مەنسوور جیھانی ـ فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" لە ھۆڵەکانی سینەماکسی "مازی مۆڵ" لە شاری دھۆک نمایش دەکرێت.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" Memories On Ston لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" و لە بەرھەمھێنانی "مەمەد ئەکتاش" فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە ھەشتا و ھەشتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٦ لە وڵاتی ئەمەریکا، لە ڕۆژی چوارشەمە ٢٣ ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٥ بە بۆنەی ھاتنی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە لە سێ ھۆڵی سینەماکسی "مازی مۆڵ" لە شاری دھۆک لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەی گشتیی دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت و ھەروەھا لە داھاتوویەکی نزیکیشدا لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانیش بۆ بینەران نمایش دەکرێت.
ئەم فیلمە کوردییە کە تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵ لە ئاستی دنیادا چۆتە سەر پەردەی سینەماکان و ھەروەھا چەندین خەڵاتی گرینگیشی بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەستھێناوە، لە نوێترین نمایشی نێودەوڵەتی خۆیدا لە ڕێوڕەسمی دەسپێکی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" Duhok و لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردیی" ئەم فیستیڤاڵەدا و لە ڕۆژی ڕێزلێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "یەڵماز گونای" دەرھێنەری براوەی چڵە بەڕووی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"ی فەڕەنسا لە ساڵی ١٩٨٢ لە ھۆڵی "کۆنگرە"ی زانکۆی شاری دھۆک نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی تەندیسی زێڕینی فیستیڤاڵ و بڕیی پارەی ٥ ھەزار دولاری بۆ باشترین دەرھێنەرییکورد بە "شەوکەت ئەمین کورکی" بۆ دەرھێنانی ئەم فیلمە بەخشرا و ھەروەھا خەڵاتی تەندیسی زێڕینی فیستیڤاڵ و بڕیی پارەی ١٠ ھەزار دولاری پارێزگاریی دھۆک بۆ باشترین فیلمی بڵندیی سینەمایی کە لە دەڤەری بادینان وێنەگیراوە پێشکەش بە دەرھێنەری ئەم فیلمە کرا.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی سێیەمین خولیفیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک"دا لە لایەن ھۆگرانی ھونەریی سینەماوە بە گەرمی پێشوازیی لێکرا و لە چەندین سانسی جیاوازدا لە ھۆڵەکانی سینەماکسی "مازی مۆڵ"ی شاری دھۆک نمایشکرا و لە لایەن بینەرانەوە پێشوازییەکی باشی لێکرا و لە نێوان فیلمەکانی ئەم فیستیڤاڵەدا زۆرترین ڕێژەی بینەرانی بۆخۆی تۆمار کرد.
مهنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی کوردی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی"، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی نمایشکرا.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" بە نوێنەرایەتیی لە هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی"، بەرهەمهێنەر و سیناریۆنووسی کورد "مەمەد ئەکتاش" و "ئەیووب ڕەمەزان" بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگای دهۆک، لە دوو سانسی جیاوازدا سەرەتا کاتژمێر 3ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی 25ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری 2014 لە هۆڵی ژمارە 5ی ڤۆکسی ناوەندی سینەمایی "مارینا ماڵ" لە شاری ئەبووزەبی و پاشان لە کاتژمێر 3ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی 27ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری 2014 لە هۆڵی ژمارە 2ی ڤۆکسی ناوەندی سینەمایی "مارینا ماڵ" لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی هەشتەمین خولی هەشتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیماڕات نمایشکرا.
دوای نمایشی ئەم فیلمە کوردییە کۆڕی ڕەخنە و هەڵسەنگاند بە ئامادەبوونی "شەوکەت ئەمین کورکی" و "مەمەد ئەکتاش" بەڕێوەچوو و ئەم دوو سینەماکارە کوردە بە وردی وڵامی پرسیاریی بینەران و ڕەخنەگرانی سینەماییان دایەوە.
لە سەرەتای ئەم کۆڕەدا "ئینتشال ئەلتەمیمی" بەڕێوەبەری هونەری و بەرنامەداڕێژی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی باسی مێژووی سینەمایی "شەوکەت ئەمین کورکی" کرد و ئەو پرسیارەی ئاراستە کرد کە بۆچی چیرۆکی فیلمەکانی باسی ڕابردووی کوردەکان دەکات و ئەم سینەماکارە کوردەش لە وڵامدا گوتی: فیلمی سینەمایی یەکەمم بە ناوی "پەڕینەوە لە غوبار" باسی ڕابردوو دەکات بەڵام چیرۆکەکەی لە ئێستادا تێدەپەڕێت، ئەو فیلمە نوێیەشم واتە فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" بە جۆرێک دەتوانم بڵێیم نیشاندانی دروستبوونی ئەو دوو فیلمە پێشووەم واتە "پەڕینەوە لە غوبار" و "شوێنێک بۆ یاریی"یە.
ئەلتەمیمی کارناسی سینەمای وڵاتانی عەڕەبی لە فیستیڤاڵە جیهانییەکاندا پرسیارێکی ئاراستەی "مەمەد ئەکتاش" کرد کە لە سازکردنی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" ڕووبەڕووی چ گرفتێک بوونەتەوە و ئایا ئەو گرفتانەی کە لە فیلمەکەدا هەیە ڕووبەڕووی ئێوەش بۆتەوە؟ کە ئەم سینەماکارە کوردە لە وڵامدا گوتی: پێش ئەوەی کە بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە بگرمە ئەستۆ لە وڵاتی ئەڵمانیا زۆر فیلمم بەرهەمهێناوە، پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام، سەردانی کوردستانم کرد و ئەو کاتە کوردەکان بیریان لە سەربەخۆیی دەکردەوە و ئێمەش هەوڵماندەدا کە فیلمی کوردی بەرهەمبێنین. گوێبیستی زۆر چیرۆک لە سینەماکارانی کورد لە کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە پشت سەحنەی فیلمە کوردییەکان دەبووم.
گوتیشی: چیرۆکی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" بە جۆرێک کۆکراوەی بیرەوەرییەکانی سینەماکارانی کوردە کە لە هەموو بهشهکانی کوردستان و هەروەها لە سینەماکارانی کوردی دەرەوەی وڵاتیش کۆکراوەتەوە.
یەکێک لە بینەرانی ئەم فیلمە کوردییە دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە ستافی فیلمەکە کرد و گوتی: ئەوە یەکەم فیلمە کە سەبارەت بە ژینۆسایدی کوردەکانی عێراق بینیومە ئایا ئێوە فیلمێکی سینەمایی کە سازدەکەن تووشی ئەو گرفتانەی فیلمەکە دەبنەوە بۆ پەیداکردنی ئەکتەر و کەرەستەکانی فیلم کە لەم فیلمەدا بینیمان؟ کە "مەمەد ئەکتاش" لە وڵامدا گوتی: زۆر سوپاسی پشتگیری و پشتیوانی هەرێمی کوردستان، وڵاتی ئەلمانیا و ئەنستیتۆی سینەمای دۆحەی قەتەر دەکەم، هەر چەندە بۆ سازکردنی فیلم لە هەرێمی کوردستان پەیداکردنی پارە و یارمەتیی دارایی زەحمەتە بەڵام فیلمی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" باسی سەختی و گرفتی سینەماکارانی کوردە کە چەندە بە زەحمەت فیلمێک بەرهەندێنن.
"شەوکەت ئەمین" لە درێژەدا گوتی: چیرۆکی ئەم فیلمە لە پشت کامێڕای فیلمەکانی خۆم و هاوڕێی دەرهێنەرەکانم وەرگیراوە و هەوڵمانداوە کە شەفاف و ڕاستەقینە فیلمێک لەبارەی سینەمای کوردییەوە سازبکەین.
بینەرێکی دیکە سەبارەت بە پیشەگەڕبوونی ئەکتەرەکانی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" پرسیاریی کرد کە دەرهێنەری ئەم فیلمە کوردییە لە وڵامدا گوتی: زۆربەی ئەکتەرەکانی ئەم فیلمە پیشەگەڕن و لە هونەرمەندانی هەموو بهشهکانی کوردستان پێکهاتوون و بۆ ڕۆڵە کورتەکان و کۆمبارسیش لە ئەکتەرە ئاماتۆڕ و خەڵکی ئاسایی کەڵکمان وەرگرتووە.
بینەرێکی دیکە سەبارەت بە باروودۆخی هونەر لە هەرێمی کوردستان دوای هێرش کردنی داعێش پرسیاریی کرد کە "مەمەد ئەکتاش" لە وڵامدا گوتی: وەکوو فیلمسازێک ناتوانین سەبارەت بەم باروودۆخە غافڵبین و ئێمەیش هەوڵدەدەین کە بە فیلم و سینەما باسی ئەو کارەساتە بکەین و هەڵوێستی خۆمان هەبێت.
مەنسوور جیهانی ـ بە ئامادەبوونی سینەماکارانی کورد "شەوکەت ئەمین کورکی"، "مەمەد ئەکتاش"، "هیشام زەمان" و بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگای دهۆک "ئەیووب ڕەمەزان"، هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیماڕات دەستی پێکرد.
بە ئامادەبوونی سینەماکارانی کورد "شەوکەت ئەمین کورکی"، بەرهەمهێنەر و سیناریۆنووسی کورد "مەمەد ئەکتاش"، دەرهێنەری کورد "هیشام زەمان" و بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگای دهۆک "ئەیووب ڕەمەزان"، کەسایەتییەکانی بەرچاوەکانی کەلتووری و هونەری وڵاتی ئیماڕات، "عەلی ئەلجابری" بەڕێوەبەری هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی، ئەکتەرە ناودارەکانی سینەما و تەلەڤیزیۆنی ئیماڕات و وڵاتانی عەڕەبی و هەروەها بە نمایشی فیلمی سینەمایی "لە ئەلفەوە تا بێی" From A To B لە دەرهێنانی سینەماکاری ئیماڕاتی "عەلی مستەفا" و بەرهەمی وڵاتی ئیماڕات، هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی کاتژمێر 9ی شەوی هەینی 23ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری 2014 لە هۆڵی گەورە و بەشکۆی کۆشکی ئیماڕات لە شاری ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیماڕات دەستی پێکرد.
لە دەستپێکی ئەم ڕێوڕەسمەدا سەرەتا کاتژمێر 6ی ئێوارێی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی لەبەر چاوی کەناڵە جۆراوجۆرەکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنیی جیهانەوە چوونە سەر مافوورەی سووری ئەم فیستیڤاڵە و لە درێژەدا دەستەی دادوەرانی بەشە جۆراوجۆرەکانی فیستیڤاڵ لەوانە: سینەماکاری کورد "هیشام زەمان" وەکوو دەستەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی فیلمە ئیماڕاتییەکان و پاشان دەرهێنەر، ئەکتەر و هونەرمەندانی وڵاتانی جۆراوجۆر، لەوانە: سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرهێنەری فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"، بەرهەمهێنەری کورد "مەمەد ئەکتاش" و سیناریۆنووسی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" و هەروەها "ئەیووب ڕەمەزان" بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگای دهۆک و یەکێک لە بەرهەمهێنەرانی ئەم فیلمە بە نوێنەرایەتیی لە هەرێمی کوردستان چوونە سەر مافووری سووری ئەم فیستیڤاڵە.
لە درێژەی ئەم ڕێوڕەسمەدا، سەرەتا "عەلی ئەلجابری" بەڕێوەبەری هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی، بەخێرهاتنی ئامادەبووانی ناو هۆڵی کۆشکی ئیماڕاتی کرد و لە درێژەدا داوای لە ستافی ئامادەکردنی فیلمی سینەمایی "لە ئەلفەوە تا بێی" بەرهەمی وڵاتی ئیماڕات و لە دەرهێنانی "عەلی مستەفا"ی کرد تاکوو بێنە سەر تەختەی شانۆ و دوای ناساندنی ئەوان، سەبارەت بە گرینگیی کردنەوەی ئەم فیستیڤاڵە بە فیلمێکی ئیماڕاتی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و لە درێژەشدا هەر کام لە ستافی ئامادەکردنی ئەم فیلمە وتەیەکی کورتیان پێشکەش کرد و لە کۆتایی یەکەم شەوی فیستیڤاڵدا، فیلمی سینەمایی "لە ئەلفەوە تا بێی" چووە سەر پەردەی سینەما.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی سەرەکی هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمیئەبووزەبی، کە بریتین لە: ئەکتەری ناوداری هیندستانی "عیرفان خان" ـ سەرۆکی لێێژنەی دادوەران، "وکینی لریدج" ـ نووسەر لە ئەلجەزایر، "ئێستیون شاینبێرگ" ـ بەرهەمهێنەر و دەرهێنەر لە بەریتانیا، "کیت شۆرتلەند" ـ نووسەر و دەرهێنەر لە ئوستوڕاڵیا و "عەلی سولەیمان" ـ ئەکتەر لە فەلەستین، 18 فیلمی سینەمایی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان هەڵدەسەنگێنن و خەڵاتی گەورە و تەندیسی "مرواری ڕەش" بە براوەکانی بەشە جۆراوجۆرەکان پێشکەش دەکەن.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد شەوکەت ئەمین کورکی لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی لە سینەما ڤۆکسی هۆڵی مارینا ماڵی شاری ئەبووزەبی نمایش دەکرێت و بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ لەگەڵ 17 فیلم لە وڵاتانی فەڕەنسا، ئیتاڵیا، بەریتانیا، ئێران، چین، مۆڕاکۆ، ڕووسیا، کۆریای باشوور، دانیماڕک، هۆنگ کۆنگ، قەتەر، ئیماڕات، مۆریتانی، لوبنان و ئەڵمانیا ڕکابەری دەکات.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی فیلمە ئیماڕاتییەکانی هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی، کە بریتین لە: سینەماکاری کوردی دانیشتووی وڵاتی نەرویج "هیشام زەمان"، "فەرید بێنل یەزید" ـ سەرۆکی دەستەی دادوەران لە مۆراکۆ، "ئیبراهیم ئەلحەساوی" ـ ئەکتەر و سیناریۆنووس لە سعوودییە، "فاتیمە ئەڵڕەماهی" ـ بەرهەمهێنەر و دەرهێنەر لە قەتەر و "عەبدوڵڵا ساڵح" ـ ئەکتەر و دەرهێنەر لە ئیماڕات فیلمەکانی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ لە سینەماکارانی ئیماڕاتی هەڵدەسەنگێنن و خەڵاتی گەورە و تەندیسی "مرواری ڕەش" بە براوەکانی بەشە جۆراوجۆرەکان پێشکەش دەکەن.
هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی سەرەکیی"، بەشی پێشبڕکێی "ئاسۆی نوێی"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە بڵیندە دیکۆمێنتارییەکان"، بەشی "نمایشی سینەمای جیهان"، بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلمە چیرۆکی و دیکۆمێنتارییەکان"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە ئیماڕاتییەکان"، بەشی "نمایشی تایبەتی کۆمەڵە فیلمەکانی سینەماکاری ناوداری سینەمای جیهان فڕانسوا تڕۆفۆ"، بەشی "نماشی فیلمە کلاسیکییەکان"، "چەندین کۆبوونەوەی پسپۆڕانە سەبارەت بە هونەری سینەما" و هەروەها "کۆڕی ڕەخنە و هەڵسەنگاندیی فیلمەکان" لە ڕۆژانی 23ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەر تا 1ی نۆڤەمبەری 2014 لە هۆڵی گەورەی کۆشکی ئیماڕات و هەروەها ناوەندی سینەمایی "مارینا ماڵ" لە شاری ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیماڕات یەکگرتووی عەڕەبی بەڕێوەدەچێت.
لەم خولەی فیستیڤاڵ فیلمی ئەبووزەبیدا 197 فیلم لە سینەماکارانی 61 وڵاتی جیهان، لەوانە: ئەمەریکا، ئێران، چین، ئیماڕات، فەڕەنسا، عێراق، میسر، ئیتاڵیا، مۆڕاکۆ، کۆریای باشوور، ڕووسیا، ژاپۆن، بەریتانیا، دانیماڕک، لوبنان، ئەڵمانیا، قەتەر، گورجستان، کۆماری چێک، ئیتیۆپی، تایوان، هۆنگ کۆنگ، کەنەدا، هێندستان، ئیسپانیا، ئەلجەزایر، سێربستان، تۆرکیا، ئەردەن، ئیرلەندا، هەنگاریا، فینلەندا، کۆلۆمبیا، سووریا، ئوستوڕاڵیا، کووبا، نەرویج، بەلژیکا، سوید، بڕازیل، یەمەن و هەرێمی کوردستان دەچنە سەر پەردەی سینەماکان.
لە لایەن بەرپرسانی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ئەبووزەبییەوە خەڵاتی 100 هەزار دولاری و تەندیسی "مرواریی ڕەش" بۆ باشترین فیلمی بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی"، خەڵاتی 50 هەزار دولاری و تەندیسی "مرواریی ڕەش" بۆ فیلمی دووەمی ئەم بەشە، خەڵاتی 20 هەزار دولاری بۆ باشترین ئەکتەری پیاو و ئەکتەری ئافرەتی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ دیاری کراوە و هەروەها کۆمەڵێک خەڵاتی گرینگی نەقدی دیکەش بۆ بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم فیستیڤاڵە دەستنیشان کراوە.
مەنسوور جیهانی ـ سینەماکاری کورد "مەمەد ئەکتاش" بە سیناریۆی فیلمی سینەمایی "نامەیەک بۆ پاشا" گەورەترین خەڵاتی نۆڕوێژی بە ناونیشانی "ئاماندا"ی بەدەستهێنا و خەڵاتەکەی پێشکەش بە منداڵانی کوردی ئیزەدی کرد کە لە چیای شنگاڵ گیانی خۆیان بەخت کرد.
سینەماکارانی کورد "مەمەد ئەکتاش" و "هیشام زەمان" بە سیناریۆی فیلمی سینەمایی "نامەیەک بۆ پاشا" Letter to the king لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئاماندا" AMANDA لە شاری هاوگسۆن Hevgusan لە وڵاتی نۆڕوێژ بەشدارییان کرد و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە گەورەترین خەڵاتی نۆڕوێژ بە ناونیشانی "ئاماندا" بەم هونەرمەندە کوردانە بەخشرا.
لە ڕێوڕەسمی کۆتایی ئەم خەڵاتە ساڵانەیەدا "مەمەد ئەکتاش" سیناریۆنووس و هەروەها "هیشام زەمان" دەرهێنەری فیلمی سینەمایی "نامەیەک بۆ پاشا" ئامادەبوون و لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا لەوانە: بەشەکانی باشترین فیلمی سینەمایی، باشترین ئەکتەری ئافرەت و پیاو، باشترین فیلمی نۆڕوێژی، باشترین دەرهێنان، باشترین فیلمی منداڵان، باشترین دیکۆمێناری، باشترین کورتە فیلم، باشترین سیناریۆ، باشترین وێنەگرتن، باشترین دیمەنە تایبەتەکان، باشترین موزیک، باشترین دیزاینی دەنگ، باشترین دیزاینی سەحنە و باشترین فیلمی بیانی، خەڵات بەسەر هونەرمەندانی سەرکەوتوو دابەشکرا.
دوای بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە گرینگ و گەورەیە کە بە خەڵاتی ئۆسکاری وڵاتی نۆڕوێژ ناسراوە، "مەمەد ئەکتاش" سیناریۆنووسی فیلمی سینەمایی "نامەیەک بۆ پاشا" هاتە ئاخاوتن و گوتی: ئەم خەڵاتە پێشکەش بە منداڵانی کوردی ئیزەدی دەکەم کە لە چیای شنگاڵ گیانی خۆیان بەخت کرد. هیوادارم ئەوانیش وەکوو کوڕی من "چیا"کە لە نۆڕوێژ دەژی لە وڵاتی خۆیان لە کوردستاندا لە ناو ئازادی و ئاشتیدا بژین.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئاماندا" بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە چەندین بەشی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی 16 تا 22ی ئاب / ئۆگۆستی 2014 لە شاری هاوگسۆن لە وڵاتی نۆڕوێژ بەڕێوەچوو.
هەر لەم فیستیڤاڵەدا "ژۆلیت بینووش" Juliette Binoche ئەکتەری ناوداری سینەمای جیهان و هەڵگری خەڵاتەکانی ئۆسکار و چڵەبەڕووی کان، بە فیلمی سینەمایی "هەزار جار شەو خۆش" A thousand times good night لە دەرهێنانی "ئێریک پۆپ" توانی خەڵاتی گەورەی باشترین ئەکتەری ئافرەت بەدەستبێنێت.
فیلمی سینەمایی "نامەیەک بۆ پاشا" لە دەرهێنانی هیشام زەمان ساڵی پار لە فیستیڤاڵی فیلمی یۆتۆبری Göteborg لە وڵاتی سوید گەورەترین خەڵاتی باشترین فیلمی باکووری ئەورووپای بەدەستهێنابوو.
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد