سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی 3ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەلیم ئەلجبووری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و هەروەها ڕەوشی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە پارێزگاكانی دیالە و ئەنبار و كەركووك و سەلاحەدین و نەینەوا خرایە بەر باس و قسە لەبارەی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هۆزە عەرەبەكان و حەشدی شەعبی كرا. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر ئازادكردنی شاری موسڵ و ناوچەكانی دیكە لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش كرایەوە.
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا تەحەدییاتی بەردەم عێراق و چۆنییەتی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە پڕۆسەی سیاسی و چاكسازی و قۆناغەكانی دوای شەڕی داعش تاوتوێ كرا.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی هۆزی حەدیدیی پارێزگای نەینەوا دەكات
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی 3ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی هۆزی حەدیدی بە سەرۆكایەتیی ئەحمەد مەحمود ئەلوەشانی كرد.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد كە ناوچەكانیان لەژێر دەستی داعش ڕزگار كردووە و پێزانینیان بۆ قارەمانێتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەبوو و زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە قێزەوەنانەیان كرد كە تیرۆریستانی داعش درهەق پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی پارێزگای نەینەوا و خوشك و برا ئیزیدی و مەسیحییەكان ئەنجام داوە.
شاندی هۆزی حەدیدیی نیشتەجێی پارێزگای نەینەوا و دەورووبەری ناحیەی وانكێ و سەدی موسڵ ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە ئامادەیی تەواویان هەیە كە شانبەشانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ناوچەكانیان بپارێزن و شەڕی تیرۆریستانی داعش بكەن و چارەنووسی خۆیان بە هەرێمی كوردستان ببەستنەوە و داوایان كرد ناوچەكانیان بخرێتە سەر هەرێمی كوردستان. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بەوەی تیرۆریستانی داعش دەستیان لە تێكدان و شێواندنی باری كۆمەڵایەتی و كوشتن و بڕینی خەڵكی بێتاوان هەبووە ستاییشی مامەڵەی ڕەوشتبەرزانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەكە و خەڵكی عەرەبی دەڤەرە ئازادكراوەكان.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هەڵوێستیانی كرد و هێمای بەوەدا كە ئەو تاوانانەی تیرۆریستانی داعش ئەنجامیان داوە لە هیچ شوێن و مێژوویەكدا ڕووی نەداوە. ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی كوردستان خاوەنی كولتووری پێكەوەژیان و ڕەوشتی بەرزە و هیچ جیاوازییەك لەنێوان موسڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و عەرەب و كورد و پێكهاتەكانی دی نییە. سەرۆك بارزانی جەختی لەوەیش كردەوە كە ئەوەی دەستی لەگەڵ داعش هەبووبێت و هاوكاریی داعشی كردبێت و هزری داعشی لا پەسەند بێت بە هیچ شێوەیەك نابێ بگەڕێتەوە ناوچە ئازاد كراوەكان.
تیرۆریستانی داعشیش هیچ ئاییندەیەكیان لە ناوچەكە نییە و لەناوچوونیان تەنیا بە كاتەوە بەندە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپات كردەوە كە پێویستە خەڵكی ناوچەكە لە ژیانێكی ئاسوودەدا بژیین و ڕێز لە ئیرادەی دانیشتوانی ناوچەكە بگیرێت و ئەوان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی له نوێنهری سهرۆك وهزیرانی بهریتانیا بۆ كاروباری ئاسایشی ههرێمی كوردستان و شاندی یاوهری دهكات
ئهمڕۆ چوارشهمه 18ـی 3ـی2015 لە سەلاحەدین بهڕێز مهسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی له جهنهڕاڵ سیمۆن مایهل نێردراوی تایبەتی بهریتانیا بۆ كاروباری ئاسایشی ههرێمی كوردستان و شاندێكی یاوهری كرد، كه له جهنهڕاڵ تۆم بێكت نێردراوی نوێی بریتانیا بۆ كاروباری ئاساییش لە هەرێمی كوردستان و كونسوڵی گشتی بهریتانیا له ههولێر و ژمارهیهك بهرپرسی سهربازیی سوپای بریتانیا پێكهاتبوو.
له دیدارێكدا كه به بۆنهی كۆتایهاتنی ئهركی جهنهڕالمایهلو ناساندنی شوێنگرهوهكهی (جهنهڕاڵ تۆم بێكت) ساز درابوو، شاندی سەربازیی حكوومەتی بریتانیا پابەندبوونی خۆی بە پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دووپاتكردەوە و ستاییشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانیشیان كرد لە سەرپەرشتیكردنی شەڕەكانی پێشمەرگە لەبەرانبەر تیرۆریستان و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەیان لە سەرۆك بارزانی كرد و سەرەخۆشیی خۆیشیان بۆ سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە ڕاگەیاند كە لەشەڕی دژی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە. شاندەكە ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە شەڕی ڕاستەقینە و كاریگەر هێزی پێشمەرگە كردوویەتی و دەستكەوت و سەركەوتنەكانی پێشمەرگەیش زۆر بەرچاو و دیارن.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی جەنەڕاڵ مایەل و تیمە سەربازییەكانی بریتانیای كرد كە هەماهەنگیی زۆر باشیان لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەدا هەبووە و ڕۆڵیان لە سەركەوتنەكاندا گێڕاوە. هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە ئەزموونی كاری هاوبەشی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان پێشانیدا كە بە هەماهەنگی و هاوكاریی لایەنەكان دەكرێ تیرۆریستانی داعش تێكبشكێندرێن. سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا و شەڕی دژی تیرۆریستان سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە پێویستە ئەولەوییەتی سەرەكیی هەموو لایەك شەڕی داعش و ئازادكردنی موسڵ و ناوچە داگیركراوەكانی دیكە بێت و بۆ چارەسەربوونی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدایش لایەنەكان لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبن.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا دەكات
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی 3ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی یەكێتیی ئەوروپا كرد كە پێكهاتبوو لە ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆمیتەی بەرگری و كۆمیتەی كاروباری دەرەوەی پارلەمانی ئەورووپا و جانا هیباسكۆڤا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەیان لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە سەرۆك بارزانی كرد و ڕۆڵ و قوربانیدانی پێشمەرگەیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان بەرز نرخاند و ئاماژەیان بەوەدا كە شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ مەترسییەكان و بەرخودانی پێشمەرگە وایكردووە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بەشداریی ئافرەتان لەم بەرخودانەدا ڕێز و پێگەیەكی بەرزی بۆ پێشمەرگە لە ئاستی جیهانیدا مسۆگەر كردووە. هەروەها ستاییشی سەقامگیری و پێشكەوتنی كوردستانیان كرد و ڕایانگەیاند كە دەیانەوێ كار بكەن بۆ بەردەوامیی و فراوانتركردنی پشتیوانی بۆ هەرێمی كوردستان و پێویستیشە وڵاتانی ئەوروپایی بەردەوام بن لە گەیاندنی هاوكاریی سەربازی و مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هەڵسەنگاندن و هەڵوێستی ئەوانی كرد لەمەڕ هێزی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان و وێڕای ئاماژەدان بە چۆنییەتی دەركەوتنی داعش و پەلاماردانیان بۆ كوردستان و تاوانەكانیان ئەوەی خستەڕوو كە بە یارمەتیی هێزی هاوپەیمانان پێشمەرگە ئوستوورەی داعشی شكاند و لە زۆربەی ناوچەكانی دەركردن بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا داعش هێشتا هەڕەشەیە و پێویستە لەڕووی فكرییشەوە لەدژی تیرۆریستان بوەستین و داوایشی كرد كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی جدیتر بیر لە ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی تیرۆر بكات و كار لەسەر نەهێشتنی هۆكارەكانی دیاردەی توندڕۆیی و تیرۆر بكرێت. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە موسڵ و هەموو ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی داعشدا ماون ئازاد بكرێن. هەر لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە یەكێتیی ئەوروپا دەتوانێ ڕۆڵێكی كاریگەرتری لە چارەسەركردنی قەیرانەكانی ناوچەكەدا هەبێت و پێشوازیشی لەوە فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و یەكێتیی ئەورووپا كرد.
لەبەشێكی دیكەی ئەم دیدارە باس لە گرفتی ئاوارەكان كرا و شاندی میوان پێزانینی بۆ هەرێمی كوردستان هەبوو كە سەرباری شەڕ و قەیرانی ئابووری یارمەتیی پتر لە ملیونێك و پێنجسەد هەزار ئاوارەی داواە كە خۆی لە خۆیدا بارێكی قورسە لەسەر شانی هەرێمی كوردستان. هەروەها ستاییشی هێزی پێشمەرگەیان كرد كە مامەڵەیەكی زۆر شیاویان لەگەڵ عەرەبی ئەو ناوچانە كردووە كە لەژێر دەستەڵاتی تیرۆریستان ئازاد كراون.
ڕاگەیێندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی كردەوەی تیرۆریستیی شاری حەسەكە
ئێوارەی ڕۆژی هەینیی ڕابردوو دەستی چەپەڵی تیرۆریستان گەییشتە ئاهەنگی نەورۆزی هاووڵاتیان لە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان و لە ئەنجامی دوو تەقینەوەدا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان شەهید و بریندار بوون.
لە كاتێكدا كە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە ترسنۆك و قێزەوەنەی تیرۆریستانی دڕندە دەكەین، ڕایشیدەگەیێنین كە تاوانی لەم چەشنەی تیرۆریستانی دڕندە ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و دوژمنانی مرۆڤایەتی بەهێزتر دەكات و ڕیزەكانی گەلی كوردستان لەبەرانبەر دوژمنان پتەوتر و یەكگرتووتر دەكات.
سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە دەكەین و هیوای چاكبوونەوەی خێرایش بۆ برینداران دەخوازین. بۆ خوشك و براكانیشمان لە ڕۆژئاوا و حەسەكە ئەوە دووپات دەكەینەوە كە بە هەموو توانایەك پاڵپشتی ئەوانین و ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاری و یارمەتیدانیانین.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
21ـی 3ـی 2015
ڕێكخراوى جیهانیى تهندروستى، ستایشى ههرێمى كوردستان دهكات
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یهكشهممه 2015/3/15 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز دكتۆر عەلاء عەلوان بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی جیهانیى تەندروستی WHO و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیی WHO هەڵسەنگاندنێكی لەبارەی بارودۆخی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد و ئاماژەی بە كار و چالاكییەكانی وەزارەتی تەندروستی بەگشتی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆك بەتایبەتی كرد و ڕۆڵی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆكی بەرز نرخاند كە وێڕای ئەو بارودۆخە قورسەی لەسەر شانیانە، توانیویانە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و لە ههمان كاتدا خزمەتگوزاریی پزیشكی و تەندروستی پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەران لە كەمپەكان و هاووڵاتیان بە شێوەیەكی گشتی بكەن.
بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی WHO هەروەها تیشكی خستە سەر ئەوەی كە هەوڵی بەردەوام دەدەن بۆ بەدەستهێنان و پێشكەشكردنی سەرچاوەی زیاتری كۆمەك و هاوكاری بۆ هەرێمی كوردستان لە بواری تەندروستیدا و ڕوونیشی كردەوە كە لە دیدار و كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی عیراق، باس لە كار و چالاكییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی تەندروستی دەكات كە بێ جیاوازی خزمەتگوزاری بە هەموو لایەنێك دەگەیەنن و جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە هاوكاریی زیاترە و داوا له حكوومەتی فیدراڵی عیراق دهكات هاوكاریی زیاتری تهندروستى و پزیشكی پێشكەش بە هەرێمی كوردستان بكات.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیران سوپاسی ئەم سەردانەی بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیى WHOی كرد و سوپاسی هەڵسەنگاندنی بەڕێزیان بۆ كار و چالاكییەكانی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆك كرد، كە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و پزیشكی بۆ ئاوارە و پەنابەران لە كەمپەكانی سەرتاسەری پارێزگای دهۆك و بەردەوامیش دهیانهوێ بە شێوەیەكی ڕێكوپێك، هاوكارییەكانیان باشتر و زیاتر بكەن. هەروەها سوپاسی ڕێكخراوی WHOی كرد بۆ ئەو هاوكاری و هەماهەنگیەی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەكانی بواری تەندروستی و پزیشكی لە هەرێمی كوردستان هەیانە.
نێچیرڤان بارزانى داواى هاوكارى له ژاپۆن دهكات
نیوەڕۆی ئەمڕۆ یهكشهممه 2015/3/15 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز كێنتارۆ سۆنۆرا جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن كرد.
لە دیدارێكدا سەرەتا بەڕێز جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئیدانەكردنی كوشتنی بارمتە ژاپۆنییەكە لە لایەن ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە و سوپاس و پێزانینی سەرۆك وەزیران و حكوومەت و خەڵكی ژاپۆنی بۆ ئەم هەڵوێستەی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێم دووپات كردەوە و پشتگیریی ژاپۆنی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی.
بەڕێز جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن هەروەها دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی وڵاتەكەی پشتگیریی مرۆیی و كۆمەك پێشكەش بەو ئاوارە و پەنابەرانە دەكات كە بەهۆی ترسی تیرۆرهوه هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، بەتایبەتیش لە بوارەكانی تەندروستی و پەروەردە و خزمەتگوزارییە گشتییەكاندا، ئەوەشی ئاشكرا كرد كە وڵاتەكەی كۆمەڵێك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارە جیاجیاكاندا لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدات. ههروهها باسی لە سەردانی شاندێكی پەرلەمانی عیراق بۆ وڵاتەكەی كرد كە لە هەموو لایەنەكانی كورد و سوننە و شیعە پێكهاتبوو و لە وێش ژاپۆن ئامادەییی خۆی بۆ ئەنجامدانی كۆمەڵێك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە عیراق و هەرێمی كوردستان نیشان داوە و ژمارەیەك لەو پرۆژانە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەم سەردانەی جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆنی كرد بۆ هەرێمی كوردستان و سەردانەكەی لەم كاتەدا وەك پشتگیرییەك بۆ هەرێمی كوردستان لە قەڵهم دا. جەختی لەوەش كردەوە كە كوشتنی بارمتە ژاپۆنییەكە بەو شێوە وەحشیگەرییە، تراژیدیایەك بوو هەمووانی شۆك كرد و دووبارە سەرخۆشیی خۆی و حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستانی بە حكوومەت و گەلی ژاپۆن راگەیاند. پوختەیەكیشی دەربارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و شەڕی دژی تیرۆر خستە ڕوو و تیایدا ئاماژەی بەوە دا كە پێشمەرگە لە پێشڕەوی و سەركەوتن و تیرۆریستانیش لە شكست و پاشەكشێی بەردەوامدان و پێشمەرگە كۆمەڵێك شوێن و پێگەی زۆر ستراتیژی لە دەستی تیرۆریستان دەرهێناوە.
هەروەها باسی لەوە كرد كە هەرێمی كوردستان پێشوازی لە زیاتر لە ملیۆنێك و پێنج سەد هەزار پەنابەر و ئاوارە كردووە و ئەمەش پاڵەپەستۆیەكی زۆری بۆ سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست كردووە، بەتایبەتى كە حكوومەتی عیراق وەك پێویست هاوكاریی ئاوارە و پەنابەرانی نەكردووە و داوای كرد حكوومەتی ژاپۆن لە هاوكاری و كۆمەكە مرۆییەكانی بەردەوام بێت. جەختی لەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان چاوی لەوەیە ژاپۆن لە بواری هەڵگرتنەوەی میندا بە دابینكردنی ئامێر و پێداویستیی و تەكنەلۆژیای نوێی بواری هەڵگرتنەوەی مین، هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات كە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر بارودۆخی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەبێت، ههروهها سوپاسی ژاپۆنی كرد بۆ ئەو پرۆژانەی كە لە هەرێمی كوردستان ئەنجامیان دەدات و ئەم هاوكاریانەی ژاپۆنی بەرز نرخاند.
حكومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیایی لەبارەی رەوشی ئاسایشی هەرێم دووپاتدەكاتەوە
لە كۆبوونەوەیەكی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان وئەندامانی سلكی دیپلۆماسی لەنوێنەر وكونسوڵ وكونسوڵی فەخری وڵاتانی بیانی لەهەرێمی كوردستاندا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت دووپاتیكردەوە، رەوشی ئاسایش وئارامی هەرێمی كوردستان سەقامگیرە و هیچ بارودۆخێكی ناهەموار رووی نەداوە بۆ راگرتنی گەشتە ئاسمانیەكانی نێوان هەرێم ووڵاتانی جیهان.
لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا كە لەنێوان حكومەت وئەندامانی سلكی دیپلۆماسی بەڕێوەچوو، كە تیایدا فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت ووسەفین دزەیی وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و چەند بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە وفڕۆكەخانەكانی هەرێم ئامادەی بوون جێگری سەرۆكی حكومەت تیشكی خستە سەر دوایین پەرەسەندنی سیاسی وئابوری وسەربازی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەو قەیرانە داراییەی تیایدا دەژی وجگە لەوەش كە لەشەڕێكی سەختدایە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش بە هەبوونی پاڵپشتیەكی ئاسمانی لەلایەن ژمارەیەك لەوڵاتانی جیهان بەرێبەرایەتی ئەمەریكا.
هاوكات جێگری سەرۆكی حكومەت نیگەرانی خۆی لە وەستاندنی گەشتی ئاسمانی چەند وڵاتێكی بۆ هەرێمی كوردستان بەبیانووی بارودۆخی ئەمنی وشەڕی ئازادكردنەوەی ناوچەكانی بەردەستی داعش نیشاندا وهیوای خواست لەڕێگەی كونسوڵ ونوێنەرانی وڵاتانی بیانی لەهەرێم ئەو پەیامە بەوڵاتانیان بگەیەندرێت كە هەرێمی كوردستان لەبارودۆخێكی ئارام وسەقامگیری ئەمنیدایە وگەشتە ئاسمانیەكانیش وەكو خۆیان بەشێوەیەكی ئاسایی بگەڕێنەوە.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی پێشمەرگەی دا كە توانیویانە بەشێكی زۆری خاكی كوردستان لەدەستی تیرۆریستان رزگار بكەن، ئاماژەی بەوەشدا ئێستا هەرێمی كوردستان نزیكەی 2 ملیۆن ئاوارەی بەخۆوە گرتووە بۆیە پێویستی بەیارمەتی نێودەوڵەتی هەیە بۆ یارمەتیدانی ئەم ئاوارانە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا جێگری سەرۆكی حكومەت پابەندبوونی هەرێمی كوردستانی بە رێككەوتنی نێوان هەولێر وبەغدا نیشاندا كە لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو ئیمزاكرا وجەختی لەسەر بەردەوامی گفتوگۆ كردەوە بۆ جێبەجێكردنی تەواوی رێككەوتنەكە.
پەیامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا
ڕۆژی ١٦/٣ درێژترین ڕۆژی نێو یادەوەریی نەتەوەیی و نیشتیمانیمانە، ڕۆژێکە هێندەی سەدەیەک ئازار و قوربانیدانی میللەتێکی لەخۆ گرتووە، کە شەڕانگێزی و جینۆساید و قێزەونترین چەکی سەردەم، نەیتوانی بوون و ئیرادەی بسڕێتەوە. ڕۆژێک کە هێندەی زام و ئازارەکانی، هەستی شانازی و گەورەیی بە گەلەکەی دەبەخشێت.
گەر تا دوێنێ بە خەمبارییەوە گوتبێتمان هەڵەبجەی شەهید، ئەمڕۆ بە شانازییەوە دەڵێین پارێزگای هەڵەبجە، ئەم ڕاستییە زیاد لە مانایهكى سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی و نیشتیمانی و کولتووری هەیە، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ خواستى ئەم گەلە لە بنیاتنان و ژیانی سەربەرزانە و توانای خۆڕاگری و مانەوە و بەرگریکردنی شەرەفمەندانە لە بوونی خۆی. بۆیە هەڵەبجە نهك ههر تەنها سیمبولی قوربانیدانمانە، بەڵکو هاوکات سیمبولی ئیرادەی هەڵسانەوە و بنیاتنان و مانەوە و خۆراگریی ئەم گەلەیە. بەڵێ ئەمڕۆ بە شانازییەوە دەڵێین: دەسەڵاتی دیکتاتۆری و کۆمەڵکوژی نەما و هەڵەبجە ما و دەمێنێ، جەللادەکانی هەڵەبجە بە ڕیسوایی تیا چوون و هەڵەبجەکەی ئێمە به سهربهرزى مایهوه.
ڕۆڵە دڵسۆزەکانی هەڵەبجەی ئازیز .. کوردستانیانی خۆشەویست..
بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، لە کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ههر به تەنها بڕیار و مەبەستێکی سیاسی نییە، بەڵکو بڕوا و ئیرادەیەکی نەگۆڕە بۆ پارێزگاری لە بوون و ناسنامەمان. هەربۆیە پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە لە ماوەیەکی کورتدا واقیعی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەسەر هەموو ئاستە خزمەتگوزارییەکان و لە کایە جیاجیاکانی گەشەی ئابووری و شارستانی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا ڕەنگ بداتەوە و بۆ ئهمهش داواكارین لایهنهكان لهسهر ئهم بابهته بگهنه ڕیككهوتن. وێڕای هەر تەنگژەیەکی ئابووری، پێشخستن و بووژاندنەوەی پارێزگای هەڵەبجە بە شێوەیەک کە لە ئاستی ناو و پێگەی هەڵەبجەدا بێت، لە کارە لەپێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، وەک چۆن خزمەتی زیاتری برینداران و قوربانییە زیندووەکانی هەڵەبجە، لەو کارە گرنگانەیە کە هەمیشە جێگەی بایەخمانە.
کوردستانیانی خۆشەویست..
وەک هەر جارێک و هەر یادێکی ١٦/٣مان، ئەمڕۆ لە یادی ٢٧ ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، سەری ڕێز و وەفا بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدان و قوربانیانی گەلەکەمان دادەنەوێنین، وەفاداریمان بۆ شەهیدان و قوربانیانی هەڵەبجە، بە ڕێگای ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان و پێشخستن و خزمەتکردنی زیاتری هەڵەبجە و دانیشتوانەکەیدا تێدەپەڕێت.
سڵاو لە پارێزگای هەڵەبجە و ڕۆڵە دڵسۆزەکانی، شکۆداربێت ئیرادەی مانەوە و بنیاتنان و پێشکەوتن، هەر سەربەرز و ئاوەدان و پێشکەوتوو بێت هەڵەبجەکەمان و کوردستانە ئازیزەکەمان.
ئهنجومهنى وهزیرانى ههرێمى كوردستان
15.3.2015
ئەرمەنستان كونسولخانەی خۆی لە هەولێر دەكاتەوە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 2015/3/18 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز لێڤۆن سارگسیان نوێنەری تایبەتی حكوومەتی ئەرمەنستان و بەڕێز كارین گرێگۆریان باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە بەغدا كرد.
لە دیدارێكدا بەڕێز نوێنەری تایبەتی حكوومەتی ئەرمەنستان سڵاو و ڕێزی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی بە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند و تیشكی خستە سەر پەیوەندیی دێرینی نێوان هەردوو گەلی كورد و ئەرمەن و خاڵە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو گەل كرد و ئامادەییی وڵاتەكەی بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی بەهێز و پتەو لە نێوان هەولێر و یەریڤاندا دەربڕی و بۆ ئەم مەبەستەش ئاماژەی بەوە كرد كە ئەوان ئامادەن كۆمسیۆنێكی هاوبەشی دۆستایەتی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئەرمەنستاندا دروست بكەن بە شێوەیەك كار لەسەر ژمارەیەك بابەتی وەك ڕۆشنبیری و بازرگانی و ئابووری و بوارەكانی دیكە لە نێوان هەردوولادا بكات.
شاندی میوان هەروەها ئەوەیان بە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕاگەیاند كە لە داهاتوویەكی نزیكدا كونسوڵخانەی ئەرمەنستان لە هەولێر دەكەنەوە و هەروەها هێڵی ئاسمانیی ئەرمەنستانیش لە نێوان هەولێر و یەریڤاندا دەست بە گەشتەكانی دەكات و ئاماژەیان بەوەش دا كە كەرتی تایبەتی ئەرمەنستان ئامادەیە لە هەرێمی كوردستان سەرمایەگوزاری بكات و بۆ ئەم مەبەستەش داوای هاوكاری و ئاسانكاری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی ئەرمەنستان دەربڕی و پێشوازی لە بڕیارەكەیان لە بارەی كردنەوەی كونسوڵخانەی وڵاتەكەیان لە هەولێر و دەستپێكردنی گەشتە ئاسمانییەكانی هێڵی ئاسمانیی ئەرمەنستان بۆ هەرێم كرد و پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ دروستكردنی كۆمسیۆنی هاوبەشی دۆستایەتیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەرمەنستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە كرد كە هەموو هاوكاری و كارئاسانییەك پێشكەش بەو كارسازان و سەرمایەدارانەی ئەرمەنستان دەكرێت كە دەخوازن وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لە هەرێمی كوردستان بكەن و بۆ ئەم مەبەستەش ئەو كۆمسیۆنەی كە لە نێوان هەولێر و یەریڤاندا دروست دەكرێت، دەتوانێت ئەو بابەتانە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك گفتوگۆ بكات و ئەو بوارانە دیاری بكات كە هەردوولا دەتوانن كاری لەسەر بكەن و حكوومەتی هەرێمیش ئامادەیە بەپێی یاساكانی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان لە هەرێم، هاوكارییان بكات.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەختی لەسەر بایەخی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و زانستییەكانی نێوان هەرێم و ئەرمەنستاندا كردەوە، بەتایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی شاند و دابینكردنی كبۆرسی خوێندن بۆ قوتابیانی هەرێمی كوردستان لە زانكۆكانی ئەرمینیا، كە ئەمەش دەچێتە چورچێوەی دروستكرنی پەیوەندیی دوولایەنە لە نێوان هەولێر و یەریڤاندا.
More...
نێچیرڤان بارزانی: چاوەڕوانیی هاوكاریی زیاترمان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە
پەیامی پیرۆزبایی حکومەتی هەرێم بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە
حکوومەتی هەرێمی کورددستان، شەهیدکردنی سێ پێشمەرگە دیلەکەی دەستی تیرۆریستانی داعش ئیدانە دەکات
نێچیرڤان بارزانی، پشتگیریی خۆی بۆ پرۆسهی ئاشتی و چارهسهری له توركیا دووپات دهكاتهوه
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد