ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت پێشوازی لە بەڕێز ئەداما دینگ جێگر و ڕاوێژكاری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ڕێگری لە جینۆساید و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا کە سۆکۆل کۆندى بەرپرسى نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمى کوردستان و خاتوو سوهام جەبەلى یاریدەدەرى بەرپرسى فەرمانگە ئامادەبوون، ئەداما دینگ جێگرى سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ڕێگری لە جینۆساید ستایشى سیاسەتى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد بۆ واڵاکردنى سنوورەکانى بەڕووى ئاوارەو پەناهەندەکانى سوریاو عیراق، کە وێڕاى بوونى قەیرانى ئابوورى توانى بەپێى توانا کۆمەکیان بکات.
هاوکات دەنگى خۆى خستە پاڵ دەنگى حکومەتى هەرێم بۆ بە جینۆساید ناساندنى ئەو تاوانانەى بەرامبەر کوردانى ئێزیدى لەلایەن تیرۆرستانى داعش ئەنجامدرا. بەڕێزیان گووتى هەرچەندە عیراق واژووى رێکەوتننامەى رۆماى نەکردووە بەڵام پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند رێگایەک بگرێتەبەر بۆ بەرەوپێشبردنى ئەو کەیسە و هەموو هاوكارییەكی خۆیشی لەمبارەیەوە ڕاگەیاند. هەروا گووتى لە گەڕانەوەم بۆ نیویۆڕک هەموو ئەو راستیانە دەخەمەڕوو کە لە هەرێمى کوردستان لە نزیکەوە ئاشنایان بووم.
فەلاح مستەفا وێراى بەخێرهێنان بەناوى حکومەتى هەرێم سوپاسى ئاژانسەکانى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانى کرد کە لە بارودۆخە سەخت و دژوارەکان بە گوێرەى توانا لە بوارە جیاجیاکان یارمەتى هەرێمى کوردستانیان داوە.
بەڕێزیان گووتى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە هەر لە سەرەتاوە هەوڵى داوە لە ناوەوەو دەرەوەى هەرێمى کوردستان کار لەسەر بەرەو پێشبردنى ئەو کەیسە بکات. هەروا حکومەتى هەرێم لێژنەیەکى باڵاى پێکهێنا بۆ بەدوواداچوون و کۆکردنەوەى بەڵگەى تاوانەکان تایبەت بە جینۆسایدکردنى کوردانى ئێزیدى و پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکانى تر. ئەم لێژنەیە هەنگاوى باشى هەڵێناوەو دادگاى باڵاى تاوانەکانى نێودەوڵەتى لە لاهاى لێ ئاگادار کردۆتەوە.
فەلاح مستەفا گووتى هیوادارین کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى پشتگیرى زیاترى هەوڵەکانى حکومەتى هەرێم بکات بۆ ئەم هەنگاوە، تاکو کوردانى ئێزیدى و پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینیەکانى تر لەڕووى ماددى و سایکۆلۆژى قەرەبوو بکرێنەوەو تاوانبارانیش بەسزاى خۆیان بگەن.
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
جەژنی جەمایێ خوشك و برایانی ئێزیدی لە ڕێگەیە و، ئاگاداری ئەوەم كە بەهۆی ئەو زوڵم و كارەساتانەی لە ساڵی ڕابردوو دەرهەق خوشك و برا ئێزیدییەكانمان كراوە ڕێوڕەسمی ئەو جەژنە پیرۆزە ئەنجام نادرێت. هیوادارم خۆشی و بەختەوەری و جەژن بە زووترین كات بگەڕێتەوە ماڵی ئێزیدییەكان و هەموو كوردستانییەك.
بەپێویستی دەزانم لەم بۆنەیەدا خوشك و برا ئێزیدییەكانم لەوە دڵنیا بكەمەوە كە تیرۆریستان باجێكی زۆر قورسیان لە بەرانبەر ئەو تاوانە قێزەوەنانە داوە كە دژی ئێزیدییەكان ئەنجامیان داوە و، ژمارەیەكی زۆریان سزا دراون. ئەوانەی ماویشن و كەمترین تاوان و بەدڕەوشتیان لەدژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجام دابێت پشت بە خوای گەورە و هێز و بازووی پێشمەرگە دواجار سزای خۆیان هەر دەبینن.
ئێوە بەشێكی زۆر ئازیزی گەلی كوردستانن و ئێش و ئازاری ئێوە ئێش و ئازاری هەموو تاكێكی كوردە. لەوە دڵنیام كە ئێوە بە سەربەرزی و سەركەوتووانە دەگەڕێنەوە بۆ سەر ژیان و ماڵ و حاڵی خۆتان و بە گوڕ و تینێكی زیاتر، خزمەتی نەتەوە و وڵات و ئایینەكەتان دەكەن.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
لە چوارچێوەى بەردەوامى هەوڵەکانى حکومەتى هەرێم بۆ بە جینۆساید ناساندنى تاوانەکانى گروپى تیرۆریستى داعش دژ بە کوردانى ئێزیدى و کارەکانى لێژنەى باڵاى حکومەتى هەرێم بەجینۆساید ناساندنى ئەو تاوانە لە ڕێگاى دادگاى باڵاى تاوانى نێودەوڵەتى، فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە بە یاوەرى دوو ڕێکخراوى ناحکومى ئێزیدى سەردانى نووسینگەى داواکارى گشتى دادگاى باڵاى تاوانى نێودەوڵەتیان لە لاهاى کردو ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلیان پێشکەش کرد کە تەواوکارى ئەو زانیاریانە بوو کە ساڵى ڕابردوو لەلایەن لێژنەى باڵاوە پێشکەش بە دادگا کرابوو.
ئامانجى پێشکەش کردنى ئەم ڕاپۆرتە بۆ زیاتر هاندانى دادگاى باڵاى تاوانى نێودەوڵەتى بوو بۆ دەست کردن بە لێکۆلینەوەى سەرەتایى لەسەر ئەم تاوانە. سەرەڕاى ئەوەى کە عێراق ئەندام نیە لە پەیمانناى ڕۆماى تایبەت بە دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى بەڵام دادگا دەتوانێت لێکۆلێنەوە لەو تاوانە بکات لەسەر بنەماى هاوڵاتى ئەو ووڵاتانەى کە ئەندامن لەم دادگایە و لە ڕێزەکانى داعش ئەم تاوانەیان ئەنجامداوە. بۆیە هیوادراین کە ئەم ڕاپۆرتە کە پوختەیەکى هاوپێچ کراوە زانیارى زیاتر پێشکەش بە دادگا بکات لەسەر ئەم تاوانە قێزەونەى کە ژمارەیەکى زۆر لە چەکدارە بیانیەکان هاوڵاتى ئەو ووڵاتانەن کە ئەندامى ئەم دادگایەن و تاوانەکەیان ئەنجامیان داوە.
بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە ئەوەى خستەڕوو کە حکومەتى هەرێم ئامادەى پێشکەش کردنى هەموو جۆرە ئاسانکارى و پشتگیریەکە بۆ دادگا بۆ هێنانەدى ئەو دادپەروەریە کە کوردانى ئێزیدى و هەرێمى کوردستان داواى دەکەن. ئێزیدیەکان کۆمەڵگایەکى ئاشتیخوازن ئەو تاوانانە بەشێوەیەکى بەرنامە داڕێژراو لەلایەن گروپى تیرۆریستى داعش بەرامبەریان ئەنجامدراوە و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بەرپرسیارێتى بە جینۆساید ناساندنى ئەم تاوانەى دەکەوێتە ئەستۆ. بەڵگەکانى ئەم تاوانە لەبەردەستن لە ڕووى گۆڕى بە کۆمەڵ و شایەتحاڵ و قوربانیان و دامەزراوە یاساییە نێودەوڵەتیەکان پێویستە بە ئەرکى خۆیان هەڵبستن.
حکومەتى هەرێم داواى دادپەروەرى و ناساندنى ئەو تاوانە و قەرەوبووى قوربانیانى دەکاتەوە و هەوڵدان بۆ ڕێگرى کردن بۆ دڵنیبابوون لە دووبارە نەبوونەوەى ئەم کارەساتە.
كۆبوونهوه لهگهڵ وهزیری دهرهوهی هۆڵهندا
له چوارچێوهی سهردانهكهی بۆ هۆڵهندس، دوێنێ بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە بە یاوەرى شاندێک سەردانى وەزارەتى دەرەوەى هۆڵەنداى کرد و لەلایەن بەڕێز بێرت کۆندیرۆس وەزیرى دەرەوەى هۆڵەندا پێشوازیان لێکرا.
بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە سوپاسى بەڕێز بێرت کۆیندێرسى کرد بۆ ئەو پێشوازیە گەرمە و پوختەیەکى لەسەر ڕەوشى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان لە ڕووى سیاسى و سەربازى و ئابورى و پەیوەندیەکانى نێوان هەولێر و بەغدا پێشکەش کرد.
هەروەها ئەوەى خستەڕوو لە پاڵ پتەوکردنى پەیوەندیە دوو قۆڵیەکانى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ هۆڵەندا بەشێک لە ئامانجى سەردانەکەیان بۆ سەردانى دادگاى تاوانەکانى نێودەوڵەتى بووە بە مەبەستى بە جینۆساید ناساندنى تاوانەکانى گروپى تیرۆریستى داعش دژ بە کوردانى ئێزیدى و پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینەکانى تر. بۆیە داوا لە حکومەتى هۆڵەندا و هەموو ووڵاتانى دۆست دەکەین کە پشتگیرى لەم دۆسیەیە بکەن بۆ ئەوەى تاوانباران دادگایى بکرێن و ئەم تاوانە دڕندانەى کە ئەنجامیان داوە بە جینۆساید بناسرێت.
هەروەها سوپاسى حکومەتى هۆڵەنداى کرد کە لە چوارچێوەى هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتى بە سەرۆکایەتى ئەمریکا بە تیمێکى گەورەى سەربازى، مەشق بە هێزەکانى پێشمەرگە دەکەن کە ئەمەش جێگەى پێزانینە.
لە تەوەرێکى تر دیدارەکەدا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە باسى لە بارودۆخى مرۆیى ئاوارە و پەنابەران کرد کە ژمارەیان نزیکەى ٢ ملیۆن دەبێت و لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێن کە پێویستیان بە هاوکارى مرۆیى زیاتر هەیە و هەرێمى کوردستان دووچارى قەیرانى دارایى بۆتەوە بۆیە گەلى کوردستان و ژێرخانى کوردستان پێویستیان بە هاوکارى و پشتگیرى زیاتر هەیە.
فەلاح مستەفا باسى لە بەردەوامى قەیرانى سوریا و کاریگەریەکانى لەسەر ووڵاتانى ناوچەکە و مەترسیەکانى گروپە تیرۆریستیەکان کرد.
لە بەرامبەردا بەڕێز بێرت کۆندیرۆس وەزیرى دەرەوەى هۆڵەندا پابەندى ووڵاتەکەى دووپاتکردەوە بۆ پتەوکردنى پەیوەندیەکان لە ڕووى سیاسى و ئابورى و وەبەرهێنان و یارمەتى مرۆیى. حکومەتى هۆڵەندا هاوشێوەى ساڵى ڕابڕدوو بڕیاریداوە بەردەوام دەبێت لە هاوکارى بۆ ئاوارەکانى ناوخۆو پەنابەرانى سوریا.
هەروەها لە چوارچێوەى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بەردەوام دەبن لە شەڕ دژى گروپى تیرۆریستى داعش لە ڕێگاى هێرشى ئاسمانى و خولى مەشق و ڕاهێنان بۆ هێزەکانى پێشمەرگە.
سەبارەت بە تاوانەکانى گروپى تیرۆریستى داعش بەرامبەر بە کوردانى ئێزیدى وەزیرى دەرەوەى هۆڵەندا گووتى کە پشتگیرى لە هەوڵەکانى هەرێمى کوردستان دەکەن و پێویستە ئەو کەسانەى کە ئەم کارەیان کردووە دادگایى بکرێن.
لە کۆتایى هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى لە بوارى ئابورى و بازرگانى و کەلتورى بەتایبەتى لە ڕێگاى بەشدارى کردن لە پێشانگا نێودەوڵەتیەکان و کۆڕبەندى ئابورى.
جێگەى ئاماژەیە کە لە دیدارەکەدا ژەنەڕاڵ ڤان دێر لان بەڕێوبەرى ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتى بەرگرى و خاتوو بیرگیتا تازیلار بەرپرسى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقیا لە وەزارەتى دەرەوە و عمر رشید بەڕێوەبەرى گشتى و توفیق رحمن بەڕێوەبەرى پێشکەوتوو لە فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە ئامادەى دیدارەکە بوون.
لێرەدا بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە ئەم ڕەفتارە دژی ویستی خەڵكی ئێزیدی و تێكڕای خەڵكی كوردستانە. شنگال بەشێكی دانەبڕاوی كوردستانە و دامودەزگەی فەرمی و ئیداریی تایبەت بەخۆی هەیە. ئەركی بەڕێوەبردن و یارمەتیدانی خەڵك و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و پاراستنی شنگال لەسەر شانی ئەم دامودەزگەیە و، هیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە هیچ جۆرە ئیدارەیەكی كارتۆنی و لەدەروەی ویستی خەڵكی شنگال بەسەر ئەم دەڤەرەدا بسەپێنێت و، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی كاردانەوەی توند دەبنەوە. خەڵكی خۆشەویستی شنگالیش لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە شنگال بە شێوەیەكی فەرمی دەگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
17ـی 1ـی 2015
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
خۆشحاڵم كە لە بۆنەی جەژنی ڕۆژووی ئێزیدییاندا سەركەوتنی گەورەی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان بە دیاری پێشكەشی خوشك و برایانی ئێزیدی دەكەین و، ئەمە شیاوترین پیرۆزباییە لەوان دەكەین.
دەستپێكردنی ئۆپڕاسیۆنی ڕزگاركردنی دەڤەری شنگال لە ڕۆژی ئاڵای كوردستان و گەییشتنی پێشمەرگە بە چیای شنگال لە 18ـی 12ـی 2014 مانای خۆی هەیە. با هەموو دوژمنان و ناحەزان بزانن ئەگەر جارێك بۆیان بڕەخسێت كینی خۆیان بەرانبەر كورد و كوردستان دەربكەن، لە كۆتاییدا باجی تاوانەكانیان دەدەن و ئەبێ تیرۆریستانی داعش ببنە پەند بۆ هەموو دوژمنان.
هیوادارم بەیەكگەییشتنی ئەم سەركەوتنە مەزنە و جەژنی ڕۆژووی خوشك و برایانی ئێزیدی ببێتە هۆی ساڕێژبوونی برینی ئێمە و ئەو ئازیزانە و گەلی كوردستانیش لەوە دڵنیا دەكەین كە سەری دوژمنان دەكەوێتە ژێر پێیان.
هەزارن سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی هەمیشە زیندوو. دوعای چاكبوونەوەی بە پەلەش بۆ بریندارەكان و دەست و چاوی هەموو پێشمەرگە قارەمانەكان ماچ دەكەم كە من دەزانم چ قارەمانییەكی مەزنیان تۆمار كردووە.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
19ـی 12ـی 2014
بە مەبەستی تاوتوێكردنی بارودۆخی ئەو ناوچانەی كەوتوونەتە بەر پەلاماری تیرۆریستان و هەروەها بارودۆخی ئاوارەكان و گوێگرتن لە ڕاوبۆچوون و پێشنیارەكان ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی 9ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كەسایەتییە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكان و پیاوماقوولانی ئێزیدی و كریستیان و موسلمان و توركمان و ئەرمەن و شەبەك و نوێنەرانی هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی شنگال و دەشتی نەینەوا و دەڤەری تەلەعفەر و زوممار كۆبۆیەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و تێیدا باڵی كشاندە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستان بۆ سەر خەڵكی ناوچەكە و هاوخەمیی خۆی بۆ خەڵكی دەڤەرەكە و لێقەوماوان نیشاندا و ڕایگەیاند كە ئەوە كارەساتێكە بەسەر هەموو گەلی كوردستاندا هاتووە و هەموومان تێیدا هاوبەش و هاوخەمین. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە ئەو دۆخە نالەبارە هەرهەمووی لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی حكوومەتەكانی بەغدا بووە. لەبارەی پەلاماری تیرۆریستانیش سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە تیرۆریستان هیچ سنوورێك بۆ بەها و ئەخلاق نازانن و ئەمانجیان تەنیا دەستدرێژی و تۆقاندنی خەڵكە و ڕایشیگەیاند كە تیرۆریستان لە پاشەكشەدان و هێزی پەلاماردانیان نەماوە و هیچ داهاتوویەكیان لەم وڵاتەدا نییە.
هەر لە درێژەی قسەكانیدا وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە گەلی كوردستان تەنیا نییە و هەموو دونیا پشتیوانیەتی، ڕۆڵی پێشمەرگەی لە ڕێگەگرتن و وەستاندنی پەلاماری تیرۆریستان بەرز نرخاند و جەختیشی لەوە كردەوە ئەگەر بە تەنیا بین و كەسیش لە پشتمان نەبێت ناهێڵین یەك بستی خاكی كوردستان لەژێر دەستی تیرۆریستاندا بمێنێت.
سەرۆك بارزانی لەبارەی بارودۆخی ئاوارەكانیش دوا و هێمای بەوەدا كە چارەسەری سەرەكیی كێشەی ئاوارەكان ئەوەیە كە ناوچەكانیان ئازاد بكرێت و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و داوایشی كرد كەس بیر لە جێهێشتنی وڵات نەكاتەوە و لە وڵاتی خۆیان بمێنن و یان هەموومان پێكەوە بە ئازادی و سەربەرزی دەژیین یانیش پێكەوە دەمرین. سەرۆك بارزانی ئامادەبووانیشی لەوە دڵنیا كردەوە كە ئەوانەی لە ڕووداوەكاندا كەمتەرخەمییان نواندووە دەدرێنە دادگە و سزا دەدرێن. سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەو كارەساتە دا كە بەسەر خەڵكی شنگالدا هاتوو و ڕایگەیاند ئەوانەی دەستیان لە كوشتن و ئازاردانی خەڵكی شنگالدا هەبووە سزای خۆیان وەردەگرن و ئامادەبووانیشی لەوە دڵنیا كردەوە كە شنگال و هەموو ناوچەكانی ژێر دەستی تیرۆریستان ئازاد دەكرێن.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا دەرگەی گفتوگۆ و پرسیار و پێشنیار بەسەر ئامادەبووان كرایەوە و نوێنەرانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی شنگال و دەشتی نەینەوا و تەلەعفەر و زووممار لەبارەی چارەسەركردنی دۆخەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و هەروەها بارودۆخی ئاوارەكان تێبینی و پێشنیار و پرسیارەكانیان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و سەرۆك بارزانیش وەڵامی پرسیار و تێبینییەكانیانی دایەوە.
دوای سەردانە سەركەوتووەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێزان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەت و گەورە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، بەڕێز لۆران فابیۆس وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بە یاوەری فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت و ئالان گێبخات كونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێم، سەردانی كونسوڵگەری گشتی فەڕەنسا و سەنتەری رۆشنبیری فەڕەنسی كردو لەگەڵ ستافی كونسوڵگەری و رەوەندی فەرەنسی لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوەو ئامانجی سەردانەكەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.
دواتر بەڕێزیان یاوەری فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت و ئالان گێبخات كونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێم سەردانی شارۆچكەی عەنكاوەی كردو لەگەڵ مەتران بەشار مەتی وەردە سەرۆكی ئەساقیفەی ئەبرەشییەی هەولێرو نوێنەرانی ئاوارە مەسیحیەكان كۆبووەوەو گوێی لە پێداویستی و خواست و خەم و ئازارەكانیان گرت كە چۆن بەدەستی تیرۆرستانی داعش تووشی ئاوارەو كۆمەڵكوژی بوونەتەوە.
پاشان بەڕێز لۆران فابیۆس وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەگەڵ بەڕێزان حازم میر تەحسین بەگ وەكیلی میری ئێزیدیان و بابەشێخ مەرجەعی ئایینی ئێزیدیان و شاندێكی باڵا كۆبووەوە. بەڕێزیان نیگەرانی حكومەتی فەڕەنسای خستەڕوو سەبارەت بەو تاوانانەی دەرهەق بە ئێزیدیان لە ناوچەی شنگال ئەنجامدرا. شاندی باڵای ئێزیدیان باسیان لە هەموو ئەو كارەسات و مەرگەساتانە كرد كە گروپی تیرۆرستی داعش بەرامبەر ئەوان ئەنجامی داوە.
ئێوارەی هەمان رۆژ بەڕێز وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێخران.
"کۆسرەت رەسول عەلى" رایدەگەیەنێ لەم بارودۆخەى ئێستادا ناکرێ حزبە کوردستانییەکان ململانێ بکەن و پێویستە لەبری ئەوە هەماهەنگى و کۆدەنگى نیشتمانى هەبێ.
ئەم وتانەى "کۆسرەت رەسول عەلى" جێگری سەرۆکى هەرێمى کوردستان نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 4/8/2014 لەمیانى پێشوازى کردنى لە وەفدێکى حزبی زەحمەتکێشانى کوردستان بە سەرۆکایەتى "بەڵێن عەبدوڵڵا" هات.
لە سەرەتاى دیدارەکەدا "کۆسرەت رەسول عەلى" بەخێرهاتنى وەفدی میوانى کردو تیشکى خستە سەر ئەو بارودۆخە نالەبارەى عێراق و ناوچەکەو ناوچە کوردستانییەکانى گرتۆتەوە، بۆ ئەم مەبەستە گوتى: ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە کۆدەنگى و یەکدەنگى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان هەیە و پێویستە هەموومان وەک یەک تیم رووبەڕووى ئەم رووداوانە بوەستینەوە.
لاى خۆیانەوە وەفدی میوان سوپاسی پێشوازى جێگری سەرۆکى هەرێمى کوردستانیان کرد و رایانگەیاند کە ئەم بارودۆخەى ئێستا هاتۆتە ئارا شتێکى چاوەڕوانکراو بووەو دەبێ بە توندترین شێوە بەرپەرچ بدرێتەوە.
تەوەرێکى ترى قسەکان تایبەت بوو بە رەوشی خوشک و برا ئێزیدییەکان، بۆ ئەو مەبەستە جێگری سەرۆکى هەرێمى کوردستان رایگەیاند: ئێش و ئازارى خوشک و برا ئێزیدییەکان ئێش و ئازارى ئێمەیە و ئەو رەوشەى ئێستاش دروست بووە کاتییە و بە هەموو شێوەیەک بەرگریان لێدەکەین و پاراستنیان بە ئەرکى سەرشانى خۆمان دەزانین.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا "کۆسرەت رەسول" ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە هێزى پێشمەرگە بەگوڕتر لە جاران بەرگری لە خاکى کوردستان دەکا و دەیپارێزێ.
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد