بڕیاره سبهی شاندی ههرێمی كوردستان، به سهرۆكایهتی مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان سهردانی شاری بهغدا دهكات و لهگهڵ سێ سهرۆكایهتییهكهی عێراق كۆدهبێتهوه.
نێردراوی كوردستان24 بۆ بهغدا، رایگهیاند، شاندهكه به سهرۆكایهتی مهسرور بارزانی و به بهشداری قوباد تاڵهبانی جێگری سهرۆكی حكومهت و وهزیری ناوخۆی ههرێمی كوردستان رێبهر ئهحمهد و ژمارهیهك له وهزیرهكانی كابینهی نوێی حكومهتی ههرێم دهبێت.
گوتیشی: شاندهكه سهردانی ههریهك له بهرههم ئهحمهد ساڵح، سهرۆكی كۆماری عێراق و محهمهد حهلبووسی، سهرۆكی ئهنجوومهنی نوێنهران و عادل عهبدولمههدی سهرۆك وهزیرانی عێراق دهكات.
روونیشیكردهوه، ئهو شانده به مهبهستی پیشاندان و دهربڕینی نیازپاكی حكومهتی ههرێمی كوردستانبۆ چارهسهركردنی كێشه ههڵپهسێردراوهكانی نێوان ههولێر و بهغدا سهردانی بهغدا دهكات و سهردانێكی دۆستانه دهبێت.
ئاماژهی بهوهشدا رۆژی 10ی تهمموز سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان له راگهیاندنی هێڵه گشتییهكانی كارنامهی حكومهتهكهیدا رایگهیاندبوو، كه چارهسهركردنی كێشهكانی نێوان ههولێر و بهغدا له پێشینه و خاڵی گرنگی كارنامهكهی دهبێت.
https://www.kurdistan24.net/so/news/5a3020bb-cfde-40e9-9fb5-642a8226b55f
نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی له ئاهەنگی رۆژی نیشتیمانی وڵاتی فهڕهنسا کرد
نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی له ئاهەنگی رۆژی نیشتیمانی وڵاتی فهڕهنسا کرد
نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تاران، بەشداریی له ئاهەنگی رۆژی نیشتیمانی وڵاتی فهڕهنسا لە وڵاتی ئێران کرد.
دوای بانگهێشت نامەی "فیلیپ تیهبو" Philippe Thiébaud باڵیۆزی وڵاتی فهڕهنسا لە تاران، به بۆنهی رۆژی نیشتیمانی وڵاتی فهڕهنسا کە ئاراستهی "نازم عومهر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران کرابوو، دوێنێ یەکشەمە رێکەوتی ١٤/٧/٢٠١٩ بەهۆی نەخۆشییەوە لە جیاتی بەرێزیان هەر یەک لە "سەلام عارف روشدی" جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران و ههروهها "سۆران عهلی ئەمین" بەرێوهبەریی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لەم ڕێوڕهسمهدا ئامادەبوون.
له ئاهەنگی رۆژی نیشتیمانی وڵاتی فهڕهنسا که لە رێزیدانسی باڵیۆزخانەی فهڕهنسا له شاری تاران بهڕێوهچوو، ژمارەیەکی زۆر لە باڵیۆز و نوێنهری وڵاتانی جیهان لە تاران، مامۆستایانی زانکۆکانی تاران، هونهرمهندانی ناوداری ئێرانی، ڕۆشنبیران و ئهدیبانی بهناوبانگی ئهم وڵاته و ههروهها ژمارهیهکی زۆر له کهسایهتییهکانی بواره جۆراوجۆرهکان تیایدا بەشداربوون.
لە لایەن "فیلیپ تیهبو" باڵیۆزی وڵاتی فهڕهنسا لە تاران و هاوسهرهکهی و ههروهها ستافی باڵیۆزخانەی فهڕهنسا لە وڵاتی ئێران، پێشوازی گەرم له نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تاران کرا.
١٤ی ژوئییه رۆژی نیشتیمانی وڵاتی فهڕهنسا، ههموو ساڵێک به بۆنهی ڕێزلێنان له هێرش بۆ سهر باستیل و دهسپێکی ئهو بزووتنهوهیه بوو که بووه شۆڕشی گهورهی فهڕهنسا. قهڵای باستیل، زیندانێکی تۆقینهر له شاری پاریس بوو که له رۆژی ١٤ی ژوئییه ١٧٨٩ی زایینی شۆڕشگێڕهکانی پاریسی دهستیان بهسهردا گرت.
ئهم ڕۆژه بۆ فهڕهنسییهکان ڕۆژێکی گهورهیه و ههر بهم بۆنهیهوه ئاههنگێکی بهشکۆ له ناوخۆی ئهم وڵاته و ههروهها باڵیۆزخانەکانی فهڕهنسا له سهرتاسهری جیهان بهڕێوهدهچێت.
"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، هەوڵە نوێیەکەی مونافقین لە دژی ئێران مەحکووم دەکات.
گرووپی نێودەوڵەتی ئاژانسی ئانا: بەم زوانە هەندێک وێنە لە ناو کەمپی مونافقین بڵاوبۆتەوە کە ئەوە دەردەخات ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئەم گرووپە تیرۆریستییە سەرقاڵی چالاکی لە پێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندان بۆ کاریگەریی لەسەر باروودۆخی وڵاتی ئێران.
ئەم کەسانە کە زۆربەیان تەمەنیان لەسەرەوەیە بۆ ئەوەی کە لە شەڕیی نەرم لە دژی ئێران، لەسەر بیروبۆچوونی گشتیی کۆمەڵگا کاریگەریی دابنێین و ئەوان بەرەولای مونافقین و ڕۆژئاوا ڕابکێشن، ڕاهێنانی زۆریان بینیوە.
"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە وتووێژ لەگەڵ پەیامنێری بەشی ڕۆژئاوای ئاسیا و هێڵی خۆڕاگریی گرووپی نێودەوڵەتی ئاژانسی "ئانا" سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئەم بەڵگە ڕاچڵەکێنەرانەی هەوڵی گرووپی مونافقین لە دژی میللەتی ئێران، گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەم جۆرە هەوڵانەی مونافقین مەحکووم دەکات.
گوتیشی: ڕوون و ئاشکرایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئاسایش و هێمنی خۆی و ناوچەکە رەچاوی هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات و هەر جۆرە هەوڵێک بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دانانی پیلان ڕێژیی ئەم عەمەلیاتە سایبێرییە یا چالاکییە چەکدارییە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە دژی ئێران ئەنجامدەدات.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران سەبارەت بە زیادبوونی گەمارۆکانی ئەمەریکا لە دژی ئێران جەختی کردەوە: باشترین بڕیاری هەرێمی کوردستان لە بواریی گەمارۆکانی ئەمەریکا لە دژی ئێران بێ لایەنییە، بەڵام ئێمە بەردەوام ڕەچاوی هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین، چونکە ئێران لە ڕابردوو و لە ساتە جیاوازەکاندا پشتیوانی و لایەنگری کوردەکانی عێراق بووە.
لینکی چاوپێکەوتن: http://ana.ir/i/403857
نێچیرڤان بارزانی: داوام لە سەرۆک ماکرۆن کرد سەردانی هەولێر بکات و ئەویش قبوڵیکرد
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا، داوایلێکردووە سەردانی هەولێر بکات و ئەویش قبوڵیکردووە. هەروەها نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، دەمانەوێت پەیوەندی سیاسی و ئابووریمان لەگەڵ فەرەنسا زیاتر پەرە پێبدەین.
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی سەردانەکەی بۆ پاریس گوتی: "دوای ئەوەی کە من بوومە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیسانەوە بە فەرمی لەلایەن ئیلیزێوە بانگهێشتکراین و کۆبوونەوەیەکی باشمان هەبوو. سوپاسی رۆڵی سەرۆک ماکرۆن و فەرەنسامان کرد لەوەی یارمەتی ئێمەیان دا لە پەیوەندی نێوان ئێمە و بەغدا، ئەوە تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئێمە بوو. هەروەها چۆنیەتی پێشخستنی پەیوەندی هەرێمی کوردستان و پاریس هەم لەڕووی سیاسییەوە و هەم لەڕووی ئابوورییەوە باسکرا".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "سوپاسی فەرەنسامان کرد بۆ رۆڵی گرنگیان لە پرسی شەڕی داعش کە هاوکاری پێشمەرگە بوون، سوپاسی فەرەنسامان کرد بۆ ئەو هاوکارییە مرۆییانەی کردوویەتی بۆ ئاوارەکان و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان. بڕیاریشماندا هەوڵبدەین پەیوەندی سیاسی و ئابووری خۆمان پەرەپێبدەین".
نێچیرڤان بارزانی ئاشکرایکرد: "لە چوارچێوەی سەردانەکەی سەرۆک ماکرۆن بۆ عێراق، ئەمڕۆ بانگهێشتمانکرد سەردانی هەولێریش بکات، بە سوپاسەوە قبوڵیکرد و هیوادارین لە چوارچێوەی سەردانی بۆ عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها سەبارەت بە هەڵوێستی سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "ماکرۆن زۆر خۆشحاڵبوو ئەمڕۆ گوێبیستی ئەو هەواڵە بوو کە کابینەی نوێەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە. هیوای خواست کە بتوانێ ئەم کابینەیە سەرکەوتوو بێت لە کارەکەیدا".
لە راگەیێندراوی دوای کۆبوونەوەکەش هاتووە: "له كۆبوونهوهيهكدا ههردوولا دوايين پێشهاته ئهمنى و سياسييهكانى ناوچهكه، پهيوهندى و كێشهكانى ههولێر ـ بهغدا و ههوڵهكانى چارهسهركردنيان لهسهر بنهماى دهستوورى عێراق، دۆخى ئاواره و پهنابهران له ههرێمى كوردستان و چۆنيهتيى هاوكاريكردنى گهڕانهوهيان بۆ ناوچهكانيان، تاوتوێ كرد".
هەروەها لە دیدارەکەدا "ماكرۆن، سوپاس و پێزانينى فهرهنساى بۆ ههرێمى كوردستان دهربڕى له رووبهڕووبوونهوه و شكاندنى تيرۆر و پێشوازيكردنى ئاواره و پهنابهران و پاراستنى پێكهاته ئایينى و نهتهوهييهكان له ههرێمى كوردستان، ههروهها دووپاتى كردهوه كه فهرهنسا له چوارچێوهى يهكێتيى ئهوروپا و له نهتهوه يهكگرتووهكانيش له پشتگيريى ههرێمى كوردستان بهردهوام دهبێت".
سەرۆک وەزیرانی نوێی هەرێمی کوردستان، بەڵێن دەدات لە دوای سوێندخواردنەکەی، هەرێمى کوردستان بەهێزتر بکات و چاکسازیی لە هەموو سێکتەرەکان ئەنجام بدات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - پەرلەمانی کوردستان، لە گەڵ متمانەدان به مەسرور بارزانی وەک سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، متمانەی به وه زیرەکانی کابینەی نۆیەمیشدا.
لەگەڵ سوێندخواردنەکەیدا، مەسرور بارزانی، بەڵێنیدا کە کوردستان بەهێزتر بکات، پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا باشتر بکات و سەرچاوە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش هەمەچەشن بکات.
سەرۆک وەزیران گوتی: "لە دوای ئەیلوولی 2018 هەوڵەکانمان بە ئامانجی پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر بووە، ئەرکی من ئێستا ئەوەیە لەگەڵ هەموو پارتە سیاسی و لایەنە جیاوازەکانی نەتەوەکەمان بە یەکەوە کاربکەین، بۆ ئەوەی بتوانین حکوومەتێکی بەهێز پێکبهێنین کە خزمەتی خەڵک بکات نەک بە پێچەوانەوە، ئێمە ناتوانین سەرکەوتووانە حکوومەتێکی بەهێز پێکبهێنین، ئەگەر رێگا بدەین ناکۆکی بچووک لەیەکمان جیا بکاتەوە".
سەرۆک وەزیران داوای کرد هەماهەنگییەکی گەشەسەندووتر و بنیاتنەرانەتر لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵ دروست بکرێت.
راشیگەیاند، هەولێر و بەغدا ئاسایش و خۆشگوزەرانییەکیان دەوێت کە لەسەر رێزلە یەکتر گرتن و پێکەوە کارکردن بناغەی بەستبێت. ئەمەش بە مسۆگەرکردنی بەشی خۆمان دەبێت لە داهاتی حکوومەتی فیدراڵ لە رێگای چارەسەرکردنی هەموو ئەوناکۆکیانەی لە سەر داهاتدا هەیە، کە دابینکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
لەبارەی دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بە پشتبەستنی لە رادەبەدەر بە نەوت و گازدا، بەڵێنیدا کە پێداچوونەوە بە کەرتی گشتی بکات و گەشەی پێ بدات.
هەر لەو بارەیەوە مەسرور بارزانی گوتی: "دەبێت دڵنیایی بدەین کە حکوومەتەکەمان بەشێوەیەکی تەواو روون (شەفاف) و بەرپرسیارانە خزمەتی خەڵکەکەی دەکات. ئەمەش لە رێگای مسۆگەرکردنی داهاتە گشتییەکان بۆ دانەوەی قەرزەکان، پێشکەشکردنی چاکسازیی نوێ کە رێگا بە گەشەی بازرگانی بدات، راکێشانی وەبەرهێنەری بیانی و گەشەدان و پێشخستنی ژێرخانێکی نوێ دەبێت".
سەرۆک وەزیران داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد پشتگیریی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بکەن و پاڵپشتی چاکسازییەکانی بکەن، هەروەها یارمەتی پاراستنی پێگەی هەرێمی کوردستان بدەن وەک لانەیەک بۆ خەڵکانی ئاوارە و ستەملێکراو.
لەوبارەیەوە سەرۆک وەزیران رایگەیاند: "ئەمڕۆ، نزیکەی یەک ملیۆن و 250 هەزار ئاوارەی عێراقی لە هەرێمی کوردستان دەژین و 275 هەزاری دیکەش لە وڵاتانی دەوروبەر، روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. ئێمە هیواخوازین هاوڕێ و هاوپەیمانەکانمان بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان . ئێمەش وەک هەمیشە وەک ناوچەیەکی ئارام و مەڵبەندی لێبوردەیی و یەکتر قبووڵکردن دەمێنینەوە لەو ناوچە ناسەقامگیرییەی جیهان ".
دەقی وتاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان،
بەڕیزان ئەندامانی پەرلەمان،
خۆم بە خۆشحاڵ و بەختەوەر دەزانم کە ئەمڕۆ لەگەل هاوکارانم لەبەردەم ئەم پەرلەمانە بەڕیزە، کە دەستکەوتی خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمانە، متمانەمان پێ بەخشرا وسوێندی یاساییمان خوارد.
ئەمڕۆ لە سایەی خوێنی شەهیدان و تێکۆشانی پێشمەرگە قارەمانەکان و خۆراگریی گەلەکەمان، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدایک بوو، کە بەڵگەیەکی دیکەی ئیرادەی سیاسیی هێزە کوردستانییەکانمانە، لە پابەندبوون بە پرۆسەی دیموکراسیی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات.
لێرەدا بە پێوستی دەزانم ستایشی هاوڵاتیانی کوردستان بکەم, کە لە ٣٠/٩/٢٠١٨ لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا بەشداربوون و دەنگیان داو و سوپاسیان دەکەین کە لە پێناو پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و پاراستنی تەبایی و یەکڕیزیی هێزەسیاسییەکان، لەگەڵمان پشوودرێژ بوون .
لەمرۆژەدا بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینم ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی بکەم کە بە ڕابەرایەتی جەنابیان گیانی بەرگری و خۆراگری لە هەرێمدا بەرز و بەهێز ماوەتەوە و بەو هۆیەشەوە توانیومانە لە هەموو ئاستەکاندا بەرگەی سەختییەکان بگرین و ئیرادەی گەلەکەمان بەسەر خواستی ناحەزان سەرخەین.
هەر لێرەدا سوپاس و رێزم ئاراستەی کابینەی هەشتەم، بە تایبەت برای بەریزم کاک نێچیرڤان بارزانی دەکەم، کە لە رۆژە سەختەکانی ڕابردوودا لە خزمەتی هاوڵاتیان و نیشتمان بەردەوام بوون و دەسکەوتی بەرچاویان بۆ خزمەت و گوزەرانی هاوڵاتیان هەبووە.
بەڕێزان سەرۆکایەتی پەرلەمان وسەرجەم پەرلەمانتارانی کوردستان، سوپاسی ئێوەی نوێنەرانی گەل دەکەم، کە متمانەتان بە خۆم و جێگری سەرەکوەزیران و وەزیرە بەرێزەکانی هاوکارم بەخشی. بێگومان بە هەموو توانایەکمان هەوڵ دەدەین لە ئاست ئەم متمانەیە بین.
پلان و ئامانجەکانمان بۆ خزمەتی هاوڵاتیان لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی کار رێکخستووە، کە نەخشەرێگای سەرەکی و گشتیمان دەبێت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەک بڕگەی دووەمی وتارەکەم دەیخەمە ڕوو.
بەڕیزان، زۆربەی حیزب و لایەنەکانەکانی بەشداربووی ئەم کابینەیە لە ماوەکانی ڕابردوودا بە دروشم و وتاری جۆراوجۆر، باسیان لە پێویستیی خزمەتێکی باشتری هاوڵاتیان کردووە، هیوادارین ئەم بەڵین و دروشمانە لەم کابینەیەدا بکرێنە کردار و جێبەجێ بکرێن، چونکە ئەم کابینەیە ئەرکی خزمەتی هاولاتیان لە پێش هەموو کار و ئەرکەکانی دیکەی دادەنێت و خۆی بە خزمەتکاری هاونیشتمانیان دەزانێت. بۆیە لای ئێمە هاوڵاتی میحوەری سەرەکی دەبێت و ئامانجی گەورەمان خزمەتکردنیانە بەبێ جیاوازی.
چاوەڕوانیی زۆر لەم کابینەیە دەکرێت، هەوڵ دەدەین لە ئاست ئەم چاوەڕوانییە بین، لەهەمانکاتدا هیوادارم جەماوەری خۆشەویستمان واقعبین بن و کۆسپ و کێشە و گرفتە کەڵەکەبووەکان بەرچاو بگرن، چونکە تێپەڕاندنی ئەم کۆسپ و تەگەرانە بە شەو و ڕۆژێک ناکرێت و دەبێت هەموومان پشتیوان و هاوکاری یەکتر بین.
دەمانەوێت لە سەرەتاوە لەگەل هاوڵاتیانی خۆمان ڕاستگۆ و شەفاف بین و واقعی دۆخەکە لەبەرچاو بگرین، بەڵام لە هەمانکاتدا بەڵێنی ئەوە دەدەین کە ئەوەی لە توناماندا بێت درێغی ناکەین و لە پێناو چارەسەریی بنەڕەتیی گرەفتەکان وخزمەتی گەل و وڵات هەموو هەوڵ و توانایەکمان دەخەینە گەڕ.
بەرێزان بە پێی هەموو ڕاپرسییەکان، خواستی یەکەمی هاوڵاتیانمان ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە. خواستی یەکەمی منیش لەم کابینەیەدا ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازییە. گەندەڵی دیاردەیەکی ترسناکە، بەڵام نەبووەتە کەلتور و لە تواناماندایە بە پاڵپشتیی ئیرادەی هاوڵاتیان و هاوکاریی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، لە ماوەیەکی کەمدا ئەم دیاردەیە بەرێژەیەکی بەرچاو بەرتەسک و بچووک بکەین. ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا بۆ بەرەنگاریی گەندەڵی نراون بەرز دەنرخێنین و لەمەولاش بە هیچ جۆرێک بەرامبەر بە گەندەڵکاران و سەرپێچیکەران نەرمی نانوێنین و دەبێت خواستی هاوڵاتیان بەجێ بگەیەندرێت.
بەڕێزان، ئەندامانی پەرلەمان و جەماوەری خۆشەویستی کوردستان، هەموو ئەم وەزیرە بەڕیزانەی هاوکارم، کە لە لایەن حیزبەکانیانەوە پێشنیار کراون، ئێستا دوای ئەوەی متنانەیان پێ درا و سوێندی یاساییان خوارد، بوون بە وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە مەولا ئەجندا و بەرنامەی حکومەتی هەرێم جێبەجێ دەکەن و هیچ وەزارەتێک یان وەزیرێک ناتوانێت و ڕێگەی پێنادرێت لە دەرەوەی بەرنامەی حکومەت رەفتار بکات. وەزیرە بەڕێزەکان سەر بە هەر لایەنێک بن، پێویستە بزانن وەزارەتەکانیان هی هەموو خەلکی کوردستانە و نابێ بەرژەوەندییە تایبەتی و حیزبییەکان باڵ بەسەر هیچ وەزارەت یان دامودەزگایەکی حکومیدا بکێشێت. ئەم حکومەتە کارو چالاکی و خزمەتگوزارییەکانی لەهەر بستێکی کوردستاندا دەبێت و حکومەتی هەمووانە.
بەڕێزان، حکومەتێکمان وەرگرتووە کە چەندین ملیارد دۆلار قەرزدارە، ئەم قەرزانە کەڵەکەبووی ڕەوشی ناڵەباری داراییی دۆخێکی نەخوازراوە و دەبێت هاوڵاتیانی ئازیزمان و هەموو دڵسۆزان لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش بزانن، کە بەشی زۆری ئەم قەرزانە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، ئەویش بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەیەک، کە موچە و مافی هاوڵاتیانی هەرێم بووە. ئەم ڕەوشە داراییە لە دەسپێکدا کابینەکەمان ڕووبەڕووی دۆخێکی سەختی دارایی دەکاتەوە، بەڵام هەوڵ دەدەین بە پێی بەرنامەی کارمان ئەم دۆخە تێپەڕینین.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئاماژەیەک بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکەین. بەڕیز عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵ بە کردەوە نیازپاکیی خۆی بۆ چارەسەریی کێشەکان پێشانداوە، کە جێگەی پێزانینە، بۆیە دەبێت هەردوولامان سوود لەو کەشە ئیجابییە وەرگرین و بە پێی دەستور هەنگاو بۆ چارەسەریی گشت کێشە هەڵواسراوەکان بنێین. لێرەدا دڵنیایی دەدەین کە ئەرکی هەرە لەپێشینەمان کارکردن دەبێت بۆ ئەوەی زەمینەیەکی لەبارتر برەخسێنین، تاکو دانوستانەکان بەرهەمدارتر بکرێن و بەکردەوە ئەنجامەکان ببینین. بۆ دەرخستنی نیازپاکیشمان لە ماوەیەکی نزیکدا دوای جێگیربوونی کابینەی نوێ سەردانی بەغدا دەکەین و هاوکار و هاوهەڵوێستی ئەو هێزانە دەبین، کە خوازیاری سەقامگیری و پێشکەوتنی عێراق و هەرێمی کوردستانن. کوردستانێکی بەهێز هەوێنێک دەبێت بۆ عێراقێکی فیدرالیی بەهێز و پێشکەتوو .
لە کۆتاییدا داوای هاوکاری و پشتگیری لە هاوڵاتیانی کوردستان دەکەم، تاکو بتوانین پێکەوە ڕووبەڕووی گرفتەکان ببینەوە و بەرنامەی کاری حکومەت بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان جێبەجێ بکەین.
خوا پشتیوان بێت، بەردەوام دەبین لە هەوڵ و تێکۆشانمان بۆ وەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەکانی باب و باپیرانمان و پابەند و بەرپرسیار دەبین لە خەباتێکی سەردەمیانە، تا گەیشتن بەو قۆناغەی کە ئاواتی شەهیدانمان و هەموو تێکۆشەران و پێشمەرگە قارەمانەکان و هاوڵاتیانی خۆراگری کوردستان بووە.
ئەمەی لێرەدا دەیخەینەڕوو تەنها هێلە گشتییەکانی کارنامەی حکومەتە و تیایدا ئامانجی گەورەمان هەڵگرتووە و ئیرادەیەکی بەهێزیشمان هەیە بۆ جێبەجێکردنیان، بەڵام دەمانەوێت زۆرترین کار و کەمترین گوتارمان هەبێت.
نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران: کۆنگرەی ناودارانی کورد هەلێکی باشە بۆ ئاشتەوایی
ناس کورد- شەهرام عەزیز // نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران پێیوایە لەئێستادا کێشەی دەسەڵاتدارانی ئێران و کوردانى ئەو وڵاتە کەمبووەتەوە، بەڕێوەچوونی مەراسیمی هاوشێوەی کۆنگرەی ناودارانی کوردیش لە ئێران، بە هۆکارێک دەزانێت بۆ زیاتر بەرەو ئاشتەوایی ڕۆشتن، بەڵام بەرپرسى حیزبێکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ڕایەکى پێچەوانەى هەیە.
.
ئەمڕۆ سێشەممە 2ی حوزەیرانی 2019، لە شاری سنە کۆنگرەی ناودارانی کورد، بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتی ناوداری کورد بەڕێوەچوو.
.
نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران بە ناس کوردی ڕاگەیاند، ئەو کۆنگرەیە زیاتر کۆنگرەیەکی فەرهەنگییە وەک لەوەی سیاسی بێت، وتیشی: “لە ئێستادا هەموو بابەتێک پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیە و بەڕێوەچوونی ئەو جۆرە کۆنگرانەش، دەکرێت ببنەهۆی زیاتر چەسپاندنی ئاشتەوایی لەنێوان حیزبە کوردییەکان و دەسەڵاتدارانی ئێران”.
.
“ئامادەبوونی نوێنەری ڕابەڕی شۆڕشی ئێران و جێگری دووەمی حەسەن ڕۆحانی، هاوکات ‘مامۆستا مەزهەری خالقی’ خۆی لە خۆیدا گرنگی خۆی هەیە بۆ پەیوەندی هەردوو نەتەوەکە لە ئێراندا”، نازم دەباغ واى وت.
.
ئاماژەی بەوەشکرد: “دۆزی کورد لە ئێراندا تەنها بە ئاشتی چارەسەر دەبێت و لەئێستاشدا بە خەباتی چەکداری هیچ نەتەوەیەک ناگات بە مافەکانی، بەڵکو پێویستە کوردی ڕۆژهەڵات و دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵبدەن لە ڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن”.
.
ئەو بەپرسەى حکومەتى هەرێم لە تاران، بە پێویستیشی زانى، لە هەر سێ پارچەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکور چاو لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان بکرێت، دەشڵێت، ئێستا کوردی ڕۆژهەڵات پێویستیان بە خەباتى چەکداریی نییە و پێویستە بە گفتوگۆ هەوڵبدەن مافەکانیان بەدەستبهێنن.
کۆنگرەی ناودارانی کورد، بۆ یەکەمجارە لە شاری سنە بەڕێوەدەچێت و تیایدا 30 کەسایەتی و ناوداری کورد خەڵات دەکرێن، کە دیارترینیان هونەرمەند مەزهەری خالقییە، کە دوای نزیکەی 38 ساڵ دووبارە گەڕایەوە ئێران و لە کۆنگرەکەدا بەشدارە.
نازم دەباغ بە بۆنەی دەست بەکاربوونی باڵیۆزی تازەی عێراق ئێوارەخوانێکی ساز کرد
"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان له تاران، بە بۆنەی دەست بەکاربوونی "سهعد جهواد القهندیل" باڵیۆزی تازەی عێراق لە ئێران، ئێوارەخوانێکی ساز کرد.
"نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان له تاران، رۆژی پێنج شەمە ڕێکەوتی ٢٧/٦/٢٠١٩ بانگهێشتی "سهعد جهواد القهندیل" باڵیۆزی تازەی عێراق لە تاران و "ئهبوو عارف" نوێنەری ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە ئێران و ستافی باڵیۆزخانەی ئهم وڵاتهی کرد بۆ ئێوارەخوانێک بە بۆنەی دەست بەکاربوونی باڵیۆزی عێراق بە کارەکەی لە شاری تاران که "سەلام عارف روشدی" جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران و ههروهها ئەندامانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان "ئهمجهد باباحاجی" و "هیوا ڕهسووڵ" و "فەخرهالدین عهزیز ساڵح" و "لوقمان لەتیف محهمهد" و "سۆران عهلی ئەمین" و "عهباس عهبدواڵڵه بایز" و "عهلاء غوڵام" تیایدا ئامادهبوون.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان له تاران هیوای سەرکەوتنی خواست بۆ باڵیۆزی عێراق لە کارەکەیدا و ههروهها باڵیۆزی عێراقیش سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش بە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەیی باڵیۆزخانهی عێراق لە تارانی نیشاندا بۆ زیاتر هەماهەنگی و هاوکاریی کردنی هەر دوولا لە بوارە جیاجیاکاندا.
نازم دەباغ نوێنهريى حکوومەتی هەرێمی کوردستان لهگهڵ باڵيۆزى عێراق لە تاران کۆبۆوه
"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان له وڵاتی ئێران لهگهڵ "سهعد جهواد القهنديل" باڵيۆزى عێراق لە تاران دیداریی کرد.
شاندیى نوێنهرايهتى حکوومەتی هەرێمی کوردستان له تاران كه پيكهاتبوون له "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان له وڵاتی ئێران و "سەلام عارف روشدی" جێگرى نوێنەریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له تاران و ههروهها ئهندامانى نوێنهرايهتى "ئەمجهد بابا حاجی" و "لوقمان لهتيف محهمهد" و "هيوا ڕهسوڵ ڕهشيد" و "فهخرهالدين عهزيز ساڵح" و "عهلاء غوڵام" ئەمرۆ دووشمە ڕێكهوتی ٢٤/٦/٢٠١٩ سهردانى باڵيوزخانەی عێراق له تارانی پێتهختی ئێرانيان كرد و له لايهن "سهعد جهواد القهنديل" باڵيۆزى عێراق لە تاران پيشوازيان لێكرا.
"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان له تاران، پيرۆزبايی له "سهعد جهواد القهنديل" باڵيۆزى عێراق لە وڵاتی ئێران كرد به بۆنهى وهرگرتنی پۆستى تازهيانهوه و سوپاسی باڵیۆزخانەی عێراق لە تارانی کرد بۆ ئەو هەماهەنگییەی کە لهگهڵ نوێنهرايهتى حکوومەتی هەرێمی کوردستان له تاران هەیە و هیوای خواست لە ئایندەدا زیاتر بێت.
لە دانیشتنەکەدا باس لە باروودۆخی عێراق و ناوچەکە و ههروهها گیروگرفتی هاوڵاتیانی عێراقی لە ئێران و چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەکان کرا.
باڵیۆزی عێراق لە تاران، سوپاس و ستایشی نوێنهرايهتى حکوومەتی هەرێمی کوردستان له تارانی کرد بۆ سەردانەکەیان و هەروەها لە ڕووی هەمانگی و پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ باڵیۆزخانە عێراق لە وڵاتی ئێران و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له تارانی هەموو لایەنە کوردستانییەکان بەشدارن و هەماهەنگ و یەک دەنگن.
له کۆتایی ئهم کۆبوونهوهیهدا "سهعد جهواد القهنديل" ئامادەیی باڵيۆزخانهى عێراق لە تارانی نیشاندا بۆ زیاتر توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لایهن.
نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بهشداری له کۆبوونەوەی جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق کرد
نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له وڵاتی ئێران بهشداردی له کۆبوونەوەی دکتۆر "بەشیر حهداد" جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق له تاران کرد.
دکتۆر "بەشیر حهداد" جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق و شاندی یاوەریی رۆژی سێشەمە رێکەوتی ١٨/٦/٢٠١٩ کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ نوێنەری پارتە سیاسیەکانی عێراقی لە تاران و کەسایەتییە ناودارە عێراقییەکانی بواریی بازرگانی و پێشەسازیی و نوێنەریی خوێندکارانی عێراقی لە تاران ئەنجامدا.
نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له تاران که پێکهاتبوو له "سەلام عارف روشدی" جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران و "هیوا ڕەسول" و "فهخرهالدین عهزیز" و "سۆران عهلی ئەمین" ئەندامانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم کۆبوونەوەیەدا ئامادەبوو.
لە کۆبوونەوەکەدا دکتۆر "بەشیر حهداد" باسی سهردانی بۆ وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران کرد و ههندێک له ئامادەبووانیش باسیان لە کێشە و گرفتەکانی ڕەوەندی عێراقی لە ئێران کرد.
"سەلام عارف روشدی" جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لەلای خۆیەوە سوپاسی دکتۆر "بەشیر حهداد" و "سهعد القهندیل" باڵیۆزی عێراق لە تاران کرد بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە و هیوای خواست کە سەرکەوتوو بێت لە سهردانهکەی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران.