سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2015/5/14 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد و لەگەڵ سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان و لیژنەی دارایی و سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمان لەبارەی كێشەی بودجە لەگەڵ حكومەتی ناوەند، كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكومەتی عێراقەوە و ئەو نەوتەی كە هەرێمی كوردستان بە پێی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا ڕەوانەی دەرەوەی كردووە، گفتوگۆی پێویستی لەسەر كرا.
دوای كۆبوونەوەكەش كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ هەریەك لە بەڕێزان د. یووسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە ڕێكخرا.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا سەرەتا بەڕێز سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەخێر هاتنی بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێم و شاندی یاوەری كرد و ئاماژەی بەوە دا لە كۆبوونەوەكەدا كۆدەنگی لسەر ئەوە هەبوو كە ناتوانن بەم شێوەیە لەگەڵ بەغدا بەردەوام بن، چونكە لە ناردنی بودجە غەدر لە هەرێمی كوردستان كراوە و بەغدا پابەند نەبووە بە یاسای بودجەوە و لە بەرامبەردا هەرێمی كوردستان لە هەوڵی ئەوە دایە زیاتر پابەندی رێككەوتنەكانی لەگەڵ بەغدا بێت وەك لە یاسای بودجەی ساڵی 2015 دا هاتووە و پشتگیریی پەرلەمانی كوردستانیشی بۆ سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.
لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی پێشوازی سەرۆكی پەرلەمانی كرد و ئاشكرایكرد كە لە كۆبوونەوەكەدا دوا پێشهاتەكانی بابەتەكانی پەیوەست بە نەوت لە نێوان هەرێم و بەغدا خرایە ڕوو و پەرلەمانیان لەو بابەتانە ئاگادار كردووەتەوە. ئاماژەی بەوەش كرد ئەو یاسایانەی لە بوارەی نەوت پێشتر لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەندكراون، پاڵپشتی بەهێزن بۆ سیاسەتی نەوتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پاڵپشت بەو یاسایانەش حكوومەت دەتوانێت لە ئایندەدا دەست بە بەكارهێنانی ژمارەیەك ڕێوشوێن بكات.
لە بەردەوامی قسەكانیدا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد حكوومەتی عێراق پابەندی ئەو رێككەوتنە نییە كە لەگەڵ هەرێم هەیەتی كە ئەویش رێككەوتنی یاسای بودجەی ساڵی 2015ی عێراقە و بە پێی ئەو یاسایە هەریەك لە حكوومەتی هەرێم و بەغدا چەند بەرپرسیاریەتییەكیان دەكەوێتە سەر شان كە دەبێت جێبەجێیان بكەن و ئەوەی لەسەر شانی حكوومەتی هەرێمە ناردنی 550 هەزار بەرمیل نەوتە لە رۆژێكدا و ئەوەی لەسەر شانی بەغداشە بیكات، دەبێت مانگانە ترلیۆنێك و 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت.
سەرۆك وەزیران لەم بارەیەوە گوتی : "بەداخەوە لە مانگی چواردا ئەوەی كە لەسەر شانی هەرێمی كوردستان بووە بە ڕێكوپێكی جێبەجێی كردووە، بەڵام ئەوان فۆرمۆلێكیان دۆزیوەتەوە تەنها و تەنها بۆ ئەوەی بەشی هەرێمی كوردستان لەو پارەیە كەم بكەنەوە. ئەگەر بە نەوتیش حساب بكرێت، ئەوەی ئێستا ئێمە لە بەغدا وەرمانگرتووە تەواو نیوەی داهاتی ئەو نەوتەیە. تەئكیدی ئێمە لەسەر ئەوەیە یان عێراق پابەند دەبێت بە یاسای بودجەی ساڵی 2015، یان دەبێت رێككەوتنێكی دیكە لەگەڵ بەغدا بكەینەوە لەسەر بنەمای ئەوەی كە وەكو كڕیاری نەوت هەڵسوكەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات. پێشتر گوتوومانە لاریمان نییە، بەڵام ئەمە پێویست بە رێككەوتنێكی نوێ دەكات".
ئەوەشی خستە ڕوو لەم كۆبوونەوەیەدا ئەوە دووپاتكرایەوە كە بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆئەوەی بگەنە ئەنجامێك، ئەگەر نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێكیش بەپێی یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2013 و یاساكانی كە دوای ئەوە لە پەرلەمانی كوردستان لە بارەی نەوت پەسەند كراون، حكوومەت دەستی كراوە دەبێت بۆ دابینكردنی بودجەی هەرێمی كوردستان و حكوومەت ئەوە یاسایانە جێبەجێ دەكات.
لە بارەی هەڵوێستی پەرلەمانی كوردستان بەرامبەر ئەو كێشانە، بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد كە پەرلەمانی كوردستان لەو باریەەوە پشتگیری حكوومەت و قوتی خەڵك و دابینكردنی بودجە بۆ هەرێمی كوردستان دەكات و ئەمە ئەو كارەیە كە دەبێت پەرلەمان ئەنجامی بدات و هەر ئەوەشیان لە پەرلەمان بینی. دووپاتیشی كردەوە كە كارە لە پێشینەكانی حكوومەتی هەرێم چارەسەركردنی ئەو كێشانەیە لەگەڵ بەغدا، بەڵام ئەگەر بەغدا ئامادەی چارەسەر نەبێت ئەوا بەپێی یاسای بودجەی عێراق رێكاری دیكە دەگرنە بەر و جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە دەرفەت بۆ گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ بەغدا هەبێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە، گەر نا ڕێگەی دیكە هەیە هەرێمی كوردستان بیانگرێتە بەر.
لەبارەی هاتنی بەڕێز د. عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوتی عێراق و گفتوگۆكردن لەگەڵی، بەرێز نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە كرد كە لە كۆبوونەوەكانی دوێنێ شەو و ئەم بەیانییە لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق ئەو بابەتانە باسكراون و ئەو وەك دۆستێك و وەزیری نەوتی عێراق دەخوازێت كێشەكان چارەسەر ببن و گوتی: "بە ڕوونی بە وەزیری نەوتی عێراقمان ڕاگەیاندووە كە ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە، یاسای بودجە جێبەجێ بكرێت و بەپێی ئەو یاسایەش پشكی هەرێمی كوردستان دەبێت دابین بكرێت كە ترلیۆنێك و 200 ملیار دینارە. ئەگەر ئێوە ئەوە جێبەجێ دەكەن ئەوا پێمان خۆشە و ئەگەر جێبەجێی ناكەن ئەوا ڕێگەمان بدەین رێككەوتنێكی دیكەتان لەگەڵ بكەین و ئامادەین بۆ رێككەوتنەكە، چونكە ئەو نەوتەی ئێستا لەبەر دەستمانە ئەگەر لە بازاڕەكانی جیهان بیفرۆشین، پارەی زیاترمان دەست دەكەوێت بە تایبەتی لەو بارودۆخە داراییەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان تێیكەوتووە. ئێمە ملیۆنێك و نیو ئاوارەمان هەیە، شەڕی داعش دەكەین، مووچەی فەرمانبەرانمان هەیە سێ مانگە مووچەمان نەداوە، ئەمانە هەمووی كێشەی گەورەن كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە، لەبەر ئەوە پێویست بەوە دەكات ئەوان یاسای بودجە جێبەجێی بكەن و لە یاسای بودجە زیاتر ئێمە هیچ رێككەوتنێكی دیكەمان لەگەڵ بەغدا نییە و هیوادارم جێبەجێی بكەن".
سەرۆك وەزیران ئەوەشی ئاشكرا كرد كە هەر بۆ گفتوگۆكرنی زیاتری ئەو كێشانە، بڕیارە ئەمڕۆ بەڕێز هۆشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق سەردانی هەولێر بكات و كۆبوونەوەی دیكە لەسەر ئەم بابەتە ئەنجام بدەن و هیوای خواست بگەنە ئەنجامێك. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە وەزیری دارایی نامەیەكی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق ناردووە و پێی ڕاگەیاندووە كە ئەوەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكرێت ڕاست نییە و دەبێت ئەو بڕیارە پێداچوونەوەی بۆ بكرێت و حەق نییە بەم شێوەیە ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت.جەختی لەوەش كردەوە كە هیچ بڕیارێك نییە شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات.
لەبارەی ئەوەی كە بەغدا رێككەوتنەكەی لەگەڵ هەولێر جێبەجێ ناكات، ئایا چ گارانتییەك هەیە حكوومەتی بەغدا رێككەوتنێكی نوێ جێبەجێ بكات؟ سەرۆك وەزیران ئاشكرایكرد كە هیچ گارانتییەك نییە تەنیا ئەوە نەبێت كە رێككەوتن لەسەر بنەمای یاسی بودجەی ساڵی 2015ی عێراق بووە و دەشخوازن گوێبیستی رێگەچارەكانی بەغدا بن.
لە بارەی ئەو كێشانەی كە لە فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە دروست دەبن ئەگەر بەغدا پابەند نەبوو، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتیكردەوە كە ڕاستە لە ساڵی 2014 هەندێك كێشە لە پرسی فرۆشتنی نەوت هەبوو، بەڵام كێشەكە تەنیا لە یەك شوێن بوو كە ئەویش ویلایەتی تێكساسی ئەمریكا بوو، ئەگەر نا ئەو نەوتەی دیكەی كە فرۆشراوە زۆر بە ڕێكوپێكی فرۆشراوە و هیچ كێشەیەك نەبووە. هەمو ئەو دەنگۆیانەشی ڕەت كردەوە كە باسیان لەوە دەكرد هەرێم نەوتی فرۆشتووتە ژمارەیەك وڵاتی وەك ئیسرائیل و هی دیكەش و ئەوەی ڕوون كردەوە كە وڵاتان نەوت ناكڕن، بەڵكو كۆمپانیان كە ئەو كارە ئەنجام دەدەن. لەبارەی كێشەكانی دیكەی بەردەم فرۆشتنی نەوتی هەرێم، ئاشكرایكرد كە بازاڕی نەوتی جیهان ئەو كات ئاشنای نەوتی هەرێم نەبوو و پاڵاوگەكان جۆری ئەو نەوتەی هەرێمی كوردستانیان نەدەزانی ، بەڵام ساڵی 2015 ئەو كێشەیە نەما و ئێستا نەوتی هەرێمی كوردستان خواستێكی زۆری لەسەرە.
سەبارەت بە ئاگاداربوونی ئەمریكا لەو كێشانە و بە تایبەتی پابەند نەبوونی بەغدا بە رێككەوتنەكەیەوە لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاشكرایكرد كە ئەوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و نوێنەرانی كوردیان لە بەغدا لەو كێشانە ئاگادار كردووەتەوە و وەك لە یاسای بودجەی عێراقیش هاتووە گەر بەغدا پابەند نەبێت، ئەوا هەرێمی كوردستانیش ئەو مافەی دەبێت كە پابەندی رێككەوتنەكە نەبێت.
لە بارەی كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكایەتیی و پارتە سیاسیەكانی كورستان سەبارەت بەو كێشانە، سەرۆك وەزیران ئەوەی خستەڕوو كە كاتی كۆبوونەوەكە دیاری نەكراوە، بەڵام كۆبوونەوەكان لەگەڵ نوێنەرانی كورد و پەرلەمان و كونسڵ و دیبلۆماسە بیانییەكان دەستی پێكردووە و بەردەوامیش دەبن تا هەموو لایەك لە وردەكاری كێشەكان تێبگات.
سەبارەت بەو پرسەی كە گوایە سەردانەكانی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئەورووپا و وروژاندنی پرسی سەربەخۆیی كوردستان هۆكاری دروستبوونی ئەو كێشانەن، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: "پێش ئەوەی جەنابی سەرۆك ئەو سەفەرە بۆ ئەمەریكا و ئەوروپا بكات، بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە شێوەیەكی فەرمی ئاگادار كراوەتەوە و سەردانەكانی شتێك نەبوو كە بە نهێنی كرابێت و ئەو ئاگاداری هەموو شتەكان بووە، بۆیە من باوەڕ ناكەم ئەم بابەتە هیچ پەیوەندییەكی بە سەردانەكانی جەنابی سەرۆكەوە هەبێت. تەنیا ئەگەر پەیوەندیش بەوەوە هەبێت، من تەئكید لەسەر یەك شت دەكەمەوە كە ئێمە یاسای بودجەی عێراقمان هەیە و رێككەوتنی حكوومەتی هەرێمە لەگەڵ بەغدا و لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دراوە، ئێمە جێبەجێكردنی ئەو یاسایە دووپات دەكەینەوە".
سەبارەت بە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانیش سەرۆك وەزیران جەختی لەوە كردەوە كە كەس سەربەخۆیی ناداتە كوردستان بەڵكو ئەوە مافێكی ڕەوای گەلی كوردستانە و سیستەمی ئێمە فیدرالییە لە چوارچێوەی عێراقدا و هەر كاتێك دەرفەت هەبێت كوردستان سەربەخۆ دەبێت و ئەمە خەونی هەموو كوردێكە. نەشی شاردەوە كە بەرێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەو سەردانانەیدا ئەم بابەتانەی باسكردووە، بەڵام دوای كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بەرێز سەرۆكی هەرێم خۆی باسی ئەو بابەتە دەكات.
جەختی لەوەش كردەوە ئەو كاردانەوەی لەسەر ئەم پرسە لە بەغدا پیشان دەدرێن كە هەندێك جار زۆر نا بەرپرسانەن، خزمەت بە چارەسەری هیچ كێشەیەك لە نێوان هەولێر و بەغدا ناكات بە پێچەوانەوە كێشەكان ئاڵۆزتر دەكەن و ئەوەی خێری عێراقی دەوێت ئەو كاردانەوانانە پیشان نادات و هیوادارم كێشەكان دوور لە ئاڵۆزی و لێدوانی نابەرپرسیارانە چارەسەر بكرێن.
لەبارەی كشانەوەی نوێنەرانی عێراقیش لە بەغدا بەهۆی كێشەی نەناردنی بودجەوە، سەرۆك وەزیران بە هەڵەی زانی هەر كاتێك كێشەیەك لەگەڵ بەغدا دروست بێت بیر لەوە بكرێتەوە وەزیر و پەرلەمانتارە كوردەكان لە بەغدا بكشێنەوە و گوتی كە ئەوە هیچ خزمەتێك بە كورد ناگەیەنێت و دەبێت نوێنەرانی كورد لە بەغدا بمێننەوە و هەوڵیش بدرێت كێشەكان بە دیالۆگ چارەسەر بكرێن، گەر نا رێگەی دیكە هەیە لەبەردەم هەرێم بەكاری بهێنێت.
سەرۆك وەزیران ئەوەشی خستەڕوو كە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا نەوت نییە، بەڵكو ژمارەیەك كێشەی دیكەش لە نێوان هەردوولادا هەن وەك كێشەی پێشمەرگە و مادەی دەستووری و جێبەجێكردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق.
لەبارەی سەركەوتوویی سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستانیش گوتی: "ئەگەر ئەو ژێرخانەی پێویست بوو بۆ ئەم كارە چەند ساڵ لەمەوبەر دامان نەنابا، كێشەكانی هەرێم دە ئەوەندی ئێستا زیاتر دەبوو. من دەمەوێ بڵێم سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری نەوت سیاسەتێكی سەركەوتوو بووە و سەركەوتووانە ئەو كارانەی كە دەبوو بیكات، بە پێی دەستووری عێراق جێبەجێی كردووە. بێننە بەر چاوی خۆتان ئەو بڕپارەیەی كە بەغدا ناردوویەتی جا هەر چەندێك بێت، بڕیاریاندا لە فڕۆكەخانەی بەغدا دیسان بە نیوەی بكەن و دواتر كردیانە بیست و پێنج لەسەد و دواتر دە لە سەد. دە لەسەدی دیكەی بودجەی هەرێمی كورستانیان بڕی بێ ئەوەی هەرێم بزانێت بۆ و هۆكارەكەی چییە؟ ئەگەر ئێمە ئەم ژێرخانەی ئابووری و هەناردەكردنی نەوت و ئەم سیاسەتەی نەوتمان نەبوایە لە هەرێمی كوردستان، بەغدا چی دیكەی بەسەر ئێمە دەهێنا. كەواتە كێشە شەخس نییە، بەڵكو كێشەكە بیركردنەوە و شێوەی بیركردنەوەیە. هەروەها بەدبەختی دیكە ئەوەیە كە نرخی نەوتیش لە بازاڕەكانی جیهان دابەزی كە گەورەترین زەربەی لە هەرێمی كوردستان دا نەك سیاسەتە نەوتییەكەی كە سیاسەتێكی سەركەوتوو بوو و بەرەو ئاسۆیەكی گەش دەڕۆیشت".
بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رەتیشی كردەوە بێجگە لەو بڕە نەوتەی كە لە ڕێكەی سۆمۆوە دەفرۆشرێت، هەرێم هیچ نەوتێكی دیكە بفرۆشرێت تەنیا جۆرێكی دیكەی نەوت نەبێت كە قورسە و بە بۆڕی نەوت ناتوانرێت بگوازرێتەوە، ئەویش لە چوارچێوەی ئەو داهاتەی هەرێم لە نەوتی دەست دەكەوێت، حساب دەكرێت.
لای خۆیەوە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەوەی خستەڕوو كە پەرلەمان داوا لە حكوومەتی یتیحادی دەكات پابەندی رێككەوتنەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بێت، بەڵام ئەگەر ئەمە نەكرا وەك هەنگاوی یەكەم بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی عێراق بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان و گەر هەر پابەند نەبوو بەپێی یاسای بودجەی عێراق، هەرێمی كوردستان دەتوانێت پابەند نەبێت بە یاسای بودجە و رێككەوتنەكانی لەگەڵ حكوومەتی عێراق و مووچە و پارە لە داهاتەكانی هەرێمەوە دابین بكات هەروەك پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی 15/1/2015 بڕیاری داوە گەر بەغدا پابەند نەبێت بە رێككەوتنەكەوە، ئەوا حكوومەتی هەرێم دەتوانێت سەربەخۆ بودجە بۆ هەرێم دابین بكات. هیواشی خواست كە ئەو كێشانە بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكرێن.
ئاماژەی بەوەش كرد كە لە كۆبوونەوەكەدا هەموو لایەك هاوڕابوون لە بەردەوامی پرۆسەی بە دامەزراوەییكردن و شەفافكردنی زیاتری كەرتی نەوت و غاز لە هەرێمی كوردستان و دامەزراندنی سندوقی داهاتە نەوتییەكان و كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی هەرێم (كەپ كۆ). ئاشكراشی كرد كە ئامادەكاری دەكەن شاندێكی پەرلەمانی كوردستان لە كاتێكی گونجاودا سەردانی بەغدا بكات وەك وەڵامدانەوەی سەردانی بەڕێز سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ هەولێر.
لەبارەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمیش بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان ڕوونی كردەوە كە یاسای ئامادەكرنی پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان بۆ ڕاپرسی ئامادەكراوە و رێككەوتنێك هەیە لەسەر دروستكردنی لیژنەی دەستوور و هیوای خواست هەفتەی داهاتوو لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند بكرێت كە نوێنەری هەموو چینەكانی كۆمەڵگەی كوردستانیان تێدایە و دەست بە گفتوگۆ و كار و چالاكییەكانیان بۆ ئەم مەبەستە دەكەن. ئەوەشی دووپات كردەوە كە رێگە نادەن هیچ حزب و لایەنێك دەست بخاتە ناو كاروباری ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە و پەرلەمان تاكە دەزگای داڕشتنی یاسایە لە هەرێم.
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد