به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پەیامێكی سەبارەت بە ئاوارەبوونی بەكۆمەڵی خێزانە مەسیحییەكان لە شاری مووسڵ ڕاگەیاند. تیایدا داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكات ئەوپەڕی هاوكاریی ئەو خێزانانە بكەن، هەروەها داوای هاوكاری و بەتەنگەوەهاتنیش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بۆ ئەو ئاوارانە كە بەهۆی هۆشداری و هەڕەشهى گرووپە چەكدارە تیرۆریستەكانەوە، ناچار بوون شاری مووسڵ بەجێ بهێڵن. بە پێی هەڕەشەنامەكە دەبووایە تا كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شه‌ممه شاری مووسڵ بەجێ بهێڵن.
ئه‌مه ده‌قى په‌یامه‌كه‌یه:
پەیامێك بۆ خەڵكی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
دوای كۆنترۆڵكردنى مووسڵ لە لایەن گرووپە چەكدارە تیرۆریستەكانەوە، مەسیحییەكانی شاری مووسڵ كەوتنە بەر هەڕەشەیەكی زیاتر. بە داخەوە ئەم ڕۆژانەش لەژێر هەڕەشەی كوشتنی بە كۆمەڵدا، ناچار بوون بە كۆمەڵ شاری مووسڵ بەجێ بهێڵن و ڕوو بكەنە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك، بە بێ ئەوەی ڕێگەیان پێ بدرێت هیچ كەلوپەلێك لەگەڵ خۆیان بهێنن.
لە بەرامبەر ئەم كارەساتە مرۆیییەدا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوپەڕی توانای خۆی دەخاتە گەڕ بۆ یارمەتیدانی ئەو ئاوارانە. لە هەمان كاتدا داوا لە خەڵكی كوردستان بەگشتی و خەڵكی مرۆڤپەروەری هەردوو پارێزگای هاوسنوورى هەولێر و دهۆكیش دەكەین، بە هەموو شێوەیەك هاوكاریی ئەو خێزانە ئاوارە مەسیحییانە بكەن.
گەلی كورد هەمیشە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ خوشك و برا مەسیحییەكان و هەموو نەتەوەكانی دیكەدا هەبووە و شانازی بە پاراستنی مۆزاییكی نەتەوەیی لە كوردستاندا كردووە و چەند ساڵی ڕابردووش بەكردەوە ئەمەی دووپات كردووەتەوە. ئێستاش لەسەر گەلی كوردستان پێویستە زۆر بە گەرمییەوە هاوكاریی ئەو خێزانە مەسیحییانە بكات كە ناچار بوون بە كۆمەڵ؛ ماڵ و زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەماهەنگییەكی تەواودایە لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان UNHCR بۆ یارمەتیدانی ئەو سەدان هەزار ئاوارەی ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام ژمارەی ئاوارەكان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە و حكوومەتی عیراقیش سەرەڕای ئەوەی لە مانگی شوباتەوە بودجە و مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستانی بڕیوە، لە هەمان كاتدا هیچ لە بەرپرسیاریهتییهكانیشى بەرامبەر ئەو ئاوارانە بەجێ نەگەیاندووە كە ڕوویان كردووەتە هەرێمی كوردستان.
لەم دۆخە نالەبارە ئابوورییەی كە بەهۆی حكوومەتی عێراقەوە لە هەرێمی كوردستان دروست بووە، داوا لە دەوڵەتان و ڕێكخراوە خێرخوازكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی دەكەین، بگەنە فریای ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان و پشتیوانی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی بتوانێت هاوكاریی پێویست پێشكەش بەو خێزانە لێقەوماوانە بكات.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
19ى ته‌ممووزى 2014
ديدارى نێچيرڤان بارزانى وكۆميسارى باڵاى نوێى كاروبارى په‌نابه‌رانى سه‌ر به نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان UNHCR
دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 11ى حوزه‌یرانى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له كۆمیسارى باڵاى نوێى كاروبارى په‌نابه‌رانى سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان UNHCR له عیراق خاتوو شۆكۆ شیمۆزاوا كرد.
له دیدارێكدا سه‌رۆك وه‌زیران پیرۆزبایى ده‌ستبه‌كاربوونى لێ كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا تیشكیان خسته سه‌ر ڕه‌وشى په‌نابه‌رانى سووریا له هه‌رێمى كوردستان و ژیان و گوزه‌ران و پێداویستیییهكانیان له كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرد.
كۆمیسارى باڵاى كاروبارى په‌نابه‌رانى سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عیراق، ستایش و سوپاسى ڕێكخراوه‌كه‌یانى پێشكه‌ش به حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانى كرد كه داڵده‌ى په‌نابه‌رانیان داوه و په‌ناگه و خزمه‌تگوزارییه پێویستهكانیانى بۆ دابین كردوون، هه‌روه‌ها داكۆكى له‌وه كرده‌وه كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕۆڵێكى گه‌وره‌ى له داڵده‌دان و هاوكاریكردنى په‌نابه‌راندا گێڕاوه و ده‌گێڕێت، به‌ڵام په‌نابه‌ران پێویستییان به یارمه‌تیدان و ئاوڕدانهى زیاترى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌لگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه، چونكه پێشبینى ده‌كرێت به هۆى كێشه‌كانى سووریاوه؛ تا ماوه‌یه‌كى درێژ له په‌نابه‌ریدا بمێننه‌وه.
لاى خۆیه‌وه نێچیرڤان بارزانى تیشكى خسته ئه‌وه‌ى كه حكوومه‌تى عیراق وه‌ك پێویست هاوكاریى په‌نابه‌ران ناكات و به شێوه‌یه‌ك ڕه‌فتار ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌م په‌نابه‌رانه له عیراق نه‌بن، بۆیه داواى كرد نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، حكوومه‌تى عیراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هان بده‌ن، تا زیاتر به هاناى په‌نابه‌رانه‌وه بێن و كۆمه‌ك و یارمه‌تییان پێشكه‌ش بكه‌ن.
له به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا ڕه‌وشى ئاواره‌كانى ناوخۆى عیراق ئه‌وانه‌ى له ئه‌نجامى ڕووداوه‌كانى پارێزگاى ئه‌نبار و ده‌وروبه‌رى و ئه‌وانه‌یشى له ماوه‌ى دوو ڕۆژى ڕابردوودا له پارێزگاى مووسڵه‌وه په‌نایان هێناوه‌ته به‌ر هه‌رێمى كوردستان و چۆنیه‌تیى یارمه‌تیدانیان، خرایه به‌ر باس و كۆمیسارى باڵاى كاروبارى په‌نابه‌رانى سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عیراق، سوپاسى به‌هاناوه‌هاتن و مامه‌ڵه‌ى ده‌ستبه‌جێى حكوومه‌ت و لایه‌نه پهیوهندایهركانى هه‌رێمى كوردستانى له‌گه‌ڵ كه‌یسه‌كه‌دا كرد.
نێچيرڤان بارزاني
دوای ئەو بارودۆخەی بەسەر شاری مووسڵدا هات، بەهۆی بێتواناییی سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكانی لە پاراستنی شاری مووسڵ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پەیامێكی ڕاگەیاند، ئه‌مه دەقەكەیەتی:
بەداخەوە بەهۆی شكستی سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە پاراستنی خەڵك و شاری مووسڵ، هێزەكانی گرووپی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) دەستیان بەسەر شاری مووسڵدا گرتووە كە ئەمەش مەترسییەكی گەورەی دروست كردووە. خەڵكی مووسڵ بەهۆی ترسیان لە گیانیان و بۆردومان و نەمانی خۆراك و خزمەتگوزارییەكان، شارەكەیان بەجێ دەهێڵن.
ئێمە بە درێژاییى دوو ڕۆژی ڕابردوو هەوڵێكی زۆرمان دا بۆ دروستكردنی هەماهەنگی بۆ پاراستنی شاری مووسڵ، بەڵام بەداخەوە هەڵوێستی بەغدا بە شێوەیەك نەبوو بتوانین ئەو هەماهەنگییە دروست بكەین.
لەپێناو بەهانەوەچوون و یارمەتیدانی خەڵكی ئاوارەی شاری مووسڵ بە هەموو نەتەوەكانییەوە لە كورد، عەرەب، توركمان و كلدان و ئاشووری، داوا لە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكەم ئەوەندی پێیان دەكرێت لە چوارچێوەی ڕێوشوێنە یاسایی و ئەمنییەكاندا، یارمەتیی خەڵكی ئاوارەی مووسڵ بدەن، هەروەها داوا لە كۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یه‌كگرتووەكان UNHCR دەكەین كە بە هانای ئاوارەكانی مووسڵەوە بێن.
هەر لە هەمان كاتدا دڵنیایی دەدەینە خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان؛ هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە لە ئامادەییی تەواودان كە وەك هەمیشە بارودۆخی ئەو ناوچانە بپارێزن.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وه‌زیرانى هەرێمی كوردستان
10ى حوزه‌یرانى 2014
دوایین هەواڵەکان
- په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مه‌نسوور یاقووتی وه‌ک له‌ده‌ست چونی یاقووتێکی گرانبه‌هایه
- سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگریی هۆڵه‌ندا کۆبووه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاڵيا كۆبوونه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد