بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وهزیرانى ههرێمى كوردستان، لهپهیامێكدا دهربارهى بۆمبابارانكردنی بنكەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە هەرێمی كوردستان، ئامادهییى خۆى و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاوكاریكردن لهپێناو دروستكردنەوەی ئاگربەست و ئاشتی لە توركیا، دهردهبڕێت.
ئەمەش دەقی پەیامەكەیه:
شەوی ڕابردوو فڕۆكە و تۆپخانەكانی توركیا، بەمەبەستی لێدانی بنكەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستانیان بۆمباباران و تۆپباران كرد. بەداخەوە ئەو بۆمباباران و تۆپبارانكردنە دوای ئەوە هات كە سەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان چەند جارێك ڕایگەیاند "ئاگربەست و پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ توركیا كۆتایی هاتووە و پارتی دیموكراتیی گەلان HDP و بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ـ یش بۆیان نییە بڕیار لەسەر چەكدانانی پارتی كرێكارانی كوردستان بدەن"، ئەوەش لە ڕۆڵی ئەوانی لە پرۆسەكەدا كەم كردەوە و كاریگەرییەكی زۆریشی لە ڕای گشتیی توركیا كرد و حكوومەتی توركیای خستە ژێر گوشارێكی زۆرەوە.
هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند پۆلیسێك لە توركیادا كوژران، كە پارتی كرێكارانی كوردستان بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشانە ڕاگەیاند، ئەمەش بارودۆخەكەی زۆر ئاڵۆزتركرد.
پرۆسەی ئاشتی لەنێوان دەوڵەتی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان، دوای هەوڵ و كۆششێكی زۆر، زەمینەی بۆ سازكرا و بە كردەوە دەستیپێكرد، هەروەها قۆناغی زۆر گرنگیشی بڕی و ئەنجامەكانیشی زۆر كاریگەربوون بۆ پێشكەوتنی دیموكراسی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە لە توركیا و باشبوونی گوزەرانی خەڵك لهو وڵاتە.
هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕۆڵێكی زۆر گرنگی هەبوو لە دروستكردنی ئاگربەست لەنێوان توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان و هێنانەكایەی پرۆسەی ئاشتی و گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەنێوان هەردوولادا، كە بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئەنجامی ئەو ڕۆڵەی بهڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وەك لایەنێكی سەرەكیی گفتوگۆیەكە مامەڵەی لەگەڵ دەكرا، نەك وەك زیندانییەك، بەڵام بەداخەوە هەڵەكان ئێستا هەموو ئەو پرۆسەیان تێكداوە. هەموو ئەو پرۆسەیەش بەبێ جورئەت و لێتێگەیشتنی بەڕێز ڕەجەب تەییب ئەردۆغان ـ ی سەرۆك كۆماری توركیا پێكنەدەهات و بەڕێوە نەدەچوو.
بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لەگەڵیشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئامادەن ڕۆڵی خۆیان بخهنەوە كار بۆ دروستكردنەوەی ئاگربەست و دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لەو شوێنەوەی لێیەوە پەكخرا، چونكه توندوتیژى و بهكارهێنانى هێز، هیچ كێشهیهك چارهسهر ناكات.
لێرەدا داوا لە پارتی كرێكارانی كوردستان دەكەین، كە دان بەخۆیدا بگرێت و هەموو هەوڵێك بدات بۆ ئەوەی ئاگربەست و پرۆسەی ئاشتی دەستپێبكاتەوە و ڕۆڵ بدرێتەوە بە بەڕێز ئۆجەلان وHDP و ئێمەش ئامادەین بۆ هەموو هاوكارییەك.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان
25/7/2015
ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی 2ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی کرد لە پارلەمانتاری توركیا خاتوو لەیلا زانا و سری سورەییا ئۆندەر، پارلەمانتار و جێگری هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان HDP کە بەمەبەستی گەیاندنی نامەیەکی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان تەشریفیان هێنابوو.
لە دیدارەكەدا ئەو نامەیەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە بە دەستی خۆی و بەزمانی کوردی بۆ سەرۆک بارزانی نووسیوە ڕادەستی سەرۆک بارزانی کرا کە تیایدا وێڕای دەربڕینی ڕێزی خۆی بۆ سەرۆک بارزانی، باسی پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا کردووە. لەبەشێکی دیکەی نامەکەدا بەڕێز ئۆجەلان پشتگیریی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا دەربڕیوە و داوای هاوکاریی سەرجەم لایەنەکانی کردووە بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە و ئاماژەی بۆ پێویستیی بەردەوامبوونی هەماهەنگیی لەنێوان هەموو لایەنە کوردییەکان کردووە.
هەر لە دیدارەکەدا کۆمەڵێک تەوەر خرانە بەر باس کە پەیوەندییان بە ڕەوشی ناوچەکەوە هەیە.
سێ شەممە, 11 شوبات 2014
لە دیدارێكی نێوان فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت باڵیۆز تیبۆر زاتماری باڵیۆزی هەنگاریا لە عیراق و خاتوو ئیڤا لادانی راوێژكاری باڵا لە فەرمانگەی پەیوەندیەنێودەوڵەتیەكان لەبواری پەروەردە باس لە پتەوكردنی پەیوەندیە دوولایەنەكان و كردنەوەی كونسوڵگەری گشتی هەنگاریا لە هەرێم و هاوكاری زیاتری نێوان زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و هەنگاریا كرا.
لە كۆبوونەوەكەدا كە خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە ئامادەبوو، باڵیۆزی هەنگاریا ئامانجی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان روونكردەوەو گووتی لە ئامادەكاری كردنەوەی كوسوڵگەری گشتی وڵاتەكەمانین لە هەرێمی كوردستان و لە ئایندەیەكی نزیك مەڕاسیمی دەستبەكاربوونی كونسوڵی گشتی ئەنجام دەدەین.
هەروا گووتی ئێمە دەخوازین لە بوارەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵاو كەلتوور و گەشتوگوزار پەرە بەپەیوەندیەكانمان بدەین، كردنەوەی نوێنەرایەتیمان رێگەخۆشكەرە بۆ ئەم جۆرە هاوكاریانە.
فەلاح مستەفا دەستخۆشی ئەم هەنگاوەی لێكردن و پشتگیری تەواوی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی خستەڕوو بۆ كردنەوەو سەرخستنی كارەكانی كونسوڵگەری گشتی هەنگاریا لە هەرێمی كوردستان.
دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و پتەوكردنی پەیوەندیە دووقۆڵیەكان و بەرنامەكانی ئایندە، تەوەرێكی دیكەی دیداری نێوان هەردوولا بوو.
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد