوی چاودێری سیاسی و سیاسەتمەدار و راوێژکار، زۆری بابەتەکان لەشێوەی گۆرانی و گۆرانی بێژەکاندایە، کەلەسەر خواست و سۆزی خۆی و جۆرە هۆنراوەکە ئاوازێک هەڵدەبژێرێت و دەیڵێت. زۆرهەیە گۆرانییەکەی تەمەنێکی کورتی هەیە و هەشە هەمیشە بۆ مێژوو دەمێنێتەوە.هەڵسەنگاندن و باسکردن لەڕووداوە سیاسی و سەربازییەکان تا دەگاتە گۆڕانکارییەکان، لەهەموو روویەکەوە ئەنجامێکن بۆ کۆمەڵێ هۆکار و کارلێکردە دەگەرێتەوە، واتە پێویست دەکات رابردوو هۆکارەکان و هەڵسەنگاندنی ئەمرۆکەی بۆ بکرێت لەسەر رۆشنایی رابردوو، ئەوکات دەتوانین تێبینی راست و دروست بۆ داهاتوو بکەین.
ئێستاکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لە ناوچەکە کێشەی هەرە گەورە و گەرمەکان (ئیسرائیل و فەلەستین) و (ئەمەریکا و ئێران) و (شەری دژە تیرۆر و داعشە). لە دەرەوەی ئەو بازنەیەش کێشەی درێژ خایەن و رەوا هەیە کە کێشەی کوردە و بەشێوەیەکی گەرم هەموو بەشەکانی گرتۆتەوە کەم تا زیاد.
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا کورد لە ناو هاوکێشەکانی ناوچەکە دەچێتە ریزبەندی و دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە پێناو بەدەستهێنانی مەفەکانی؟ یان دەبێتە کەرەستەیەک و کارەکتەرێک بۆ هاوکاری لایەنە دژ بەیەکەکاندا و دژی لایەنێکی تر، ئەوکات وڵاتە زلهێز و دەسەڵاتدارەکان بە ئامانج گەیشتن پشت لە کورد بکەن؟ لە باشترین بارودۆخدا بڵێین فەرموون لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەتان رێک بکەون. هەروەکو لە رابردوو لە کاتی ئەنجامدانی راپرسی بەدیمان کرد.
ئایا تەنها لەبەرژەوەندی و بەدەستهێنانی دەسکەوتی تایبەتیدایە؟ هەموو ئەو هاوکێشانە ئەنجامی چەند بابەتێکن کە هەندێکیان بۆ هەندێ بەرژەوەندی دەکرێت بگوترێت ئابووری و بازرگانی بێت یاخود گەیشتن بە رێگا چارەسەرێکی گشتگیر و دابینکردنی مافەرەواکان؟.
بۆ هەر ئەنجامیک و پێشبینی هەر ئایندەیەک پێویست دەکات هۆکارەکانی پەیدابوونی گرفتەکان لێکدانەوەی بۆ بکرێت، ئەوکات دەکرێت ئەنجامەکانی لەبەرژەوەندی تایبەتمەندیەتی و کارلێکردنی سوودی لێوەربگیرێت و ئایندەش پێشبینی بکرێت. بەداخەوە کورد هەتا ئێستا لەگەڵ هەموو رەوایەتییەکی ماف و داخوازییەکانی، نەکراوە خۆی بکاتە هۆکارێکی بنەڕەتی بۆ بەشداری و لابەلاکردنی هاوکێشەکانی ناوچەکە و چارەسەرکردنی و گەیشتن بەمافەکانی خۆی.
لێرەدا دەکرێت هەڵسەنگاندن بکرێت کە بەدرێژایی مێژوو بوونی کورد بە هەموو شەڕە ناوخۆییەکان و بەتایبەتیش لە دوای راپەرین و دەست کەوتەکانی تاوەکو ئەمرۆکە بە لێکدانەوە بۆ هەموو قۆناغەکانی حکومەتداری و بەرێوەبردن و سیاسەت کردن و ئابووری تا دەگاتە بەشداری سەربازی لە شەرێکی سەپێندراوی دژە تیرۆر و داعش لە عێراقدا بکەین، نمونەیەک تەنها بەشداربوون و پشتیوانی بوو، ئەوەی دەستکەوتی گەلی کورد و هێزە قارەمانەکەی پێشمەرگە بوو تەنها دەست خۆشی لێ‌کرا، دوایی رێگاپیشاندان بۆ ئەوەی لەرێگای حکومەتی ناوەندی کێشەکان چارەسەربکەن و مافەکانانتان بەدەستبهێنن. کورد لەبەر بارودۆخی تایبەتی جوغرافیای و ناوچەیی و بەرژەوەندییەکانی زلهێز و وڵاتانی ناوچەکە نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی یەک گوتاری سیاسی و ئیستراتیجییەتێکی دیار و هەمیشەیی.
ئەگەر هەموو ئەو رووداوانەی رابردوو و بارودۆخی ئەمرۆکە رەچاونەکەین و لەبەرچاو نەگرین، بەدڵنیایی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکە دەبینە قوربانی بەدیهێنانی ئاشتەوایی ناوچەیی (الوفاق الاقلیمی).
دەکرێت تا بارودۆخی ناوچەکە لە ململانێدایە، بتوانین ئابرومەندانە کێشەکانی ناوخۆ چارەسەربکەین و یەکڕیزی بەهێز بکەین و پاوانکاری نەهێڵین و یەک گوتاری سیاسی بۆ یەک ئەمانج و لە هەوڵدابین سوود لەم بارودۆخەی ئەمرۆکە لە بەغدا هەیە و سوود لە توانایی و برایەتی سەرۆک کۆمار و سەرۆک ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان وەربگرین و بە وتاری ئارامی و ئاسایش گەلەکەمان بپارێزین لە کێشە و شەر و ململانێی بەرژەوەندی وڵاتانی دەرەوە و زلهێزەکان، تەنها وەکو لە کۆنەوە گوتراوە پشت و پەنای کورد شاخ و یەکریزی و یەک گوتارییە. جارێکی تر نەگوترێت دەبوایە وامان نەکردبا و وامان کردبا... .
نووسینی: نازم دەباغ
لینکی وتار:
https://www.pukmedia.com/KS_Direje.aspx?Jimare=143601
نازم دەباغ لەگەڵ سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە نەتەوەی فەلەستین کۆبۆوە
"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لەگەڵ "ئه‌حمه‌دڕه‌زا ڕوحوڵڵازاده" سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە نەتەوەی فەلەستین لە تاران دیداریی کرد.
"ئه‌حمه‌دڕه‌زا ڕوحوڵڵازاده" سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە نەتەوەی فەلەستین، ڕۆژی دووشەمە ڕێکەوتی 26ی ئۆگۆستی 2019 سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تارانی پێتەختی وڵاتی ئێران کرد و لە لایەن "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران و هەروەها "سەلام عارف روشدی" جێگری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گەرمی پێشوازیی لێ‌کرا.
لەم کۆبوونەویەدا باس له بارودۆخى گه‌لی فەلەستین و ناوچه‌که کرا و سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە نەتەوەی فەلەستین داوای کرد که لە بواری فەرهەنگی، ئەدەبی، هونه‌ری و زانستییەوە هاوکاری بکرێن.
لە درێژەی دانیشتنه‌که‌دا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خسته سه‌ر باریی هاوبه‌شی گه‌لی کورد و فەلەستین له ناوچه‌که‌دا لە هه‌موو قۆناغه‌کاندا شۆڕشه‌کانی کورد پاڵپشتی بوون لە داکۆکی له مافی فەلەستینییه‌کان. و داوای کرد به نووسین پڕۆژه‌یه‌کی دیار و ڕوون پێشکەش بکه‌ن تاکوو له لایه‌ن نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تاران، دیراسه‌ی بکرێت و بینێردرێت بۆ لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌کانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و له ئه‌نجامه‌که‌ی ئاگادار بکرێنه‌وه.
جێی ئاماژه پێدانه که خۆشبه‌ختانه ئەمڕۆكه له هەرێمی كوردستان نووسينگەی نوێنەرایەتی فەلەستین هەیە.
جام کوردی: /// نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له ئێران ده‌ڵێت حکومه‌تی ئێستای هه‌رێم خاوه‌نی پلانێکی تۆکمه‌یه بۆ چاره‌سه‌رکردنی کۆی گشتی کێشه و گرفته‌کان له گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ند. ده‌شڵێت بوونی هه‌ماهه‌نگی له نێوان هه‌ر سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی عێراق ڕۆڵی گرنگی له چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان ده‌بێت.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، شاندێکی باڵا به سه‌رۆکایه‌تی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆک وه‌زیران و به به‌شداری قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان سه‌ردانی به‌غدای کرد و له گه‌ڵ سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی عێراق پرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند و چاره‌سه‌رکردنی کێشه که‌ڵه‌که‌بووه‌کانی نێوان هه‌ر دوو لای تاوتوێ کرد. ئێستاش به پێی ئه‌وه‌ی که له ڕاگه‌یاندنه‌کاندا باس ده‌کرێت، بڕیاره شاندێکی دیکه‌ی هه‌رێم له داهاتوویه‌کی نزیکدا بگاته به‌غدا و هه‌مان ته‌وه‌ر جارێکی دیکه بخرێته سه‌ر مێزی دانوستانه‌کانی نێوان هه‌ر دوو لا.
نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له تاران له وتووێژی له گه‌ڵ په‌یامنێری جام کوردی له سه‌ر ئه‌م پرسه ڕایگه‌یاند: حکومه‌تی نوێی هه‌رێمی کوردستان به سه‌رۆکایه‌تی مه‌سرور بارزانی خاوه‌ن پلانێکی تۆکمه‌یه به ئامانجی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا. هاتووچۆی شانده‌کانیش پیشان ده‌دات که هیوامان به چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و کێشانه هه‌بێت تا گه‌لی کورد جارێکی دیکه تووشی ئه‌و قه‌یرانه ئابورییه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو نه‌بێته‌وه.
ناوبراو وتی: بڕوابوون به چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق له ئێستادا له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌بینرێت و بوونی ئه‌م سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌ی عێراق و ته‌بایی و هه‌ماهه‌نگی نێوانیان وایکردووه که به گه‌شبینییه‌وه له ئاسۆی به‌رده‌م چاره‌سه‌ربوونی کێشه‌کانی عێراق و هه‌رێم بڕوانین.
نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له درێژه‌دا له وه‌ڵامی پرسیارێک سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که ئایا له ئه‌گه‌ری ڕێکنه‌که‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا له سه‌ر دۆسیه‌ی نه‌وت، مه‌ترسی له سه‌ر بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هه‌یه یان نه؟ وتی: نه‌وت به کێشه‌یه‌کی سه‌ره‌کی نێوان هه‌ر دوو حکومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ند داده‌نرێت و ئه‌گه‌ر ئه‌م کێشه‌یه چاره‌سه‌ر نه‌کرێت ئه‌وانی دیکه‌ش ناگه‌نه ئه‌نجام. بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌سراوه‌ی نه‌وته و لێره‌دا کێشه‌ی قه‌رزه‌کانی هه‌رێم بوونی هه‌یه که خۆشبه‌ختانه هه‌ر دوو لا هه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕێگاچاره‌یه‌ک بۆ ئه‌مه‌ش بدۆزنه‌وه. به بۆچوونی من کێشه‌کان ده‌توانێت چاره‌سه‌ر ببێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌کرا، ده‌توانێت کێشه بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بودجه‌ی هه‌رێم بخوڵقێنێت.
نازم ده‌باغ وتی: ڕه‌نگه هه‌ندێک گوشاری لایه‌نه سیاسییه‌کانیش له سه‌ر سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له پرسی بودجه و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هه‌بێت، به‌ڵام بوونی هه‌ماهه‌نگی له نێوان سه‌رۆک کۆمار، سه‌رۆک وه‌زیران و سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق له گه‌ڵ ئه‌م حکومه‌ته‌ی هه‌رێمی کوردستان وایکردووه که گه‌شبین بین به چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان و ئه‌م لێک تێگه‌یشتنه‌ی نێوان هه‌ر دوو لاش ڕێخۆشکه‌ر ده‌بێت که دانوستانه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ئه‌نجامێکی باشی هه‌بێت.
"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران له چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ که‌ناڵی ته‌له‌ڤیزیۆنی "ئێن.ئاڕ.تی" گوتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان له په‌یوه‌ندییه‌کی باشدایه له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.
"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تاران لە میانه‌ی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "تاوتۆی" که‌ناڵی ته‌له‌ڤیزیۆنی "ئێن.ئاڕ.تی" NRT ڕایگەیاند: ئێمه له تاران نوێنه‌ری حکومەتی هەرێمی کوردستانین، واته نوێنه‌رایه‌تی پێکهاته‌یه‌کی هێزه سیاسییه‌کان و لایه‌نه‌کانی به‌شداربوو له حکومەتی هەرێمی کوردستان دهه‌که‌ین که جێگر و ئه‌نداممان هه‌یه و جێگری نوێنەرایه‌تی حکومەتی هەرێمی کوردستان له براده‌رانی پارتی دیموکراتی هەرێمی کوردستانه و هه‌روه‌ها ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو له‌یه‌نه سیاسییه‌کانی تێدایه، له‌وانه؛ سۆشیالیست، یه‌کگرتوو، کۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامی و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران گوتیشی: به شێوه‌یه‌کی گشتیی ئه‌مڕۆکه هەرێمی کوردستان له چوارچێوه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی که حکومەتی هەرێمی کوردستان هه‌یه‌تی ده‌توانین بڵێین له په‌یوه‌ندییه‌کی باشدایه له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆیه بۆ دیراسه کردن و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن یا هاوکارییکردن له هه‌ر بوارێک‌دا بێت وه‌کوو گوتمان له چوارچێوه‌ی عێراقدا له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا په‌یوه‌ندییه‌کی باشمان هه‌بووه و له ئێستاشدا ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌مان هه‌یه و له داهاتووشدا هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت.
"نازم دەباغ" له درێژه‌ی قسه‌کانیدا سه‌باره‌ت به کاریگه‌ریی گه‌مارۆکانی ئه‌مه‌ریکا بۆ سه‌ر وڵاتی ئێران گوتی: به بڕوای من له‌و زوڵم و زۆره‌ی که له هه‌ندێک بواردا به تایبه‌ت داوده‌رمان و هه‌ندێک مه‌سه‌له‌ی دیکه که له ئێران ده‌کرێت، و نه‌ده‌بوایه ئه‌م کاره بکرایه، کاریگه‌ری له‌سه‌ر بژێویی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵک کردووه، چونکه هه‌مووی به یه‌که‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه و گرانی و که‌مبوونی شتوومه‌ک وایکردووه که ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌لکی ئێرانی زیاتر له یه‌کتریی نزیک کردۆته‌وه و تا ئێستاش هه‌ست به‌و لاوازییه ناکرێت که هه‌ندێک که‌س له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بیری لێده‌که‌نه‌وه.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران له به‌شێکی دیکه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: خاڵێکی دیکه که ئێمه ئێستا هه‌ستی پێده‌که‌ین، ته‌قریبه‌ن له وڵاتانی ناوچه، له‌وانه؛ ئیماڕات، سعوودییه و ئێران جۆرێک گۆڕانکاریی هاتۆته پێشێی که بۆ نموونه پێشوازییکردن، ڕێزگرتن و هه‌روه‌ها هاوکاریکردن له حه‌جاجه‌کانی ئێرانی له حه‌جی ئه‌مساڵدایه که له چوونی حه‌جاج بۆ ئێران بێوێنه بووه، ئه‌وه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر سیاسه‌تیش هه‌بووه که له‌م دوایانه‌دا بینیمان که چه‌ندین وه‌فدیی ئیماڕاتی سه‌ردانی ئێرانیان کرد و ڕێکه‌وتنی باشیان له‌گه‌ڵ یه‌کتریی کردووه.
"نازم دەباغ" سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران گوتی: به دڵنیاییه‌وه ڕه‌زامه‌ندیی ئێمه و باروودۆخی ئێستاکه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران له ئاستێکدایه که ده‌بێت بڵێین دڵخۆشکه‌ره و هه‌موو لا‌یه‌ک هه‌ست به‌و باروودۆخه ده‌که‌ن و له هه‌وڵی ئه‌وه‌شدان که ئه‌رک و ده‌سه‌ڵات و تواناکان له چوارچێوه‌یه‌کدا به‌کاربێت که زه‌ره‌ریی نه‌بێت بۆ گه‌لی کورد و بۆ ناوچه‌که.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران له وڵامی پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به کاردانه‌وه‌ی گه‌مارۆکانی ئه‌مه‌ریکا بۆ سه‌ر ئێران و کاریگه‌ریی له سه‌ر دیپڵۆماسی نێوان هه‌ولێر و تاران گوتی: پێموانییه له‌و ئاسته‌دا بووبێت که هه‌ست به زه‌ره‌ر و زیان بکه‌ین، جگه له چوارچێوه گشتییه‌که‌ی که ئه‌و ئابڵۆقه ئابوورییه‌ی که له‌سه‌ر کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌یه به دڵنیاییه‌وه کاریگه‌ریی و کاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر بژێویی ژیانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی هه‌م هه‌رێمی کوردستان و هه‌میش ئێران داناوه. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه ده‌کرێت ئه‌وه بڵێین ئه‌و سیاسه‌ته‌ی که حکومه‌تی عێراق په‌یڕه‌ویی کردووه و هه‌روه‌ها له‌و چوارچێوه‌یه‌دا که حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پابه‌ندیی بووه له‌وه‌ی که نابێته لایه‌نگریی هیچ لا‌یه‌نێک به دژیی ئه‌ویدیکه و ڕێگاش نادات که زه‌ویی هه‌رێمی کوردستان و عێراق بۆ دژایه‌تی هیچ وڵاتێک به‌کاربێت. بۆیه ده‌توانین بڵێین که‌مێک له‌و مه‌ترسیانه‌ی ڕه‌واندۆته‌وه و جۆرێک له سه‌قامگیریی پێوه دیاره.
"نازم دەباغ" سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌کانی نوێنەرایه‌تی حکومەتی هەرێمی کوردستان له تاران لەگه‌ڵ ناوه‌نده دیپڵۆماسییه‌کانی ئێران و هه‌روه‌ها باڵێۆزخانه‌ی وڵاتانی بیانی گوتی: ئێمه وه‌کوو نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان نه ته‌نیا په‌یوه‌ندییمان له‌گه‌ڵ ناوه‌نده دیپڵۆماسییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئیڕان هه‌یه، به‌ڵکوو په‌یوه‌ندییه‌کی فراوانمان له‌گه‌ڵ دیپڵۆماته‌کانی باڵێۆزخانه‌کان هه‌یه. کاتێک قسه‌کانی ئێمه یا نووسینه‌کانی ئێمه له رۆژنامه‌کان و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی ئێران بڵاوده‌کرێته‌وه، زۆر جار بۆته سه‌رچاوه‌ی کۆمه‌ڵیک بابه‌ت که له دواییدا په‌یوه‌ندییان پێوه کردووین و هاتوون سه‌ردانیان کردووین و ڕوونکردنه‌وه‌یان ویستووه.
لە درێژه‌ی بەرنامەی "تاوتۆی" که‌ناڵی "ئێن.ئاڕ.تی"دا بەشێک لە هاوڵاتیان به ناردنی نامه پرسیاره‌کانی خۆیان ئاراسته‌ی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران کرد که "نازم دەباغ" به وردیی وڵامی ته‌واویی پرسیاره‌کانی دایه‌وه.
لینکی چاوپێکه‌وتن:
http://www.nrttv.com/media-Barname-detail.aspx?pid=1760&CatID=1
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە موسڵمانانی کوردستان دەکات
بە بۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، پیرۆزباییەکی گەرم لە موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم. بەتایبەتیش جەژنی خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان پیرۆز دەکەم.
لەم ساتە پیرۆزانەدا ئومێدەوارین هەموو گرژی و ئاڵۆزییەکان لەم ناوچەیەدا بە رێگەی گفتوگۆ و بە شێوەیەکی ئاشتیانە کۆتایی پێ بێن و ئاشتی و ئارامی سەقامگیر ببێت.
هیوادارین بە یەکریزی و تەبایی، هەموومان بە یەکەوە بتوانین ھاوکار بین لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری گەل و گەشەسەندنی وڵات.
مەسرور بارزانی
10 /8/ 2019
ئەمڕۆ 5/8/2019، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نەسروڵا رەشنوودی، کونسوڵی نوێی ئێران لە هەولێر کرد.
لەم دانیشتنەدا، سەرەتا کونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وێرای پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی هەرێم، ئاواتی سەرکەوتنی بۆ کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خواست.
هەروەها مەسرور بارزانی بە خێرهاتنی کونسوڵی نوێی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
لەم دیدارەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییە هەمە چەشنەکان، بە تایبەت لە بواری ئابووری خرایە بەر باس و گفتوگۆ.