ئەمڕۆ سێشەممە 14ـی 4ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كرد.
لە سەرەتای ئەم كۆبوونەوەیەدا كە كۆسرەت ڕەسوول عەلی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی هەردوو لا ئامادەی بوون، بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بە خولەكێك ڕاوەستان و بێدەنگی و خوێندنەوەی سوورەتی فاتیحە لە ساڵیادی دەستپێكردنی شاڵاوەكانی ئەنفالدا یادی شەهیدان و قوربانیانی ئەنفالیان بەرز ڕاگرت.
لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و هەروەها شەڕی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان خرایە بەر باس و كۆبوونەوەكە قوربانیدان و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگەی بەرز نرخاند و بەشداربووانی كۆبوونەوەكە سڵاو و دروودی خۆیان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی پێشمەرگە و خانەوادە سەرەبەرزەكانیان نارد.
لەبەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی نێوخۆیی كوردستان و پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسییەكانی كوردستان تاوتوێ كرا و جەختیش لەوە كرایەوە كە دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان لە سایەی یەكڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەكان بەدیهاتووە و پێویستیشە بە هاوكاری و هەماهەنگیی هەموو لایەنە سیاسییەكان ئەم دەستكەوتانە بپارێزرێن. بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە پێویستە میكانیزمی پەیوەندییەكانی هەردوو حزب نوێبكرێنەوە و ڕێكبخرێن و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تەحەدییاتەی ئێستا هەیە و لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان پەیوەندییەكان باشتر بكرێن و ئەوەیش خرایە ڕوو كە ناكرێ گوتاری ڕاگەیاندنەكان بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت و دەبێ بەرەو هێوربوونەوە بڕوات.
جەماوەری كۆڵنەدەری كوردستان
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ـی 2ـی 2015 بە سەرپەرشتیی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی بەڕێز سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی، كۆبوونەوەی باڵای حزبە كوردستانییەكان لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ساز درا.
دوای ئەوەی جەنابی سەرۆكی هەرێم باسی بەشداریكردنی لە كۆنفڕانسی ئاساییشی میونیخی ئەڵمانیا كرد و گرنگیی بڕیارە پەسەندكراوەكانی كۆنفڕانسەكەی لە دژی داعش و چاوپێكەوتنەكانی لە پەراوێزی كۆبوونەوەكاندا لەگەڵ گەورەبەرپرسانی وڵاتاندا ڕوونكردەوە، جەختیشی لەوە كرد كە، ئەزموونی سیاسیی هەرێمی كوردستان و خۆڕاگریی و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شنگال هەتا خانەقین و تا دەگاتە سەركەوتنە بەردەواكانی كۆبانێ، بۆتە مایەی كاریگەریی زیاتری پێگەی كورد لەناو وڵاتان و لەسەر ڕای گشتیی ڕۆژئاوایش، و هەموو ئەم سەركەوتن و گۆڕانكاریی و لە ئەنجامی قارەمانێتیی پێشمەرگە و شەهیدانی سوورخەڵاتی كوردستانە، كۆبوونەوەكە لەسەر دۆخی عێراق و كوردستان و حكوومەتی هەرێم و تەنگژەی دارایی هەڵوەستەی كرد.
بۆ ئەوەی ئامادەبووان وردتر و بە ئامار لە كێشەكان ئاگادار بن، بەڕێز وەزیری سامانە سروشتییەكان بە داتاشۆ ڕاپۆرتێكی تێروتەسەلی لەبارەی ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی بەغدا و وردەكارییەكانی هەناردەكردنی نەوت پێشكەش كرد.
لەسەر كۆی ڕووداوەكان و تەنگژەكان و سیاسەتی هەرێم و ئەركی حزبە كوردستانییەكان لەم باروۆخە هەستیار و چارەنووسسازەدا، كۆبوونەوەكە ئەم بڕیارانەی خوارەوەی پەسەند كرد:
یەكەم: بە پێزانینی بێڕادە، كۆبوونەوەكە گیانی قارەمانێتیی پێشمەرگەی لە بەرەكاندا بەرز نرخاند و خۆڕاگریی و قارەمانێتیانی بە مایەی شانازی كورد و كوردستان و دیموكراتخوازان لە ناوچەكە و لە جیهانیشدا زانی. هەروەها كۆبوونەوەكە كێلی نەمری شەهیدانی كوردستانی گوڵبارانی وەفا كردو سەرجەم سەركەوتنەكانیش بە خوێنی گەشی ئەوان مۆری مێژوویی لێ دراوە. هەر بەم گیانی خۆڕاگرییەی پێشمەرگە و قوربانیی شەهیدان و پشتیوانیی بێ دریخی گەلەكەمان، لە سەرانسەری كوردستان و تاراوگەدا دوا سەركەوتن بە دەست دێت و دەستەبەری بەدیهێنانی باقی ئامانجەكانی گەلەكەمانیش دەكرێت.
دووەم: جەخت لەسەر یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان لە عێراق و ناوچەكە و كوردستاندا كرایەوە هەتا لەم هاوكێشە سیاسی و سەربازییەی كوردستان و ناوچەكە، پێكەوە سەركەوتنە سیاسی و ئیداری و سەربازییەكان بەرەو سەركەوتنی یەكجارەكی بەرین.
سێیەم: بۆ ئەوەی یەكڕیزیی سیاسیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان زیاتر لە ئێستا بگەیێندرێتە قۆناغی باڵای متمانەی سیاسی، كۆبوونەوەكە ڕایسپارد كە وا بە زووترین كات بە پێی شاییستەیی هەڵبژاردن، لایەنە بەشدارەكانی حكوومەتی بنكەفراوانی كابینەی هەشتەم (گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ) پشكی خۆیان لە حكوومەتی ناوەند و هەرێم و پارێزگاكانیش بۆ دابین بكرێ.
چوارەم: گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم بە مافی بەێ ئەملا و ئەولای خۆی دەزانێ بە پێی ماددەی 112 و 115ـی دەستووری عێراق، سیاسەتی هەڵگۆزین و هەناردەكردنی نەوت لەناو پڕۆسەی یاسایی و ڕێسایی خۆیدا بە پابەندبوونی هەردوولا بە یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2015، بۆ دەستەبەری ئابووریی هەرێم، پەیڕەو بكات، هەر ئەوەیش كێشەی بنەڕەتیی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان چارەسەر دەكات. ڕێككەوتنە مۆركراوەكانیش لەگەڵ حكوومەتی بەغدا لە لایەن حكوومەتی هەرێم بڕگە بە بڕگە جێبەجێ دەكرێ، هەر وەكو پێویستیشە لە لایەن حكوومەتی بەغدایشەوە جێبەجێ بكرێ. گیروگرفتی تەكنیكیش تێكرا قابیلی دیالۆگ و چارەسەركردنن. لەم پێناوەدا بەرنامەی سیاسی و زانستیی پەسەند كرا، هەتا كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم ڕێككەوتنەكان بە دڵنیاییەوە وەلاببردرێن.
پێنجەم: كۆبوونەوە داوای لە پارلەمانی عێراق و حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانیی شیعە و لایەنەكانی سووننە دەكات لە هیچ بارودۆخێكدا كێشەی سیاسی و گرفتی تەكنیكی نەكرێنە كۆسپ لەبەردەم مووچەی خەڵكی كوردستان و هەروەها پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و دابینكردنی مووچەیان هەر وەكو سوپای عێراق و باقی هێزە چەكدارەكانی عێراق.
شەشەم: سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت و پارلەمانی كوردستان بەرنامەیەكی فراوانتری دیپلۆماسی و نێونەتەوەییان هەبێ بۆ دەستەبەركردنی پشتیوانیی زیاتری سیاسیی وڵاتان و ناوەندە جیهانییەكان هەروەها بۆ دابینكردنی پشتیوانی هێزی پێشمەرگە لەڕووی چەكی قورس و لۆجستییەوە.
حەفتەم: كۆبوونەوەكە پشتیوانیی خۆی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و ئومێدەواریشە حكوومەتیش بەردەوام بێ لە هەوڵ و كۆشیشەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەی بودجە و مووچە.
لە كۆتاییشدا كۆبوونەوەكە سوپاسی زۆری تەواوی ئەو وڵاتە ئیقلیمی و هاوپەیمانییە جیهانییە كرد كە لەم جەنگەدا دژی تاریكپەرستانی داعشە سەلەفییەكان زوو هاتنە دەست و دەستبەجێیش بە هانای كوردستان و عێراقەوە هاتن.
كۆبوونەوەكە ئومێدەواریشە پێكەوە و بە زووترین كات بە پێی نەخشەیەكی تۆكمە و توانایەكی زیاتر سەركەوتنی ستراتیژی بەسەر داعشەكاندا بەدی بهێنن. ئەم سەركەوتنانەیش ببنە مایەی ئەوەی تەواوی كێشە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی عێراق و كوردستان و ناوچەكە بە جێبەجێكردنی مادەی 140ـیشەوە چارەسەری ڕیشەیی بكرێت.
ئیتر بۆ پێشەوە بەرەو سەركەوتنی یەكجارەكی
هەزاران سڵاو لە ڕۆحی پاكتان ئەی شەهیدە نەمرەكان
پارتی دیموكراتی كوردستان
یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان
بزووتنەوەی گۆڕان
یەكگرتووی ئیسلامی
كۆمەڵی ئیسلامی
26ـی 2ـی 2015
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد