ئیتالیا له‌ پشتگیریی مرۆیی و سه‌ربازی بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2015/3/2، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری، له‌ ڕۆما له‌ لایه‌ن به‌ڕێز ’’مه‌تێیۆ ڕێنزی’’ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتالیاوه‌ پێشوازییان لێ كرا.

له‌ سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ پشتگیری و پشتیوانیی مرۆیی و سه‌ربازیی ئیتالیا بۆ هه‌رێمی كوردستان و سه‌ردانی هاوینی ڕابردووی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتالیا بۆ هه‌ولێر دووپات كرده‌وه‌ و كات و مانای سه‌ردانه‌كه‌ی به‌ گرنگ و پشتیوانییه‌كی گه‌وره‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا. پاشان پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی ڕه‌وشی هه‌رێمی كوردستان و پێشڕه‌وی و سه‌ركه‌وتنه‌كانی به‌رده‌وامی پێشمه‌رگه‌ و ڕه‌وشی ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی له‌ هه‌رێمی كوردستان خسته‌ ڕوو كه‌ بارێكی قورسیان خستووه‌ته‌ سه‌ر شانی حكوومه‌تی هه‌رێم و پێویستی به‌ یارمه‌تی و هاوكاریی زیاتر هه‌یه‌.

 

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتالیا خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری بۆ ڕۆما نیشان دا و گوتی: دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پشتگیری و هاوكاریی مرۆیی و سه‌ربازیمان بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و بۆ له‌ناوبردنی تیرۆر هه‌موو پشتگیرییه‌ك له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، ڕێز و پێزانینی وڵاته‌كه‌یشی بۆ ئازایه‌تیی پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆرستاندا دووپات كرده‌وه‌ كه‌ وه‌ك گوتی: په‌یامی خۆڕاگری و ئازاییان دایه‌ هه‌موو جیهان.

هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌ سه‌ر ته‌شه‌نه‌كردنی ڕێكخراوه‌ تیرۆرستییه‌كان له‌ شوێنه‌كانی دیكه‌ی جیهان و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ هه‌مووان پێكه‌وه‌ به‌ره‌نگاری تیرۆر بیبنه‌وه‌ و گوتی: ئیتالیا له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ و زیاتر له‌ جاران هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ شوێنێكی ستراتیژی ده‌بینین و خۆمان به‌ دۆستی گه‌لی كوردستان ده‌زانین، بۆیه‌شه‌ ئیتالیا بڕیاری داوه ئاستی نوێنه‌رایه‌تیی خۆی له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ كونسلخانه‌ی گشتی به‌رز بكاته‌وه‌ و به‌مه‌ش‌ ده‌مانه‌وێ په‌یامێك بده‌ینه‌ هه‌مووان كه‌ ئێستا ڕه‌وشی هه‌رێمی كوردستان له‌ جاران باشتره‌ و ڕایگه‌یاند: بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ی له‌ كوردستان هه‌یه‌، به‌رده‌وام بێت.

 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، بارودۆخی مووسڵ و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و چۆنیه‌تیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان و په‌ره‌پێدانی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عیراق و گرنگیی به‌شداری و هاوبه‌شیی هه‌موو پێكهاته‌كان له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی وڵاتدا تاوتوێ كرا، هه‌روه‌ها تیشك خرایه‌ سه‌ر بارودۆخی سووریا و كاریگه‌ریی پێشهاته‌كانی ئه‌وێ له‌سه‌ر ڕه‌وشی عیراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و جه‌خت له‌سه‌ر پێویستیی چاره‌سه‌رێكی سیاسیانه‌ بۆ كێشه‌ی سووریا كرایه‌وه‌.

شاندی یاوه‌ری به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، له‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، وته‌بێژی فه‌رمیی حكوومه‌ت و نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئیتالیا، پێكهاتبوون.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڤاتیكان پێشوازی له‌ نێچیرڤان بارزانی كرد

له‌ به‌رده‌و‌امیی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ڤاتیكان، دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2015/3/2، به‌ڕێز نێچیرڤان و شاندی یاوه‌ری له‌گه‌ڵ به‌ڕێز پاوڵ ڕیچارد گاله‌گێڕ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڤاتیكان كۆبوونه‌وه‌.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڤاتیكان خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران و شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ڤاتیكان ده‌ربڕی و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام به‌دواداچوون ده‌كه‌ن و ئاگایان له‌ ڕه‌وشی هه‌رێمی كوردستان و بارودۆخی هه‌نووكه‌ییی ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام خۆشحاڵه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ نزیكه‌وه‌ و له‌ شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خۆیه‌وه‌، گوێبیستی بارودۆخ و دوایین پێشهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌ ده‌بێت. 

 

له‌ دیداره‌كه‌دا دوایین پێشهاته‌كانی شه‌ڕی دژی تیرۆر و پێشڕه‌وه‌ییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و شكست و پاشه‌كشه‌ی ڕۆژانه‌ی تیرۆرستان له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆردا تاوتوێ كرا، هه‌روه‌ها تیشك خرایه‌ سه‌ر بارودۆخی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان و داكۆكی له‌سه‌ر پێویستیی پێشكه‌شكردنی كۆمه‌ك و هاوكاریی زیاتری وڵاتانی كۆمه‌كبه‌خش و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان و یارمه‌تیدانی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌م بواره‌دا، كرایه‌وه‌.

به‌ڕێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڤاتیكان سوپاس و ستایشی وڵاته‌كه‌ی بۆ حكوومه‌ت و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌ كه‌ به‌بێ جیاوازی، كوردستانیان كردووه‌ته‌ په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و هه‌موو كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستانی له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و به‌رگریكردن و پاراستنی ته‌واوی پێكهاته‌كان و ناوچه‌كانیان له‌ مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر، به‌رز و به‌ مایه‌ی ڕێز و پێزانینی ڤاتیكان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی زانی.

 

له‌ دیداره‌كه‌دا بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ڤاتیكان، به‌ره‌وپێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێ و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی مایه‌ی بایه‌خی هه‌ردوولا، تاوتوێ كران. شاندی یاوه‌ری به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، له‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، وته‌بێژی فه‌رمیی حكوومه‌ت و نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئیتالیا، پێكهاتبوون.

نێچیرڤان بارزانی و پاپای ڤاتیكان ڕه‌وشی هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ ده‌كه‌ن

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2015/3/2 له‌ ڤاتیكان، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری له‌ لایه‌ن به‌ڕێز قه‌داسه‌تی پاپای ڤاتیكان پاپا فرانسیسه‌وه‌ پێشواز‌ییان لێ كرا.

له‌ دیدارێكدا هه‌ردوولا خۆشحاڵیی خۆیان به‌م دیداره‌ نیشان دا و بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌یان به‌ گشتی تاوتوێ كرد و تیشكیان خسته‌ سه‌ر دوایین پێشهاته‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و شه‌ڕی دژی داعش و باس له‌ گرنگیی پێكهێنانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆرستان كرا، كه‌ نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌، به‌ڵكوو له‌سه‌ر ته‌واوی جیهان و مرۆڤایه‌تی مه‌ترسییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ن.

 

له‌ دیداره‌كه‌دا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌ جیاكان و ڕه‌وشی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی خسته‌ ڕوو، كه‌ له‌ ئه‌نجامی هێرشی تیرۆرستانی داعشدا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانیان له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا و شه‌نگال و ده‌وروبه‌ریان و ناوچه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عیراق، له‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌كانی مه‌سیحی، ئێزدی و موسڵمانان، ناچار بوون زێد و ماڵ و حاڵی خۆیان جێ بهێڵن و ڕوو بكه‌نه‌ هه‌رێمی كوردستان. هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێ جیاوازی و وه‌ك خوشك و برایانی خۆیان پێشوازییان لێ كردوون و هه‌رچی له‌ توانای حكوومه‌تدا بێت بۆ هاوكاری و یارمه‌تیدانی ئه‌وان، هیچ درێغییه‌كیان نه‌كردووه‌.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ هۆی زۆریی ژماره‌ی ئاواره‌ و په‌نابه‌رانه‌وه‌ له‌ دۆخێكی زۆر سه‌ختدایه‌ و باری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر قورسه‌، بۆیه‌ داوای له‌ قه‌داسه‌تی پاپا كرد كه‌ هانی وڵاتانی كۆمه‌كبه‌خش و و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بدات بۆ ئه‌وه‌ی باشتر به‌ هانای ئاواره‌ و په‌نابه‌رانه‌وه‌ بێن و له‌ ڕووی مرۆییه‌وه‌ هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

 

له‌ دیداره‌كه‌دا قه‌داسه‌تی پاپای ڤاتیكان سوپاس و ده‌ستخۆشی له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ بێ جیاوازی به‌ پیر ئاواره‌ و په‌نابه‌رانه‌وه‌ چووه‌‌ و لانه‌ و په‌ناگه‌ی داونه‌تێ و كۆمه‌ك و هاوكاری پێشكه‌ش كردوون. هه‌روه‌ها ستایشی ئه‌و پێكه‌وه‌ژیان و ته‌باییه‌ی كرد كه‌ له دێرزه‌مانه‌وه‌ له‌نێو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كانی كوردستاندا هه‌بووه‌ و هه‌یه‌، ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستانیشی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و پاراستنی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌دا، به‌ مایه‌ی ڕێز و پێزانین له‌ قه‌ڵه‌م دا. 

 

له‌م دیداره‌دا شاندی یاوه‌ری به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، وته‌بێژی فه‌رمیی حكوومه‌ت و نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئیتالیا، ئاماده‌ بوون.

 

په‌یامی نێچیرڤان بارزانی بۆ كۆچی دواییی یاشار كه‌مال

کۆچی دواییی نووسەری گەورە و ناوداری کورد مامۆستا یاشار کەمال، زۆر خەمبار و دڵتەنگی کردین. یاشار کەمال قەڵەمێکی مەزن و داهێنەرێکی ناودار و پێشکەوتنخواز بوو، نەک بە تەنها بۆ کورد و گەلانی تورکیا، بەڵکوو دەنگی ژیاندۆستی و  ویژدانی زیندووی سەردەمەکەی بوو، بانگی ئاشتی و پێکەوەژیان و برایی و ئازادی بوو. هەموو بەرهەمە ناوازەکانی و هەموو ئەو خەڵاتە سەنگینانەی پێی بەخشرا بوون، گەواهیی جوانیی ئەو پەیامە مرۆڤدۆستانەی ئەم نووسەرە مەزنەن، کە  ماوەی زیاتر له‌ نیو سەد هه‌وڵی ده‌دا بە گوێی مرۆڤایەتیدا، بدات.

کۆچی دواییی ئەم داهێنەرە  پێشکەوتنخوازەی کورد، زیانێكی گەورەیە بۆ سەرجەم دنیای پێشکەوتنخواز و ئازاد، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە بیر و پەیامی توندڕەوی و مەرگ و تاریكی، بە دڕندانەترین شێوە  هەوڵی ناشیرینکردنی ژیان و سڕینەوەی بەها جوانەکانی مرۆڤایەتی دەدەن، ئەم سەردەمەی کە لە هەموو کاتێك زیاتر پێویستی بە دەنگ و ڕەنگی وەک یاشار کەمال هەیە.

بە ناوی  خۆمان و حکوومەت و گەلی کوردستانەوە، پرسه‌ و سەرەخۆشی ئاڕاستەی گەلی کوردستان و هەموو دۆستانی پەیامی ئاشتی و جوانی و ئازادییەکەی یەشار کەمال دەکەین. سەرەخۆشیی تایبەتیشمان بۆ خانەوادەی بەڕێزی  بەهەشتی یەشار کەمال، کە هەمیشە دەنگی ئاشتی و ئازادی و پێکەوەژیان و پێشکەوتنخوازی بووە بۆ هەمو پێکهاتە جیاجیاکانی وڵاتەکەی و گەلانی ناوچەکە و ته‌واوی جیهان.

نێچیرڤان بارزانی
2015/3/1

په‌یامی كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی بۆ كۆچی دوایی رۆماننووسی گه‌وره‌ی كورد یه‌شار كه‌مال

به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان

به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ هه‌واڵی كۆچی دوایی رۆماننووسی گه‌وره‌ی كورد یه‌شار كه‌مالم بیست و له‌ ناخه‌وه‌ هه‌ژاندمی و دڵگرانی كردم، لێره‌وه‌ پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی و خه‌مباری خۆم ئاراسته‌ی گه‌لی كورد و خانه‌واده‌ی یه‌شار ده‌كه‌م.

ئاشكرایه‌ له‌ پاڵ خه‌باتی سیاسی و چه‌كداری گه‌لی كوردمان، نووسه‌ران و رۆشنبیرانی كورد له‌ رێگای نووسین و هه‌ڵوێسته‌كانیان هه‌وڵیانداوه‌ دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان به‌ جیهان بناسێنن و داكۆكی له‌ مافه‌ ره‌واكانمان بكه‌ن.

رۆماننووسی گه‌وره‌ یه‌شار كه‌مال له‌ ته‌مه‌نی پڕ به‌خشش و دوور و درێژی خۆیدا و له‌ دوو توێی به‌رهه‌مه‌ ناوازه‌كانی هه‌میشه‌ هه‌وڵی داوه‌ پرسی گه‌لی كورد به‌ جیهان بناسێنێ‌ و هه‌وڵه‌ جیهانییه‌كان بخرێنه‌گه‌ڕ بۆ گه‌یشتنی كورد به‌ ئاواته‌كانی.

له‌ كۆتاییداو له‌م كات و ساته‌ خه‌مگینه‌دا، وێڕای خه‌مباری و دڵگرانیمان ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین كه‌ له‌ده‌ستدانی یه‌شار كه‌مال كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی خسته‌ نێو ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگی گه‌له‌كه‌مان و ئه‌سته‌مه‌ له‌ مێژوودا یه‌شار كه‌مالێكی تر دووباره‌ بێته‌وه‌.

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی
جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی كۆچی دوایی یاشار كەمال

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بە بیستنی هەواڵی كۆچی دوایی ڕۆماننوسی ناوداری كورد یاشار كەمال زۆر خەمبار بووم. هەڵوێستی مرۆڤدۆستانە و نووسین و ڕۆمانەكانی یاشار كەمال كە دەرخەری واقعی كۆمەڵایەتی و سیاسی و كێشە و گرفتەكان و مەزلوومییەتی مرۆڤی كورد بوون، وەك گەنجینەیەكی بەهادار بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە.

پەیام و هەڵوێستەكانی ئەم پیاوە مەزنە دژی چەوسانەوەی گەلان و، ڕەنگدانەوەی گیانی ئاشتیخوازی و پێكەوەژیانی گەلی كورد بوون. لەدەستدانی یاشار كەمال زیانێكی گەورەیە بۆ گەلی كوردستان. بەم بۆنە خەمناكەوە سەرەخۆشی لە گەلی كوردستان و ناوەندە فەرهەنگییەكان و ئەدەبدۆستان دەكەم و ڕۆحی خواڵێخۆشبوویش بە بەهەشتی بەرین شاد بێت.

انا لله و انا الیه راجعون

مسعود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

1ـی 3ـی 2015

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆك و دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكات

ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی 3ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە عەزیز شێخ ڕەزاسەرۆكی دەزگا و دەستەی كارگێڕیی دەزگایخێرخوازییبارزانی كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی ئاوارەكان و ئاستی ئەو هاوكارییە مرۆڤییانە خرایە بەر باس كە لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوە خێرخوازەكان پێشكەشی ئاوارەكان كراوە. هەروەها شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەبارەی جموجۆڵ و چالاكی و هاوكارییە مرۆڤییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چەند مانگی ڕابردوو، ڕاپۆرتی چالاكییەكانیان خستەڕوو كە بریتی بوو لە هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەرانی ڕۆژئاوا و خوشك و برا ئێزیدییەكان لە چیای شنگال و كەمپەكان و ناوچە جیاجیاكانی كوردستان لە خانەقین هەتا زاخۆ و باشووری عێراق و گەیاندنی هاوكاری و كەلو پەل و خۆراك و پێداویستیی دیكە بۆ كۆبانێ و هەروەها گەیاندنی خۆراك و كەلوپەلی پێویست بۆ برا پێشمەرگەكان لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان.

هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە ماندووبوون و ئەرك و كاری ڕۆژانەی ستاڤی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی كرد كە لە ماوەی ڕابردوو و لە قەیرانەكان و هاتنی ژمارەیەكی زۆری پەنابەر و ئاوارە ڕۆڵێكی زۆر باشیان بینیوە لە یارمەتیدانی خەڵكی ئاوارە و لێقەوماو و پێشمەرگەكان و بە ئەركێكی پیرۆزی وەسفكرد و هیوای بەردەوامیی و سەركەوتنیانی بۆ خواست لە ئەرك و كارەكانیاندا. هەر لەم دیدارەدا بە مەبەستی ئەنجامدانی كاری باشتر و یارمەتیدانی خەڵكی ئاوارە و لێقەوماو، سەرۆك بارزانی ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی پێویستی بۆ شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی خستەڕوو.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد

ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی 3ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نیكۆلای ملادینۆڤ نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كە كۆتایی بە ئەرك كارەكانی لە عێراق هاتووە سوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و كورتەیەكی لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و هەڵوێستی لایەن و پێكهاتەكانی عێراق لەمەڕ پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر خستەڕوو و داوایشی كرد بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە سیاسی و ئەمنییەی عێراقی گرتووەتەوە هەموو پێكهاتەكانی عێراق لە دیالۆگ و لێكتێگەییشتن و هەماهەنگیی نێوانیان بەردەوام بن.

پەیوەست بە پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان جەختی لەوە كردەوە كە دیدار و سەردانی شاندەكانی هەردوولا یارمەتیدەدەر دەبێت بۆ چارەكردنی كێشەكان هەروەها ئاماژەیشی بە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق كە بەردەوام پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان كردووە و لە هەمانكاتیشدا سەرۆك بارزانی هۆكارێك بووە بۆ لەیەكتر نزیككردنەوەی پێكهاتەكانی عێراق و ڕاگرتنی هاوسەنگیی نێوانیان.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرك و كارە تازەكەی و وێڕای ئاماژەدان بە دیداری خۆی و سەرۆك وەزیرانی عێراق لە شاری میونیخ ئەوەی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە یارمەتیی پڕۆسەی سیاسیی و حكوومەتی نوێی عێراق بدات و لەم ڕوویەشەوە هەنگاوی ناوە.

هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانو ئاشتەوایی نیشتیمانی پێویستە نییەتی لایەنەكان بۆ نەهێشتنی كێشەكان هەبێت و كولتووری كاری پێكەوەیی و شەراكەتیش باڵادەست بێت.

بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و تەحەدییاتی بەردەم ئاییندەی گەلانی ناوچەكە تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.

 

 

 

 

سێ شەممە, 03 ئازار 2015 07:00

نازم دەباغ: رێککەوتننامەی ئێران و عێراق بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانیان جێبەجێدەکرێت

رووداو - هەولێر / "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران رایدەگەیێنێ، ئامادەکاریی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی نێوان ئێران و عێراق دەکرێ لەبارەی ئاڵوگۆڕی زیندانییان.

 

بەگوتەی "نازم دەباغ" ئەو رێککەوتننامەیە، ئەو زیندانییانە ناگرێتەوە کە لەسەر پرسەکانی پەیوەندیدار بە تیرۆر و کوشتن دەستگیرکراون.

 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران هەروەها داوا لە کەسوکاری ئەو هاونیشتمانیانەی باشووری کوردستان دەکات کە لە ئێران بەندکراون،  لەبارەی دەستگیرکراوەکانیان ئاگاداریان بکەنەوە. 

 

لینکی وتووێژی تەلەڤیزیۆنی رووداو لەگەڵ "نازم دەباغ":

http://rudaw.net/sorani/kurdistan/0103201525

سێ شەممە, 03 ئازار 2015 10:30

نازم دەباغ لە نەخۆشخانەی تاران فەرماندەیەکی پێشمەرگەی بەسەرکردەوە

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، "حەکیم کەریم قادر" فەرماندەی پێشمەرگەی لە نەخۆشخانەی پارسیانی تارانی بەسەرکردەوە و ئاگاداری ڕەوشی تەندروستییان بوو.

"نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەمە 3 ئازار / مارسی 2015 لە نەخۆشخانەی پارسیانی تاران سەردانی "حەکیم کەریم قادر" فەرماندەی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی کرد و لە نزیکەوە ئاشنابوو لە باری تەندروستییان و ئومێدی زووچاکبوونەوەی بۆ خواستن و ئامادەیی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی نیشاندا بۆ هەر هاوکارییەک کە پێویستییان پێی بێت.

لە بەرامبەریشدا "حەکیم کەریم قادر" خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران بۆ نەخۆشخانە و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی تەندروستییان و هەروەها سوپاسی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە تاران و کارمەندانی ئەم نوێنەرایەتییەی کرد کە هەر لە ڕۆژە سەرەتاییەکانی گەیاندنی بۆ وڵاتی ئێران بە پەرۆش بوون و کاری پێویستیان بۆ ئەنجامداوە.

"حەکیم کەریم قادر" فەرماندەی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕ لەگەڵ گرووپی تیرۆریستی داعیش لە شاری کەرکووک برینداربوو و ماوەی سێ هەفتەیە کە لە نەخۆشخانەی پارسیانی تارانی لە ژێر چاودێری دکتۆرانی پسپۆڕ و شارەزا دایە و ئێستا باریی تەندروستی گونجاوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

پەڕەى 142 لەکۆى 210 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی