ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی 7ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژان فڕانسوا ژیرۆت بەرپرسی بەشی باكووری ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا بەرپرسی بەشی باكووری ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم دیدارە نیشاندا و وێڕای ئاماژەدان بە قەیرانی سیاسی و ئەمنیی ئەم دواییەی عێراق ئەوەی خستەڕوو كە تیرۆر و توندڕۆیی مەترسییەكی گەرورەیە بۆ سەر عێراق و ناوچەكە و هەموو جیهان. لەگەڵئەوەیشدا پێویستە كێشەی ئەمنی و سیاسی لەیەكتر جیا بكرێتەوە و هاوكاتیش داواكاریی سووننە و داعشیش لەیەكتر جیا بكرێنەوە. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ڕاشیگەیاند كە كێشە سیاسییەكانی عێراق بەمشێوەیە بەردەوام بن ئەم وڵاتە بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت. بەرپرسی بەشی باكووری ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە درێژەی قسەكانیدا سوپاسی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد كە توانیویەتی بەشێكی گەورەی وڵات لە هەڕەشەی تیرۆریستان بپارێزێت و یارمەتیی ئاوارە و مەسیحییەكانی عێراق بدات.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سەبارەت بە ڕووداوەكانی ئەم دواییە و هەڕەشەی تیرۆریستان سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ شاندی میوان ڕوون كردەوە كە چەند مانگ بەر لەو قەیرانە سەرۆكوەزیرانی عێراقی ئاگادار كردبوو كە موسڵ بە دۆخێكی مەترسیدار دەڕوات بەڵام سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەم هۆشدارییەی پشتگوێی خست و بە جدیی وەرنەگرت. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە بەرپرسیارێتیی سەرەكیی ئەم دۆخە ئەمنی و سیاسییەی ئێستا هەیە دەكەوێتە سەر شانی دەستەڵاتدارانی بەغدا و توندڕۆ و تیرۆریستان سیاسەتی هەڵەی حكوومەتی مالیكیان قۆستەوە بۆ ئەوەی لە ناوچە سوننەنشیننەكان جێی پێی خۆیان قایم بكەن. پەیوەست بە سیاسەتی گشتیی هەرێمی كوردستان بەرانبەر بارودۆخی ئێستای عێراق سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەك پارێزگاری لە سنوورەكانی خۆی و هاووڵاتیانی دەكات و بەڕووی هەموو جۆرە دەستدرێژییەكی تیرۆریستان دێتەوە. سەرۆك بارزانی هێمایشی بەوەدا كە كوردستان نابێتە بەشێك لە شەڕی تاییفیی عێراق و چارەسەری بنەڕەتیی گرفتەكان تەنیا لەڕێی كردەی سەربازییەوە ناكرێ بەڵكو دەبێ سەرەتا لەڕووی سیاسییەوە گۆڕانكاری لە پڕۆسەكە ڕوو بدات. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەیشی بەوەدا كە گەلی كوردستان ناچار نییە چیدی چارەنووسی خۆی بداتە دەست دۆخێكی نادیار و تەمومژاوی و باجی هەڵەی خەڵكی دیكە بدات و ئەوەی ئێستا لەعێراقدا ڕوویداوە كوردستان لێی بەرپرس نییە بەڵكو ئەنجامی سیاسەتی هەڵە و شەڕی تاییفی بووە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە بەهۆی خێرایی ڕووداوەكان و لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرەكان لە پەیوەندی و ڕاوێژی بەردەوامدا بن.
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد