نازم ده‌باغ بۆ كه‌ناڵێكى ئێرانى: ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بوو به‌ به‌شێك له‌ مێژوو

 نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ تاران، له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵێكى ئێرانى، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمى كوردستان بوو به‌شێك له‌ مێژوو.



له‌ دیدارێكی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى (عالم)ى ئێرانى، نازم ده‌باغ، نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ تاران، ڕای گه‌یاند: "حكوومه‌تى هه‌رێم سه‌رقاڵى پێكهێنانى شاندێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ پێی ده‌ستوور له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدڕاڵدا، گفتوگۆ بكات".


ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان چه‌ند جارێك ئاماده‌یی خۆى نیشانداوه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى گفتوگۆ و چاوه‌ڕێی حكوومه‌تى به‌غدایه‌. پێشبینیشى كرد، هه‌فته‌ى داهاتوو كارى له‌سه‌ر بكرێت.
 

سه‌باره‌ت به‌ سنووره‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان، نوێنه‌ره‌كه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم له‌ تاران، ڕوونیكرده‌وه‌، كه‌ كۆمارى ئیسلامی ئێران ده‌روازه‌ى سنوورى باشماخى كردووه‌ته‌وه‌، گوتیشی: "ده‌روازه‌كانى تر له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنى نێوان حكوومه‌تى فیدڕاڵ و حكوومه‌تى هه‌رێم ده‌وه‌ستێت، كه‌ پێشنیاز كراوه‌ به‌هاوبه‌شى له‌نێوان هه‌ردوولا به‌ڕێوه‌ ببرێت، به‌ڵام به‌غدا ده‌یه‌وێت هه‌موو ده‌روازه‌كان به‌ته‌نها كۆنترۆڵ بكات".

 

سه‌باره‌ت به‌ ڕێفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كه‌ له‌ 25ى ئه‌یلوولى 2017 به‌سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه‌چوو، نازم ده‌باغ، كه‌ له‌سه‌ر پشكى یه‌كێتى نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌ له‌ تاران، گوتی: "دواى ئه‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم ئه‌نجامه‌كه‌ى هه‌ڵپه‌سارد، ڕیفراندۆم بوو به‌ به‌شێك له‌ ڕابردوو، به‌و پێیه‌ى پێچه‌وانه‌ى ده‌ستوورى عێراقه‌".

 

یەک شەممە, 05 تشرینی دووەم 2017 02:55

نازم ده‌باغ له‌گه‌ڵ بەرپرسی بەشی سیاسی و سەربازی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە تاران کۆبۆوه

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران، له‌گه‌ڵ "هیدە ئاکی ئاداچی" بەرپرسی بەشی سیاسی و عه‌قید "هیرویوکی کانە کو" بەرپرسی بەشی سەربازی باڵیۆزخانەی ژاپۆن دیداریی کرد.

"هیدە ئاکی ئاداچی" بەرپرسی بەشی سیاسی و عه‌قید "هیرویوکی کانە کو" بەرپرسی بەشی سەربازی لە باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە تاران ئەمرۆ یەکشەمە رێکەوتی ٥/١١/٢٠١٧ سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له شاری تارانیان کرد و لە لایەن "نازم عومەر ده‌باغ" نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ شاری تاران و "هیوا ره‌سووڵ" و لوقمان لەتیف محه‌مد" ئەندامانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیان لێکرا. 

لە چاوپێکەوتنەکەدا گفتووگۆ لەبارەی ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان و پرسی دوای پرۆسەی ڕیفڕاندۆم کرا و نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران ڕاوبۆچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو، و باسی  لە سیاسەتی ئێستای حکوومەتی عێراق کرد بە فشارهێنانی زیاد بۆ سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەتی هەرێم سوورە لەسەر ئەنجامدانی گفتووگۆی ڕاستەقینە لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق و بە هەڵپەساردنی ئەنجامەکانی ڕیفڕاندۆم. 

"نازم ده‌باغ" ئومێدی خواست نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دۆستی وەکوو ژاپۆن و وڵاتانی دراوسێ پارێزەری مافە ڕەواکانی گەلی کورد بن لە پرۆسەی گفتووگۆکاندا، و ئاماژەی بەوە کرد کە کاردانەوەی سەربازی جگە لە زیان و ماڵ وێرانی بۆ هیچ لایەک سوودی نابێ.  

لە وڵامدا "هیدە ئاکی ئاداچی" بەڵێنیدا کە ئەم داواکارییە بگەیەنێتە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بۆ بەدواداچوون. 

نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران لە درێژەی وتەکانیدا باسی لەوەکرد کە کورد لەگەڵ خەباتکردندا بۆ سەربەخۆیی مێژویەکی زۆری هەیە و سەلماندوویەتی کە کێشەی کورد بە هێزی چەکداری لەبن نایەت.

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران بۆ جام کوردی: ڕیفراندۆم هەرێمی کوردستانی بۆ ڕابردوو گەڕاندەوە

 

جام کوردی:
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ڕایگەیاند کە بەڕێوەچوونی پرۆسەی ڕیفراندۆم، هەرێمی کوردستانی بۆ دواتر گەڕاندەوە و داهاتووەکەشی وا دەبێت کە دەسەڵاتەکانی هەرێم بۆ پێش ساڵی ٢٠٠٣ دەگەڕێتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نازم دەباغ کە سەردانی بیست و سێهەمین خولی پێشانگای چاپەمەنییەکانی ئێرانی لە تاران کردبوو، ژووری تایبەتی جام کوردیی وەک یەکەم گۆڤاری هاوبەشی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق بە سەرکردەوە و لە وتووێژی لە گەڵ ستافی جام کوردی وتی: لەم هەلومەرجە نوێیەدا پێویستمان بە گەڕانەوە بۆ دەستووری عێراق دەبێت.
ناوبراو وتی: بە پێی دەستووری عێراق دەبێت فیدراڵیزمی هەرێمی کوردستان لە سنورەکانی پێش ٢٠٠٣ بەردەوام بێت و لە سێ بواری بەرگری، دارایی و سیاسەتی دەرەوە هەرێمی فیدراڵ دەبێت لە ژێر چاودێری حکومەتی ناوەندیدا بێت.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە تاران ڕایگەیاند کە بەدەر لەم سێ بوارە، ئەرکی بەڕێوەبردن لە ئەستۆی سیستەمی فیدراڵی هەرێم دەبێت.
دەباغ لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە هەوڵی لایەنێکی سیاسی بە مەبەستی تێکدانی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا وتی: لە ڕاستیدا بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم چەشنێک لە کاردانەوەی هەرێم لە بەرامبەر سیاسەتەکانی بەغدا بووە کە لە بەرامبەر بە کورد هەڵەی تێدا بینراوە بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە زۆربەی وڵاتانی جیهان و نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەزامەندی ئەوەیان پیشان داوە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق کێشە و داواکارییەکانی کورد جێبەجێ بکرێت.
ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەگەر ئەو کێشانە چارەسەر نەبن کێشە و گرفتەکانی دیکەش سەرهەڵدەدەن.
ئەم دیپلۆماتکارە کوردە هەروەها وتی: بەرژەوەندی کورد ئەوەیە کە ئەم پاڵپشتییە لە دەست نەدات کە داوای وتووێژ لە گەڵ بەغدا و چارەسەربوونی کێشە و گرفتەکان لە چوارچێوەی دەستوور دەکەن و پێویستە بۆ ڕێگری لە زەرەرمەندی زیاتر بەو ئەمری واقیعە ڕازی ببێت.
نازم دەباغ سەبارەت بە ڕۆڵی تاران لە هێوربوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش وتی: بە بۆچوونی من ئێران بە درێژایی مێژوو رۆڵێکی ئەرێنیی لە بەرامبەر کوردانی عێراق هەبووە و ئەوەش پێویست بوو کە لە قۆناغی پێش ڕیفراندۆمیش گرنگیمان بە ڕاوێژەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەدا و ئەو پرۆسەیە بەڕێوە نەدەچوو لە بەر ئەوەی کە بینیمان دەرەنجامی باشی بە دواوە نەبوو.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە درێژەدا وتی کە لە ئێستاشدا وا دەبینم کە بە هەمان شێوەی جاران، کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەیی ئەوەی هەیە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە کێشە و گرفتەکانی کورد چارەسەر ببێت.
نازم دەباغ لە کۆتایی سەردانەکەی بۆ ژووری جام کوردی لە پێشانگای چاپەمەنییەکانی تاران بە ئاماژە بە ڕۆڵ و کاریگەری میدیا لە پەیوەندی نێوان گەلان وتی: میدیا گەر بتوانێت پەیامی ڕاستی بگەێنێت کاریگەری بەرچاوی خۆی پیشان دەدات.

 

 نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌تاران، نازم ده‌باغ له‌م گفتوگۆیه‌ی‌ ئاوێنه‌دا ده‌ڵێت “دڵنیام له‌قۆناغی‌ ئاینده‌دا ئێران هه‌وڵده‌دات هاوپه‌یمانی‌ كوردو شیعه‌ بپارێزێت”.


ئا: ئاوێنه‌
ئاوێنه‌: وه‌ك باسده‌كرێت قاسمی‌ سلێمانی‌ له‌دوای‌ راگه‌یاندنی‌ واده‌ی‌ ریفراندۆمه‌وه‌ كۆبونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سیای‌س كورد چڕ كردبۆوه‌‌و به‌رده‌وام له‌كوردستان بوه‌، ئایا راسته‌؟
نازم ده‌باغ: له‌كاتی‌ راگه‌یاندنی‌ ریفراندۆمه‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ ریفراندۆم ئه‌نجامدرا، شاندی‌ ئێران 70 تا 80 كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ‌ سه‌ركرده‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان ئه‌نجامدا، به‌ڵام هه‌مو شانده‌كان به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ حاجی‌ قاسم نه‌بون.
ئاوێنه‌: ئایا قاسمی‌ سلێمانی‌ خۆی‌ رۆژانی‌ پێش ریفراندۆم زیاتر هاته‌ سه‌ر خه‌ت؟
نازم ده‌باغ: به‌ڵێ‌، مه‌به‌ستی‌ ئه‌وه‌ بو ریفراندۆم نه‌كرێت چونكه‌ توشی‌ شكستێكی‌ گه‌وره‌ ده‌بین.
ئاوێنه‌: ئایا خۆت په‌یامی‌ قاسمی‌ سلێمانیت گه‌یاندوه‌ به‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان؟
نازم ده‌باغ: به‌ڵێ‌، من په‌یامێكی‌ تایبه‌تی‌ قاسمی‌ سلێمانیم به‌نامه‌ی‌ ره‌سمی‌ نارد بۆ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان‌و به‌ته‌له‌فون‌و زاره‌كیش ناردومه‌ بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان. قاسمی‌ سلێمانی‌ له‌و په‌یامه‌یدا پێیوتم به‌سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كوردستان بڵێ‌ كه‌ ئاماده‌یی‌ ئه‌وه‌ین له‌چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستور‌و یه‌كپارچه‌یی‌ عێراقدا به‌رگری‌ له‌مافه‌كانی‌ ئێوه‌ بكه‌ین‌و ماده‌ی‌ 140یش جێبه‌جێ‌ بكه‌ین
ئاوێنه‌: وه‌ك باسده‌كرێت قاسمی‌ سلێمانی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ دو قۆڵی‌‌و زۆر تایبه‌تی‌ له‌گه‌ڵ‌ بارزانی‌ كردوه‌ پێش ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم؟
نازم ده‌باغ: به‌لًێ‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ دو قۆڵی‌ له‌گه‌ڵ‌ مه‌سعود بارزانی‌‌و نێچیرڤان بارزانی‌‌و سه‌ركرده‌ی‌ هه‌مو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان كردوه‌‌و به‌ڵێنیشی‌ پێداون ده‌توانن له‌چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستوری‌ عێراق كێشه‌كانتان چاره‌سه‌ر بكه‌ن‌و وتویه‌شیه‌تی‌ درك به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ عێراق هه‌مو داخوازییه‌كانی‌ كوردی‌ جێبه‌جێ‌ نه‌كردوه‌، به‌ڵام هه‌مو ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی‌ هه‌شتانه‌ له‌سایه‌ی‌ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ی‌ ئێستای‌ عێراقدایه‌.
ئاوێنه‌: باشه‌ قاسمی‌ سلێمانی‌ فه‌رمانده‌ی‌ سه‌ربازییه‌ یان وه‌ك دبلۆماتكار رۆڵ‌ ده‌بینێت؟
نازم ده‌باغ: حاجی‌ قاسم پیاوێكه‌ له‌روی‌ بیركردنه‌وه‌و قسه‌كردنه‌وه‌ پیاوێكی‌ دیبلۆماتكاره‌، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا له‌روی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ فه‌رمانده‌یه‌كی‌ مه‌یدانییه‌.
ئاوێنه‌: له‌كه‌یه‌وه‌ قاسمی‌ سلێمانی‌ ده‌ناسیت؟
نازم ده‌باغ: له‌ساڵی‌ 1991ه‌وه‌ په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆم له‌گه‌ڵ‌ حاجی‌ قاسم هه‌یه‌، كه‌ ئه‌وكات نوێنه‌ری‌ مام جه‌لال بوم له‌تاران‌و له‌گه‌ڵ‌ شاندێك دیدارمان كرد. حاجی‌ قاسم په‌یوه‌ندییه‌كی‌ نزیكی‌ له‌گه‌ڵ‌ مام جه‌لال‌و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ‌ مه‌سعود بارزانی‌‌و نێچیرڤان بارزانیش هه‌بوه‌.
ئاوێنه‌: ئایا قاسمی‌ سلێمانی‌ رۆڵی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بینێت له‌دیاریكردنی‌ سیاسه‌تی‌ ئێران به‌رامبه‌ر به‌هه‌رێمی‌ كوردستان؟
نازم ده‌باغ: من پێموایه‌ له‌وه‌ش كاریگه‌رتر‌و واوه‌تره‌، من خۆم دیومه‌ كه‌ زۆر شت به‌بێ‌ كاریگه‌ریی‌ ئه‌و نه‌كراوه‌.
ئاوێنه‌: ئایا ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌ره‌ كه‌ هێزه‌ كوردییه‌كان به‌قسه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڵسوڕێن؟
نازم ده‌باغ: ئه‌گه‌ر به‌قسه‌ی ئه‌ویان بكردایه‌ ریفراندۆمیان نه‌ده‌كرد.
ئاوێنه‌: ئایا هاتنه‌ناوه‌وه‌ی‌ ئیسرائیل‌و پشتگیریی‌ له‌ریفراندۆمه‌كه‌ كاریگه‌ری‌ نه‌بو له‌سه‌ر كاردانه‌وه‌ی‌ توندی‌ ئێران به‌رامبه‌ر به‌كوردستان؟
نازم ده‌باغ: هاتنه‌ناوه‌وه‌ی‌ ئیسرائیل ته‌نها مانایه‌كی‌ هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رچی‌ وڵاتانی‌ ئیسلامییه‌ ئه‌گه‌رچی‌ خۆشیان په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵی‌ هه‌بێت، لێتده‌كات به‌دوژمن، ئێرانیش كه‌ وه‌ك دوژمنێكی‌ سه‌رسه‌ختی‌ خۆی‌ سه‌یری‌ ئیسرائیل ده‌كات، نایه‌وێت روبه‌رێكی‌ وه‌ك هه‌رێمی‌ كوردستان له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ پشتیوانی‌ بكرێت كه‌ سنوری‌ به‌سنوره‌كه‌وه‌یه‌تی‌. له‌كاتێكدا كه‌ هه‌مومان ده‌زانین سه‌رزه‌مینی‌ كورد له‌بنه‌ڕه‌تدا سه‌رزه‌مینی‌ ئاریاییه‌و له‌رابردودا به‌شێك بوه‌ له‌ئیمپراتۆریه‌تی‌ ئێرانی‌.
ئاوێنه‌: ئه‌ی‌ بۆچی‌ ئێستا ئێران پشتگیری‌ هێزێكی‌ عه‌ره‌بی‌ ده‌كات له‌دژی‌ ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ ئاریاییه‌؟
نازم ده‌باغ: ئێران پشتیوانی‌ عه‌ره‌بی‌ نه‌كردوه‌، وتویه‌تی‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ سبه‌ینێ‌ توشی‌ شه‌ڕ بن ئێمه‌ پشتیوانیتان ناكه‌ین، حكومه‌تی‌ عێراقیش حكومه‌تێكی‌ شیعه‌یه‌، دڵنیاشم له‌قۆناغی‌ ئاینده‌دا ئێران هه‌وڵده‌دات هاوپه‌یمانی‌ كوردو شیعه‌ بپارێزێت. كه‌واته‌ ئێران دژی‌ كورد نییه‌، به‌ڵكو دژی‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌ كه‌ په‌یڕه‌و كرا.
ئاوێنه‌: سیاسه‌تی‌ ئێران له‌م قۆناغه‌دا به‌رامبه‌ر به‌هه‌رێمی‌ كوردستان چۆن ده‌بێت پاش ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ مه‌سعود بارزانی‌؟
نازم ده‌باغ: من سیاسه‌تی‌ ئێستای‌ نازانم، سه‌باره‌ت به‌ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ بارزانی‌ كه‌سانێكی‌ ئه‌وتۆم نه‌بینیوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕیینه‌وه‌ بۆ رابردوی‌ ئێران‌و كه‌سی‌ حاجی‌ قاسم زۆرجار گوێم لێبوه‌ وتویه‌تی‌ كه‌ پێویسته‌ كورد كاریزماكانی‌ خۆیان بپارێزن‌و نه‌یانشكێنن، به‌دڵنیایی‌ مادام ئێران بیر له‌هاوپه‌یمانی‌ كوردو شیعه‌‌و به‌شێك له‌سوننه‌ ده‌كاته‌وه‌، دبێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كورد بكات.
ئاوێنه‌: ئایا ئێران پشتگیریی له‌دروستكردنی‌ دو ئیداره‌یی‌ له‌هه‌رێمدا ده‌كات؟
نازم ده‌باغ: من وا هه‌ستناكه‌م، چونكه‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌گه‌لی‌ كوردستان خۆیه‌وه‌تی‌، سبه‌ینێ‌ ئه‌گه‌ر پارێزگای‌ سلێمانی‌ جیابێته‌وه‌ خۆ ئێران ناتوانێت به‌زۆر به‌هه‌ولێره‌وه‌ی‌ بلكێنێته‌وه‌، وه‌ك چۆن ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆمی‌ پێپه‌كنه‌خرا.
ئاوێنه‌: ئایا ئێران ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ بارزانی‌ له‌سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم پێخۆشه‌؟
نازم ده‌باغ: ئه‌م پیاوه‌ به‌درێژایی‌ په‌نجا ساڵه‌ شكست‌و سه‌ركه‌وتنی‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینوه‌و كه‌سێكه‌ حسابی‌ بۆ ده‌كرێت، پێموانییه‌ ئێران پێیحۆش بێت سه‌ركرده‌كانی‌ كورد بزر بن، چونكه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان ئێران به‌زیانی‌ ده‌زانن‌و هه‌وڵیشدا ئه‌وه‌ رونه‌دات به‌ڵام به‌قسه‌ی‌ نه‌كرا.
ئاوێنه‌: واته‌ ئه‌گه‌ر به‌قسه‌ی‌ قاسمی‌ سلێمانی‌ بكرایه‌ چاره‌نوسی‌ كورد وای‌ لێنه‌ده‌هات؟
نازم ده‌باغ: ئه‌مه‌ هه‌ر له‌قاسمی‌ سلێمانیدا قه‌تیس مه‌كه‌ن، هه‌مو دنیا داوای‌ لێكردین ریفراندۆم نه‌كه‌ین، كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر به‌قسه‌ی‌ دۆسته‌كان‌و هاوپه‌یه‌مانه‌كانمان بكردایه‌ وامان لێنه‌ده‌هات، ئێستاش ده‌بێت دراوسێكانمان له‌پێشتر بن بۆ نێوانگیریی‌ له‌و وڵاتانه‌ی‌ كه‌ ئه‌مڕۆ لێره‌ن‌و سبه‌ینێ‌ به‌جێمانده‌هێڵن‌و ده‌ڕۆنه‌وه‌، كه‌ به‌درێژایی‌ مێژو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان مسۆگه‌ر كرابێت پشتیان تێكردوین.
ئاوێنه‌: به‌ڵام باس له‌وه‌ ده‌كرێت ئێران‌و قاسمی‌ سلێمانی‌ ئه‌ندازیاری‌ گرتنه‌وه‌ی‌ موسڵ‌‌و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بون؟
نازم ده‌باغ: باشه‌ بۆچی‌ ئێمه‌ بۆ هۆكاره‌كان نه‌گه‌ڕێینه‌وه‌؟ كه‌ دۆستێكی‌ دێرینی‌ كوردی‌ عێراق كه‌ رۆڵی‌ هه‌بوه‌ له‌هاوكاری‌ كردنی‌ به‌رنامه‌یه‌ك داده‌نێیت ئه‌و ئه‌زمونه‌ی‌ هه‌ته‌ بیشێوێنێ‌؟ بۆچی‌ په‌یامه‌كه‌ وا ناگه‌یه‌نن كه‌ بڵێن بۆ حاجی‌ سلێمانی‌ وایلێهات به‌شداری‌ بكات له‌گه‌ڵ‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ بۆ په‌لاماردانی‌ كوردستان؟

 

 

 

چوار شەممە, 01 تشرینی دووەم 2017 16:22

نازم ده‌باغ له‌گه‌ڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شێخ عه‌تا محه‌مه‌د نووری کۆبۆوه

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ شاری تاران، له‌گه‌ڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی "شێخ عه‌تا محه‌مه‌د نووری" جێگری سەرۆکی هاوردەکارانی هەرێمی کوردستان دیداریی کرد.

شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی "شێخ عه‌تا محه‌مه‌د نووری" جێگری سەرۆکی هاوردەکارانی هەرێمی کوردستان هاورێ لەگەڵ بەرپرسانی سنوورەکانی باشماخ و پەروێزخان و ئەندامانی ئەو بەرێوبەرایەتییە سەردانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد و لە لایەن "نازم عومەر ده‌باغ"  نوێنەری حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ تاران پێشوازیان لێکرا. 

مەبەست لە سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی ئێران، بینین و سەردانی پێشانگای "ئێران ئێکسپۆی"ه Iran Expo 2017 کە لە شاری تاران بەرێوەدەچێت.

لە سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له تاران باس لە باروودۆخی خاڵە سنووریەکان و هەوڵەکانی کردنەوەیان کرا، کە لەبەرژەوەندیی هەرێمی کورستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌تاران، نازم ده‌باغ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ قاسمی‌ سلێمانی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ دو قۆڵی‌‌و زۆر تایبه‌تی‌ له‌گه‌ڵ‌ بارزانی‌ كردوه‌ پێش ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم، ئه‌و ده‌ڵێت “سه‌رزه‌مینی‌ كورد له‌بنه‌ڕه‌تدا سه‌رزه‌مینی‌ ئاریاییه‌و له‌رابردودا به‌شێك بوه‌ له‌ئیمپراتۆریه‌تی‌ ئێرانی‌”.

 

ئاوێنه، سلێمانی‌: نازم ده‌باغ له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ تایبه‌ت به‌ئاوێنه‌دا رایگه‌یاند كه‌ له‌كاتی‌ دیاریكردنی‌ واده‌ی‌ ریفراندۆمه‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ ریفراندۆمه‌كه‌ ئه‌نجامدرا، شاندی‌ ئێران 70 تا 80 كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ‌ سه‌ركرده‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان ئه‌نجامدا، ئه‌و وتی‌ “خۆم په‌یامێكی‌ تایبه‌تی‌ قاسمی‌ سلێمانیم به‌نامه‌ی‌ ره‌سمی‌ نارد بۆ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان‌و به‌ته‌له‌فون‌و زاره‌كیش ناردومه‌ بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان. قاسمی‌ سلێمانی‌ له‌و په‌یامه‌یدا پێیوتم به‌سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كوردستان بڵێ‌ كه‌ ئاماده‌یی‌ ئه‌وه‌ین له‌چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستور‌و یه‌كپارچه‌یی‌ عێراقدا به‌رگری‌ له‌مافه‌كانی‌ ئێوه‌ بكه‌ین‌و ماده‌ی‌ 140یش جێبه‌جێ‌ بكه‌ین”. 

 

وتیشی‌ “دڵنیاشم له‌قۆناغی‌ ئاینده‌دا ئێران هه‌وڵده‌دات هاوپه‌یمانی‌ كوردو شیعه‌ بپارێزێت. كه‌واته‌ ئێران دژی‌ كورد نییه‌، به‌ڵكو دژی‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌ كه‌ په‌یڕه‌و كرا“.

سلێمانی كۆبوونەوەی تایبەتی لەگەڵ بارزانی كردووە نوێنەری‌ حكومەتی‌ هەرێم لەتاران هەوڵەكانی ئێران بۆ دواخستنی ریفراندۆم ئاشكرادەكات

شارپرێس:
نازم دەباغ نوێنەری‌ حكومەتی‌ هەرێم لەتاران رایگەیاند، قاسمی‌ سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی‌ كۆبوونەوەی‌ دووقۆڵی‌‌و زۆر تایبەتی‌ لەگەڵ‌ مەسعود بارزانی‌ كردووە پێش ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم.

نازم دەباغ لەچاوپێكەوتنێكی‌ لەگەڵ ژمارەی ئەمڕۆ سێ‌ شەممەی هەفتەنامەی ئاوێنە راشیگەیاندووە "لەكاتی‌ دیاریكردنی‌ وادەی‌ ریفراندۆمەوە تا ئەو كاتەی‌ ریفراندۆمەكە ئەنجامدرا، شاندی‌ ئێران 70 تا 80 كۆبوونەوەیان لەگەڵ‌ سەركردەی‌ لایەنە سیاسییەكانی‌ كوردستان ئەنجامدا".

نوێنەرەكەی حكومەتی هەرێم لەتاران ئاشكراشیكردووە، كە خۆی پەیامێكی‌ تایبەتی‌ قاسمی‌ سلێمانی بەنامەی فەرمی‌ ناردووە بۆ مەكتەبی‌ سیاسی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان‌و بەتەلەفون‌و زارەكیش ناردوویەتی بۆ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان".

هەروەها رایگەیاندووە "قاسمی‌ سلێمانی‌ لەو پەیامەیدا پێیوتم بەسەركردایەتی‌ سیاسی‌ كوردستان بڵێت، كە ئامادەیی‌ ئەوەین لەچوارچێوەی‌ دەستوور‌و یەكپارچەیی‌ عێراقدا بەرگری‌ لەمافەكانی‌ ئێوە بكەین‌و مادەی‌ 140یش جێبەجێ‌بكەین".

قسەكانی دەباغ لەكاتێكدایە، كە مانگی رابردوو پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەرێوەچوو، كە ئەوە كاردانەوەی زۆری بەدواوە هات‌و بەو هۆیەشەوە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و ئێران تێكچوو.

دەباغ لەبارەی باشبوونەوەی پەیوەندییەكانی ئێران‌و هەرێمی كوردستان رایگەیاند "دڵنیام لەقۆناغی‌ ئایندەدا ئێران هەوڵدەدات هاوپەیمانی‌ كوردو شیعە بپارێزێت، كە ئێران دژی‌ كورد نییە، بەڵكو دژی‌ ئەو سیاسەتەیە پەیڕەو كرا".

قاسم سلێمانی لەرێگەی نازم دەباغ پەیامێكی بۆ سەركردایەتی كورد ناردوە

 

بەوتەی نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تارانی پایتەختی ئێران، قاسم سلێمانی وتویەتی لە چوارچێوەی دەستور‌و یەكپارچەیی خاكی عێراق بەرگریی لەمافەكانی كورد دەكات.

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ تاران له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا كه‌ له‌ ژماره‌ی ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ی رۆژنامه‌ی "ئاوێنه‌"دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌، پێش ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم "قاسمی‌ سلێمانی"‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ دوو قۆڵی‌‌ و زۆر تایبه‌تی‌ له‌گه‌ڵ‌ "مه‌سعود بارزانی"‌ كردووه‌.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ "له‌كاتی‌ دیاریكردنی‌ واده‌ی‌ ریفراندۆمه‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ ریفراندۆمه‌كه‌ له‌ هه‌رێم ئه‌نجامدرا، شاندی‌ ئێران 70 تا 80 كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ‌ سه‌ركرده‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان ئه‌نجامدا".

"نازم ده‌باغ" ئاشكراشی كردووه‌ "خۆم په‌یامێكی‌ تایبه‌تی‌ قاسمی‌ سلێمانیم به‌نامه‌ی‌ ره‌سمی‌ نارد بۆ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانی‌ كوردستان ‌و به‌ ته‌له‌فون‌ و زاره‌كیش ناردومه‌ بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، قاسمی‌ سلێمانی‌ له‌و په‌یامه‌یدا پێیوتم به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كوردستان بڵێ‌ كه‌ ئاماده‌یی‌ ئه‌وه‌ین له‌ چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستور‌ و یه‌كپارچه‌یی‌ عێراقدا به‌رگری‌ له‌ مافه‌كانی‌ ئێوه‌ بكه‌ین‌ و مادده‌ی‌ 140یش جێبه‌جێ‌ بكه‌ین". 

نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ تاران ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو "دڵنیاشم له‌ قۆناغی‌ ئاینده‌دا ئێران هه‌وڵده‌دات هاوپه‌یمانی‌ كورد و شیعه‌ بپارێزێت، كه‌واته‌ ئێران دژی‌ كورد نییه‌، به‌ڵكو دژی‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌ كه‌ په‌یڕه‌و كرا".

 

نازم ده‌باغ نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستان له ئێران له وتووێژ له‌گه‌ڵ رویداد٢٤ هه‌رێمی کوردستان له بارودۆخی گونجاودا نه‌بوو بۆ به‌ڕێوه‌بردنی راپرسی

 رویداد٢٤- نازم ده‌باغ، نوێنه‌ری حکومه‌ری هه‌رێمی کوردستان له ئێران ده‌ڵێت: راپرسییان کپ کرد و له‌وانه‌یه هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه بێت که هه‌رێمی کوردستان له بارودۆخی گونجاوی به‌ڕێوه‌بردنیدا نه‌بوو. باشتر وابوو کاته‌که‌ی دوابخرێت بۆ کاتێکی دیکه.

 نازم ده‌باغ، نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ئێران به ئاماده‌بوون له ژووری رویداد٢٤ له پیشانگای رۆژنامه‌وانی تاران، هۆکاری بێ‌ئاکام‌بوونی راپرسی وا لێکدایه‌وه: راپرسییان کپ کرد و له‌وانه‌یه هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه بێت که هه‌رێمی کوردستان له بارودۆخی گونجاوی به‌ڕێوه‌بردنیدا نه‌بوو. باشتر وابوو کاته‌که‌ی دوابخرێت بۆ کاتێکی دیکه، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌م بابه‌ته په‌یوه‌ندی به هه‌ڵه‌کانی به‌ڕێز بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێم و لایه‌نه‌کانی دیکه‌وه نییه، زیاتر په‌یوه‌ندی به راوێژی هه‌ڵه‌وه هه‌یه چونکه راوێژکاره‌کانی کاک مه‌سعود زانیاری هه‌ڵه‌یان پێدا.

 له درێژه‌شدا وتی: ئه‌ڵبه‌ت ده‌بێت ئاماژه به‌م خاڵه‌ش بده‌ین که له‌وانه‌یه رووداوه‌کانی هه‌رێمی کوردستان پیلانگێڕییه‌ک بوو که له‌جیاتی خه‌ڵک و زۆرینه وابکه‌ن بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ساڵی ٢٠٠٣.

 نوێنه‌ری حکومه‌ری هه‌رێمی کوردستان سه‌باره‌ت به په‌له‌کردن له جێبه‌جێ‌کردنی ریفراندۆمدا وتی: کاک مه‌سعود ده‌بوو زیاتر سه‌رنجی ئه‌و راوێژانه بدات که وه‌ریده‌گرت و لانیکه‌م گرنگی زیاتری به‌و راوێژ و خواستانه بدایات که دۆستانی کورد له ئێران و ئه‌وروپا و ئه‌مریکا بۆ ئه‌نجام‌نه‌دانی راپرسی پێیان ده‌دا.

 ده‌باغ سه‌باره‌ت به پشتیوانی‌کردنی ئیسراییل له‌م راپرسییه ده‌ڵێت: وه‌کوو کوردێک هیچکات متمانه‌م به پشتیوانی ئیسراییل نییه چونکه هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ئیسراییل به مانای دوژمنی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی له‌گه‌ڵ هه‌‌رێمه، بۆیه وادیاره ئیسراییل له‌م بابه‌ته ئامانجێکی تایبه‌تی په‌یڕه‌و ده‌کرد.

 ئه‌و سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که ئیسراییل ویستوویه‌تی مه‌قه‌ڕه‌کانی خۆی له ئێران نزیک بکاته‌وه ده‌ڵێت: ئیسراییل دژی سه‌ربه‌خۆیی خۆرهه‌ڵاوی ناوینه و ده‌یه‌وێت سوودی خۆی ده‌ست که‌وێت له قه‌یرانه‌کاندا.

 ده‌باغ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که خه‌ڵكی هه‌رێمی کوردستان له ئێران دڵنگه‌ران بوون ده‌ڵێت: ئه‌م دڵنگه‌رانییه کورد له کۆماری ئیسلامی ئێران دۆستانه‌یه‌و وه‌کو دڵنه‌گرانی دوو برایه. له‌وانه‌یه سه‌رکردایه‌تی هه‌رێم گوێی به راوێژه‌کانی ئێران نه‌دابێت به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانا نییه که دۆستی نێوانمان له‌ناو چووبێت، چونکه ئه‌م دوو وڵاته خاوه‌ن جوگرافیا، نه‌ژاد و ئایینی هاوبه‌شن، بۆیه بۆ داهاتوو پێویستیان به یه‌کتره.

 نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستان له درێژه‌دا وتی: بۆیه له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ین که کۆماری ئیسلامی ئێران رۆڵی دۆستانه و پشتیوانکه‌ری خۆی له کورده‌کان درێژه پێ بدات چونکه پاراستنی یه‌کێتی نێوان کورد و شیعه ده‌بێته هۆی دروستبوونی عێراقێکی ئه‌من.

 نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستان سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که ئه‌گه‌ر مام جه‌لال زیندوو ببوایا دژایه‌تی ده‌کرد وتی: نه‌بوونی مام جه‌لال له هه‌رێمی کوردستان ده‌رکه‌وت، مام جه‌لال ده‌یوت که سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان شاعیرانه‌یه و ئه‌مه‌ش به‌و مانایه نه‌بوو که بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه خه‌باتی نه‌کردبێت، به‌ڵام ده‌بێت بارودۆخی سه‌ربه‌خۆیی ئاماد بێت؛ بۆیه ئه‌گه‌ر ریفراندۆم له‌ده‌ست ئه‌ودا ببوایات، رووی نه‌ده‌دا. 

 

وتووێژی رۆژنامه‌ی "ایران" له‌گه‌ڵ نازم ده‌باغ 

وه‌ستان له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی پێداگری ئاکامه‌کانی راپرسی سه‌ربه‌خۆیی ته‌مه‌نێکی کورتی بوو. ئێستا هه‌ولێر له کاتێکدا به‌ره‌و دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ڕوات که چه‌ندین مه‌رجی بۆدانراوه له‌وانه ده‌ست‌له‌کارکێشانه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی له سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان. ئه‌مه بارودۆخێکه که نازم عومه‌ر ده‌باغ نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له تاران وا لێکیده‌داته‌وه که " که‌سانێک به راوێژی هه‌ڵ‌ ده‌یانویست سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم به‌ره‌وه قه‌یران به‌رن". پێشمه‌رگه‌یه‌کی کورد که ئێستا دوای چه‌ندین ساڵ خه‌بات بۆ سه‌ربه‌خۆیی، بووه‌ته دیپلۆماتێکی واقیع‌بین، هاوکات هه‌م نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم و هه‌م نوێنه‌ری یه‌کێتی نیشتمانییه له تاران. وتووێژه‌که‌ی ئێمه چه‌ند رۆژ دوای، دوایین دانوستانی سه‌ردار قاسم سلێمانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌ولێر ئه‌نجامدرا و ده‌باغ تیایدا باس له دژایه‌تییه‌کانی ئێران بۆ راپرسی و گرنگی ناوبژیوانی ئێران بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان و دروستکردنه‌وه‌ی متمانه‌ له نێوان به‌غدا و هه‌ولێری کرد.

 

 

پێش به‌ڕێوه‌چوونی راپرسی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێم، دژایه‌تییه‌کی روون له لایه‌ن ئێران و تورکیاوه کرا. لێکدانه‌وه‌ی ئێوه بۆ ئه‌م دژایه‌تییانه و جیاوازی سیاسه‌تی ئه‌م دوو وڵاته له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته چییه؟



ده‌بێت پرسیاره‌که‌تان راست بکه‌مه‌وه؛ ئێران، تورکیا و وڵاتانی دیکه جۆرێ له دژایه‌تییان دژی ئه‌م بابه‌ته راگه‌یاند. جگه له ئێران و تورکیا، وڵاتانی ئه‌وروپایی، ئه‌مریکا و روسیاش پێداگرییان له‌سه‌ر ئه‌مه ده‌کرد که راپرسی نه‌کرێت. به‌ڵام بڕێک وڵات له بنه‌ڕه‌ته‌وه دژی ئه‌م بابه‌ته بوون و بڕێکی دیکه خوازیاری دواکه‌وتنی بوون، به‌ڵام خاڵی هاوبه‌شی هه‌موویان پاراستنی یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق و گرنگیدان به ده‌ستووری عێڕاق بوو. ئه‌مه‌م پێشتر وتووه و دیسانیش ئه‌یڵێمه‌وه؛ به پێی ئه‌زموون و ناسینێک که هه‌مه کۆماری ئیسلامی ئێران روونتر و روراستتر بوو له‌چاو ئه‌وانی دیکه. ئێران له رۆژی یه‌که‌مه‌وه راشکاوانه رایگه‌یاند که دژی به‌ڕێوه‌چوونی راپرسییه و له هه‌مان کاتیشدا رایگه‌یاند ئاماده‌یه له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا به‌رگری له مافه‌کانی خه‌ڵكی هه‌رێمی کوردستان و پاراستنی یه‌کگرتوویی عێراق بکات. ئێمه ئه‌م هه‌‌ڵوێسته‌مان له درێژه‌ی رۆڵ و پشتیوانی برایانه‌ و دۆستانه‌دا هه‌ڵمانسه‌نگاند که ئێران له ساڵانی رابردوودا به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی کوردستان نواندویه‌تی. پشتیوانی ئێران له کورده‌کانی عێراق له به‌رامبه‌ر رژێمی به‌عسی سه‌دام و هه‌روه‌ها له شه‌ڕ دژی داعش له‌بیر ناکه‌ین. بۆیه هه‌ڵوێستی ئێران بۆ ئێمه جیاوازه له هه‌ڵوێستی وڵاتانی دیکه.

 

 

من به روونی پرسیاره‌که‌م له‌سه‌ر ئێران و تورکیا بوو چونکه ئه‌م دووانه سنووری هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان هه‌یه و بۆیه ده‌یانتوانی کاریگه‌رتر بن. سه‌رۆک کۆماری تورکیا له هه‌ڵوێسته‌کانیدا هه‌وڵی ده‌دا باس له هاوکاری و هاوبیری ته‌واوی نێوان تاران و ئه‌نقه‌ره به‌رامبه‌ر به هه‌ولێر و راپرسی بکات.، ئایا به‌ڕای ئێوه هه‌ڵوێستی دوو وڵات وه‌ک یه‌ک بوو؟

 

له‌وانه‌یه ئه‌ردۆغان به هۆی به‌رژه‌وه‌ندی و رێکه‌وتنی درێژماوه‌ی ئابووری که له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان بووی، هه‌ڵوێستی فه‌رمی خۆی رانه‌ده‌گه‌یاند. به‌ڵام من هه‌میشه ده‌موت له بڕێک بارودۆخدا که له‌وانه‌یه له داهاتوودا بێته ئاراوه، هه‌ڵوێستی ئێران، تورکیا و عێراق وه‌ک یه‌کی لێدێت. به‌ڵام پرۆسه‌ی جێبه‌جێ‌کردنی له تورکیا و ئێران جیاوازبوو. هه‌روه‌ها که بینیمان ئێران خاڵه سنوورییه‌کانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم داخست به‌ڵام تورکیا واینه‌کرد. ئێمه به درێژایی مێژوو له‌گه‌ڵ ئێران هاوبه‌شی نه‌ژادی و فه‌رهه‌نگی زیاترمان بووه. ئێران چ پێش شۆڕشی ئیسلامی و چ دوای ئه‌و، هاوکار و پشتیوانی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی کورد بوو. له شه‌ڕی ئێران و عێراقدا، کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و دوای کۆڕه‌و، ئێران سنووره‌کانی خۆی به‌ڕووی ئێمه‌دا کرده‌وه، له هه‌موو ئه‌مانه‌دا ئێمه هاوکاری و پشتیوانی حکومه‌تی ئێرانمان بینیوه. ئه‌مانه نیشانی ده‌ده‌ن که به درێژایی ساڵانێکی زۆر په‌یوه‌ندییه‌کی نزیک له نێوان کورده‌کان و کۆماری ئیسلامی ئێراندا بووه. ئێران یه‌که‌م وڵاتێک بوو که دوای دامه‌زراندنی فیدراڵیسمی هه‌رێمی کوردستان، قونسولخانه‌ی خۆی له هه‌رێم به فه‌رمی کرده‌وه. هه‌روه‌ها له شه‌ڕی دژ به داعش‌دا، راوێژکاره سه‌ربازییه‌کانی ئێران بوون که له یه‌که‌م رۆژه‌کاندا هاتن به هانامانه‌وه. پشتیوانییه‌ک که بووه هۆی به‌‌رگری له به‌رامبه‌ر داعش و ئازادکردنی ئه‌و ناوچانه‌ی له لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه داگیرکرابوون.  

 

 

 

به‌داخه‌وه سیاسییه‌کانی کورد له بڕێک بارودۆخدا هه‌ستیان به گرنگی راوێژ و راسپارده‌کانی به‌رپرسانی ئێرانی سه‌باره‌ت به راپرسی و به تایبه‌ت دژایه‌تییان بۆ به‌ڕێوه‌چوونی راپرسی له له‌رکوک نه‌کرد. گوێدان به‌و خاڵانه‌ی که روانگه‌یه‌کی خوالێخۆشبوو مام جه‌لالم وه‌بیر دێنێته‌وه که ده‌یوت: "بابه‌‌تی که‌رکوک وه‌کو نه‌شته‌رگه‌ری مێشکی مرۆڤه که ده‌بێت پزیشکه‌که‌ ئاگاداربێت نه‌بێته هۆی ئیفلیج‌بوونی نه‌خۆشه‌که‌ی"، هه‌روایشی لێهات و له‌م رۆژانه‌دا بینیمان که وای لێهات به‌غدا به پشتیوانی هه‌موو وڵاتان به تایبه‌ت پشتیوانی ئه‌مریکا ناوچه‌کانی ماده‌ی ١٤٠ که که‌رکوکیشی ده‌گرته‌وه گرته‌وه، که‌رکوک ناوه‌ندی ئابووری بوو که وادیار بوو حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ تێپه‌ڕبوون به قۆناغی سه‌ربه‌خۆییدا حسێبێکی تایبه‌تی بۆ سه‌رچاوه نه‌وتییه‌کانی ئه‌و ناوچه کردبووه‌وه.

 

 

له‌و بارودۆخه‌دا که ئه‌گه‌ری ئابڵۆقه‌ له ئارادابوو، به‌رپرسانی هه‌رێم سه‌باره‌ت به به‌ڕێوه‌بردنی قه‌یرانی ئابووری چ پلانێکیان بوو؟

به دڵنیاییه‌وه سه‌رکردایه‌تی کورد ئه‌وه‌نده بیرمه‌ند بوون که بیر له‌م قه‌یران و کێشانه‌ی دوای راپرسی بکه‌نه‌وه. به‌ڵام به‌‌ڕای من ئه‌و راوێژانه‌ی که له‌م باره‌وه به کاک مه‌سعود درابوون، بڕێك جار هه‌ڵه‌ بوون. ته‌نانه‌ت پێم وایه بڕێک که‌س به‌م راوێژانه هه‌‌ڵانه‌‌یانه‌وه ده‌یانویست سه‌رکردایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم به‌ره‌و ئه‌م قه‌یرانه به‌رن. قه‌یرانێک که بیانووی دا به‌ده‌ست هاوپه‌یمانان و به‌غدا و هه‌رێمیشی مه‌جبوورکرد له ناوچه کێشه له‌سه‌ره‌کان وه‌کو که‌رکوک و دیاله و سه‌لاحه‌دین پاشه‌کشی بکات. له‌م بابه‌ته‌دا ده‌رکه‌وت که ئێمه نه‌مانتوانی پشتیوانی ئه‌و وڵاتانه وه‌ربگرین که به‌ڵێنی پشتیوانییان دابوو. له کاتێکدا که ئێران له رۆژی یه‌که‌مه‌وه رایگه‌یاند ئه‌گه‌ر راپرسی بکه‌ن، چاوه‌روانی هاوکاری و پشتیوانی ئێمه‌ مه‌که‌ن.

 

له‌وانه‌یه جگه له‌م هه‌ڕه‌شانه، دانوستانیش کراوه که دوایینه‌که‌ی سه‌فه‌ری سه‌ردار قاسم سلێمانی بوو بۆ هه‌ولێر. باسی ئه‌مه‌مان بۆ بکه، له چ ئاستێک و به چ سیاسه‌تێکدا به‌ڕێوه‌چوو؟



له‌وانه‌یه به مه‌سڵه‌حه‌تی نه‌زانم هه‌موو بابه‌ته‌کان باس که‌م. به‌ڵام ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم که تاوه‌کوو دوایین کاته‌کانی پێش به‌ڕێوه‌چوونی راپرسی دیداری زۆر کران. وه‌فدی کۆماری ئیسلامی ئێران تاوه‌کو رۆژی به‌ڕێوه‌چوونی راپرسی نزیکه‌ی ٧٠ بۆ ٨٠ کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه جیاوازه‌کان به‌ڕێوه‌برد. .

واتا وه‌فدی دیپلۆماتیکی ئێران سه‌ردانی ره‌سمییان بۆ هه‌ولێر بوو؟



 

نا، کۆبوونه‌وه‌ی وه‌فده ناوچه‌ییه‌کان به سه‌رۆکایه‌تی به‌ڕێز سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو. به‌ڕێز سلێمانی هه‌روه‌ها چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌تی و دووکه‌سی له‌گه‌ڵ کاک مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێم و نه‌چیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم و هه‌روه‌ها سه‌رکرده‌ی لایه‌نه‌کانی دیکه وه‌کو گۆڕان به‌ڕێوه‌برد. له هه‌موو کۆبوونه‌وه‌کاندا پێداگری لایه‌نه ئێرانی له‌سه‌ر ئه‌وه بوو که "ئێوه ئه‌مه مه‌که‌ن چون ئاگادارین که دواتر دژی ئێوه (هه‌رێمی کوردستان) یه‌ک ده‌گرن"، و "ئێمه ده‌مانه‌وێت وه‌کو کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌ستکه‌وته‌کانی کورده‌کانی عێراق له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراقدا بپارێزرێت". ته‌نانه‌ت من بۆخۆم له‌مانه‌دا ئاگادارم. له یه‌کێک له په‌یامه‌کاندا که به من درا خودی سه‌ردار سلێمانی وتیان ئێمه ئاماده‌ین له چوارچێوه‌ی ده‌ستوری عێراق و یه‌کگرتوویی عێراقدا پشتیوانی له مافه‌کانتان بکه‌ێن تاوه‌کو بگات به ماده‌ی ١٤٠. ئه‌مه په‌یامێکی روون بوو. به‌ڵام بابه‌تی دیکه روویدا که ئاکامه‌که‌ی بووه ئه‌وه‌ی که ئێستا ئێمه ده‌مانه‌وێت شه‌ڕ بوه‌ستێت وهه‌روه‌ها که بینیمان حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وڵامی داخوازییه‌کانی عه‌بادی داوه‌ته‌وه‌و ئاماده‌بوونی خۆی بۆ دانوستان ده‌ربڕیوه. بۆ خۆم هیواداربووم که سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستان ئه‌م هه‌ڵه‌ی نه‌کردبا؛ ئێستا که کراوه دیسان پێمان خۆشه که کورده‌کان هه‌میشه خوازیاری ئاشتی بوون و ئێستاش پێداگرییان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه که به رێگای دانوستاندا بگه‌ینه ئه‌نجام و کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێن و خه‌ڵکی کورد زیان نه‌بینن.



به‌م باسانه‌وه ده‌توانین بزانین که له دوایی سه‌ردانی سه‌ردار سلێمانی بۆ هه‌ولێر چ باس و خواسێک کراوه. به‌ڵام پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه که تایبه‌تمه‌‌ندی ئه‌و چی بووه که وه‌کو فه‌رمانده‌یه‌کی باڵای سه‌ربازی ئه‌م رۆڵه دیپلۆماتیکه‌ی گێڕاوه‌و له لایه‌ن به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستانیشه‌وه قبووڵ کراوه؟



من بۆخۆم رێزی تایبه‌تم بۆ سه‌ردار سلێمانی هه‌یه و سه‌باره‌ت به بابه‌ته‌کانی هه‌رێمی کوردستان له رابردووه‌وه تا ئێستا به‌رده‌وام په‌یوه‌ندیم بووه له‌گه‌ڵیت و له که‌سایه‌تی ئه‌ودا ته‌نها به‌شی سه‌ربازی نابینم. دیپلۆماسی له بیر و که‌سایه‌تی ئه‌ودا هه‌یه. ئه‌و له رابردووه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه کوردییه‌کان په‌یوه‌ندی بووه. ساڵی ١٩٩١ که راپه‌ڕین کرا من نوێنه‌ری مام جه‌لال بووم له ئێران و له‌گه‌ڵ وه‌فدێک سه‌ردانمان کرد. ده‌مزانی که ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌کی زۆر زۆر نزیکی له‌گه‌ڵ مام جه‌لال هه‌یه، ئه‌ڵبه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی دیکه‌ی کوردیش له‌وانه کاک مه‌سعود و نه‌چیرڤان بارزانی په‌یوه‌ندی هه‌بوو. .

نه وه‌کو که‌سایه‌تییه‌کی سه‌ربازی به‌ڵكوو وه‌کو راوێژکارێکی سیاسی له بواری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رۆلێکی باشی له په‌یوه‌ندی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ناوچه‌که‌و چاره‌سه‌کردنی بابه‌ته سیاسی و سه‌ربازییه‌کان گێڕاوه. متمانه به‌وان ئه‌وه‌نده‌یه که ده‌توانێت کاریگه‌ر بێت. به‌ڕای من بڕوابه‌خۆبوون و تواناکانی سه‌ردار سلێمانی ده‌یتوانی وابکات که کێشه‌کان له هه‌رێمی کوردستان دوورکه‌ونه‌وه به‌ڵام به‌داخه‌وه سوود له تواناکانی نه‌‌بینرا.

.

باس و خواسی زۆر له‌سه‌ر رۆڵی ئه‌مریکا و ئیسراییل به مه‌به‌ستی هاندانی به‌رپرسانی هه‌رێم بۆ به‌ڕێوه‌بردنی راپرسی کراوه. که به بینینی ئاڵای ئیسراییل له‌ده‌ست که‌سانێک له خه‌ڵكی هه‌رێم به‌هێز بووه‌وه، راستییه‌که‌ی چی بوو؟

 

 

سه‌باره‌ت به ئیسراییل پێشتر رای خۆمم وتووه، ئیسراییل به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له ناوچه‌که‌دا و له هه‌رێمیش هه‌یه. زۆربه‌ی کورده‌کان مه‌ترسی پشتیوانیکردنی ئیسراییل له راپرسیمان هه‌ست پێده‌کرد، چونکه ده‌مانزانی هه‌رچه‌ند وڵاتانێک وه‌کو میسر، ئۆرده‌ن یان قه‌ته‌ر له‌ ئیسراییل باڵیۆزخانه‌یان هه‌یه به‌ڵام پشتیوانییه‌کی وه‌ها ده‌بێته هۆی دروستبوونی کێشه‌ له نێوان عه‌ره‌به‌کان و موسڵمانان له‌گه‌ڵ کورده‌کان. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه بڕێک راوێژکاری سه‌رکردایه‌تی کورد به هه‌‌ڵ‌ پێیان وابوو که ده‌کرێت ئیسراییل پشتیوانی له سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بکات. هه‌رچه‌نده هه‌ڵوێسته دژه‌کانی نتانیاهۆ سه‌باره‌ت به راپرسی، هه‌ڵه‌ی ئه‌و لێکدانه‌وه‌ی نیشاندا. به وته‌ی مام جه‌لال له‌وانه‌یه بکرێت ده‌ست بخه‌ینه ناو مێژووه‌وه و بیگۆڕین، به‌ڵام بۆ جوگرافیا ئه‌مه مومکین نییه. جوگرافیای هه‌رێمی کوردستان له نێوان ئێران، تورکیا، عێراق و سوریا گیراوه، بۆ پێکهێنانی حکومه‌تی کوردی لانیکه‌م پشتیوانی دووان له‌مانه پێویسته ئه‌گینا رێگای هه‌ناسه‌مان داده‌خرێت، که داخرا، ئاسمان داخرا، خاڵه سنوورییه‌کان داخرا، عێراقیش هێرشی کرد. من له رابردووشه‌وه پێم وابوو که شه‌ڕی ئێمه له‌گه‌ڵ حکومه‌تی نوێی عێراق دژوارتر ده‌بێت له شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ به‌عس، چونکه بیرۆکه‌ی قه‌ومی لای به‌شێک له سه‌رکردایه‌تی عێراق بوونی هه‌یه و پێداگری کورده‌کان له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی وه‌ڵامێک بۆ ئه‌م بیرۆکه‌یه بوو. ئه‌گه‌ر حکومه‌تی به‌غدا زیاتر گرنگی به جێبه‌جێ‌کردنی ده‌ستوور و رێککه‌وتنه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌‌غدا بدایا، له‌وانه بوو به‌م زووانه راپرسی نه‌کرێت. بۆیه پێموایه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت سه‌ربه‌خۆ بین ده‌بێت سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ به‌غدا دانوستان بکه‌ین. ناتوانین به دانوستان له‌گه‌ڵ تاران یان دیمه‌شق یان ئه‌نقه‌ره به‌مه بگه‌ین. بۆیه رێگای سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه که له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا بتوانین کێشه‌کانمان چاره‌سه‌ر بکه‌ین تاوه‌کو یه‌کپارچه‌یی خاکی عێڕاق بپارێزرێت. به‌ڵام ئه‌مه تاکلایه‌نه ناکرێت.

 

له په‌رله‌مانی عێراقدا ره‌خنه‌ی زۆر له به‌ڕێز فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆک کۆماری کوردی عێراق گیرا که بۆچی پێشی به راپرسی نه‌گرتووه. ئه‌و تا چ راده‌یه‌ک ئه‌مه‌ی پێده‌کرا؟



من ساڵانێکی زۆر له‌گه‌ڵ دکتور فوئاد مه‌عسوم هاوخه‌بات بووم. به‌ڵام ده‌بێت بڵێم ئه‌و خاوه‌ن جێگه‌و کاریگه‌ری مام جه‌لال نییه. جگه له‌وه پێگه‌ی سه‌رۆک کۆماری کورد به‌نده به پشتیوانی ئه‌و لایه‌نه کوردییانه‌وه که له هه‌رێم پشتیوانی لێ ده‌که‌ن، که به‌داخه‌وه له سه‌رده‌می سه‌رۆکایه‌تی دکتور فوئاد ئه‌مه گۆڕا. ئه‌و توانایه‌و کاریگه‌رییه‌ی  که مام جه‌لال نه ته‌نها له کوردستان، به‌ڵکوو له هه‌موو عێراق بووی نه‌ماوه. فوئاد مه‌عسوم پیاوێکی خه‌باتگێڕ، سیاسی، و هێمن و کارامه‌یه به‌ڵام بارودۆخه‌که گۆڕاوه و تواناکانی سنووردار کراوه. ئه‌و هه‌وڵی خۆیدا. ته‌نانه‌ت هات بۆ هه‌‌ولێر و کۆبوونه‌وه‌ی کرد. به‌ڵام له به‌غدا که‌س چاوه‌روانی ئه‌وی نه‌ده‌کرد. بۆیه کاتێک گه‌یشته‌وه پایته‌خت، سوپا هاتبوونه که‌رکوک. 

.
آیا همه اقوام و گروه‌ها در کردستان عراق با خواستی که دولت آقای بارزانی پیگیری می‌کرد همداستان و هم رأی بودند؟ به نظر می‌رسید که همه پرسی بیش از هرچیز خواست شخصی بارزانی بود تا یک اجماع جمعی

ئایا هه‌موو لایه‌نه‌کانی کوردستانی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌و خواسته‌ی کاک مه‌سعود هاوڕا بوون؟ وادیاربوو که راپرسی زیاتر خواستێکی تاکه‌که‌سی کاک مه‌سعود بوو یاوه‌کو خواستێکی به‌کۆمه‌ڵ

 

 

راسته که ئه‌م پرسه له لایه‌ن کاک مه‌سعوده‌وه رابه‌ری ده‌کرا به‌ڵام له کۆبوونه‌وه‌کاندا وێڕای هه‌موو جیاوازییه‌کان، بڕیاردرا که راپرسی له ٢٥/٩ بکرێت. زۆرینه‌ له‌سه‌ر ئه‌مه کۆک بوون، جگه له دوو لایه‌نی سیاسی. واتا گۆڕان و کۆمه‌ڵی ئیسلامی که ئه‌وانیش دژی راپرسی و سه‌ربه‌خۆیی نه‌بوون به‌ڵام دژی ره‌وت و شێوه‌ی کاره‌که بوون. ده‌یانوت بۆچی ئه‌م کاته؟ بۆ به په‌له و بۆچی له په‌رله‌مان په‌سه‌ند نه‌کراوه؟ بۆیه له رۆژی به‌ڕێوه‌چوونی راپرسیدا وتم هه‌ر کوردێک ده‌نگی پێ نه‌دات خیانه‌تی کردووه. ئه‌‌مه بۆ ئه‌وه بوو که من کوردم، زیاتر له ٥٠ ساڵ خه‌باتێکم کردووه بۆ گه‌یشنتن به‌م یامانجه که ده‌وڵه‌تی کوردیمان ببێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له من بپرسن ده‌ڵێم بوردۆخه‌که بۆ پێکهێنانی ئه‌مه به وته‌ی مام جه‌لال خه‌ونێکی شاعیرانه‌یه. من ئه‌م خه‌ونه‌م خۆش ده‌وێت به‌ڵام ناتوانم جێبه‌جێی بکه‌م به‌ڵکوو ده‌توانم به‌ڕێوه‌به‌رییه‌ک له هه‌رێمم ببێت که خه‌ڵک هه‌ست به ئه‌من و ئاسایش بکه‌‌ن. قسه‌ی من ئه‌وه‌یه که له‌م کاره‌ی کاک مه‌سعوود هه‌موو لایه‌نه‌کان جگه‌ له‌و دووانه به‌رپرسیارن. به‌ڵام نزیکه‌ی ١٦ لایه‌ن له یه‌کێتی و پارتی و سۆشیالیست و ... هه‌موو پشتیوانییان ده‌کرد. به‌ڵام گۆڕان و کۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌یانوت ده‌بێت ئاماده‌کارییه‌کانی ئه‌م راپرسییه  به یه‌کگرتوویی هه‌موو لایه‌نه‌کان، یه‌کگرتوویی هێزی پێسمه‌رگه، یه‌کگرتوویی هێزه‌کانی پۆلیس، دابین‌کردنی ئابووری دڵنیاکه‌ره‌وه و پلان بۆ ژیانی خه‌ڵك بکرێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه سه‌رۆکی گۆڕان له رۆژی راپرسیدا ده‌نگی خۆی به‌رزکرده‌وه‌و وتی ده‌نگی من بۆ سه‌ربه‌خۆییه به‌ڵام لایه‌نگرانمان ئازادن چی بڕیار ده‌ده‌ن. مامۆستا عه‌لی باپیر و دکتور به‌رهه‌م ساڵح‌یش هه‌مان قسه‌یان کرد. من کوردم، ساڵانێکی زۆر خه‌باتم کردووه مه‌گه‌ر ده‌توانم بڵێم نا؟ به‌ڵام که‌سانی ژیر و بیرمه‌ند ده‌پرسن چۆن؟ و حکومه‌تێک که دروست ده‌بێ ئاسایشم زیاتر ده‌کات یان کێشه‌کانم قووڵتر ده‌کاته‌وه؟ سه‌رکردایه‌تی وڵاتێک ده‌بێت کێشه‌کانی داهاتوو ببینێت. به‌ڕای من به‌داخه‌وه ده‌بێت هه‌مو ئه‌و لایه‌نانه‌ی پشتیوانی بارزانییان کرد ده‌بێت سزا بدرێن، چ یه‌کێتی چ پارتی. ئه‌مه‌ش به مانای ئه‌وه‌ نییه که کاریزمای سه‌رکرده‌کانمان له‌ناو به‌رین، به‌ڵام ده‌بێت وانه له هه‌ڵه‌کانمان وه‌ربگرین و درێژه‌ی پێ نه‌ده‌ین. بۆخۆم چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌که‌م که به‌ره‌و حکومه‌تێکی دیموکراتی هه‌نگاو بنێین. 

که‌واته به‌ڕای ئێوه، به پێچه‌وانه‌ی دروشمه‌کان، دیموکراسی له هه‌رێم تووشی قه‌یران بووه؟



 

قه‌یرانێکی گه‌روه‌یه. چونکه ئه‌گه‌ر دیموکراسی به مانا راسته‌قینه‌که‌ی ببوایا، چه‌ند که‌سێک زاڵ نه‌ده‌بوون، خه‌ڵک بێ تاوانن. کاتێک به خه‌ڵك ده‌ڵێی من حکومه‌تی سه‌ربه‌خۆ پێک ده‌هێنم ئه‌وان پێیان وایه شه‌ر کۆتایی هاتووه و ئازادی دێت، به‌ڵام وانییه. پێکهێنانی حکومه‌ت بێ ره‌زامه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی ئازادی و ئاسایش و خوشگوزه‌رانی لێ ناکه‌وێته‌وه. به‌غداش ده‌بێت بزانێت ئه‌گه‌ر مافی خه‌ڵک دابین نه‌کرێت، خه‌بات به‌رده‌وام ده‌بێت. کورده‌کان به درێژایی مێژوو هه‌وڵی زۆریان داوه و شکستیان خواردووه، به‌ڵام دیسان هه‌ڵساونه‌ته‌وه. بابه‌ته‌که ته‌نها ئامانجی کوردی نییه، بابه‌ته‌که مافی هاووڵاتیبوونه بۆ کورده‌کان له عێراقدا. جلوبه‌رگ و زمانی خۆیان ببێت و به هۆی نه‌ته‌وه‌و ئایینه‌وه دوور نه‌خرێنه‌وه، هه‌روه‌ها که به‌ڕێز زه‌نگه‌نه وه‌کو کوردێکی ئێرانی به هۆی تواناکانییه‌وه بووه‌ته وه‌زیر، بابه‌تی من جوگرافیا نییه، هه‌روه‌ها که له یه‌کێتی ئه‌وروپا سنوور نه‌ماوه‌و ته‌نها به هۆی گۆڕینی کۆدی ته‌له‌‌فونه‌وه ده‌زانی چوویته‌ته ناو وڵاتێکی دیکه‌وه.

 

به‌هه‌رحاڵ ره‌وتنه‌که وا رۆیشت که هه‌ولێر و به‌غدا روو له دانوستان بکه‌ن. ئایا ئه‌م دانوستانه پێویستی به ناوبژیوان هه‌‌یه؟



به‌ڵێ پێویسته. چونکه متمانه‌ نه‌ماوه. بۆیه هه‌م پێویستی به ناوبژیوانه و هه‌م به گه‌ره‌نتی.

 

وادیاره چه‌ند وڵاتێک ئه‌مه‌یان ده‌ربڕیوه. جگه له ئێران، عه‌ره‌بستانیش هه‌ڵوێستی بووه. روسیا باسی له ناوبژیوانی بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وت کردووه. هه‌رکام له‌مانه ده‌توانن چ رۆڵێکیان ببێت؟



 

لێرده‌دا رای خۆم ده‌ڵێم. له‌وانه‌یه له‌ رووی فۆرمه‌وه ناوبژیوانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان باشتر بێت چون نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو وڵاتان ده‌کات. به‌ڵام رای خۆم ئه‌وه‌یه که باشترین ناوبژیوان ناوبژیوانیی دراوسێیه چونکه جوگرافیای هاوبه‌شمان هه‌یه و ئه‌گه‌ر له دوارۆژدا هه‌ر چه‌شنه زاڵبوونێک له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی دراوسێ بێته ئاراوه، کێشه‌ی لێ ده‌که‌وێته‌وه. هه‌روه‌ها به درێژایی مێژوو وڵاتانی دراوسێ به تایبه‌ت ئێران په‌نایان به ئێمه داوه. بۆیه باشتره له‌م ناوبژیوانییه‌دا ئاماده بن. تا ئه‌م کات و ساته له هه‌‌ڵوێستی ئه‌م وڵاتانه‌دا، دروستی و راستیم له هه‌ڵوێستی ئێراندا بینیوه. تا ئه‌و شوێنه‌ی من بزانم حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان داوای له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و وڵاتانی دۆست کردووه که بێن و ناوبژیوانی بکه‌ن. لێره‌دا ئیتر به‌‌نده به‌وه که کام وڵات نزیکتر و راستگۆتره. ئه‌گه‌ر ناوبژیوانی به ئامانجی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری وڵاتان بێت ئاکامێکی نابێت. هه‌روه‌ها که تورکیا به هۆی به‌رژه‌وه‌ندی ئابوورییه‌وه هه‌ڵوێستی جیای له‌سه‌ر هه‌رێم و نه‌وت بووه. هاوبه‌شی ئابووری ئێران و هه‌رێمی کوردستان ته‌نها بازاڕه سنوورییه‌کانه‌و ئه‌مه بێ‌لایه‌نی زیاتری به‌دواوه‌یه. 

له رۆژانی رابردووا هه‌وڵێک له دیداری وه‌فدێکی کوردی له‌گه‌ڵ ئایه‌توڵلا سیستانی بڵاوبووه‌وه، رۆڵی ئه‌وان له چاره‌سه‌ردا چۆن ده‌بینن؟

 

ئایه‌توڵلا سیستانی مه‌رجه‌عێکی ئایینی به‌هێزه‌ که ئێمه‌ی کورد رێزێکی تایبه‌تی بۆ داده‌نێین. په‌یامه‌که‌ی ئه‌وان کاتێک ده‌رچوو زووبه‌زوو له لایه‌ن سه‌رکردایه‌تی کوردستانه‌وه پێشوازی لێکراو وتیان ئێمه ئاماده‌ین له چوارچێوه‌ی په‌یامه‌که‌ی ئه‌واندا دانوستان بکه‌ین. به‌ڵام ئه‌و وه‌فده له لایه‌ن یه‌کێتییه‌وه رۆیشتن. ئه‌وان له‌م دیداره رازی بوون و خۆشحاڵیش بوون. ئه‌مه هه‌نگاوێکی حزبی بوو به‌ڵام حکومه‌تی هه‌رێم به فه‌رمی رایگه‌یاند که هه‌م پێشوازی له په‌یامه‌که‌ی به‌ڕێز عه‌بادی ده‌کات و هه‌م په‌یامه‌که‌ی ئایه‌توڵڵا سیستانی.

 

هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێم که بڕیاربوو ١/١١ به‌ڕێوه بچێت دواکه‌وت. پێتان وایه که‌ی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت؟ 

جارێک له باس و خواسدایه. له نێوان ٦ مانگ، ساڵێک یان دوو ساڵ باسکراوه. ئه‌وانه‌ی ئێستا ده‌یانه‌وێت حوکمرانییان درێژه‌ی ببێت ده‌ڵێن دوو ساڵ دواکه‌وێت. له کاتێكدا ئه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌ بچێت جوگرافیای سیاسی هه‌رێم گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. .
ئه‌م گۆڕانه به‌ره‌و کام لا ده‌چێت؟

ئێستا له ساحه‌ی سیاسی چه‌ن لایه‌نێک هه‌یه که گۆڕان و کۆمه‌ڵی ئیسلامی و هاوپه‌یمانی بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری به سه‌رۆکایه‌تی دکتور به‌رهه‌م ساڵحه. لایه‌نی دیکه‌ش هه‌ن که ده‌یانه‌وێت هاوپه‌یمانی دروست بکه‌ن و داوایان کردووه حکومه‌تێکی کاتی بۆ چاره‌سه‌کردنی قه‌یرانه‌کانی ئێستا پێک بێت. ئه‌وه‌ی که ورده‌کارییه‌کانی چۆن ده‌بێت نازانم، به‌ڵام مه‌رجی ئه‌مه ئه‌وه‌یه که هه‌رچی زووتر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و حکومه‌تێکی جه‌ماوه‌ری و دیموکراتیک دروست بێت و له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا مافه‌کانی گه‌لی کورد دابین بکرێت.

 

واتا کۆتایی خواسته‌کانی هه‌رێم له دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا جێبه‌جێکردنی ته‌واوی ده‌ستووری ئێستای عێراقه؟


به‌ڵێ، چونکه ئه‌گه‌ر ده‌ستوور به ته‌واوی جێبه‌جێ بکرێت کێشه دروست نابێت. ئێمه کێشه‌ی زۆرمان له‌سه‌ر ئه‌مه له‌گه‌ڵ به‌غدا بوو، وه‌کو یاسای نه‌وت که ئاماده کراو و هه‌موو لایه‌ک په‌سه‌ندیان کرد. به‌ڵام بڕیاربوو په‌رله‌مان په‌سه‌ندی بکات به‌ڵام هه‌روا ماوه‌ته‌وه. حکومه‌تی هه‌رێمیش یه‌کلایه‌نه جێبه‌جێی کرد. هه‌روه‌ها بارودۆخی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه له رووی به‌رگری یان پۆلیس‌بوونیان ده‌بێت یه‌کلایی بێته‌وه. هه‌روه‌ها بابه‌تی بوجه، په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی هه‌ولێر و به‌غدا که ده‌بێت دانوستانی بۆ بکرێت و جێبه‌جێ بکرێن. هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به ناوچه‌کانی ماده‌ی ١٤٠ که بڕیاربوو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر هه‌رێم ریفراندۆمی تێدا بکرێت که نه‌کراوه‌و هه‌رێم یه‌کلایه‌نه جێبه‌جێی کرد. .

روابط آتی‌تان با ایران را پس از حل مسأله چگونه پیش‌بینی می‌کنید

په‌یوه‌ندی داهاتووتان له‌گه‌ڵ ئێران دوای چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان چۆن ده‌بینن؟



به وته‌ی مام جه‌لال ناکرێت جوگرافیا بگۆڕین و بۆیه هه‌میشه پێویستیمان به په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تی ئێران هه‌یه.

 

 

پەڕەى 89 لەکۆى 210 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی