پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه 15/3/2015 به‌ڕێز مسعود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی و سه‌رۆك هۆزه‌كانى ڕۆژئاواى دیجله(ره‌بیعه و زوممار و شنگال) كۆبۆوه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك بارزانی له وته‌یه‌كدا تیشكی خسته سه‌ر ڕەوشی دەڤەرەکە لە قۆناخەکانی کاتی پەلاماری داعش و دوای ئازادکردنەوەی ناوچەکە لەلایەن پێشمەرگە و باسی ره‌فتاره چه‌په‌ڵه‌كانی رێكخراوی تیرۆریستی داعشی به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی ئه‌و دهڤهرهکرد و داوای له ئاماده‌بووان كرد كه هه‌ماهه‌نگی هه‌بێت بۆ برایه‌تى و پێكه‌وەژیان و جه‌ختی له پێوه‌ندیی مێژوویی نێوان كورد و عه‌ره‌ب كرده‌وه و ڕایگه‌یاند: ڕه‌وا نییه ڕێ به سته‌مكاران و ناحه‌زان بدرێت شه‌ڕ و ناكۆكی داعش بكه‌نه ناكۆكی نێوان ئه‌و دوو گه‌له‌ی كه ده‌مێكه پێكه‌وه ده‌ژین.
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئەوەی وەبیر سه‌رۆك هۆز و كه‌سایه‌تییە عه‌ره‌بەکانی ناوچه‌كانی شنگال، ڕه‌بیعه، به‌نداوی مووسڵ و زومماری هێنایەوە کە لەکاتی ڕاپه‌ڕینه مه‌زنه‌كه‌ی ساڵی 1991 ترسی ئەوەمان هەبوو كه دوای ئه‌وه‌ی كورد به‌ره‌و ڕووی كیمیاباران و ئه‌نفال بووه‌وه، دوای ئازادی، په‌نا بۆ تۆڵه ببات، به‌ڵام گه‌لی كورد سه‌ربڵندانه بنه‌مای تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی وه‌لا نا و بنه‌ماكانی پێكه‌وه‌یی له‌به‌رچاو گرت.
سه‌رۆك بارزانی باسی کردەوە چەپەڵەکانی داعشی کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو ناوچانەی لەلایەن تیرۆریستانەوە داگیر کران كاولیان کرد و خەڵکی ناوچەکە بینییان کە ئەو تیرۆریستانە چەند دژە مرۆڤ و دواكه‌وتوون، هەروەها دەرکەوت کە داعش جگە له كاولكاریی هیچی پێشکەشی ناوچە سوننە نشینەکان نەکرد.
سه‌رۆك بارزانی ڕایگه‌یاند، سوپاس بۆ خوا ئێستا زۆربه‌ی ناوچه‌كان له چنگی داعش ڕزگار كراون، ئێستایش پێویستمان به هه‌مووان هه‌یه بۆ دروستكردنی پێوه‌ندییه‌كی نوێ و ڕێگە نادەین كه‌س دهستدرێژەیی بکاتە سەر خەڵکی ناوچەکە و هه‌موو لایه‌كیش مافی خۆیانه به ئازادی بژین و كه‌رامه‌تیان پارێزراو بێ، بەڵام پێویستە هه‌ریه‌ك لای خۆیه‌وه ڕۆڵ ببینی بۆ پاراستنی سه‌قامگیری و ئاساییشی ناوچه‌كە و هه‌ر خزمه‌تگوزارییه‌ك لە ناوجەکە پێویست بێت پێشـكهش ده‌كرێت و داوا له حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌م ده‌ستبه‌جێ خزمه‌تگوزاری دابین بكات و داوایش له حكوومه‌تی فیدراڵ ده‌كه‌م هاوكار بێ.
سه‌رۆك بارزانی بە سه‌رۆك هۆز و پیاوماقوڵانی ناوچەکەی راگه‌یاند کە ئه‌وه‌ی كه فه‌رمانڕانیی داعشی پێ دروسته، ئه‌وا ڕێگه‌ی ده‌ده‌ین بچێته نێو داعشه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ڕۆڵی خراپ ببینێ و سیخوڕی بكات، لێره جێگایان نابێته‌وه، هەروەها جەختیشی کردەوە هه‌ر كه‌سێك هاوكاریی ئه‌و تیرۆریستانه‌ی كردووه، به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین كه له‌گه‌ڵ داعشدا ده‌كرێ.
سەرۆک بارزانی تەئکیدیشی کردەوە کە هه‌ر كه‌سێك له هه‌رێمی كوردستاندا بژی، ئازاده له پێڕۆكردنی ئایین و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی، جه‌ختیشی كرده‌وه، ئه‌و ناوچانه‌ی كه ئازادمان كردوون به‌شێكن له هه‌رێمی كوردستان و بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌یش ئاماده‌ی هاوكارین.
هه‌ر له میانى ئه‌و كۆبوونهوهیهیدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك هۆز و كهسایهتیەکانی عه‌ره‌بى ده‌ڤه‌رى رۆژئاواى دیجله، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان جه‌ختى له‌سه‌ر برایه‌تى كورد و عه‌ره‌ب كرده‌وه و رایگه‌یاند كه داعش ناتوانێت برایه‌تى كورد و عهرهوب تێكبدات و داعش هیچ پاشهرۆژێكى لێره نییه .
لە بەرانبەریشدا سه‌رۆك هۆز و كه‌سایه‌تییە عهرهبیەکانى ناوچه‌كه ستایشى پێشمه‌رگه و گه‌لى كوردستان و حكوومه‌ت و له سه‌رووشیانه‌وه ستایشى سه‌رۆك بارزانی‌یان بۆ پاراستنى گیان و ماڵیان و راشیانگه‌یاند كه پێشمه‌رگه زامنى پاراستنى سهروماڵییانه.
بۆ بینین و بیستنی دەقی وتەکانی سەرۆک بارزانی لەسەر ئەم لینکە كلیك بکە.
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 2015/1/4، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، میحوه‌ری ڕۆژئاوای دیجله‌ی له ناوچه‌ی سحێلا و سنووری زوممار به‌سه‌ر كرده‌وه و له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ فه‌رمانده و به‌رپرسه سه‌ربازییه‌كانی میحوه‌ره‌كه، بارودۆخی ناوچه‌كه و دوایین پێشهاته سه‌ربازییه‌كان و پێشڕه‌وییه به‌رده‌وامه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی له به‌ره‌كانی جه‌نگی دژی تیرۆرستانی داعشدا تاوتوێ كرد و له پێویستییه‌كانی پێشمه‌رگه و به‌ره‌كانی جه‌نگی كۆڵییه‌وه.
پاشان به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ناوه‌ندی شارۆچكه‌ی زومماری به‌سه‌ر كرده‌وه و سه‌ردانی هه‌ردوو باره‌گای لیژنه‌ی ناوچه‌ی زومماری پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمیته‌ی زومماری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد، كه ته‌نیا دوو باره‌گای حیزبه كوردستانییه‌كانن دوای ڕزگاركردن و ده‌رهێنانه‌وه‌ی زوممار له ده‌ست تیرۆرستانی داعش، گه‌ڕاونه‌ته‌وه شارۆچكه‌كه. له دوو دیداری جیا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌ردوولادا، باس له ڕه‌وشی شارۆچكه‌كه و گه‌ڕانه‌وه‌ی دانیشتوانی و پێداویستی و خزمه‌تگوزارییه‌كان كرا و به‌تایبه‌تیش جه‌خت له كێشه‌ی نه‌بوونی كاره‌با و په‌له‌كردن له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هێڵی كاره‌بای نیشتمانی كرا. به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش ڕایگه‌یاند كه لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان ڕاده‌سپێرێت تا به زووترین كات كار له‌سه‌ر ئه‌م كێشه‌یه بكرێت و هه‌وڵی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان بدرێت.
دوای نیوه‌ڕۆش له دوایین وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئه‌و سنووره، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، باره‌گای ده‌سته‌ی نه‌وتی نه‌ینه‌وا و كۆمپانیای نه‌وتی باكووری له عه‌ینزاله به‌سه‌ر كرده‌وه. له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسان و سه‌رپه‌رشتیارانی ده‌سته و كۆمپانیاكه، بارودۆخی ناوچه‌كه و سروشتی كار و گرنگیی پاراستنی ئه‌و دامه‌زراوانه، دوای پاككردنه‌وه‌یان له تیرۆرستانی داعش، خسته به‌ر باس و تاوتوێ كرد.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 23/12/2014 به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به مه‌به‌ستی سه‌ره‌خۆشی و ده‌ربڕینی هاوخه‌می سه‌ردانی دایك و خانه‌واده و كه‌سوكاری ئه‌و سێ برا پێشمه‌رگه قاره‌مانه( ئه‌حمه‌د عوسمان یوسوف، نه‌جات عوسمان یوسوف و مه‌ولود عوسمان یوسوف) ی كرد، كه له رێكه‌وتی 25/10/2014 دا به‌یه‌كەوە و له‌یه‌ك شوێندا له شه‌ڕی به‌رگری له سه‌روه‌ری خاك و شه‌ره‌فی گه‌لی كورد له زوممار شه‌هید بوون.
له‌م سه‌ردانه‌دا سه‌رۆك بارزانی سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌می خۆی به دایك و خانه‌واده‌ی ئه‌و سێ شه‌هیده قاره‌مانه راگه‌یاند و گوتی، من ده‌مویست رۆژی یه‌كه‌م بێمه حزورتان، به‌ڵام بۆ من زه‌حمه‌ت بوو به‌رگه‌ی ئێش‌وئازاری ئێوه بگرم و ئێوه ببینم. پاش ئه‌م سه‌ركه‌وتنانه له‌خۆم را دیت، كه بێمه خزمه‌تان، هیوادارم ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه ببنه سه‌به‌بی ساڕێژكردنه‌وه‌ی ئێشوئازارهكانتان. هه‌موو ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی ئێستا له سه‌نگه‌رن و ئه‌وه‌ی شه‌هید بووه كوڕی تۆن و تۆ دایكی هه‌موویانی. ئێمه به ئێوه سه‌ربڵندین. له‌جیاتی چوونم بۆ لای هه‌موو دایكە شه‌هیدان، هاتوومه‌ته لای تۆ تا له‌رێگه‌ی ئێوه‌وه سه‌ره‌خۆشی له هه‌موو دایكی شه‌هیدان بكه‌م و په‌نا به‌خوا له ده‌رفه‌تێكی دیكه‌دا به خزمه‌ت هه‌موو دایكە شه‌هیدانی دیكەیش ده‌گه‌م.
هه‌روه‌ها ئەوەیشی بە دایكی هەر سێ شەهیدی قارەمان رایگه‌یاند كە هه‌ر سێ كوڕه شه‌هیده‌كه‌ت سه‌روه‌ری و شه‌ره‌فێكی مه‌زنیان تۆماركرد و له‌پێناو شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تی گه‌له‌كه‌یاندا گیانی خۆیان به‌خت كرد و بوونه سمبوڵ و بۆ هه‌میشه به زیندوویی ده‌مێننه‌وه.
سه‌رۆك بارزانی ئه‌وه‌شی بۆ دایكی ئه‌و سێ شه‌هیده قاره‌مانه باسكرد، كه سوپاس بۆ خوا شه‌هیده‌كانمان خوێنیان به فیڕۆ نه‌ڕۆیشتووه و له‌سایه‌ی خوێنی پاكیانه‌وه سه‌ركه‌وتنی مه‌زن به‌دیهاتووه و دوژمن تووشی شكستی گه‌وره هاتووه و ئه‌وه‌ی زه‌ڕه‌یه‌ك ویژدانی هه‌بێت و نیشتمانپه‌روه‌ر بێت، باش ده‌زانێ، كه خوێنی ئه‌وان به فیڕۆ نه‌ڕۆیشتووه.
هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی ئه‌وه‌شی باس كرد كە بۆ هه‌موومان جێگه‌ی شانازی و سه‌ربه‌رزییه، كه گه‌لی كورد ئه‌و شێره‌ژنانه‌ی هه‌یه و رۆڵه‌ی قاره‌مان و گیان له‌سه‌رده‌ستی په‌روه‌رده كردووه.
له‌م سه‌ردانه‌دا خانه‌واده و كه‌سوكاری ئه‌م سێ شه‌هیده قاره‌مانه سوپاسی سه‌رۆك بارزانیان كرد و رایانگه‌یاند، به شه‌هیده‌كانمان سه‌ربه‌رزین و شه‌هیدانمان له‌رێی خاك و پاراستنی كه‌رامه‌تی وڵاته‌كه‌یان گیانی خۆیان به‌خت كردووه، سەردان و هاوخەمیی سەرۆك بارزانی له خه‌م و ئازارمانی كه‌مكرده‌وه.
بە مەبەستی تاوتوێكردنی بارودۆخی ئەو ناوچانەی كەوتوونەتە بەر پەلاماری تیرۆریستان و هەروەها بارودۆخی ئاوارەكان و گوێگرتن لە ڕاوبۆچوون و پێشنیارەكان ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی 9ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كەسایەتییە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكان و پیاوماقوولانی ئێزیدی و كریستیان و موسلمان و توركمان و ئەرمەن و شەبەك و نوێنەرانی هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی شنگال و دەشتی نەینەوا و دەڤەری تەلەعفەر و زوممار كۆبۆیەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و تێیدا باڵی كشاندە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستان بۆ سەر خەڵكی ناوچەكە و هاوخەمیی خۆی بۆ خەڵكی دەڤەرەكە و لێقەوماوان نیشاندا و ڕایگەیاند كە ئەوە كارەساتێكە بەسەر هەموو گەلی كوردستاندا هاتووە و هەموومان تێیدا هاوبەش و هاوخەمین. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە ئەو دۆخە نالەبارە هەرهەمووی لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی حكوومەتەكانی بەغدا بووە. لەبارەی پەلاماری تیرۆریستانیش سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە تیرۆریستان هیچ سنوورێك بۆ بەها و ئەخلاق نازانن و ئەمانجیان تەنیا دەستدرێژی و تۆقاندنی خەڵكە و ڕایشیگەیاند كە تیرۆریستان لە پاشەكشەدان و هێزی پەلاماردانیان نەماوە و هیچ داهاتوویەكیان لەم وڵاتەدا نییە.
هەر لە درێژەی قسەكانیدا وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە گەلی كوردستان تەنیا نییە و هەموو دونیا پشتیوانیەتی، ڕۆڵی پێشمەرگەی لە ڕێگەگرتن و وەستاندنی پەلاماری تیرۆریستان بەرز نرخاند و جەختیشی لەوە كردەوە ئەگەر بە تەنیا بین و كەسیش لە پشتمان نەبێت ناهێڵین یەك بستی خاكی كوردستان لەژێر دەستی تیرۆریستان‌دا بمێنێت.
سەرۆك بارزانی لەبارەی بارودۆخی ئاوارەكانیش دوا و هێمای بەوەدا كە چارەسەری سەرەكیی كێشەی ئاوارەكان ئەوەیە كە ناوچەكانیان ئازاد بكرێت و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و داوایشی كرد كەس بیر لە جێهێشتنی وڵات نەكاتەوە و لە وڵاتی خۆیان بمێنن و یان هەموومان پێكەوە بە ئازادی و سەربەرزی دەژیین یانیش پێكەوە دەمرین. سەرۆك بارزانی ئامادەبووانیشی لەوە دڵنیا كردەوە كە ئەوانەی لە ڕووداوەكاندا كەمتەرخەمییان نواندووە دەدرێنە دادگە و سزا دەدرێن. سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەو كارەساتە دا كە بەسەر خەڵكی شنگالدا هاتوو و ڕایگەیاند ئەوانەی دەستیان لە كوشتن و ئازاردانی خەڵكی شنگالدا هەبووە سزای خۆیان وەردەگرن و ئامادەبووانیشی لەوە دڵنیا كردەوە كە شنگال و هەموو ناوچەكانی ژێر دەستی تیرۆریستان ئازاد دەكرێن.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا دەرگەی گفتوگۆ و پرسیار و پێشنیار بەسەر ئامادەبووان كرایەوە و نوێنەرانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی شنگال و دەشتی نەینەوا و تەلەعفەر و زووممار لەبارەی چارەسەركردنی دۆخەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و هەروەها بارودۆخی ئاوارەكان تێبینی و پێشنیار و پرسیارەكانیان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و سەرۆك بارزانیش وەڵامی پرسیار و تێبینییەكانیانی دایەوە.
دوایین هەواڵەکان
- په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مه‌نسوور یاقووتی وه‌ک له‌ده‌ست چونی یاقووتێکی گرانبه‌هایه
- سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگریی هۆڵه‌ندا کۆبووه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاڵيا كۆبوونه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد