مەنسوور جیهانی ـبە نمایشی فیلمەکانی کۆبانێ و شنگال و بە بەشداریی بەرھەمی سینەماکارانی کورد سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر بەڕێوەدەچێت.

ھەموو ساڵێک سینەماکارانی کورد بە بەرھەمەکانی خۆیان لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر بەشداریی دەکەن و خەڵاتە گرینگ و سەرەکییەکانی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستدێنن، ئەمساڵ فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر بە سەرۆکایەتی سینەماکاریی ناوداریی ئێرانی "ڕەزا میرکەریمی" بە ناونیشانی "فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر" بە نمایشی چەند فیلم سەبارەت بە بەرخۆدانی کۆبانێ و شنگال و بە بەشداریی بەرھەمی سینەماکارانی کورد و سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە ڕۆژانی ٢٠ تا ٢٥ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چوار سووی شاری تاران بەڕێوەدەچێت.

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر بە ئامادەبوونی دەرھێنەری ناوداری سینەمای ئێران "ڕەزا میرکەریمی" سەرۆکی فیستیڤاڵ، ئەکتەری بەئەزموونی سینەمای ئێران "عەلیڕەزا شوجاع نووری" بەرپرسی بەشی "کۆڕی ڕەخنە و ھەڵسەنگاندنی فیلمەکان"، ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران "ڕەزا کیانیان" بەرپرسی کۆشکی فیستیڤاڵ، "ئەمیر ئیسفەندیاری" بەرپرسی بەشی "نێودەوڵەتی و بازاڕی فیلم" و ڕەخنەگر و نووسەری ناوداری سینەمای ئێران "کەیوان کەسیریان" بەرپرسی بەشی "ڕیکلام و بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندنیی گشتیی" و پێشکاریی کۆڕەکە لە ھۆڵی ژمارە یەکی کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چوار سووی تاران بەڕێوەچوو و تیایدا ئاماژە بە بەرێوەبردنی ئەم فیستیڤاڵە جیھانییەی سینەمای ئێران کرا.

 

لە سەرەتای ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا "ڕەزا میرکەریمی" و "ڕەزا کیانیان" پەردەیان لەسەر پووستەری سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لادا کە بە وێنەیەکی ئەکتەری پێشەنگی سینەمای ئێران "عیزەتوڵڵا ئینتیزامی" لە فیلمی سینەمایی "گاو" واتە "مانگا" لە دەرھێنانی سینەماکاری بەئەزموونی "داریووش مێھرجوویی" نەخشاوە و لە درێژەدا سەرۆکی ئەم فیستیڤاڵە بە ئاماژە بە گرینگی فیلمی "مانگا" لە مێژووی سینەمای ئێراندا گوتی: ئەوە نەریتێکە لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا کە پووستەری فیستیڤاڵەکان بە وێنەیەکی فیلمێک یاخود ئەکتەرێکی کاریگەر لە سینەما بڕازێندرێتەوە. ئێمە لەم خولەی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجردا بۆ ئامادەکردنی پووستەر کەڵکمان لە وێنەیەکی فیلمی "مانگا" وەرگرت و ئەم کارە بە جۆرێک ڕێزلێنانێکە لەم ئەکتەرە گەورەیەی سینەما کە بە ڕۆڵ بینین لەم فیلمەدا یەکەمین خەڵاتی ئەکتەرێکی ئێرانی لە ئاستی جیھاندا لە فیستیڤاڵی نیودەوڵەتی فیلمی "شیکاگۆ" لە وڵاتی ئەمەریکای بە دەستھێناوە.

گوتیشی: "مانگا" یەکەمین فیلمی ئێرانییە کە لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا ڕێزیی لێگیرا و زۆربەی ڕەخنەگرانی سینەما لەوبڕوایەدابوون کە ئەم فیلمە بە جۆرێک شان لە شانی فیلمەکانی "ساتیا جیت" و "کۆرۆساوا" دەدات.

لە درێژەدا ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران "ڕەزا کیانیان" گوتی: ئەمڕۆ زۆرمان پێی خۆشبوو کە "عیزەتوڵڵا ئینتیزامی" لەم ڕێوڕەسمەدا ئامادەبێت بەڵام ئەو بەڕێزە نەخۆشییەکی سەختی ھەیە و من لێرەوە لە تەواوی ئێوە داوادەکەم ئاواتی زووچاکبوونەوەی بۆ بکەن کە تەندروستی بەرەو باشتربوون بڕوات و دیسانەوە بتوانێت لە فیلمە سینەماییەکاندا بەشداریی بکات و ئێمە لە بوونی ئەو لە سینەما و تەلەڤیزیۆن چێژ وەربگرین.

سەرۆکی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا گوتی: لە لایەن فیلمسازانی وڵاتانی جۆراوجۆرەوە پێشوازیی لە فیستیڤاڵەکە کراوە و پێویستی نەدەکرد کە لەمبارەیەوە دانووستانی ئەوتۆ ئەنجامبدەین، ئەوەندە داواکاریمان ھەبوو کە دەبوو فیلمەکان دەستنیشان بکەین.

گوتیشی: لە ساڵانی ڕابردوو خەڵاتی "مستەفا عیقاد"مان ھەبوو کە بە بەرھەمە ئایینی و دینییەکان دەبەخشرا و ئێمە ئەمساڵ لە فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر خەڵاتی "محەمەد ئەمین" (ێ) بە بەرھەمە مەزھەبی و ئەخلافییەکان پێشکەش دەکەین. لەڕاستیدا ئەم خەڵاتە پێزانینێکە بۆ ڕەوشت و ئایینی محەمەدی.

"ڕەزا میرکەریمی" سەبارەت بە بەشەکانی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر گوتی: لە بەشی سینەمای "سەعادەت"دا ٣ فیلمی ئێرانی لە تەنیشت ١٢ فیلمی بیانیدا دەچنە سەر پەردەی سینەماکان و بۆ وەرگرتنی خەڵاتی تەندیسی زێڕین و سیمینی ئەم فیستیڤاڵە ڕکابەریی دەکەن کە بە باشترین دەرھێنان، باشترین ئەکتەریی ئافرەت، باشترین ئەکتەریی پیاو، باشترین دەستکەوتی ھونەری و ھەروەھا باشترین سیناریۆ دەبەخشرێت.

ئەوەیشی خستەڕوو: لە ھەر سانسێکدا کورتە فیلمێکی ئێرانی لەوانە: ئەنیمەیشێن و دیکۆمێنتاریی نمایش دەکرێت و لە بەشی "ئاسیا و وڵاتانی ئیسلامی"دا کۆمەڵێک فیلم نمایش دەکرێت کە بە شێوەی ڕکابەریی نییە بەڵام ھەندێک خەڵاتی لاوەکی لەم بەشەدا دەبەخشرێت.

لە درێژەدا "ئەمیر ئیسفەندیاری" بەرپرسی بەشی "نێودەوڵەتی و بازاڕی فیلم" سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر گوتی: بۆ ئەم فیستیڤاڵە کۆمەڵێک میوانی بیانی و ڕوخساریی ناودار و بەرچاویی سینەمامان بانگھێشت کردووە و لە نێوان میوانەکاندا ٤ بەرھەمھێنەریی ناودار ئامادە دەبن کە ڤۆرکشۆپی پسپۆڕانە لە بواریی بەرھەمھێناندا پێشکەش بکەن، ھەروەھا مامۆستایەکی سیناریۆنووسی و سینەماکارێکی خاوەن ئەزموون و ناوداریش بەشداریی لەم فیستیڤاڵەکەدا دەکەن.

گوتیشی: دوو مامۆستا لە ئوردۆکانی دۆزینەوەی بەھرەمەنداندا لە فیستیڤاڵ بەشداریی دەکەن کە ڤۆرکشۆپەکانیان بە ئامادەبوونی "مازیار میری و "روحوڵڵا حوسەینی" بەڕێوەدەچێت و بەگشتیی ١٧٠ تا ٢٠٠ میوان لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجردا ئامادەدەبن. ھەروەھا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنیی دنیاوە چەندین پەیامنێر و ڕەخنەگریی ناوداریی سینەمای بانگھێشت کراون.

ئەوەیشتی خستەڕوو: لە بەشی نێودەوڵەتیدا ٥ دادوەری بیانی و ٢ دادوەری ئێران، لە بەشی باشترین فیلم لە کیشوەری ئاسیا ٤ دادوەری بیانی و ١ دادوەری ئێران و ھەروەھا لە بەشی نێوان ئایینەکاندا ٢ دادوەری بیانی و ١ دادوەری ئێرانی فیلمەکان ھەڵدەسەنگێنن.

سەرۆکی بەشی بازاڕی فیلمی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر سەبارەت بەم بازاڕە فیلمە گوتی: نۆزدەیەمین خولی بازاڕی فیلمی فەجر لە تەنیشت ئەم فیستیڤاڵەدا بەڕێوەدەچێت. ئەم بازاڕە لە درێژایی ساڵانی بەڕێوەچوونیدا مەبەستی ئەوە بووە کە ببێتە بازاڕێکی گرینگی ناوچەیی و ساڵ بە ساڵ ژمارەی ئامادەبووان تیایدا زیاتر دەبێت و ئەو کەسانەی کە خوازیاریی ژووریی تایبەتن ڕوو لە زیادبوونە و لەچاو ساڵانی ڕابردوو بەربڵاوتر دەبێت. ئەمساڵ ٤٠ تا ٥٠ ژوورمان بۆ بڵاوکرەوەکانی فیلم تەرخانکردووە و تەرکیزمان خستۆتە سەر ئەو بابەتە کە کڕیارانی بیانی فیلم ئامادەبن و زیاتر لە ھەر شتێک یارمەتی فرۆشی فیلمەکانی سینەمای ئێران بدرێت.

لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا میرکەریمی گوتی: لە دانووستان لەگەڵ میوانەکانی فیستیڤاڵدا بەوپەڕیی بڕوابەخۆبوون، ئێرانمان بە وڵاتێکی ھێمن و سەقامگیر پێناساندوون، ئێمە دەمانەوێت ببینە پردێکی پەیوەندیی لە نێوان سینەمای ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای شەرق لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی جیھان، چونکە بەپێی ڕووداوەکان و ئەو باروودۆخەی کە لە ئێستادا ڕوویداوە، ھەندێک لە فیستیڤاڵەکان لە ھەندێک ناوچەی جیھان لە باروودۆخی ئەمنییەتیدا بەڕێوەدەچێت. ئێمە دەمانەوێت ببینە ھۆی ڕووداویی خۆش و خانەخێوێکیی باش بین و دەرفەتێک بڕەخسێنین تاکوو خەڵکانی بیانی بۆ بینینی بەرھەمە سینەماییەکانی ئێران سەردانی ئەم وڵاتە بکەن.

گوتیشی: فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر تەنیا بۆ ھۆگران بە ھونەریی سینەما نییە،سینەما بۆ ھەمووانە و شوێنێکی گونجاوە بۆ وەرگرتنی خێرای پەیام سەبارەت بە ھەموو شتێک و کاتێک کە دەمانەوێت کەڵکەڵە و باروودۆخی ژیان لە شوێنێکی دیکەی دنیا ببینین دەبێت فیلمەکانی فیستیڤاڵ ببینین. بەڵام فیستیڤاڵ لە ھەڵبژاردنی بەرھەمەکاندا تەنیا بە ناوەرۆک و چەمک گرینگیی نەداوە و یەکێک لە مەبەستەکانی ئێمە ئەوە بووە کە سنوورێک بۆ خۆمان دیاریی بکەین و ھەندێک لە فیلمەکان بۆ یەکەمین جار نمایش بکەین.

سەرۆکی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر ئاشکراشیکرد: لە فیستیڤاڵی ئەمساڵدا و بە پێی ئەو ھەماھەنگیانەی کە کردوومانە لانی کەم سێ فیلم لەسەر بابەتەکانی کۆبانێ و شنگال نمایش دەکەین.

لە درێژەدا "ئەمیر ئیسفەندیاری" بەرپرسی بەشی "نێودەوڵەتی" سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر سەبارەت بە ھەڵبژاردنی فیلمە بیانییەکان گوتی: فیلمەکان لەگەڵ تایبەتمەندیی و بایخەکانی وڵاتی ئێمە گونجاوە و ھەروەھا فیلم گەلی تازەن، ساڵی بەرھەمھێنانی فیلمەکانمان ساڵی ٢٠١٥ دیاریی کرد و ئەو فیلمانەی کە بە زمانی ژاپۆنی و ڕووسی بەرھەمھاتوون بێگومان بە ژێرنووسی ئینگلیزی نمایش دەکرێن ھەروەھا لە کاتی نمایشکردندا ژێرنووسی فارسیشیان لەگەڵدایە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا "کۆڕی ڕەخنە و ھەڵسەنگاندنی فیلمەکان"ی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر گوتی: فیستیڤاڵ تەنیا شوێنی نمایش و بینینی بەرھەمەکان نییە، بەڵکوو شوێنێکە بۆ ئاڵووگۆڕیی بیرووڕا و ئاشنابوون لەگەڵ ئەندێشە و بیرووبۆچوونی جیاواز.

ھەروەھا ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران "ڕەزا کیانیان" و بەرپرسی کۆشکی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر گوتی: لەو بڕوایەدام کە سینەمای ئێران ئاڵتێرناتیڤی سینەمای ئەمەریکایە، دەبێت فیستیڤاڵێکی بەھێزیی شەرقی نێودەوڵەتی پێکبێنین. تا ئێستا چەندین فیستیڤاڵی شەرقیمان ھەبووە بەڵام ھێزیی ئەوتۆیان نەبووە ھەر بەم پێیە ھیوادارم ئەم فیستیڤاڵە ببێت بە جەمسەریی فیستیڤاڵەکانی شەرق، دەبێت ھەمووان پێکەوە ھەوڵبدەین کە بە ئابڕووی سینەمای ئێران زیاد بکرێت.

 

سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر بە بەشداریی بەرھەمی سینەماکارانی کورد و سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: بەشی "سینەمای سەعادەت" واتە پێشبڕکێی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، بەشی "سینەمای سەعادەت" واتە پێشبڕکێی کورتە فیلمەکان، بەشی "جیلوەگاە شەرق" واتە سینەمای ئاسیا و وڵاتانی ئیسلامی، بەشی "جامی جیھان نەما" واتە فیستیڤاڵی فیستیڤاڵەکان، بەشی "نمایشی تایبەت" واتە چاوخشاندنێک بە فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی جیھان و ھەروەھا بەشی "چاوخشاندنێک بە سینەمای فەڕەنسا" لە ڕۆژانی ٢٠ تا ٢٥ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چوار سووی شاری تاران بەڕێوەدەچێت.

 

 

 

 

مەنسوور جیهانی ـ سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" بە فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" خەڵاتی ئۆسکاری ئاسیایی بەدەستهێنا و خەڵاتەکەی پێشکەش بە خۆڕاگری و خەباتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرانبەر بە گرووپی تیرۆریستی داعێش کرد.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" Memories On Ston لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" کە بەرهەمی ساڵی 2014ی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیایە، کە لە بەشەکانی باشترین فیلم و باشترین سیناریۆ لە نووسینی هاوبەشی "شەوکەت ئەمین کورکی" و "مەممەد ئەکتاش" لە هەشتەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ASIA PACIFIC ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" APSA بۆ وەرگرتنی خەڵات کاندیدکرابوو، توانی خەڵاتی تایبەتی یۆنسکۆ بۆ هاوبەشی بەرچاو و هەروەها پاراستنی جۆری کەلتوورەکان بەدەستبێنێت.

"شەوکەت ئەمین کورکی" دوای وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکاری ئاسیایی لە وتەیەکی کورتدا گوتی: ئەم خەڵاتە بە خۆڕاگری و خەباتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرانبەر بە گرووپی تیرۆریستی داعێش پێشکەش دەکەم کە جارێکی دیکە لە بەرانبەر کارەسات و تراژیدیایەکی دیکەدا دوای جینایاتەکانی سەدام بەسەر ئەم نەتەوەیەدا، توانیویانە هەروا بەردەوام لەسەر پێی خۆیان ڕاوەستاون.

گوتیشی: هەروەها ئەم خەڵاتە پێشکەش دەکەم بە هاوڕێی دێرینم خوالێخۆشبوو "تەها کەریمی" دەرهێنەر فیلمی دیکۆمێنتی "هەزار و یەک سێو" کە لە بەرهەمەکانیدا کۆمەڵکوژی کوردەکانی عێراق بە ناونیشانی ئەنفال بە دەستی ڕژێمی بەعسی لە ڕێگای وێنە و دیمەنی سینەماوە بە شارەزاییەوە نیشانی بینەردەدا.

هەر لە ڕێوڕەسمی کۆتایی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک"ـدا خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاری خەڵاتی ئۆسکاری ئاسیایی بە فیلمی دیکۆمێنتی بڵندیی "هەزار و یەک سێو" لە دەرهێنانی سینەماکاری کۆچکردووی کورد "تەها کەریمی" بەخشرا، کە "هاوڕێی کەریمی" برای ئەم سینەماکارە کوردە خەڵاتەکەی لە دەستی ئەندامانی لێژنەی دادوەران وەرگرت. 

ڕێوڕەسمی کۆتایی هەشتەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" شەوی پێنجشەمە 11 کانوونی یەکەمەم / دیسەمبەری 2014 لە شاری بریسبان لە ویلایەتی کۆئینزلەند لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بەڕێوەچوو و تیایدا هونەرمەندانی سەرکەوتووی 10 بەشی جۆراوجۆری خەڵاتی ئۆسکاری ئاسیایی لە نێوان 36 فیلم لە 21 وڵاتی ناوچەی ئاسیا پەسیفیک دەستنیشانکران.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی نێودەوڵەتیی هەشتەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" کە بریتی بوون لە: "ئەسغەر فەرهادی" Asghar Farhadi ـ هەڵگری خەڵاتی ئۆسکار و خەڵاتە گرینگە سینەماییەکانی جیهان لە وڵاتی ئێران، خاتوو "هیام عەبباس" Hiam Abbass ـ ئەکتەر لە وڵاتی فەلەستین، "لۆ ییۆ" Lu Yue ـ بەڕێوەبەری وێنەگرتن لە وڵاتی چین، "راجیت کاپوور" Rajit Kapur ـ ئەکتەر، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر لە وڵاتی هیندستان، "ئانتۆنی چێن" Anthony Chen ـ دەرهێنەر لە وڵاتی سەنگاپوور و "ماکیج ستۆ" Maciej Stuhr ـ بە نوێنەرایەتیی لە یەکێتی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" و ئاکادیمیای فیلمی ئەورووپا، سەرکەوتووانی بەشە جۆراوجۆرەکانیان دیاریکرد، لەوانە: باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان، باشترین وێنەگرتن، باشترین فیلمی منداڵان، باشترین فیلمی دیکۆمێنتی، باشترین فیلمی ئەنیمەیشێن، باشترین سیناریۆ، باشترین ئەکتەری پیاو، باشترین ئەکتەری ئافرەت و هەروەها خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران.

سیناریۆی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" کە لە لایەن "شەوکەت ئەمین" و "مەممەد ئەکتاش" نووسراوە، پێش لە قۆناغی وێنەگرتن، خەڵاتی باشترین سیناریۆی لە ئاکادیمیای خەڵاتی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" لە ساڵی 2011 بەدەستهێنابوو.

فیلمی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" بە ئامادەبوونی "شەوکەت ئەمین کورکی" لە ڕۆژانی 7 و 12ی کانوونی یەکەمەم / دیسەمبەری لە سینەمای "کۆشکی باڕاکس" لە میانەی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بریسبانی "ئاسیا پەسیفیک" BAPFF نمایشکرا. ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی 80 فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆر لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی 29 تەشرینی دووەم / نۆڤەمبەر تا 14 کانوونی یەکەمەم / دیسەمبەری 2014 لە شاری بریسبان Brisbane لە ویلایەتی کۆئینزلەند لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بەڕێوەچوو.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی