پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ههینی ٥-٦-٢٠١٥ لە دهۆك، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدییان بە سەرۆكایەتیی بەڕێز حازم میر تەحسین بهگ، جێگری میری ئێزدییان كرد.
لە دیدارەكەدا كە بهڕێز بابەشێخ گەورەپیاوی ئایینی و ژمارەیەك لە پیاوانی ئایینیی ئێزدی و نوێنەرانی ماڵی ئێزدییان لە ئەڵمانیا ئامادە بوون، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بەم دیدارە نیشان دا و سوپاسی بەڕێز سەرۆك وەزیران و پارێزگاری دهۆك و دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان لە سنووری پارێزگای دهۆك كرد، بۆ ئەو كۆمەك و هاوكارییانەی كە هەر لە ڕۆژی یەكەمەوە پێشكەش بە ئاوارە ئێزدییەكانیان كردووە و دەیكەن.
شاندەكە هەروەها بە ناوی خۆیان و تەواوی ئێزدییانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەوە، سوپاس و ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ خەڵكی ناوچەی بادینان بەگشتی و دهۆك و زاخۆ بەتایبەتی دەربڕی، كە زۆر بە دڵگەرمییەوە پێشوازییان لە ئاوارە ئێزدییەكان كردووە و بە هەموو شێوەیەك هاوكارییان كردوون.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، شاندەكە داوای پشتگیرییان لە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد بۆ دامەزراندنی جڤاتی ئێزدییان كە داواكاریی تەواوی پێكهاتەكانی ئێزدییانە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بۆ ئەوەی لەگەڵ میر و جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدییان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كاروباری ئێزدییەكان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەڕێوە ببات، بۆ ئەو مەبەستەش كۆنگرەیەكی دامەزراندن دهبهستن كە تیایدا نوێنەرانی ئێزدییان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەشداری دەكەن.
لای خۆیەوە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی تەواوی پشتگیریی خۆی بۆ دامەزراندنی جڤاتی ئێزدییان دەربڕی و هەموو پشتگیرییەكی بۆ سازدانی كۆنگرەی دامەزراندنی جڤاتەكە دووپات كردەوە. ههروهها ڕایگەیاند كە دامەزراندنی جڤاتی ئێزدییان هەنگاوێكی زۆر كردەییە بۆ پاراستنی تایبەتمەندیی ئایینی و كولتووریی ئێزدییەكان. هەروەها ڕوونی كردەوە كە هیچ كەسێك ناتوانێت ناسنامەی نەتەوەییی ئێزدییەكان كە كوردن، بخاتە ژێر پرسیارەوە و ئاماژەی بەوە دا كە ئێزدییهكان لە مێژوودا باجێكی زۆر گەورەیان داوە بۆ پاراستنی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی و تایبەتمەندیی ئایینیی خۆیان.
بەڕێز سەرۆك وەزیران دووپاتی كردەوە كە تەواوی پشتگیری لە پاراستنی تایبەتمەندیی ئایینیی ئێزدییەكان دەكات و پاراستنی ئەو تایبەتمەندییە ئایینییەی بە ئەرك زانی. جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەوەی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە دەرهەق بە ئێزدییەكان كرا، هیچی لە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و ئەنفالەكان كەمتر نییە.
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد