پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 31ی دیسه‌مبه‌ری 2014دوایین ڕۆژی ساڵدا به سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دوایین كۆبوونه‌وه‌ی ئاساییی خۆی ساز كرد.
له سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران باسی له ڕووداوه‌كانی ساڵی 2014 كرد و ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ئه‌مساڵ بۆ هه‌رێمی كوردستان ساڵێكی سه‌خت و پڕ له كێشه بوو، چونكه له سه‌ره‌تای ساڵه‌وه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكوومه‌ت و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕا و دوای ئه‌وه‌ش هه‌رێمی كوردستان به درێژاییی زیاتر له هه‌زار و سه‌د كیلۆمه‌تر، كه‌وته به‌ر هێرشه تیرۆرستییه‌كانی داعش، به‌ڵام وێڕای ئه‌مانه ساڵی 2014 چه‌ندین سه‌ركه‌وتنیشی بۆ كوردستان تێدا بوو.
ده‌رباره‌ی بڕینی مووچه و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له مێژووی وڵاتاندا یه‌كه‌مجاره به بڕیارێكی تاكه‌كه‌سیی سه‌رۆك وه‌زیران، بودجه و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌شێك له وڵات ببڕدرێت، به‌مه‌ش سته‌مێكی زۆری له فه‌رمانبه‌ران و خه‌ڵكی كوردستان كرد. هه‌روه‌ها ئه‌م بودجه و مووچهبڕینهی به زه‌نگێكی وشیاربوونه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان له قه‌ڵه‌م دا، بۆ ئه‌وه‌ی چاوخشاندنه‌وه‌یه‌ك به بارودۆخ و سیسته‌می دارایی و كارگێڕیی خۆیدا بكات. باسی له‌وه‌ش كرد كه ده‌رباره‌ی ئه‌م پرسه له دوایین دانوستانه‌كاندا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدرال، به ڕاشكاوی پێگوتوون: به‌و ڕه‌فتاره، وانه‌یه‌كتان پێداین كه هه‌رگیز جارێكی دیكه نه‌توانین وه‌ك پێشتر مامه‌ڵه‌تان له‌گه‌ڵ بكه‌ین.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها ڕۆڵی مه‌ردانه و جوامێرانه‌ی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانی كوردستانی له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا به‌رز نرخاند كه بوێرانه و به خوێن و گیانی خۆیان به‌رگری له كوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كانی ده‌كه‌ن و گوتی: "به گه‌وره‌یی و به ڕێز و حورمه‌ته‌وه له قوربانییه‌كانی پێشمه‌رگه و له ڕۆڵى خۆبه‌خشان و كه‌مئه‌ندامانیش ده‌ڕوانین و به ناوی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌ین و پرسه و سه‌ره‌خۆشی له خانه‌واده و كه‌سوكاری شه‌هیدان ده‌كه‌ین، هیوای زووچاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداران ده‌خوازین".
ڕوونیشی كرده‌وه كه وێڕای سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه، كه‌موكوڕی و كێشه‌ش هه‌یه و پێویسته چاره‌سه‌ر بكرێن. نه‌بوونی هێزێكی نادامه‌زراوه‌یی و دواكه‌وتنی پرۆسه‌ی به‌نیشتمانیكردنی پێشمه‌رگه و ڕێكخستنی له چوارچێوه‌ی هێزێكی دامه‌زراوه‌ییی نیشتمانیی سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا، به دیارترین ئه‌و كه‌موكوڕی و كێشانه له قه‌ڵه‌م دا، كه هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو وای كرد سه‌ره‌تا شێوازی شه‌ڕكردنی داعش بۆ پێشمه‌رگه نامۆ بێت، تا دوایی پێڕا گه‌یشت و توانی قاره‌مانانه به‌ره‌نگاری تیرۆرستان ببێته‌وه و تێكیان بشكێنێت و ڕۆژانه سه‌ركه‌وتنی گه‌وره تۆمار بكات. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ئاماده‌كاری پێویست بۆ شه‌ڕێكی وا چاوه‌ڕواننه‌كراو له هه‌رێمی كوردستان، نه‌بووه.
له‌مباره‌یه‌شه‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له 2004ه‌وه و دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس، خه‌می یه‌كه‌م و چوارچێوه‌ی بیركردنه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه بووه وڵات ئاوه‌دان بكرێته‌وه و له هه‌موو بواره‌كاندا پێشكه‌وتن به‌دی بێت و خۆشگوزه‌رانی بۆ كوردستانیان فه‌راهه‌م بكرێت، نه‌ك له‌گه‌ڵ ڕێكخراوێكی تیرۆرستیی وه‌ك داعش بكه‌وێته شه‌رێكی نه‌گریسه‌وه. هه‌روه‌ها به ناوی حكوومه‌ته‌وه سوپاسی ئه‌مه‌ریكا و هێزه هاوپه‌یمانه‌كانی كرد كه له شه‌ڕی دژی تیرۆردا یارمه‌تیى كوردستانیان داوه و ته‌قه‌مه‌نی و هاوكاریی سه‌ربازی و مرۆییان پێشكه‌ش به هه‌رێمی كوردستان كردووه.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران یه‌كێتی و یه‌كڕیزیی لایه‌نه كوردستانییه‌كان و به‌شداركردنیان له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا به سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره ناوزه‌د كرد، به‌تایبه‌تی له‌م بارودۆخه سه‌خته‌ی كه له ڕووی دارایی و جه‌نگی دژی تیرۆره‌وه، هاتووه‌ته ئاراوه. به ناوی خۆی و به‌ڕێز جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانیشه‌وه، سوپاسی وه‌زیره به‌ڕێزه‌كانی كرد كه هه‌وڵیان داوه كاری باش بكه‌ن و چاكسازی له وه‌زاره‌ته‌كان و فه‌رمانگه و داموده‌زگا حكوومییه‌كاندا بكه‌ن. ڕوونیشی كرده‌وه كه له‌مباره‌یه‌وه هه‌موو كاره‌كان به جارێك ناكرێن و كێشه‌ش ده‌بێ، به‌ڵام گرنگ به‌رده‌وامیی پرۆسه‌ی چاكسازییه و هیوای خواست هه‌وڵ و كۆششیان بۆ چاكسازی و ڕێكوپێككردنی وه‌زاره‌ته‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆتین له ساڵى 2015دا باشتر بكه‌ن.
هه‌روه‌ها سوپاسی خه‌ڵك و كارمه‌ندان و فه‌رمانبه‌رانی حكوومه‌تی كرد كه له‌م قه‌یرانه داراییه‌دا به‌رگه‌ی بێبودجهیى و بێمووچه‌یی و دواكه‌وتنی مووچه‌یان گرت و به بیری هێنایه‌وه كه پێشتریش له نه‌وه‌ده‌كان مامۆستایان هه‌مان هه‌ڵوێستیان نواندووه و وێڕای نه‌بوونی مووچه، نه‌یاهێشت پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و خوێندن ڕابوه‌ستێت. دووباره هه‌موو فه‌رمانبه‌رانیشی دڵنیا كرده‌وه كه مووچه‌ی هیچ كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌رێك نافه‌وتێت. سوپاس و ده‌ستخۆشیشى له خه‌ڵكی كوردستان كرد كه له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت بۆ پێشوازی و داڵده‌دانی ئاواره و په‌نابه‌ران، هاوكارییان كردووه.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی هیوای ساڵێكی تازه‌ی پڕ له كامه‌رانی و سه‌ركه‌وتنی بۆ كوردستانیان خواست و باسی له‌وه كرد كه ساڵی تازه سه‌ره‌تایه‌كی نوێ ده‌ست پێده‌كرێت و ڕێككه‌وتنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدرال ده‌كه‌وێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
پاشان له بڕگه‌ی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌ڕێز وه‌زیری دارایی و ئابووری له ڕاپۆرتێكدا هێڵه گشتییه‌كانی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بۆ ساڵی 2015 خسته ڕوو و ڕوونی كرده‌وه كه له مانگی یه‌كی ساڵی تازه‌دا وه‌زاره‌ت ڕاپۆرتێك ده‌رباره‌ی خه‌رجییه‌كانی ساڵی 2014 بڵاو ده‌كاته‌وه و تیایدا چۆنیه‌تیی خه‌رجییه‌كانی ساڵی 2014 ده‌خاته ڕوو. ڕاشیگه‌یاند كه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا بودجه‌ی حكوومه‌تی فیدرال په‌سه‌ند نه‌كراوه، بۆیه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش هێشتا ئاماده نه‌كراوه، به‌ڵام كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها تیشكی خسته سه‌ر كێشه و گرفته‌كانی زیاده‌ڕۆیی له خه‌رجییه‌كان و دووپاتی كرده‌وه كه وه‌زاره‌ت له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان و زیادكردنی داهاته‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه له‌به‌ر قه‌رز و ئه‌و كێشه و پێویستیانه‌ی له هه‌رێمی كوردستان هه‌ن، ساڵی 2015ش له ڕووی داراییه‌وه ساڵێكی ئاسان نابێت و ده‌بێ زۆر ڕێكاری جددی بگیرێته به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت هه‌رێمی كوردستان له قه‌یرانی دارایی ڕزگار ببێت.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش ده‌ستخۆشی له به‌ڕێز وه‌زیری دارایی و ئابووری كرد و دووپاتی كرده‌وه ده‌بێ ئه‌و پره‌نسیپه جێگیر ببێت و هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان ئه‌وه بزانن و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه مامه‌ڵه بكه‌ن كه عیراق و هه‌رێمی كوردستان له قه‌یرانێكی ئابووریدان و ده‌بێ خه‌رجییه‌كان كه‌م بكرێنه‌وه، هه‌ر وه‌ك چۆن ده‌بێ ئیتر واز له چاره‌سه‌ركردنی كاتی بۆ كێشه‌كان بهێنرێت و هه‌نگاوی جددی و كرده‌یی بۆ زیادكردنی داهات و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان بنرێت و میلاك له هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان ڕێكبخرێته‌وه. ژماره‌یه‌ك له وه‌زیره به‌ڕێزه‌كانیش چه‌ندین سه‌ره‌نج و تێبینیان له‌سه‌ر ڕاپۆرته‌كه خسته ڕوو.
له دوایین بڕگه‌ى كۆبوونه‌كه‌دا، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بنه‌ماكانى پرۆژه یاساى پێكهێنانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه و دامه‌زراندنى پارێزگار و جێگره‌كانى به‌ده‌ر له یاساى پارێزگاكان په‌سه‌ند كرد. به‌پێى ئه‌م پرۆژه یاسایه كه بۆ په‌سه‌ندكرنى، ڕه‌وانه‌ى په‌رله‌مان ده‌كرێت، پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه داده‌مه‌زرێت و ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 12ى ئابى 2014، سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕایگه‌یاند: پاش ئەوەی هەفتەی ڕابردوو شاندێكى باڵاى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیى بەڕێز جێگری سەرۆک وه‌زیران و به ئه‌ندامیه‌تیى به‌ڕێزان وەزیرانی ناوخۆ، دارایی، پلاندانان و تەندروستی؛ سەردانی پارێزگای دهوكیان کرد، ئەنجومەنی باڵای نەوت و غازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بڕی 15 ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت بۆ دابینکردنی پێداویستییە هەنووکەییەکانی ئاوەرەکانی شەنگال و ناوچە کوردستانییەکانی دیكه‌ى ئەو دەڤەرە ته‌رخان بكات کە لەبەر شه‌ڕ و مەترسیی هێرشەکانی تێرۆریستانی داعش ڕوویان لە پارێزگای دهۆک کردووە.
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: بۆ ئەوەی بە باشترین و خێراترین شێواز ئەم بڕە پارەیە ببێته مایەی خێر بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە لێیان قەوماوە، بەڕێز پارێزگاری دهۆک بەرپرسی چۆنیەتیی به‌كارهێنانى ئه‌و هاوكارییه بۆ ئاواره‌كان.
جه‌ژنی پیرۆزى ڕه‌مه‌زان به گه‌رمى و له دڵه‌وه له ته‌واوى موسڵمانانی هه‌رێمی كوردستان و جیهان به گشتى و له خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان كه له به‌ره‌كانى پاراستنى خاك و خه‌ڵكى كوردستاندان؛ به تایبه‌تى پیرۆز ده‌كه‌ین. هیوادارین ئه‌م جه‌ژنه ببێته مایه‌ی خۆشی و به‌خته‌وه‌رى بۆ هه‌موو لایه‌ك و هه‌رێمى كوردستانیش به ته‌بایى و یه‌كڕیزیى هه‌موو لایه‌نه كوردستانییه‌كان و له سایه‌ى خۆڕاگریى پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان، له هه‌ڵنانى هه‌نگاوى باشتر بۆ ئارامى و ئاسووده‌یى و خۆشگوزه‌رانیى كوردستانیان به‌رده‌وام بێت.
دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه كه له كاتێكدا هێشتا كێشه و ئاسته‌نگى زۆر له‌به‌رده‌م ئارامى و پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا هه‌ن، ئه‌مڕۆ له هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستیمان به یه‌كڕیزى و ته‌بایی و پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى هه‌یه؛ بۆ ئه‌وه‌ى ڕێگه له مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر بگرین و كوردستانێكى ئاوه‌دان و كۆمه‌ڵگایه‌كى به‌خته‌وه‌رى پێشكه‌وتوو بنیات بنێین.
سوپاسى جه‌ماوه‌ر و هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانیش ده‌كه‌ین كه ڕێزى مانگی ڕه‌مه‌زانى پیرۆزیان پاراست و پڕ به‌دڵ پیرۆزبایى و ده‌ستخۆشى له پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان و كارمه‌ندانى ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسى هاتوچۆ و ته‌ندروستى و هه‌موو ئه‌وانه ده‌كه‌ین كه ڕۆژانى جه‌ژن دوور له خانه‌واده و كه‌سوكاریان، بۆ خزمه‌ت و پاراستنى ئارامیى هه‌رێمى كوردستان؛ خۆیان ته‌رخان ده‌كه‌ن و له ئه‌ركدا ده‌بن.
دووباره جه‌ژن له هه‌موو لایه‌ك پیرۆز بێت و پشوویه‌كى خۆش و ئارام بۆ هه‌مووان ده‌خوازین.
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان.
27ى ته‌ممووزى 2014
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 6ى ته‌ممووزى 2014، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان دووه‌مین كۆبوونه‌وه‌ى خۆى ساز دا.
له سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پوخته‌ى ڕ‌اپۆرتێكى فراوانى به‌شى زانیارى و لێكۆڵینه‌وه‌ى گۆڤارى ناودارى ئیكۆنۆمیست كه پێگه‌یه‌كى دیارى باوه‌ڕپێكراو و كاریگه‌رى له جیهاندا هه‌یه، به ناوى "دیاریكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنى پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان"، خرایه ڕوو، كه تیایدا تیشك خراوه‌ته سه‌ر پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له ڕووى ژینگه‌ى سیاسى، سه‌قامگیریى سیاسى و ئاسایش، به‌رزیى ئاستى ژیان، په‌ره‌پێدانى مرۆیى، ئابوورى، بازرگانى، وه‌به‌رهێنان و چه‌ندین بوارى دیكه‌ى ژیانه‌وه.
به پێى پێوه‌ره‌كانى ئه‌و ڕاپۆرته له زۆربه‌ى بواره‌كاندا هه‌رێمى كوردستان له پێشه‌وه‌ى زۆرێك له وڵاتانى ناوچه‌كه‌دایه و له هه‌ندێ بوارى دیكه‌شدا له ئاستى وڵاته پێشكهوتووهكاندایه. ڕاپۆرته‌كه ڕوونى كردووه‌ته‌وه كه سیاسه‌تى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆته هۆى ڕاكێشانى سه‌رمایه و كۆمپانیا بیانییه‌كان بۆ هه‌رێمى كوردستان و هانى داون بۆ ئه‌وه‌ى ڕوو بكه‌نه هه‌رێم و به‌شدارى له پرۆسه‌ى وه‌به‌رهێنان و په‌ره‌پێدانى هه‌رێمى كوردستان له بواره جیاكاندا بكه‌ن.
ئینجا به پێى به‌رنامه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه، به‌ڕێز وه‌زیرى دارایى و ئابوورى ڕ‌اپۆرتێكى ده‌رباره‌ى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان و كێشه‌ى دارایى و هۆكاره‌كانى سه‌رهه‌ڵدانى و پلان و سیاسه‌تى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م بارودۆخه پێشكه‌ش كرد، كه خۆى له كۆمه‌ڵێك ڕیكارى جیا و ڕێكخستنه‌وه و كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌كان و زیادكردنى داهاته‌كان به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه ده‌دۆزێته‌وه. لاى خۆیه‌وه سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه كه وێڕاى هه‌موو ڕێكاره‌كان، له پله‌ى یه‌كه‌مدا وه‌زاره‌تى دارایى پێویستى به چاكسازى و ڕێكخستنهوهیهكى ته‌واو هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت به باشترین شێوه كاره‌كانى به‌ڕێوه ببات.
به توندى ئه‌و هێرشه تیرۆرستییه خوكوژییه ڕسوا و شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین كه ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ كرایه سه‌ر هاووڵاتیانى كوردستان كاتێك له به‌رده‌م باره‌گاى مه‌ڵبه‌ندى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان له شارى خانه‌قین، به بۆنه‌ى ده‌ركه‌وتنى ڤیدیۆى جه‌نابى مام جه‌لال سه‌رۆك كۆمارى عیراقى فیدراله‌وه، ئاهه‌نگیان ده‌گێڕا و خۆشحاڵیى خۆیان ده‌رده‌بڕى، كه به‌داخه‌وه بووه هۆى شه‌هید و برینداربوونى چه‌ندین هاووڵاتى.
تیرۆریستان ده‌یانه‌وێ به‌م هێرشه دڕندانه وره‌ى خه‌ڵكى كوردستان بڕووخێنن و له گهرمیى ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن و كه‌شوهه‌واى ئازادى و دیموكراسى ساردیان بكه‌نه‌وه، به‌ڵام گه‌لى كوردستان هه‌رگیز به‌م كاره ترسنۆكانه ناله‌رزێ و وره‌ى ناڕووخێ، به‌ڵكو وه‌ك هه‌میشه سوورتر ده‌بێ له‌سه‌ر هه‌نگاونان به‌ره‌و ئازادى و هه‌رگیز بۆ دواوه ناگه‌ڕێته‌وه.
له‌م بۆنه خه‌مناكه‌دا ئه‌وپه‌ڕى هاوخه‌مى و پرسه و سه‌ره‌خۆشى ئاراسته‌ى خانه‌واده‌ى شه‌هیدان و یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان ده‌كه‌ین و هیواى چاكبوونه‌وه بۆ برینداران ده‌خوازین. حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش ئاماده‌یه هه‌ر چییه‌ك پێویست بێت پێشكه‌ش به قوربانیان بكات.
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
28ى نیسانى 2014
پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 13ى ئادارى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێشوازى له نوێنه‌رانى شارى هه‌ڵه‌بجه كرد كه له قایمقام و نوێنه‌رانى ده‌زگا كارگێڕییه‌كان و قوربانیانى هه‌ڵه‌بجه و زانایانى ئایینى ئیسلام و ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و لایه‌نه سیاسییه‌كان پێكهاتبوو.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا سه‌رۆك وه‌زیران تیشكى خسته سه‌ر بڕیارى پێشووترى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه و ڕوونى كرده‌وه كه هه‌ڵه‌بجه بووه‌ته سیمبۆلى مهزلوومیهتى گه‌لى كوردستان، بۆیه به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه نه لوتف و نه منه‌ته و به‌لاى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه گرنگه ئه‌م بڕیاره جێبه‌جێ بكرێت. هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ویستوویه‌تى ئه‌م پرسه به هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدرالى عیراق به ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه وه‌ك هه‌موو پارێزگاكانى دیكه‌ى عیراق له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه له ئیمتیازاته‌كان سوودمه‌ند بێت.
لاى خۆیانه‌وه نوێنه‌رانى هه‌ڵه‌بجه ستایشى پێشوازى و هه‌ڵوێستى نێچیرڤان بارزانى و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیان كرد و ڕوونیان كرده‌وه كه خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه ئه‌مڕۆ چاوه‌ڕێى مژده‌یه‌ك له‌م كۆبوونه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیراندا ده‌كه‌ن و زۆر حه‌ز ده‌كه‌ن له یادى بیست و شه‌ش ساڵه‌ى كیمیابارنكردنى هه‌ڵه‌بجه‌دا مزگێنیى بهپارێزگابوونیان بدرێتێ و له جیاتى شین، له‌م یاده‌دا شایى بگێڕن.
لاى خۆیه‌وه نێچیرڤان بارزانى ڕایگه‌یاند كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕیارى به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ى په‌سه‌ند كردووه و له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا به ئاماده‌بوونی به‌شدارانى كۆبوونه‌وه‌كه و له‌به‌رده‌م ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن بڕیارى به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ى ئیمزا كرد.
سبه‌ی بڕیاری سه‌رۆكایه‌تی بۆ ده‌رده‌چێت
له سه‌ره‌تاى كۆنگره ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى وێڕای پیرۆزبایی بۆ خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید، خۆشحاڵیی خۆی به‌وه نیشان دا كه لایه‌نه سیاسییه كوردستانییه‌كان هه‌موویان به یه‌ك ده‌نگ پاڵپشتیی ئه‌م بڕیاره‌یان كرد و گوتی: ئه‌مڕۆ ئێمه له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێم پێشوازیمان له شاندێك كرد كه له شاری خۆشه‌ویستی هه‌ڵه‌بجه‌وه هاتووه و له ئیداره‌ی ئه‌و شاره و نوێنه‌رانی لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و مامۆستایانی ئایینی ته‌شریفیان هێنابوو، هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن به سه‌رچاو.
ئه‌مڕۆ ئه‌و بابه‌ته‌ی باسمان كرد پرسی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه بوو، بۆ ئه‌و به‌ڕێزانه‌م ڕوون كرده‌وه ئێمه له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری په‌رله‌مانی كوردستان‌مان هه‌یه بۆ به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه.
ئێمه وامان به باش زانی پرسی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی به‌غدا بنێرین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بده‌ن و ببێته پڕۆژه‌یه‌كی یاسایی، چونكه مه‌سه‌له‌كه ده‌ستكاریكردنی نه‌خشه‌ی عیراقه به شێوه‌یه‌كی گشتی و ده‌مانویست پارێزگای هه‌ڵه‌بجه به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی بخرێته نێو نه‌خشه‌ی عیراقه‌وه، ئامانجیشمان له‌و مه‌سه‌له‌یه پرسی ڕێوشوێنه‌كانی ناسنامه‌ی باری شارستانی و پسووله‌ی خۆراك و ڕه‌گه‌زنامه و دادگای فیدراڵییه كه نوێنه‌ریان له وێ ده‌بێت له‌گه‌ڵ ڕێوشوێنه‌كانی دیكه، پێمان خۆش‌بوو به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌م كاره بكه‌ین.
خۆشبه‌ختانه له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی به‌غدا به كۆی ده‌نگ بڕیاری له‌سه‌ر درا و ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كرا، له وێ مه‌سه‌له‌كه زیاتر كێشه‌ی تێكه‌وت و بۆچوونێكی یاسایی له نێو خودی په‌رله‌مانی عیراقدا دروست بوو كه له‌وانه‌یه پێویست به‌وه نه‌كات ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بڕیاری له‌سه‌ر بدات، چونكه مه‌سه‌له‌كه له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های حكوومه‌تی فیدراڵ‌دا نیه و هه‌رێمی كوردستان خۆی ده‌توانێت ئه‌م بڕیاره بدات.
ئێمه داوامان كردووه ئه‌م بۆچوونه وه‌كوو بۆچوونێكی یاسایی به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی بكرێته وه‌ڵامێك و بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان بنێردرێت، به‌ڵام تاكوو ئێستا ئه‌م وه‌ڵامه به ئێمه نه‌گه‌یشتووه، به‌ڵام دوای ئه‌وه له‌سه‌ر فه‌رمانێك كه جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ڕه‌وانه كردووه و داوا ده‌كات په‌له له مه‌سه‌له‌ی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه بكرێت، ئه‌مڕۆ ئێمه له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌ڕێزانه هه‌مانبووه، ده‌مه‌وێ به شاری خۆشه‌ویستی هه‌ڵه‌بجه‌ی ڕابگه‌یه‌نم بڕیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به بوونی هه‌ڵه‌بجه به پارێزگای چواره‌می سنووری هه‌رێمی كوردستان ده‌رچوو.
دوای ئه‌م ڕێوشوێنه‌ش پێویست ده‌كات فه‌رمانی هه‌رێمی پێ ده‌ربچێت و ئێمه‌ش ئه‌مڕۆ ئه‌م بڕیاره ڕه‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانی ده‌كه‌ین و بێگومان سبه‌ی به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی جه‌نابی سه‌رۆك فه‌رمانی هه‌رێمی بۆ به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه ده‌رده‌كات.
لێره‌دا ده‌مه‌وێ به ناوی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، به ناوی خۆم و هه‌ڤاڵانم له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه گه‌رمترین پیرۆزبایی له گه‌لی كوردستان و به تایبه‌تی له شاری خۆشه‌ویستی هه‌ڵه‌بجه بكه‌م، هه‌ڵه‌بجه بۆ ئێمه له ڕۆژانێكدا بووه سیمبولی مه‌زڵوومیه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌و كاته‌ی كه هه‌زاره‌ها خه‌ڵك له وێ به بێده‌نگی كیمیاباران كران و كه‌س قسه‌ی له‌باره‌یانه‌وه نه‌كرد و بووه سیمبولی مه‌زڵوومیه‌تی گه‌لی كوردستان.
هیوادارم به‌و كاره‌ی ئه‌مڕۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردی كه داواكاریی خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی ئه‌م شاره بوو، توانیبێتمان له ساڵیادی هه‌ڵه‌بجه‌دا خۆشییه‌ك ڕابگه‌یه‌نین بۆ شاری خۆشه‌ویستی هه‌ڵه‌بجه.
ده‌قی فه‌رمانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران
هه‌ر له‌م كۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌دا نێچیرڤان بارزانی بڕیاری فه‌رمیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی له باره‌ی ڕاگه‌یاندنی هه‌ڵه‌بجه‌ی وه‌كوو چواره‌مین پارێزگای هه‌رێمی كوردستان خوێنده‌وه كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
" پاڵپشت به ماده‌ی ئه‌حكامی هه‌ردوو ماده‌ی 115 و 141 له ده‌ستووری هه‌میشه‌ییی عیراقی فیدراڵی ساڵی 2005 و له‌به‌ر ڕۆشناییی بڕیاری ته‌شریعیی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره 11 له 1999/9/22 و ئاماژه به بڕیاری كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ژماره 39 له به‌رواری 2013/6/4 و ئاماژه به بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له ژماره 568 له 2013/12/31 بڕیار درا به:
1 – ده‌ستنیشانكردنی سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی (ئیستیحداسكراو) به‌پێی بڕگه‌ی چواره‌می ماده‌ی 1 ی بڕیاری ته‌شریعیی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره11 له 1999/9/22 وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م به هه‌مان سنووری ئیداریی ئێستای قه‌زای هه‌ڵه‌بجه به‌پێی نه‌خشه‌ی هاوپێچی ئه‌م بڕیاره و دانانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه به پارێزگای چواره‌م له سنووری هه‌رێمی كوردستانی عیراق و شاری هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌بێته ناوه‌ندی پارێزگاكه.
2 – ناردنی ئه‌م بڕیاره بۆ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان به مه‌به‌ستی ده‌ركردنی فه‌رمانی هه‌رێمی.
3 – ئه‌م بڕیاره له ڕۆژی 13ی ئاداری 2014 ده‌رچوو و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان جێبه‌جێی ده‌كه‌ن
نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
بودجه بۆ هه‌ڵه‌بجه داده‌ندرێت
پاشان ڕۆژنامه‌نووسان چه‌ندین پرسیاریان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت كرد، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه له كاتی چه‌سپاندنی هه‌ڵه‌بجه وه‌كوو پارێزگا، وه‌كوو هه‌موو پارێزگاكان بودجه‌ی بۆ داده‌ندرێت، ئاشكراشی كرد به هۆی نه‌بوونی ده‌رفه‌ت و له‌به‌ر هۆكاری ته‌كنیكی، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له هه‌ڵه‌بجه وه‌كوو جاران ده‌بێت و له‌سه‌ر سیسته‌می كۆن ده‌ڕوات، چونكه ئێمه لیژنه‌ی بۆ داده‌نێین له سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ده‌ست ده‌كرێت به وه‌رگرتنی ڕێوشوێنی ئیداریی پێویست بۆ هه‌ڵه‌بجه و ئێمه له بڕیاری خۆمان بۆ به‌پارێزگاكردنی هه‌ڵه‌بجه پاشگه‌ز نه‌بووینه‌ته‌وه، به‌ڵام كۆمیسیۆن ناتوانێ له‌م ماوه كه‌مه‌دا ڕێوشوێنی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدات و هیوادارین له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا هه‌ڵه‌بجه وه‌كوو پارێزگا به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكات. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی ڕه‌ت كرده‌وه هه‌وڵه‌كان بۆ به‌پارێزگاكردنی ئه‌و قه‌زایانه‌ی ماده‌ی 140ی ده‌ستووری عیراق ده‌یانگرێته‌وه كێشه له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه دروست بكات.
هه‌ڵه‌بجه تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه
هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه هه‌ڵه‌بجه تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه، بۆیه بڕیار درا داواكاریی خه‌ڵكی ئه‌م شاره بۆ بوون به پارێزگا وه‌كوو هه‌نگاوی یه‌كه‌م جێبه‌جێ بكرێت و ئه‌گه‌ر شوێنی دیكه ئه‌م داوایه‌یان هه‌یه، ئه‌وه دیراسه ده‌كرێت. ئه‌وه‌شی ڕوون كرده‌وه كه تاكوو ئێستا شتی وا ڕووی نه‌داوه و ئه‌گه‌ر شتی وا بوو، هه‌رێم هه‌ڵوێستی دیكه‌ی ده‌بێت.
پێكهێنانی حكوومه‌ت.
نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست چۆن لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان له پرسى بوونی هه‌ڵه‌بجه به پارێزگا یه‌ك ده‌نگ بوون، ئاواش له مه‌سه‌له‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ت یه‌كده‌نگ و كۆده‌نگ بن و گوتی: به میوانانی به‌ڕێزم گوت هیوادارم هه‌ر چۆن له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه یه‌كده‌نگ و كۆده‌نگ بوون و ته‌شریفتان هێناوه بۆ ئێره، ئێمه‌ش له پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌ت هه‌وڵ بده‌ین له ماوه‌یه‌كی نزیكدا بگه‌ینه ئه‌نجام.
ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا
سه‌رۆك وه‌زیران نه‌یشارده‌وه تاكوو ئێستا هیچ پێشكه‌وتنێكی نوێ له‌باره‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا نیه و ڕوونى كرده‌وه پرسی به‌شی هه‌رێم له بودجه‌ی فیدراڵی وه‌كوو كارتی فشار له دژی هه‌رێم سوودی لێ وه‌رگیراوه و گوتی: ئه‌و میلله‌ته‌ی داوای مافی ده‌ستووریی خۆی بكات بێگومان ڕووبه‌ڕووی كێشه‌ی واش ده‌بێته‌وه. ئه‌وه‌ی له به‌غدا ده‌رهه‌ق به هه‌رێمی كوردستان كرا هیچ بنه‌مایه‌كی ده‌ستووری و یاسایی نیه و هیچ بیانوویه‌ك بۆ ئه‌وه نیه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ڕابگیرێت و ئه‌مه‌ش بڕیارێكی تاكه كه‌سییه كه سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ئه‌و بڕیاره‌ی له دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركرد.
هه‌روه‌ها گوتى: ئێمه له هه‌وڵه‌كانمان بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێك بۆ پرسی نه‌وت له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌رده‌وام بووین، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان هیچ شتێكی نه‌كردووه و هیچ پێشیلكاریی ده‌ستووری نه‌كردووه بۆ ئه‌وه‌ی له به‌غداوه مووچه‌ی خه‌ڵك ببڕن و بیكه‌نه كارتێكی فشار له دژی هه‌رێمی كوردستان.
ئێمه هه‌ڵوێستمان ڕوون وئاشكرایه، بابه‌تی بودجه و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ناكه‌ینه بابه‌تی گفتوگۆ و دانوستاندن له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئه‌وه مافی ئێمه‌یه و ده‌بێ مافی خه‌ڵكی كوردستان بدرێت، چونكه ئه‌و مافانه به‌پێی ده‌ستوور مافی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌تی عیراقه و ده‌بێ پاره‌یان پێ بدرێت، ئێمه ده‌مانه‌وێ كێشه‌كان به شێوه‌ی ئاشتیانه و دیاڵۆگ و دوور له توندوتیژی له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه كۆنترۆڵه، ئێمه له هه‌رێمی كوردستان مومكین نیه بۆ دواوه بگه‌ڕێینه‌وه و مه‌حاڵه ئێمه ئه‌و كاره‌ی چه‌ندین ساڵه خه‌ریكین ده‌یكه‌ین، كۆنترۆڵه‌كه‌ی ڕاده‌ستی به‌غدا بكه‌ین.
هه‌روه‌ها گوتى: ده‌مانه‌وێ هه‌موو لایه‌ك له‌مه تێبگات، به‌تایبه‌تی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بۆ خه‌ڵك ڕوون بكه‌نه‌وه كه په‌یوه‌ندی به حزبێك و ده‌سه‌ڵاتێك و بڕیاری سیاسیی یه‌ك حزبه‌وه نیه، به‌ڵكوو مه‌سه‌له‌یه‌كی نه‌ته‌وایه‌تییه و ده‌بێ هه‌موومان له‌سه‌ری كۆده‌نگ بین و ئه‌مه زۆر له بڕیاری تاكه كه‌سێك گه‌وره‌تره، له بڕیاری حزب و لایه‌نێكی سیاسی گه‌وره‌تره. ئه‌مڕۆ كۆده‌نگی و یه‌كڕیزیی ئێمه ته‌نها مه‌رجی سه‌ركه‌وتنی ئێمه‌یه و هیوادارین بگه‌ینه ئه‌نجامێك كه توندوتیژی لێ نه‌كه‌وێته‌وه و جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا بێت. دووپاتیشى كرده‌وه هه‌رێمی كوردستان پلانی خۆی هه‌یه كه ناكرێ باسی لێوه بكرێت.
به‌غدا به‌شی ته‌واوی هه‌رێم له بودجه‌ی گشتی نانێرێت
سه‌رۆكی حكوومه‌ت ڕه‌تی كرده‌وه به‌غدا 17%ی به‌شی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان به ته‌واوی بنێرێت، به‌ڵكوو 11% و له‌وانه‌شه كه‌متر بنێرێت و دووپاتیشی كرده‌وه هه‌رێمی كوردستان پێشبینیی هیچ زیاده‌یه‌ك له به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم ناكات، ئه‌وه ئه‌گه‌ر به‌غدا كه‌متری نه‌كاته‌وه. هه‌روه‌ها ڕوونیشی كرده‌وه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ته‌نها ڕایه‌كی یاسایی له‌باره‌ی پرسی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌وه ده‌ڕبڕیوه و هه‌رێم چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی فه‌رمییه له‌مباره‌یه‌وه و هیوای خواست هه‌فته‌ی ئاینده وه‌ڵامی فه‌رمی بگاته حكوومه‌تی هه‌رێم.
نه‌وت وه‌كوو مافێكی ده‌ستووری
سه‌رۆكی حكومه‌ت دووپاتی كرده‌وه، حكوومه‌تی هه‌رێم مافی ده‌ستووریی خۆی له‌باره‌ی پرسی نه‌وته‌وه موماره‌سه ده‌كات و گوتی: ئێمه به به‌غدامان گوتووه ده‌بێ پرۆسه‌ی نه‌وت و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌سه‌ر سێ بنه‌ما بێت: یه‌كه‌میان ده‌بێ پرۆسه‌كه شه‌فاف بێت له ده‌ستپێكردن تا كۆتایی. دووه‌م: ئێمه گوتوومانه به هیچ شێوه‌یه‌ك لاریمان له‌سه‌ر ئه‌وه نیه به‌غدا له چاودێریكردنی بژمێرهكانی نه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بێت. سێیه‌م: ده‌مانه‌وێ له هه‌موو پرۆسه‌كه به‌غدا له‌گه‌ڵ ئێمه بێت. به‌غدا جاران ده‌یگوت ئه‌وانه نه‌وتیان نیه و زیاده‌ڕۆیى ده‌كه‌ن، كه زانیان نه‌وتمان هه‌یه، گوتیان ئه‌وان ده‌یانه‌وێ كۆمپانیای بچووك بێنن بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی بكه‌ن و ئێمه گه‌وره‌ترین كۆمپانیامان هێنا وه‌كوو ئیكسۆن مۆبێل و تۆتاڵ و شیفڕۆن و گازپرۆم و هاتن له هه‌رێمی كوردستان كاریان كرد. دواتر گوتیان باشه، به‌ڵام هه‌رێم ناتوانێ نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكات.
هیچ ماده‌یه‌كی ده‌ستووری نیه ئه‌وه بڵێت كه ته‌نها سۆمۆ بۆی هه‌یه نه‌وت هه‌نارده بكات، هیچ بڕیارێك له‌مباره‌یه‌وه نیه. مادام ئێمه ڕازی بووین به‌وه‌ی نه‌وت و غاز موڵكی هه‌موو عیراقه و ئاماده‌ش بین له به‌شی خۆمان هه‌ڵبگرین و بیده‌ینه به‌غدا، پێیه‌وه‌ى پابه‌ند بووین و هیچ لاریه‌كمان له‌مباره‌یه‌وه نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌غدا ده‌یه‌وێ به كورتی: ده‌ڵێ من له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كه قسه ناكه‌م، ناڵێم شه‌فاف نین، ناڵێم گه‌نده‌ڵ نین و ناڵێم كۆمپانیای بچووك و گه‌وره هه‌ن، ئێستا ئێوه كاره‌كه‌تان كردووه، زۆر چاكه، به‌ڵام ده‌بێ ڕاده‌ستی سۆمۆی بكه‌ن كه ته‌نها به‌رپرسه بۆ فرۆشتنی نه‌وت و له‌وێش ده‌چێته نێو حیسابێكی تایبه‌ت له نیوویۆرك و ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌غدا و كاتێك ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌غدا وه‌كوو بودجه بۆتانی ده‌نێرین. كه‌واته مه‌سه‌له‌كه لێره ته‌نها كۆنترۆڵه.
ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا تووشی بچووكترین كێشه بووین، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ئه‌و مافه‌ی به‌خۆی دا به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی گشتیی عیراق ببڕێت. ده باشه ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه به تێكڕا ڕاده‌ستى به‌غدا كرا، دوای یه‌ك، یان دوو، یان سێ ساڵی دیكه ئه‌گه‌ر گرفتێك هاته ئاراوه چ گه‌ره‌نتییه‌كه هه‌یه كه ئه‌و شته جارێكی دیكه دووباره نه‌بێته‌وه؟!
ئێمه ده‌مانه‌وێ سیاسه‌تێكی وا له عیراق دابڕێژرێت له‌مباره‌یه‌وه به‌پێی مافی ده‌ستووریی خۆمان له‌وه دڵنیا بین ئه‌وه‌ی له عیراق وه‌ریده‌گرین به‌بێ هه‌ڕه‌شه بێت و كه‌س نه‌یه‌ت له‌ناكاو بڵێت من لێتانی ده‌بڕم، چونكه كه ئه‌مڕۆ به كاریان هێنا، سبه‌یش به‌كاری دێنن.
كاریگه‌ریی غیابی مام جه‌لال
سه‌رۆك وه‌زیران نه‌یشارده‌وه غیابی سه‌رۆك كۆمار مام جه‌لال كاریگه‌ریی زۆری به‌سه‌ر بارودۆخی عیراق به گشتى هه‌بووه و گوتی: له‌و حاڵه‌تانه‌ی هه‌بووه هه‌میشه مام جه‌لال كه‌سێك بووه هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه كێشه‌كان به شێوه‌یه‌كى هێمنانه چاره‌سه‌ر بكات و غیابی مام جه‌لال له‌م بارودۆخه‌دا ئێمه و هه‌موو لایه‌نه‌كانی عیراق هه‌ستی پێده‌كه‌ین، ئێمه هیواخوازین به ته‌ندروستیه‌كی باش بگه‌ڕێته‌وه.
ده‌توانین مووچه بده‌ین
نێچیرڤان بارزانی ڕه‌تی كرده‌وه پاره و داهاتی نه‌وت به (شیرینی و بودجه‌ی زه‌به‌لاح باسی لێوه بكرێت) و ئه‌م ناوهێنانهى به فه‌رهه‌نگ و وشه‌یه‌كی ناشیرین له قه‌ڵه‌م دا و گوتی: ئه‌و فهرههنگهتان له كوێ هێناوه؟! ئێمه هه‌ر گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ هه‌ر كۆمپانیایه‌ك ئیمزا بكه‌ین، ئه‌وان بۆ هه‌ندێك پڕۆژه پاره به حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وان به‌شدارن، بۆ نموونه پارساڵ ئێمه ڕه‌زامه‌ندیمان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پڕۆژه نیشان دا به بڕی 400 ملیۆن دۆلار بۆ هه‌ڵه‌بجه كه له‌و پاره‌یه ده‌رچووه. ئێمه پڕۆژه‌ی دیكه‌شمان كردووه و ئێستاش بێگومان وه‌كوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ پاره‌یه‌كمان له به‌غدا بۆ مووچه وه‌رنه‌گرتووه. به توانای خۆمان ده‌ستمان به دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی دوو كردووه و بێگومان مووچه‌ی مانگی سێش ده‌ده‌ین، ئێمه ناوه‌ستین و له هه‌ر شوێنێك وه‌ستان و كه‌موكوڕی هه‌بێت ئێمه موچه‌ی خه‌ڵك ده‌ده‌ین.
ێنج شەممە, 13 ئازار 2014
ئه‌مڕۆ 23 شوباتى 2014 له‌ته‌لارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان به‌ئاماده‌بوونى نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و حكومه‌تی فیدرالی عیراق و فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانى هه‌رێم و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، كوبوونهوهیهكى فراوان ئه‌نجامدرا بۆ گفتوگۆكردن و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له به‌رامبه‌ر سیاسه‌تى گه‌مارۆى ئابوورى كه‌له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدرالی عیراقه‌وه خراوه‌ته‌سه‌ر هاوڵاتیان و حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان .
دوای گفتوگۆكردن و راگۆڕینه‌وه‌و تاوتوێكردنی ئه‌گه‌ر وپێشهاته‌كان, له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا به‌كۆی ده‌نگ ئه‌م خاڵانه‌ى خواره‌وه په‌سه‌ند كران :
1. هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ده‌ستور به‌شێكه له‌عیراق و مافی سوود وه‌رگرتن و به‌كارهێنانی سه‌رجه‌م ئه‌و ماف ودهسهڵاتانهى هه‌یه كه له ده‌ستوردا هاتوون. له‌ناویاندا مافى وه‌رگرتنى به‌شه بودجه‌ی خۆی له داهاتى عێراق، بۆیه ناكرێت له‌ژێر ههربیانوویهكدا بێت بودجه ومووچهى هاوڵاتیان وه‌كو كارتى فشار له‌دژی هه‌رێمى كوردستان و هاوڵاتیانی به‌كار بهێندرێت.
2. به‌رده‌وامبوونی دانوستان و كۆبونه‌وه‌كانی نێوان حكومه‌تى هه‌رێم و عیراق له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رجه‌سته‌كردنى مافه ده‌ستووریه‌كانی هه‌رێم، سه‌ره‌ڕاى هه‌بوونى بژارده‌ی تر له‌به‌رده‌م حكومه‌تى هه‌رێم بۆ دابینكردنی بهشهداهاتهكهى به‌شێوه‌یه‌ك كه‌مووچه و پێداویستیه‌كانی تری هاووڵاتیان مسۆگه‌ر بكات.
3. داوا له سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ده‌كه‌ن كه ده‌ستبه‌رداری ئه‌م سیاسه‌ته ناقانونی و ناده‌ستوریه ببێت، و به‌شه بوودجه ومووچهى هه‌رێم وه‌كو مافێكى ده‌ستوورى بۆ هه‌رێم بنێرێت، و له‌رێگه‌ی گفتوگۆ و دانوستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم كێشه هه‌ڵواسراوه‌كان چاره‌سه‌ر بكات.
4. داوا له مه‌رجه‌عیه‌ته ئاینیه به‌رێزه‌كان و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ده‌وڵه‌تانى په‌یوه‌ندیدار به عێراق وكۆنگرهی وڵاتانی ئیسلامی و كۆمكاری ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌ب كرا كه‌به‌رپرسیارێتی بگرنه ئه‌ستۆ و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌كاربهێنن بۆ فشار خستنه سه‌ر حكومه‌تی فیدرالی عیراق بۆ كۆتاییهێنان به‌سیاسه‌تی گه‌مارۆدانی ئابووری حكومه‌ت و هاوڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان، چونكه ئه‌م سیاسه‌ته ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ده‌ستور و قانون و ته‌واوی رێكه‌وتنامه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و بنه‌ما سه‌ره‌تایه‌كانی مافی مرۆڤه.
یەک شەممە, 23 شوبات 2014
جوانترین و گه‌رمترین پیرۆزبایى به بۆنه‌ى جه‌ژنى سه‌رى ساڵى نوێى زایینییه‌وه پێشكه‌ش به هه‌موو هاووڵاتیانى كوردستان و عیراق و جیهان ده‌كه‌ین، هیوادارین ساڵى نوێ، ساڵى سه‌ركه‌وتن و به‌دیهاتنى خۆزگه و خه‌ونه‌كانى كوردستانیان بێت و به هه‌وڵ و هیممه‌ت و به‌شداریى هه‌موو لایه‌نه‌كان، حكوومه‌تى داهاتووى هه‌رێمى كوردستان له ئارامى و سه‌قامگیرییه‌كى تۆكمهتردا؛ خزمه‌ت و خۆشگوزه‌رانیى باشتر و زیاتر پێشكه‌ش به هاووڵاتیان بكات.
هاتنى ساڵى نوێ، قۆناغى نوێش له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت كه تیایدا هه‌رێمى كوردستان پێویستى به یه‌كڕیزى و یه‌كهه‌ڵوێستى و هه‌ماهه‌نگى و كارى پێكه‌وه‌ییى هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێ ئارامى و سه‌قامگیریى باشتر و ئاوه‌دانى و خزمه‌تگوزارى و خۆشگوزرانیى زیاتر بۆ هه‌موو هاووڵاتیانى كوردستان دابین بكرێت و هه‌نگاوى گه‌وره به‌ره‌و پێشكه‌وتن و گه‌شه‌پێدان و بنیاتنانى وڵات له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه بنرێت.
ساڵى نوێ له هه‌موو كوردستانیان پیرۆز بێت، هیواى شادى و سه‌ركه‌وتن و ساڵێكى خۆش و ئارام بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌خوازین.
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
31ى دیسه‌مبه‌رى 2013
دوایین هەواڵەکان
- سه‌ركۆمارى توركيا به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه
- پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی‌دا
- نێچيرڤان بارزانى: ده‌بێ نيشتمان كۆكهرهوهى هه‌موومان بێت
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه
- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له باڵيۆزى فه‌ره‌نسا كرد
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له باڵيۆزى به‌ريتانيا كرد
- سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات
- عەباس غەزالی: نووسین و چاپکردنی "فەرھەنگیی زارەکیی موکریان" شانازییەکی بێ پایانە
- پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز
- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نامهيهكى پيرۆزبايى له وه‌زيرى دهرهوەى توركياوه پێده‌گات