ئەمڕۆ یەكشەممە 10ـی 8ـی 2014 لە هەولێری پایتەخت بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە لۆران فابیۆس وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و شاندێكی یاوەری كرد.


لە كۆبوونەوەیەكدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت و مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون سەرۆك بارزانی زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسای كرد كە هەڵگری پەیامی پشتیوانیی سەرۆك و گەلی فەڕەنسا بوو بۆ هەرێمی كوردستان و سوپاسی پاڵپشتیی فەڕەنسای كرد بۆ گەلی كوردستان و ڕایگەیاند كە بە پشتبەستن بە خۆمان و هاوكاریی دۆستانمان لەوە دڵنیاین كە تیرۆریستان تێكدەشكێنین. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی كوردستان لەپێناو چەسپاندنی پێكەوەژیان و لێبووردەیی و ئازادییدا ئامادەیە قوربانی بدات. سەبارەت بە كاریگەریی ڕووداوەكانی ئەم دواییە لەسەر پەیوەندیی نێوان كورد و عەرەب سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ڕێگە نادەین تیرۆر پەیوەندیی نێوان كورد و عەرەب تێك بدات. لەبارەی شەڕی تیرۆریشدا سەرۆك بارزانی ئەوەی ڕوونكردەوە كە كوردستان لەشەڕدایە لەگەڵ دەوڵەتێكی تیرۆریستیی پڕچەك و داوای لە وڵاتانی ئازاد كرد كە بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستان پشتیوانی كوردستان بن. سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆكی فەڕەنسا و ئەمەریكا و هەموو ئەو وڵاتانەی كرد كە یارمەتیی كوردستان دەدەن و هێمای بەوەدا كە كوردستان سەركەوتوو دەبێت چونكە پێشمەرگەی قارەمانی هەیە و دۆستی بە وەفا و مەزنیشی هەیە.

لەبەرانبەردا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لێی كراوە و ڕایگەیاند كە هەڵگری پەیامی پشتیوانیی حكوومەت و گەلی فەڕەنسایە بۆ هەرێمی كوردستان. وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەدا كە شەڕی كوردستان لەگەڵ تیرۆریستاندا شەڕی فەڕەنسایشە چونكە فەڕەنسا وڵاتی ئازادییەكانە و شەڕی دژی تیرۆر شەڕی پاراستنی ئازادییە. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دووپاتی كردەوە كە فەڕەنسا لەتەك هەرێمی كوردستان دەوەستێت و هاوكارییەكانی بەردەوام دەبێت و ئەوەیشی خستەڕوو كە هانی وڵاتانی ئەوڕووپایی دەدات بۆ ئەوەی پردێكی ئاسمانی لەنێوان ئەوڕووپا و كوردستان دروست بكرێت بە مەبەستی گەیاندنی هاوكاری بۆ ئاوارەكان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

قسەكردن لەسەر دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی هەرێم و پەلاماری تیرۆریستان بۆ كوردستان و بارودۆخی ئاوارەكانی پارێزگای موسڵ و دەڤەری زوممار و شەنگال و چۆنییەتی یارمەتیدانیان تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو. پاش تەواوبوونی كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان لە پڕێسكۆنفڕانسێكدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن شی كردەوە. 

 

 

 

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی 7ـی 2014 لە كۆشكی ئەلیزەی پاریسی پایتەختی فەڕەنسا جاك ئۆدیلبێر گەورە ڕاوێژكاری كاروباری دەرەوەی سەرۆكی فەڕەنسا پێشوازی لە فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كرد.


لە دیدارێكی دۆستانەدا د. فواد حوسێن نامەی سەرۆك بارزانیی بۆ سەرۆكی فەڕەنسا ڕادەستی ڕاوێژكاری كاروباری دەرەوەی سەرۆكی فەڕەنسا كرد و لە دانیشتنێكیشدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و كوردستان و ناوچەكە بە تایبەت پاش ڕووداوەكانی 10ـی حوزەیرانی ڕابردووی شاری موسڵ ئاڵوگۆڕ كرا. هەروەها د. فواد حوسێن بە ڕاشكاوی باسی لە هاتنەكایەوەی بارودۆخی تازە و قەیرانی سیاسیی عێراقی كرد و سیاسەتی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستانی لەبارەی ئێستا و ئاییندەی عێراق و كوردستان بۆ ڕاوێژكاری سەرۆكی فەڕەنسا شیكردەوە.

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئەوەیشی خستەڕوو كە هەر چەندە كورد بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ هەوڵیدا عێراقێكی دیموكراتی و فیدڕاڵ دروست ببێ و بپارێزرێت بەڵام هەوڵ و پڕۆسەكە سەری نەگرت و ئێستا لەسەر ئەرزی واقعدا عێراق پارچەپارچە بووە و هۆكاری سەرەكیی ئەو دابەشبوونەیش سیاسەتی هەڵەی مالیكی و بەهێزتربوونی تیرۆریستان بووە و ئەمە وای كردووە خەڵكی كوردستان لەبارەی ئاییندەی پەیوەندیی عێراق و كوردستان پرسیاریان هەبێت.

لای خۆیەوە ڕاوێژكاری كاروباری دەرەوەی سەرۆكی فەڕەنسا سوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد بۆ ناردنی نامە بۆ سەرۆكی فەڕەنسا و جەختی لەوە كردەوە كە لە ئارەزوو و بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەگات و هیوایشی خواست پەیوەندییەكانی فەڕەنسا و هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت و بەرەو پێشەوە بچێت و داواشی كرد لە هەموو قۆناغێكدا لەنێوان هەردوولا ڕاوێژ و ئاگاداركردنەوەی بەردەوام هەبێت.

 

 

 

 

ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی 7ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژان فڕانسوا ژیرۆت بەرپرسی بەشی باكووری ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا و شاندێكی یاوەری كرد.

 

لە كۆبوونەوەیەكدا بەرپرسی بەشی باكووری ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم دیدارە نیشاندا و وێڕای ئاماژەدان بە قەیرانی سیاسی و ئەمنیی ئەم دواییەی عێراق ئەوەی خستەڕوو كە تیرۆر و توندڕۆیی مەترسییەكی گەرورەیە بۆ سەر عێراق و ناوچەكە و هەموو جیهان. لەگەڵئەوەیشدا پێویستە كێشەی ئەمنی و سیاسی لەیەكتر جیا بكرێتەوە و هاوكاتیش داواكاریی سووننە و داعشیش لەیەكتر جیا بكرێنەوە. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ڕاشیگەیاند كە كێشە سیاسییەكانی عێراق بەمشێوەیە بەردەوام بن ئەم وڵاتە بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت. بەرپرسی بەشی باكووری ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە درێژەی قسەكانیدا سوپاسی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد كە توانیویەتی بەشێكی گەورەی وڵات لە هەڕەشەی تیرۆریستان بپارێزێت و یارمەتیی ئاوارە و مەسیحییەكانی عێراق بدات.

 

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سەبارەت بە ڕووداوەكانی ئەم دواییە و هەڕەشەی تیرۆریستان سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ شاندی میوان ڕوون كردەوە كە چەند مانگ بەر لەو قەیرانە سەرۆكوەزیرانی عێراقی ئاگادار كردبوو كە موسڵ بە دۆخێكی مەترسیدار دەڕوات بەڵام سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەم هۆشدارییەی پشتگوێی خست و بە جدیی وەرنەگرت. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە بەرپرسیارێتیی سەرەكیی ئەم دۆخە ئەمنی و سیاسییەی ئێستا هەیە دەكەوێتە سەر شانی دەستەڵاتدارانی بەغدا و توندڕۆ و تیرۆریستان سیاسەتی هەڵەی حكوومەتی مالیكیان قۆستەوە بۆ ئەوەی لە ناوچە سوننەنشیننەكان جێی پێی خۆیان قایم بكەن. پەیوەست بە سیاسەتی گشتیی هەرێمی كوردستان بەرانبەر بارودۆخی ئێستای عێراق سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەك پارێزگاری لە سنوورەكانی خۆی و هاووڵاتیانی دەكات و بەڕووی هەموو جۆرە دەستدرێژییەكی تیرۆریستان دێتەوە. سەرۆك بارزانی هێمایشی بەوەدا كە كوردستان نابێتە بەشێك لە شەڕی تاییفیی عێراق و چارەسەری بنەڕەتیی گرفتەكان تەنیا لەڕێی كردەی سەربازییەوە ناكرێ بەڵكو دەبێ سەرەتا لەڕووی سیاسییەوە گۆڕانكاری لە پڕۆسەكە ڕوو بدات. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەیشی بەوەدا كە گەلی كوردستان ناچار نییە چیدی چارەنووسی خۆی بداتە دەست دۆخێكی نادیار و تەمومژاوی و باجی هەڵەی خەڵكی دیكە بدات و ئەوەی ئێستا لەعێراقدا ڕوویداوە كوردستان لێی بەرپرس نییە بەڵكو ئەنجامی سیاسەتی هەڵە و شەڕی تاییفی بووە.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە بەهۆی خێرایی ڕووداوەكان و لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرەكان لە پەیوەندی و ڕاوێژی بەردەوامدا بن.

 

 

 

 

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی 6ـی 2014 لۆران فابیۆس وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆك بارزانی كرد.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سڵاوی سەرۆكی فەڕەنسای بە سەرۆك بارزانی گەیاند و دەستخۆشی لە سەرۆك بارزانی كرد بەهۆی ئەوەی هێزی پێشمەرگە توانیویەتی لەپێناو گەڕاندنەوەی ئارامی ئەو بۆشاییە پڕ بكاتەوە كە لە ئەنجامی پاشەكشەی هێزەكانی سوپای عێراق لەدوای گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییە سەری هەڵدابوو. هەروەها سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانی كرد بۆ ئەو پێشوازی و یارمەتییەی كە پێشكەشی ئاوارەكانی نەینەوا و شوێنەكانی دیكە كردووە.

لەم پەیوەندییەدا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا وێڕای باسكردنی ئاڵۆزی و هەستیاریی بارودۆخی سیاسیی عێراق، نیگەرانیی خۆی و وڵاتەكەی لە پەرەسەندنی هێزی چەكدارەكان و هەڕەشەی تیرۆر نیشان دا و جەختی لەوە كردەوە كە سەرۆك بارزانی ئەو سەركردەیەیە كە بتوانێ لە بەرانبەر ئەم قەیرانە بوەستێ و چارەسەرێك بدۆزێتەوە.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی زۆر سپاسی سەرۆكی فەڕەنسا و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا كرد و ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە كوردستان هەمیشە پەناگە و پێگەیەكی ئارام دەبێ و هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان كوردستان و ئەو ناوچانەی ئێستا لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەدان دەپارێزێت و هیوایشی خواست كە بارودۆخ جێگیر ببێت و سەقامگیری بگەڕێتەوە. لەدرێژەی ئەم پەیوەندییەدا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند كە سەرۆكی فەڕەنسا بە وردی چاودێریی بارودۆخی عێراق دەكات و جەختی لەسەر بەردەوامیی پەیوەندیی نێوان فەڕەنسا و كوردستان كرد و هیوای خۆشی و بەختەوەری بۆ خەڵكی كوردستان خواست.

 

 

 

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە رێكەوتنی بەرایی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و گروپی ( 5+1 ) ئەمەریكا، بەریتانیا، فەڕەنسا، رووسیا، چین، ئەڵمانیا دەكات و بە هەنگاوێكی ئەرێنی دەزانێت.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی