بههۆی سهرقاڵی و پابهندی به چهند كار و چالاكییهكی دیكهوه، بهڕێز نێچیرڤان بارزانی سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان بهشداری له كۆنفرانسی نهوت و گازی كوردستاندا له لهندهن نهكرد، كه ڕۆژی 17ی دیسهمبهری 2014 ساز كرا، بهڵام وتهی بهڕێزیان پێشكهش به ئامادهبووانی كۆنفراسهكه كرا. ئهمه دهقهكهیهتی:
بەشداربوانی بەڕێز،
ئەگەرچی بەداخەوە نەمتوانی ئەمڕۆ لەگەڵتان بم، بەڵام هیوای سەركەوتن بۆ كۆنفرانسی ساڵانەی نەوت و گازی كوردستانی عیراق بۆ ساڵی 2014 دەخوازم. سوپاسی گرووپی CWC دەكەم بۆ ڕێكخستنی ئەم كۆنفرانسە و هیوادارین لە ساڵی داهاتوودا هەمووتان جارێكی دیكە لە هەولێر ببینین.
هەروەك هەمووتان دەزانن، ئێمە لە كۆتاییی ساڵێكی سەخت و زەحمەتداین بۆ هەرێمی كوردستانی عیراق و بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە سەرەتادا، دەمەوێ سڵاوێكی گەرم ئاراستەی پێشمەرگە قارەمانەكانمان بكەم كە بەوپەڕی ئازایی و بە ورە و توانایەكی زۆر مەزنەوە، ئەمڕۆ بەرگری لە گەلی كوردستان و دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش دەكەن.
هەروەها سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو پێشمەرگانە دادەنوێنین كە لەپێناو بەرگریكردن له وڵات له چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستی و تیرۆر، شەهید بوون، ئەوان هەمیشە لە یادی ئێمەدان. هیوای چاكبوونەوەی بەپەلەش بۆ بریندارانی ئەم شەڕە دەخوازین و هیوادارین لە زووترین كاتدا عیراق بەسەر گرفتەكانی خۆیدا زاڵ بێت.
ئامادەبووانی بەڕێز،
وەك دەزانن و ئاگادارن، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و گەلی كوردستان لەم ساڵەدا، جگە لە ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕی دژی تیرۆریستانی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، دوو تەحەددای دیكەی گەورەش هاتە بەردەمی.
یەكەمیان: هاتنی زیاتر لە 1.5 ملیۆن پەنابەری سووری و ئاوارەی ناوخۆ بۆ هەرێمی كوردستان.
دووەمیان: پەیوەندیی ئاڵۆزی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی پێشووی بەغدا كە بەداخەوە بەشی هەرێمی كوردستانی لە بودجەی گشتیی عیراقی ساڵی 2014 دا بڕی.
هەر یەكێك لەم گرفتانە بە تەنها، ڕەنگە ببێته هۆكارێك بۆ تێكدانی سەقامگیریی هەر وڵاتێك بە قەبارەی كوردستان لە هەر بەشێكی جیهان، بەڵام هێشتا گەلی ئێمە سوورە لەسەر پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش لەم وڵاتەدا.
ئێمە ئێستا، لە ڕێگایەكی تازەداین لەگەڵ بەغدا و خۆشحاڵم بەوەی حكوومەتی تازەی عیراق بە سەرۆكایەتیی سەرۆك وەزیران د. حەیدەر عهبادی، خواستی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان نیشان داوە، هیوادارین لە ساڵی داهاتوودا پێشكەوتنی زیاتر لەمبارەیەوە ببینین. هیوامان ئەوەیە لە عیراقدا سیستەمێكی تازەی حوكم ببینین، كە تیایدا هەموو پێكهاتەكانی ئەم وڵاتە لە دەسەڵات و داهاتدا، بەشدار و هاوبەش بن.
دوایین ڕێككەوتنی نێوان ئێمە و بەغدا پەیامێكی ئهرێنی بۆ ئێمە هەبوو و ئەوەی نیشان دا كە بەڕێز عهبادی بە دۆزینەوەی چارەسەری كارا بۆ ئەو گرفتانەی تا ئێستا لەعیراقدا چارەسەر نەكراون، پابەندە. پێموایە بەڕێز عهبادی لەگەڵ من هاوڕایە كە گەلی كوردستان شایستەی ئایندەیەكی گەشترە، شایستەی ئازادی و سەقامگیریی ئابووری و شایستەی دیموكراسیەتی زیاتر و بەهێزترە.
دەتوانین بە پاڵپشتی و یارمەتیی پێشمەرگە و هاووڵاتیانی خۆمان و دۆست و هاوپەیمانانمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و پیاوانی كار لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان، ئەنجامی باش بە دەست بهێنین و دەتوانین وا بكەین مەزنترین خەون بكەینە ڕاستی. ئەوپەڕی ڕێز و سوپاسمان بۆ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت كە بە ئەنجامدانی وەبەرهێنان لەم بوارەدا لە هەرێمی كوردستان، متمانەیان پێكردین و بەم كارەشیان ڕێگەیان خۆش كرد بۆ هێنانەدیی لانی كەم بەشێكی خەونەكانمان بۆ ئایندەیەكی گەشتر بۆ گەلەكەمان.
لە كۆتاییدا، پێویستە دان بەوەدا بنێین كە هاوبەشیی پتەو و ستراتیژیمان لەگەڵ توركیا، ڕۆڵێكی گەورەی بۆ سەقامگیری و كەمكردنەوەی بەشێك له سهختییەكانمانی گێڕا، دووپاتیشی دەكەینەوە كه ئەو پەیوەندییە لەگەڵ توركیا و دراوسێی ڕۆژهەڵاتمان ئێران بەهێزتر دەكەینەوە.
جارێكی دیكە هیوای سەركەوتن بۆ كۆنفرانسەكەتان دەخوازم و هیوادارم ئەنجامی باشی لێ بێتە دی.
زۆر سوپاس.
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد