بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەك كونسوڵی گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، ئەمڕۆ بەڕێز مورتەزا عیبادی بەیاوەری شاندێكی كونسوڵگەری سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كردو لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لێكرا.
لەدیدارێكدا كە بەڕێزان خاتوو سوهام جەبەلی یاردەدەری بەرپرسی فەرمانگە و عەبدوڵڵا ئاكرەیی بەرێوەبەری گشتی پەیوەندیەكان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەبوون، فەلاح مستەفا پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە بەڕێز مورتەزا عیبادی كردو هیوای سەركەوتنی لەو ئەركەی بۆ خواست، هاوكات ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی خستەڕوو بۆ سەرخستنی كارەكانیان لە هەرێم.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت ستایشی رۆڵی كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد كە لە قۆناغە جیاجیاكان یارمەتی گەلی كوردستانی داوەو لەم قۆناغەشدا یارمەتی و كۆمەكی پێشكەش هەرێمی كوردستان كردووە.
هەردوولا كۆك بوون لەسەر بایەخی پتەوكردنی زیاتری پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا، فەلاح مستەفا گووتی پەیوەندیەكانمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران مێژووییەو دەخوازین ئەو پەیوەندیانە بەردەوامیان هەبێت و بەرەوپێش بچێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و سوودی دوولایەنە.
لەبەرامبەردا كونسوڵی گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر خۆشحاڵی خۆی نیشاندا كە ئەركی لە هەولێر پێسپێردراوەو پوختەیەكی لەسەر مێژووی پەیوەندیەكان و هاوكاریان خستەڕوو و هیوای خواست بتوانێ زیاتر پەرە بە پەیوەندیەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان بدات.
دوای ئەوەی لە چەند دەزگایەكی راگەیاندن لە كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان هەواڵێك بڵاوكرایەوە كە گوایە كونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی رایگەیاندووە كە باری ئەمنی هەرێمی كوردستان ناجێگیرەو داوای لە هاوڵاتیانی كردووە سەردانی هەرێم نەكەن. لە بەیاننامەیەكدا كونسوڵگەری كۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی ئەو هەواڵە رەت دەكاتەوەو دەڵێ هیچ راستیەكی تێدا نییە.
ئەمەش دەقی بەیاننامەكەیە:
ژمارە (1074)
بەرواری 5/3/2014
هەندێك لە راگەیاندنەكانی ئێرانی لەم رۆژانەی دواییدا هەواڵێكیان سەبارەت بە نائارامی لە هەرێمی كوردستان بە ناوی كونسوڵگەری گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی بڵاوكردۆتەوە كە بابەتی فەرمی ئەم كونسوڵگەریە نەبووە و هیچ راستیەكی تیادا نیە .
هەوڵەكانی ئەم كونسوڵگەریە بۆ هاندانی سەرمایەگوزارانی ئێرانی بە وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان و پەرەسەندنی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان نیشاندەری ئارامی و هێمنایەتی بەرچاوی ئەم ناوچەیە بووە ، جارێكی تر دووپاتیدەكەینەوە بابەتی فەرمی كۆماری ئیسلامی ئێران و ئەم كونسوڵگەریە پەرەپێدانی پەیوەندی سیاسی ، ئابووری ، كەلتووریە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هەرگیز رێگە نادەین كەلێن بكەوێتە نێوان پەیوەندی دۆستانە و برایانەی نێوانمان .
كۆماری ئیسلامی ئێران هەروەك چۆن لە كاتە دژوارەكان لە پاڵ خەڵكی باشی هەرێمی كوردستان بوە و دۆستانی باشی لە هەرێمی كوردستان هەیە ، بە هەمان شێوە شانازی بەم دۆستایەتیەوە دەكات .
پێنج شەممە, 06 ئازار 2014
بە ئامادەبوونی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، ئەمڕۆ روفاتی 93 شەهیدی ئەنفالكراوی بارزانی گەیشتە هەولێر و لە هەولێرەوە بەرەو زێدی باو باپیرانیان لە بارزان بەڕێخران.
لە رێوڕەسمێكدا كە ژمارەیەك لە كەسوكاری شەهیدانی ئەنفالی بارزان و عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەك لە وەزیرانی حكومەت و كونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی ئامادەی بوون ، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لە پەیڤێكدا وێڕای بەخێرهێنانی میوانان نیشانیدا ئەمڕۆ هەولێر میوانداری ژمارەیەكی دیكەی قوربانیانی ئەنفال دەكات كە لاپەڕەیەكی پڕ لە شانازیان لە مێژووی گەلی كوردستان تۆماركردووە و دوژمنان لە بارزانی سەركەشەوە بەرەو بیابانەكانی باشووری عیراقیان بردن وایان زانیبوو كە بەمشێوەیە ئیتر كورد كۆتایی پێدێت .
پاشان سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتەیەكدا سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانەی كرد كە زەحمەتیان كێشا و تەنانەت ژیانی خۆیان خستە مەترسی و چوون بۆ بیابانەكانی خوارووی عیراق لە نێوان پارێزگای سەماوە و سنووری عەرەبستانی سعودیا تا توانیان ئەمجارەش 93 روفاتی شەهیدی ئەنفالی بارزانیان بدۆزنەوە و بیانهێننەوە هەولێر .
هاوكات سوپاس بەرپرسان و خەڵكی سەماو كرد كە زۆر یارمەتیدەری تیمەكانی هەرێم بوون بۆ ئەم مەسەلەیە و دووپاتیكردەوە هیچ كاتێك ئەو هەڵوێستەیان لە بیرناكرێت .
سەرۆك بارزانی نیشانیدا تاكە تاوانی ئەو شەهیدانە و شەهیدانی ئەنفالی بادینان و گەرمیان ئەوە بووە كە كوردن و نیشانیدا هەموویان كەسوكاری ئێمەن هاوكات سوپاسگوزاری خۆی پێشكەشی خەڵكی هەولێر و دەورووبەری و هەموو شار و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كرد كە لە سەردەمی رەشبگیرییەكەی كوردانی بارزانی كەسانێكی زۆریان داڵدە دا و ژیانی خۆیان خستە مەترسی بۆ رزگاركردنی خەڵكی ئەم ناوچەیە .
سەرۆك بارزانی ستایشی رەوشتی كورد كرد كە سەرەڕای ئەوەی سەربازانی رژێمی بەعس كەسوكاریانیان ئەنفال و كیمیاباران كرد بەڵام هیچ سەربازێكی ئەو رژێمە لە ڕاپەڕین یەك قسەی ناشیرینیشی پێ نەگوترا بۆیە هیوای خواست ئەم ڕەوشتەی كورد لە نێو خۆشماندا هەبێت .
سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی بارودۆخی ئەمڕۆی عیراقی كرد كە ئاڵۆزیەكی زۆری تیادایە و مەبەستی سەرەكی لەم ئاڵۆزیەش شكاندنی هەیبەت و شكۆی كوردە و گەڕاندنەوەی پلەبەندی نێوان هاوڵاتیانە و جارێكی دیكە كورد بە پلە دوو سەیر بكرێت دووپاتیشیكردەوە كورد هیچ كاتێك پاشكۆیەتی قبووڵ ناكات و قبوڵی ئەوە ناكات بۆ دواوە بگەڕێتەوە و ئەو هەموو قوربانیەی بۆ ئەوە نەداوە كە جارێكی دیكە قبووڵ زوڵم و ستەم بكات و ئەگەر ئەم رەفتارانەش بەردەوام بوو ئەوا ئەو كات وەڵامی كورد لە پێشبینی هیچ كەسێكدا نابێت .
نیشانیشیدا لەگەڵ حزبە كوردستانیەكان باسیان لەوە كردوە كە پێداچوونەوە بە پەیوەندیەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بكرێت چونكە ئەم حاڵە بەمشێوەیە ناچێتە سەر.
پاشان ئارام ئەحمەد وەزیری كاروباری شەهید و ئەنفالكراوان بە ناوی حكومەتی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئامادەبوانی كرد بۆ بەشداریكردن لەم ڕێوڕەسمە و نیشانیدا لەكۆی 182 هەزار رووفاتی ئەنفالكراو، تەنیا 2250 رووفات دۆزراونەتەوە و ئاماژەی بەوەشدا پاش تێپەڕینی ساڵانێكی زۆر بەسەر ئەنفالكردنی خەڵكی كوردستان لەلایەن رژێمی بەعس، كاری دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان زەحمەت بووە و ئاسایشی جوگرافیای گۆڕەبەكۆمەڵەكان رێگرێكی دیكەیە لە ئاستەنگەكان.
ئەوەشی خستەڕوو ئەم 93 رووفاتە لە مانگی 11ی ساڵی 2013 بە دووری 35 كیلۆمەتر لە ناوچەی بوسەییەی سەر بە شاری سەماوە و لە دووری زیاتر لە 1600 كیلۆمەتر دوور لە زێدی خۆیان، زیندەبەچاڵكراون، كە زۆربەیان گوللـەبارانكراون و هەڵمەتەكەش لە دژی رەگەزی نێر بووە.
هەروەها نیشانیدا لە ساڵی 2005 نزیكەی 503 رووفات دۆزرانەوە، لەكۆی 8 هەزار بارزانی، كە ئەنفالكراون، تاوەكو ئێستا تەنیا 606 روفات دۆزراونەتەوە و نەیشاردەوە بەسەرچوونی ئەوماوەیە كارەكەی قوڕستركردووە لە رووی هاوكات ئەوەشی خستەڕوو كە لە شاڵاوەكانی ئەنفال، نزیكەی 182 هەزار لە منداڵ، ژن و پیاوی كورد زیندەبەچاڵكران و تاوەكو ئێستاش لەناوچەكانی خوارووی عێڕاق و سنووری حەمرین، نزیكەی 1600 رووفات دۆزراونەتەوە.
هەروەها نەیشاردەوە ئەو رووفاتانەی لە هەڵمەتەكانی ئەنفال بەگشتی دۆزراونەتەوە دەگەنە 2250و لە شاری هەڵەبجەش هەزاران رووفات لە گۆڕی بەكۆمەڵدا نێژراون، بەڵام بەهۆی بەركەوتنیان بە چەكی كیمیایی و مەترەسییەكانیان نەتوانراوە دەربهێنرێن.
هەر لەم ڕێوڕەسمەدا وتاری نەتەوە یەكگرتووەكان پیشكەشكرا و دواتر تاجە گوڵینەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێم و كونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و حزب و لایەنە كوردستانیەكان داندران و كەژاوەی روفاتەكان بەرەو بارزان بەرێخران.
پێنج شەممە, 06 ئازار 2014
لهسهر ڕاسپاردهى نێچیرڤان بارزانى سەرۆک وهزیرانى ههرێمى كوردستان بۆ بهدواداچوونى ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سەید سادق و کەیسی شلێر و حەلیمە کە 27ى مانگی ڕابردوو لە گۆمێک لە چەمی چەقان تەرمەکانیان دۆزرایەوە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا شاندێکی حکوومی سەردانی سەید سادق و عەربەت و هەڵەبجەی تازەی کردووە و لەگەڵ دادوەر و داواکاری گشتی و بەڕێوەبەری پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەدا کۆبۆتەوە بۆ وەرگرتنی زانیاریی تەواو و بەدواداچوون لە دۆسیەی ئەم دوو خوشکە.
شاندهكه هەروەها سەردانی ماڵی دایکی شلێر و حەلیمەیان کردووە و لەگەڵ خەڵکی سەید سادقیش لەم بارەیەوە پرسیار و سۆراغیان کردووە بۆ وەرگرتنی زۆرترین زانیاری و گەیشتن بە ڕاستیى ئەم کەیسە و کارکردن لەسەر ئەوەی کە چی بکرێت بۆ ئەوەی ڕووداوی لەمجۆرە لە داهاتوودا دووباره نهبنهوه؟.
شاندهكه كه نەزەند بەگیخانی وەک ئەندامی بۆردی چاودێریی مافەکانی ژن سەرۆکایەتی کردووە، لەم بارەیەوە ڕوونى كردهوه: "بەپێی توێژینەوەکان ئەم دوو خوشکە لە مانگی تەممووزی ساڵی ڕابردووەوە فایلیان لای پۆلیس و دادگای سەید سادق و شەڵتەری داڵدەدانی ژنان لە سلێمانی هەبووە و گوتى: لە تەواوی مامەڵەکردن لهگهڵ ئەم کەیسەدا دەردەکەوێت كه لایەنە پەیوەندیدارەکان وەک پێویست چالاک و جددی نەبوون لەکارکردن لەسەر ئەم کەیسە، بۆیە کەمتەرخەمی هەبووە لە پاراستنی شلێر و حەلیمە".
لەسەر بنچینەی ئەو توێژینەوەیە و بەپێی ڕاسپاردەکان، لایهنه پهیوهندارهكانى حكوومهت کاری جددی دهكهن بۆ ئاراستەکردنی دۆخەکە و لێپرسینەوە لهو کەمتەرخهمیانهى لهم کەیسەدا ههبووه.
هەینی, 07 ئازار 2014
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد