بە ئامادەبوونی "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران، کۆنفڕانسی نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دەرەوە لە شاری ژنێڤ لە وڵاتی سویسرا بەڕێوەچوو.
لە ماوەى رۆژانى 13 و 14 حوزهیرانی 2015، بە سەرپەرشتى و ئامادەبوونى بەڕێز "قوباد تاڵەبانى" جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان و ئامادەبوونى بەڕێز "فەلاح مستەفا" بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم؛ کۆبوونەوەى فراوانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و نوێنەرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دەرەوە ئەنجام درا، بە مەبەستى دانانى میکانیزمى کار و هەماهەنگى و بەرنامەى کارى داهاتووى نوێنەرایەتیەکان و هەروەها باسکردنى رۆڵ و بایەخى پێگەى نوێنەرایەتیەکان لە دەرەوە بۆ خزمەتى بەرژەوەندیەکانى هەرێمى کوردستان.
سەرەتاى کۆبوونەوەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانى پاکى سەرجەم شەهیدانى بزووتنەوەى رزگاریخوازى کوردستان و قوربانیانى پێشمەرگەى کوردستان لە شەڕى دژى داعش دەستى پێ کرد. پاشان بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان سوپاسى جێگرى سەرۆک وەزیرانى بۆ ئامادەبوونیان لە کۆبوونەوەکە کرد و وەک بایەخى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ کاروبارەکانى نوێنەرایەتیەکانى حکومەت لە دەرەوە وەسفى کرد.
بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە سوپاسى نوێنەرانى حکومەتى لە دەرەوە کرد بۆ ئەو کار و چالاکیانەى کە لە ماوەى رابردوو ئەنجامیان داوە، هاوکات سوپاسى کردن بۆ ئەو رۆڵەى کە گێڕاویانە لە بەرەوپێش بردنى پەیوەندیەکانى هەرێم لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى. پاشان تیشکى خستەسەر گرنگى کۆبوونەوەکە و ئەو پرس و بابەتانەى کە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەکرێن و بیروڕا دەربارەیان ئاڵوگۆر دەکرێت و گووتى ئەم کۆبوونەوەیە بە مەبەستى لە نزیکە ئاگاداربوون و داڕشتنى میکانیزمى گونجاوە بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارى نوێنەڕایەتیەکان و هەروەها هەماهەنگى نێوان فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە و نوێنەرایەتیەکانى حکومەت لە دەرەوە.
"فەلاح مستەفا" بەناوى بەشداربووانى کۆبوونەوەکە زۆر سوپاسى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستانى لە نەمسا کرد بۆ میواندارى کردنى کۆبوونەوەکە و هەموو ئەو کاروبارانەى کە لەڕووى پڕۆتۆکۆڵى بۆ سەرخستنى کۆبوونەوەکە ئەنجامیان دا.
بەڕێز "قوباد تاڵەبانى" جێگرى سەرۆک وەزیران بە ناوى خۆى و بەناوى بەڕێز سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان سوپاسى بەشدارى و ئامادەبوونى کرد. دواتر تیشکى خستە سەر رۆڵ و بایەخى پێگەى نوێنەرایەتیەکان لە دەرەوە و ئەوەى کە لێیان چاوەڕێ دەکرێت ئەنجامى بدەن. گووتیشى کە ئەمڕۆ ئێمە دەنگمان لە دەرەوە دەبیسترێ بوونمان لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى هەیە و رۆژانە لەگەڵ ووڵاتان پەیوەندیمان هەیە. هەربۆیە بایەخى نوێنەرایەتیەکان وەک دامەزراوەکانى ترى حکومەتە.
دواتر تیشک خرایەسەر دوایین پەرەسندنەکانى بوارى دارایی و سەربازى و مرۆیی. بەڕێز جێگرى سەرۆک وەزیران باسى لەو قەیرانانە و گەورەیی قەبارەى ئەو قەیرانانە کرد کە لەماوەى ساڵى 2014 رووبەڕووى هەرێمى کوردستان بووەوە کە تائیستاش بەردەوامیان هەیە، هاوکات پلانى حکومەتى بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانە بۆ بەشداربووانى کۆبوونەوەکە خستەڕوو و باسى لە گرنگى رۆڵى نوێنەرایەتیەکان لە گەیاندنى پەیام و سیاسەتى حکومەتى هەرێم لە بوارە جیاجیاکاندا بە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کرد.
پاشان رێکەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا لە بوارى هەناردەکردنى نەوت و یاساى بودجەى ساڵى 2015 وەک تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە زانیارى پێویستى لەبارەوەخرایەڕوو. هاوکات جەخت لەوە کرایەوە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕواى بە گفتوگۆ و لێک تێگەیشتنى هاوبەش هەیە بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە لەگەڵ بەغدا. جێگرى سەرۆک وەزیران ئەوەشى خستەڕوو کە هەرێمى کوردستان پابەندى رێکەوتنەکە و پاساى بودجەیە و دەبێ بەغداش پابەندبێت.
لەبارەى شەڕ دژى تیرۆرستانى داعش، جێگرى سەرۆک وەزیران بە ناوى حکومەتى هەرێم سوپاسى هەموو ئەو ووڵاتانەى کرد کە لەم شەڕەدا لەڕووى سەربازى هاوکارى هەرێمى کوردستان بوون لە پێدانى چەک و تەقەمەنى و مەشق و راهێنان بە هێزەکانى پێشمەرگە، سوپاسى قارەمانێتى و بەرگرى هێزەکانى پێشمەرگەى لەو شەڕەدا کرد و گووتى دەبێ هەوڵەکان چڕتر بکەیەنەوە بۆ بەدەنگەوە چوونى قوربانیەکان و چارەسەر کردنى پێشمەرگە بریندارەکان. هەروەها داواى کرد کە بەهۆى فراوانى و گرانى شەڕەکە حکومەتى هەرێم پێویستى بە پشتیوانى و هاوکارى زیاترى سەربازى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى هەیە بۆ تەواو تێکشکاندنى تیرۆرستان.
لەبارەى پرسى مرۆیی و لێشاوى بەردەوامى پەناهەندە و ئاوارەکانى ناوخۆ بۆ هەرێمى کوردستان کە ژمارەیانر گەیشتووەتە 1.8 ملیۆن کەس، جەخت لەسەر چڕکردنەوەى هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنى هاوکارى لێقەماوان کرایەوە. هاوکات تیشک خرایەسەر کاریگەرى ئەو ژمارە زۆرەى پەناهەندە و ئاوارەکان لەسەر هەرێم بەتایبەتى لەڕووى ژێرخانى ئابورى و پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریەکان. هەربۆیە پشتیوانى بۆ پلانى ئاژانسى نەتەوە یەکگرتووەکان دەربڕدرا بۆ کۆکردنەوەى یارمەتى و هاوکارى مرۆیی بۆ پەناهەندە و ئاوارەکان، ئەوەش بۆ مەبەستى کەمکردنەوەى کێشە و گرفتەکانیان.
دواتر هەریەک لە بەڕێزان نوێنەرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان راپۆرتى خۆیان دەربارەى کار وچالاکیەکانیان پێشکەش کرد. هاوکات باسیان لە کاریگەرى قەیرانى دارایی لە هەرێم لەسەر بەڕێوەچوونى کاروبارى نوێنەرایەتى کرد؛ هەروەها تیشکیان خستەسەر ئەو ئاستەنگانەى کە رووبەڕوویان دەبێتەوە لەکاتى کار کردنیاندا لەڕووى بوونى زانیارى پێویست و بەدەنگەوە هاتن و هەماهەنگى دامەزراوەکانى ترى حکومەتى هەرێم بۆ خواست و داواکاریەکانیان لە کات و پرسە جیاوازەکاندا. لەم رووەشەوە کۆبوونەوە بڕیارى دا کە هەوڵى تەواو بدرێت بۆ کەمکردنەوەى ئاستەنگەکان بۆ باشتر بەڕێوەچوونى کاروبارى نوێنەرایەتیەکان.
لە چەند دانیشتنێکدا کۆبوونەوەکە گفتوگۆى کرد دەربارەى تەوەرەکانى سیاسى و کار و هەماهەنگى و کارگێڕى و دارایی و پڕۆتۆکۆڵ و راگەیاندن و یاسایی پەیوەست بە کاروبارەکانى نوێنەرایەتیەکانى حکومەت لە دەرەوە هاوکات لەگەڵ گفتوگۆکردن و دانانى پلانى کار و چالاکیەکانی نوێنەرایەتیەکان بۆ داهاتوو، کۆبوونەوەکە بە چەند بڕیار و راسپاردەکەیەک لە ئێوارەى رۆژى یەک شەممە رێکەوتى 14ی حوزهیران کۆتایی بەکارەکانى هێنا و هەموو لایەک جەختیان لە کارکردن و پابەندبوون بە خزمەت کردنى بەرژەوەندیەکانى هەرێمى کوردستان کردەوە.
جێگەى باسە لە ئێستادا حکومەتى هەرێمى کوردستان 14 نوێنەرایەتى لە دەرەوە هەیە لە هەر یەک لە وڵاتانى ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئەمریکا، ئێران، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، نەمسا، رووسیا، پۆڵۆنیا، ئوستڕالیا، سوید، بەلجیکا، و سویسرا.
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد