سەرۆكی هەرێم پێشوازی لە ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دەكات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی 5ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە عومەری سەید عەلی و حەمە تۆفیق ڕەحیم ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان.

لە دیدارێكدا كە د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیش ئامادەی بوو، هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجامەكانی و هەروەها نامەی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی بۆ لایەنە سیاسییەكان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و، قسە لەسەر ئەوە كرا كە چۆن كورد بتوانێ بە یەكدەنگی مامەڵە لەگەڵ پڕۆسەی سیاسی و حكوومەتی ئاییندەی عێراق بكات. هەر لەم دیدارەدا ئەو میكانیزمانە تاوتوێ كران كە بە هۆیانەوە تیمێكی هاوبەشی هێزە كوردستانییەكان پێكبهێندرێت بۆ ئیدارەدانی كاروباری كورد لە بەغدا و دیراسەكردنی وەرگرتنی ئەو پۆستانەی كە لە بەغدا بۆ هەرێمی كوردستان جێگەی بایەخن.

تەوەرێكی دیكەی دانیشتنی نێوان سەرۆك بارزانی و شاندی بزووتنەوەی گۆڕان پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێم و ئەو گرفتانە بوو كە بوونەتە ڕێگر لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێم و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە بە زووترین كات كابینەی هەشتەم دەست بەكار بێت بۆ ئەوەی بتوانێ بە باشترین شێوە ڕووبەڕووی تەحەدیاتی داهاتوو ببێتەوە.

 

 

  • پێنج شەممە, 15 ئایار 2014

 

 

 پێوه‌ندی کۆماری ئیسلامی ئێران و کورده‌کانی عێراق پێشینه‌یه‌کی دوور و درێژی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ساڵی 1992ی زایینی و به‌ دوای دامه‌زراندنی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێوه‌ندی دوو لایه‌ن که‌وتۆته‌ بارودۆخێکی نوێ و‌ به‌ستێنی پلان داڕشتن بۆ پێوه‌ندییه‌کی له‌سه‌ر بنه‌مای چوارچێوه‌یه‌کی تایبه‌ت و دیاریکراو و پاوه‌جێ له‌ نێوان دوو لایه‌ندا پێکهاتووه‌.

 


ڕوون و ئاشکرایه‌ که‌ پێوه‌ندی تاران و هه‌ولێر له‌ بواری ئابووری و فه‌رهه‌نگیدا شانبه‌شانی بواری سیاسی و ئه‌منی گه‌شه‌ی نه‌کردووه‌. وادیاره‌ چه‌ند هۆکارێک له‌سه‌ر ئه‌و گه‌شه‌ نه‌کردنه‌ کاریگه‌ر بوون. ئه‌گه‌ر له‌ ڕوانگه‌ی سیاسییه‌وه‌ چاو له‌و بابه‌ته‌ بکه‌ین، گرینگترین هۆکاری گه‌شه‌نه‌کردنی ئه‌و پێوه‌ندییه ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ‌ گرینگی پێنه‌دانی سیاسه‌توانانی هه‌ردوولا به‌ گه‌شه‌پێدانی پێوه‌ندییه‌کان له‌ دیکه‌ی بواره‌کاندا‌. به‌تایبه‌ت وادیاره‌ ڕوانێنی تاران له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان له‌ ژێر کاریگه‌ری ڕوانگه‌یه‌کی ئه‌منی و ڕیاڵیستیدایه‌. به‌رپرسانی باڵای حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، زۆر جار سه‌ردانی ئێرانیان کردووه‌ و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئێرانی دیدار و چاوپێکه‌وتنیان ئه‌نجام داوه‌. به‌ڵام پێوه‌ندی و هه‌ڵسوکه‌وتی فه‌رمی ئێران زیاتر له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی عێراق ئه‌نجام ئه‌درێت‌. ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وپێش جه‌نابی مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌ سه‌ردانی خۆی بۆ ئێران له‌گه‌ڵ حه‌زره‌تی ئایه‌توڵڵا خامنه‌یی، ڕێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامی دیداری کرد. له‌و دیداره‌دا ڕێبه‌ری باڵای ئێران، هه‌موو ئیتنیک و ئایینه‌کانی عێراقی به‌ برای نێزیکی ئێران و خاوه‌ن پێوه‌ندییه‌کی ڕێشه‌داری مێژوویی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ئێران وه‌سف کرد. جه‌نابی بارزانیش ئێرانی به‌ وڵاتێکی دۆست و نێزیک له‌ گه‌لی عێراق ناوبرد و وتی که‌ هه‌رگیز یارمه‌تییه‌کانی ده‌وڵه‌ت و خه‌ڵکی ئێران که‌ له‌ ڕۆژه‌ دژواره‌کاندا به‌ هانای خه‌ڵکی هه‌رێمه‌وه‌‌ هاتن، له‌ بیر ناکه‌ن. هه‌روه‌ها جه‌نابی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆک وه‌زیرانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ڕێوڕه‌سمی سوێندخواردنه‌وه‌ی فه‌رمی و ده‌ستبه‌کاربوونی جه‌نابی سه‌رۆک کۆمار ڕۆحانی به‌شداری کرد. ئه‌و خاڵانه‌ به‌ڵگه‌ و نیشانه‌ی ڕوون و ئاشکرای دیدار و گفتوگۆکانی دوو لایه‌نه،‌ له‌ ئاستێکی باڵادا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ هێشتاکه‌ لێڵ و نادیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بۆچی ئه‌و دیدارانه‌ نه‌بۆته‌ هۆی گه‌شه‌ی پێوه‌ندییه‌کان له‌ دیکه‌ی بواره‌کاندا، بێ گومان بۆ تێگه‌یشتن له‌و بابه‌ته‌ پێویستمان به‌ تاوتوێ کردن و خه‌سارناسی بارودۆخی پێوه‌ندی ئێران و هه‌رێمی کوردستانه‌.

 

هه‌ولێر ئاماده‌یه‌ که‌ پێوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ تاران له‌ هه‌موو بواره‌کاندا گه‌شه‌ پێبدات. به‌ڵام جاروبار له‌ به‌رانبه‌ر ڕوانگه‌ی یه‌کسه‌ر سیاسی ئێراندا، هه‌ڵوێستێکی هاوشێوه‌ی ئێرانی گرتووه‌.

 

بارودۆخێکی له‌م جۆره‌ ده‌بێته‌ هۆی دروست بوونی هه‌ندێ تێبینی له‌ هزر و ئه‌ندێشه‌ی سیاسی به‌رپرسانی هه‌ردوو لا و وابیر ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ له‌وانه‌یه‌ په‌ره‌پێدانی پێوه‌ندییه‌کان له‌جێ ئه‌وه‌ی ببێته‌ هۆی دروست بوونی هه‌لومه‌رجێکی باشتر و به‌ سوودتر، ئه‌نجامێکی نگریسی پێچه‌وانه‌ی پێشبینی نه‌کراوی لێکبکه‌وێته‌وه‌‌.

 

ئێران وه‌کوو پشتگر و پشتیوانی گه‌وره‌ و زێدی مێژوویی کورده‌کان نابێت، نیگه‌ران بێت له‌ دروست بوونی بارودۆخی نوێ بۆ کورده‌کان له‌ دیکه‌ی ناوچه‌کانی دراوسێیدا، چونکوو ئێران خاوه‌ن ده‌فرایه‌تییه‌کی زۆره‌ بۆ کاریگه‌ری دانان له‌سه‌ر به‌شگه‌لێکی کوردستان، که‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ دیکه‌ی وڵاتانی درواسێ هه‌رێمی کوردستان له‌و ده‌فرایه‌تییانه‌ بێبه‌شن‌. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ کورده‌کان باش ده‌زانن که‌ له‌ درێژایی مێژوودا ئێران زۆرترین یارمه‌تی کورده‌کانی داوه‌ و نابێت به‌شداری کردنی تاران به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ لێکبده‌نه‌وه‌.

 

تاران له‌ پراکتیکدا نیشانی داوه‌ که‌ پشتگری پاوه‌جێی له‌ عێراق ده‌کات. به‌رجه‌سته‌ترین و گرینگترین نموونه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌ورگێڕانی ئێران بوو له‌ دروست بوونی ئیئتیلافی سیاسی له‌ نێوان شیعه‌کان و کورده‌کان وه‌کوو پێکهاته‌ پێویسته‌ سه‌ره‌کییه‌کان بۆ سه‌قامگیربوونی پاوه‌جێ له‌ عێراقدا.

 

ئه‌وه‌ش ئاشکرایه‌ که‌ ئه‌گه‌ر ئێران هه‌وڵ بدات بۆ پشتگری کردنی گرووپێکی تایبه‌ت ئه‌وا پشتگیرییه‌که‌ی له‌سه‌ر هاوسه‌نگی ئیتنیکی و بارودۆخی ئه‌منی عێراق کاریگه‌ر ده‌بێت. له‌سه‌ر چه‌ندین هۆکاری جیاواز گه‌شه‌ی پێوه‌ندی دوو لایه‌نه‌ی ئێران و هه‌رێم گه‌لێک ئه‌نجامی پڕبایه‌خی بۆ گه‌لی هه‌ردوو لایه‌ن به‌دواوه‌ ده‌بێت. بۆیه‌ دۆزینه‌وه‌ و گرتنه‌به‌ری هه‌ندێک ڕێکار بۆ گه‌شه‌ی پێوه‌ندییه‌کان هه‌وڵێکی لوژیکی ده‌بێت‌. نفووزی ڕکابه‌ره‌ ناوچه‌یی و ئه‌کته‌ره‌ سه‌روناوچه‌ییه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ سوود و به‌رژه‌وه‌ندی تاراندا ناشکێته‌وه‌. هه‌روه‌ها ڕه‌وشه‌که‌ بۆ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراقیش به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌ڕوات له‌ ئاوه‌ها بارودۆخێکدا و به‌تایبه‌ت به‌ دابه‌زینی ئاستی به‌شداریی کاریگه‌ریی ئێران له‌ هه‌رێم، بژارده‌ ستراتیژیکه‌کانی به‌رده‌ستی به‌رته‌سک ئه‌بێته‌وه‌ و ده‌ستپێوه‌ڕاگه‌یشتنیشی له‌ سیاسه‌تی هاوسه‌نگی ته‌کنیکی و له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌کته‌ره‌ ناوچه‌یی و سه‌روناوچه‌ییه‌کان که‌متر ده‌کاته‌وه‌.

 

به‌هۆی دۆخی ستراتیژیک و پێگه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ پێکهاته‌ی سیاسی عێراقدا، به‌ره‌و پێشبردنی هه‌رچه‌شنه‌ سیاسه‌تێک له‌ عێراق، به‌ بێ به‌ستنی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان سه‌ر ناگرێت. له‌ بواری ئابووریدا هه‌ر دوو لایه‌ن زۆر ده‌رفه‌تی گونجاو بۆ یه‌کتری ده‌ڕه‌خسێنن، جگه‌ له‌وه‌ش، ڕه‌نگه‌ له‌ هیچ بوارێکدا وه‌کوو بواری فه‌رهه‌نگی به‌ستێنی پێوه‌ندی و هاوکاری له‌بار نه‌بێت.

 

هه‌بوونی خاڵی هاوبه‌شی مێژوویی و ڕه‌سه‌ن له‌ نێوان ئێران و هه‌رێم لای که‌س شاردراوه‌ نییه‌. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ گه‌شه‌ی پێوه‌ندییه‌کان له‌و بواره‌دا، ده‌توانێت یاریده‌ری گه‌شه‌ و پێشکه‌وتنی هه‌ر دوو لایه‌ن بێت. شێوازی ئێستای په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌ی پێوه‌ندی و هه‌ڵسووکه‌وتی نێوان گه‌لان له‌گه‌ڵ یه‌کتر به‌ شێوه‌یه‌که‌ بواری سیاسی ده‌ڕواته‌ پێشه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگا بکاته‌وه‌ بۆ گه‌شه‌ی پێوه‌ندییه‌کان له‌ دیکه‌ی بواره‌کاندا. واتا ئه‌وه‌ ده‌وڵه‌ته‌کانن که‌ له‌ ڕێگای به‌ستنی پێوه‌ندی و دانیشتن و کۆبوونه‌وه‌ و هه‌ڵسووکه‌وت له‌گه‌ڵ یه‌کتر به‌ستێنی هاوکاری له‌ بواره‌کانی ئابووری و فه‌رهه‌نگیدا پێکدێنن، به‌ڵام له‌ بارودۆخێکدا که‌ ده‌وڵه‌ته‌کان له‌ ڕێگای جێبه‌جێ کردنی ئه‌و ستراتیژییه‌دا هه‌نگاو هه‌ڵنه‌گرن، ده‌کرێت ڕێگایه‌کی پێچه‌وانه‌ بگیردرێته‌به‌ر. به‌تایبه‌ت له‌ دونیای نوێ پێوه‌ندییه‌کان و گۆڕانکاری‌ تۆکمه و مه‌زنی‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی له‌ کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی، ڕێگا کراوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ستنی پێوه‌ندییه‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ و نه‌ریتی ده‌وڵه‌تی.

 

بۆیه‌ ده‌کرێت گه‌شه‌ی پێوه‌ندی نێوان گه‌لان له‌جێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی بواری سیاسه‌ت بێت له‌لایه‌ن گرووپه‌ ناحوکمی و مه‌ده‌نییه‌کانه‌وه‌، به ‌تایبه‌ت به‌ له‌ به‌رچاوگرتنی تێبینی و چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ته‌کان ببه‌سترێت و به‌ شێوه‌یه‌کی ڕێکوپێک به‌ڕێوه‌ببردرێت تا ڕاده‌یه‌ک که‌ ته‌نانه‌ت بواری سیاسه‌تیش بۆ به‌ستنی پێوه‌ندی هان بدات و بیجوێنێت. به‌ له‌ به‌رچاوگرتنی پێوه‌ندی و هاوبه‌شییه‌ فه‌رهه‌نگییه‌کان به‌ستێنێکی گونجاو بۆ گه‌شه‌ی پێوه‌ندییه‌کانی ئێران و هه‌رێم له‌لایه‌ن که‌سایه‌تییه‌کانی زانکۆ، خوێندکاران، نوخبه‌کان و لێکۆڵه‌ڕان دا له‌به‌رده‌ستدایه‌. دامه‌زراندنی زانکۆ و ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ی ئێران له‌ هه‌رێمی کوردستان، ئاڵوگۆڕکردنی خوێندکار و مامۆستا له‌ نێوان زانکۆکانی هه‌ردوولا، دامه‌زراندنی کورسی زمانی کوردی له‌ زانکۆکانی ئێران و بایه‌خدانی زیاتر به‌ گه‌شه‌ی زمان و ئه‌ده‌بیاتی فارسی له‌ زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستان و پێوه‌ندی نێوان شاعیر و هۆنه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی دوو لایه‌ن و سه‌رنجدان به‌ بابه‌تی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ له‌ ڕیزی گرینگترین ڕێکاره‌کانی گه‌شه‌پێدانی پێوه‌ندی دوو لایه‌نه‌. هاوکاری کردن له‌ بواری گه‌شتیاری بۆنه‌ فه‌رهه‌نگییه‌کان وه‌کوو جێژنی نه‌وۆز یان جێژنه‌ ئایینییه‌ هاوبه‌شه‌کان، به‌ڕێوه‌بردنی کێبه‌رکێ وه‌رزشی، هاوکاری نێوان هه‌واڵده‌ریی و میدیاکان و کردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی ئاژانسه‌کانی هه‌واڵ له‌ خاکی یه‌کتر بۆ ڕه‌نگدانه‌وه‌ و ده‌نگدانه‌وه‌ی باشتری هه‌واڵ و ڕووداوه‌ جۆراوجۆره‌کان، ڕێکارێکی ڕێکوپێک و گونجاوه‌. بۆ جه‌خت له‌سه‌ر پێویستی ئاماده‌بوون و چالاکی هه‌واڵده‌ریی هه‌ریه‌ک له‌ لایه‌نه‌کان له‌ خاکی یه‌کتر ده‌توانین ئاماژه‌ بده‌ینه‌ ڕوماڵ کردن و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ناشیاو و ناڕێکوپێکی هه‌واڵه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران و که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ سه‌رچاوه‌ بڕواپێنه‌کراوه‌کان له‌لایه‌ن هه‌ندێک میدیاکانی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌.

 

له‌ به‌رانبه‌ردا نه‌بوونی میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان له‌ ئێران و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی کاڵ و که‌موکورتی ڕووداوه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌ میدیاکانی ئێران، وای ده‌نوێنێت که‌ گوایه‌ هه‌رێمی کوردستان به مه‌ودای‌ هه‌زاران کیلۆمه‌تر له‌ ئێران دووره‌. له‌ ئه‌گه‌ری به‌ تۆکمه‌ کردنی چوارچێوه‌ی پێوه‌ندییه‌ فه‌رهه‌نگییه‌کان، له‌ بواره‌ ئاماژه‌پێکراوه‌کانی ئه‌م نووسراوه‌یه‌دا، به‌ستێنی پێویست بۆ گه‌شه‌ی هاوکاری ئابووری دروست ئه‌بێت و له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ڕێگا ده‌کرێته‌وه‌ بۆ به‌دواداچوونی پێوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌کان و بۆ ئاستێکی باڵا به‌رز بکرێته‌وه‌. هه‌روه‌ها ده‌کرێت ڕێگا و به‌ستێنی دیکه‌ش بۆ گه‌شه‌پێدانی پێوه‌ندییه‌کانی دوو لایه‌ن بدۆزرێته‌وه‌. بێگومان زاڵبوونی ڕوانگه‌ی گه‌شبینانه‌، ده‌رفه‌ت ناسی، دڵ فراوانی و بایه‌خدان و ڕێزلێنانی دوو لایه‌نه‌ له‌ نێوان هه‌ولێر و تاراندا، ئاستی پێوه‌ندییه‌کانی ئێستا بۆ ئاستێکی باشتر و به‌سوودتر به‌رز ده‌کاته‌وه‌.

 

 

 

ڕۆژنامەی شەرق، پێنجشەمە 8ی ئایاری 2014 (18ی گوڵانی 1393ی هەتاوی)، ساڵی یازدەیەم، ژمارە 2011، لاپەڕەکانی 1 و 2.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

فەلاح مستەفا كۆبوونەوەیەكی فراوانی لەگەڵ نێردەو باڵیۆزانی یەكێتی ئەوروپا ئەنجامدا

بەمەبەستی خستەنەڕووی هەڵوێستی حكومەتی هەرێم لەمەڕ پرس هەنووكەییەكان و ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەربارەی بەرنامەكانی یەكێتی ئەوروپا، ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لە خاتوو یانا هایباسكۆڤا سەرۆكی نێردەی یەكێتی ئەوروپا لە عیراق و باڵیۆزانی یەكێتی ئەوروپا لە عیراقی فیدڕاڵ كە بە نوێنەرایەتی 28 وڵاتی ئەوروپا سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردبوو كرد و باس لە رەوشی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان عیراق و ناوچەكەو پەیوەندی نێوان هەولێرو بەغداو پرۆسەی هەڵبژاردن و حكومەتی داهاتووی عیراق و گوزەرانی پەنابەرانی سوریا كرا.

خاتوو یانا هایباسكۆڤا سەرۆكی نێردەی یەكێتی ئەوروپا لە عیراق ئامانجی سەردانەكەیانی روونكردەوە كە بەبۆنەی رۆژی ئەوروپا هاوڕێ‌ لەگەڵ باڵیۆزانی وڵاتانی ئەوروپا لە عیراق هاتوونە هەرێمی كوردستان. بەڕێزیان پوختەیەكی لەسەر بەرنامەو پلانی نێردەی یەكێتی ئەورپا پێشكەش كردو هیوای خواست لە ماوەی سەردانەكەیان لە هەرێمی كوردستان زیاتر ئاشنای بارودۆخی هەرێم و هەڵوێستی حكومەتی هەرێم بن لەمەڕ پرسەكان.

دواتر بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پیرۆزبایی رۆژی ئەوروپای لە نێردەی یەكێتی ئەوروپا و نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا كرد و خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بۆ ئەو سەردانەو هیوای خواست لە ماوەی سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان بتوانن لە نزیكەوە باس لە پرس و بەرنامە هەنووكەییەكان بكەن.

بەڕێزیان لە نزیكەوە هەڵوێست و سیاسەتی حكومەتی هەرێمی لەمەڕ پێشهات و پرسە هەنووكەییەكان خستەڕوو و گووتی هەرێمی كوردستان لە پێشكەوتن و گەسەندنی بەردەوام دایەو هەڵوێستمان دەربارەی پرسە هەڵواسراوەكان و پرۆسەی سیاسی عیراق روون ئاشكرایە.

 

فەلاح مستەفا گووتی ئێمە بە بایەخەوە دەڕانینە رۆلی یەكێتی ئەوروپا بۆ هاوكاری كردنی هەرێمی كوردستان و عیراق بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی. هاوكات یەكێتی ئەوروپا دەتوانێ‌ رۆلی زیاتر ببینێ‌ لە یارمەتیدانی گەلانی عیراق لە بوارەكانی یاساو مافی مرۆڤ و سەرخستنی پرۆسەی دیموكراسی و حوكمڕانی باش.

 

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت بە پێویستی زانی كە نێردەی یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان نووسینگەیەك بكاتەوە بۆ هاوكاری و هەماهەنگی زیاتر لە نێوان هەرێمی كوردستان و یەكێتی ئەوروپاو فراوانكردنی پەیوەندیەكان.

 

دواتر تیشكی خستە سەر پەیوەندیەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌ و ناوچەكەو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی. لەم بارەیەوە گووتی خۆشحاڵین كە ژمارەیەكی زۆری وڵاتانی یەكێتی ئەوڕوپا كونسوڵگەریان لە هەرێم هەیەو پەیوەندیەكانمان لە ئاستێكی باشدایە.

 

سەبارەت بە رەوشی ئاوارەكانی سوریا و ئاوارەكانی ناوخۆ لە هەرێم بەڕێزیان باسی لە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم و ئەو یارمەتیانە كرد كە تا ئێستا لە لایەن حكومەتی هەرێم یاخود رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆیان دابین كراوە. هاوكات داوای كرد یەكێتی ئەوروپا یارمەتی زیاتر پێشكەش بكات.

پاشان تیشكی خستە سەر پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی عیراق و هیوای خواست ئاكامی ئەو هەڵبژاردنە ببێتە نەخشە رێگایەك بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كە گوزارشت لە هەموو پێكهاتەكانی عیراق بكات مافی هەموو لایەك پارێزراو بێت و پابەند بێت بە دەستووری وڵات لەسەر بنەمای پرەنسیپی هاوبەشی كردنی راستەقینە لە دەسەڵات و دابەشكردنی داهات و فیدڕالیزم. 

 


خاتوو یانا هایباسكۆڤا سەرۆكی نێردەی یەكێتی ئەوروپا لە عیراق بە ناوی باڵیۆزی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا و ئامادەبووان سوپاسی بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی كرد و گووتی ئێمە ئەو هەڵوێست و تێڕوانین و بۆچوونانە بەهەند هەڵدەگرین و وەك نێردەی یەكێتی ئەوروپا لەسەر جێبەجێ‌ كردنی بەرنامەكانمان بەردەوام دەبین، هەوڵ دەدەین لە بواری سەروەری یاسا و كردنەوەی خولی مەشق و راهێنان بۆ پەرەپێدانی توانا مرۆییەكان و یارمەتی ئاوارەكان و پێشخستنی هەردوو كەرتی تەندروستی و پەروەردە بەرنامەكانمان فراوانتر بكەین.

 

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا چەندین پرسیارو سەرنج و تێبینی ئاراستەی بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت كران و ئەویش وڵامی ئامادەبووانی دایەوە.

 

 

  • هەینی, 09 ئایار 2014

 

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداریی مەراسیمی ڕۆژی ئەورووپا دەكات

ئێوارەی پێنجشەممە 8ـی 5ـی 2014 لە هەولێری پایتەخت بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداریی مەراسیمی ڕۆژی ئەورووپا، یادی دامەزراندنی یەکێتیی ئەورووپای کرد.

لەو مەراسیمەدا کە نێردەی یەكێتیی ئەورووپا بۆ عێراق و باڵیۆزانی وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراقی فیدڕاڵ و ژمارەیەکی زۆر لە کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتار و وەزیران و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم ئامادەی بوون، هەریەک لە باڵیۆز خاتوو یانا هایبەسكۆڤا نێردەی یەكێتیی ئەورووپا بۆ عێراق و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نیكولای ملادینۆڤ نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق وتاریان پێشکەش کرد و لە کۆتایی مەراسیمەکەدا سەرۆک بارزانی و نێردەی یەكێتیی ئەورووپا بۆ عێراق کێکی یادەکەیان بڕی.

 

 

  • هەینی, 09 ئایار 2014

 

 

 

 

 

 

نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانی عێراق لە تاران، نیوەڕۆ خوانێکی بۆ دکتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاروباری ئابووری و شاندی پەیابەرزی هاوڕێی ساز کرد.

نازم دەباغ نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراق لە شاری تاران، ڕۆژی سێشەمە 13ی ئایار / مایۆی 2014، نیوەڕۆ خوانێکی لەسەر شەڕەفی دکتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاروباری ئابووری و شاندی پەیابەرزی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ پێکهاتوو لە: وەزیری دارایی، سەرۆکی نەتەوەیی دانانی سەرمایە، سەرۆکی ڕێکخراوەی نەتەوەیی گومرک و نوێنەرانی وەزارەتخانەکانی ئەم وڵاتە و هەروەها محەمەدمەجید الشێخ باڵیۆزی وڵاتی عێراق لە شاری تاران و کارمەندانی ئەم باڵیۆزخانەیە لە وڵاتی ئێران ساز کرد.

لەم نیوەڕۆ خوانەدا دکتۆر جگەرخوێن جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە شاری تاران، هیوا ڕەسووڵ ڕەشید و دکتۆر ڕەمەزان لە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران و هەندێک لە کارمەندانی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران تیایدا ئامادەبوون.

دکتۆر ڕۆژنووری شاوەیس دوو ڕۆژ پێش ئێستا بە یاوەری شاندێکی پەیابەرزی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران و لە پاڤیۆنی دەوڵەت لە فڕۆکەخانەی مێهرئابادی تاران لە لایەن دکتۆر حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهییان جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاروباری وڵاتانی عەڕەبی و ئەفریقیا پێشوازی لێکرا.

جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاروباری ئابووری لە سەردانی دوو ڕۆژەیدا بۆ شاری تاران، لەگەڵ ئیسحاق جەهانگیری جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران، دکتۆر عەلی لاریجانی سەرۆکی پەڕڵەمانی ئێران و دکتۆر عەلی تەیب نیا وەزیری دارایی ئەم وڵاتە دیدار و چاوپێکەوتن ئەنجامدا و ڕێککەوتەنامەیەکی ئابووری لە بوارەکانی دانانی سەرمایە، گومروک، ماڵیات، بانک و ئیستاندارد لە نێوان دوو لایەندا واژۆ کرا.

 

 

 

 سێ شەممە, 13 ئایار 2014

 

 

 

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 8ى ئایارى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا كرد كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك باڵیۆزى وڵاتانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا له‌ عیراق پێك هاتبوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ عیماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران ئاماده‌ى بوو، سه‌ره‌تا یانا هایپاشكۆڤا باڵیۆزى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا له‌ عیراق و سه‌رۆكى شانده‌كه؛‌ پوخته‌یه‌كى له‌سه‌ر ئامانجى سه‌ردانیان بۆ هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌ش كرد و خۆشحاڵیى خۆى نیشان دا كه‌ پێكه‌وه‌ وه‌كوو باڵیۆزانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا هاتوونه‌ته‌ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران كۆ ده‌بنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى له‌ نزیكه‌وه‌ گوێبیستى دید و بۆچوون و سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌كانى هه‌رێمى كوردستان بن له‌م قۆناغه‌ى ئێستاى عیراق؛ تا تێگه‌یشتنى باشتریان هه‌بێت له‌ دۆخى ئێستا و چاوه‌ڕوانكراوى عیراق.


پاشان پیرۆزبایى سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى كرد و ڕایگه‌یاند سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنه‌كان و پرۆسه‌ى ده‌نگدان مایه‌ى خۆشحاڵیى ئه‌وان و ‌یه‌كێتیى ئه‌ورووپا بووه‌ و ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ له‌وه‌ تێده‌گه‌ن ئه‌گه‌ر‌ له‌ ڕووى ته‌كنیكى و پرۆسه‌ى جیاكردنه‌وه‌ى‌ ده‌نگه‌كان و ژماردنه‌وه‌ هه‌ندێ كێشه‌ هه‌بووبێت، به‌ڵام ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن ده‌ریخست كه‌ گه‌لانى عیراق په‌رۆشن بۆ پرۆسه‌ى دیموكراسى و ئه‌وان له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێریى پرۆسه‌كه‌یان كردووه‌ و هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕاسته‌قینه‌ بوون و له‌ كاتى خۆیاندا به‌ پێى ده‌ستوو كراون.


هه‌روها جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌ر له‌ كۆتایى مانگى شه‌شى داهاتوو؛ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا كه‌ نوێنه‌رایه‌تیى بیست و هه‌شت وڵاتى ئه‌ورووپا ده‌كه‌ن؛ كۆ ده‌بنه‌وه‌ بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ عیراق و ئاینده‌ى عیراق، بۆیه‌ ئه‌م سه‌ردانه‌یان زۆر گرنگه‌ تا له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگادار بن و بتوانن ڕاپۆرتى خۆیان ئاماده‌ بكه‌ن و په‌یامه‌كانى ئه‌مڕۆ به‌ بیست و هه‌شت پایته‌ختى ئه‌ورووپا بگه‌یه‌ننه‌وه‌. ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ردانیان بۆ هه‌رێمى كوردستان نیشانه‌ى پابه‌ندى و په‌یوه‌ندییانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و پشتگیریى له‌ پره‌نسیپه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى وه‌ك دیموكراسى و ده‌ستوور و سه‌روه‌ریى یاسا و مافه‌كانى مرۆڤ ده‌كه‌ن‌. 


لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى تێڕوانینى خۆى سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان خسته‌ ڕوو و خۆشحاڵى به‌ سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن نیشان دا كه‌ خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ كو‌لتوورێك و هاووڵاتیان مافى خۆیان به‌ كار ده‌هێنن و له‌ ئاراسته‌كردنى سیسته‌مى حوكمداریدا به‌شدار ده‌بن، هه‌روه‌ها ڕۆژ له‌ دواى ڕۆژ و پرۆسه‌ دواى پرۆسه‌ گه‌لانى هه‌رێمى كوردستان زیاتر ده‌رك به‌ بایه‌خ و گرنگیى به‌شداریى خۆى له‌م پرۆسه‌یه‌دا ده‌كه‌ن.  ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ هاتووه‌ته‌ پێش، به‌ڵام تا ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامى كۆتاییى ده‌نگدان و ده‌سپێكردنى پرۆسه‌ى گفتوگۆكان؛ وێنه‌كه‌ زۆر ڕوون نیه‌ ئاخۆ به‌ چ ئاراسته‌یه‌كدا ده‌ڕوات. ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندى و كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و پرسى بودجه‌ش‌، سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ ڕووى دا له‌ بڕینى بودجه‌ و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌؛ چاوه‌ڕوانكراو نه‌بوو.


ده‌رباره‌ى پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووى عیراقیش نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌مڕۆى عیراق ناكرێت بیر له‌ حكوومه‌تى زۆرینه‌ بكرێته‌وه‌، چونكه‌ ته‌نها چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانى عیراق ئه‌وه‌یه‌ هاوبه‌شى بدۆزرێته‌وه‌ بۆ به‌شداریى پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌ پرۆسه‌ى سیاسیدا، به‌ تایبه‌تى كه‌ ئێستا به‌ پێى ده‌ستوور سیسته‌مى فیدرالى له‌ عیراق هه‌یه‌.
سه‌رۆك وه‌زیران سه‌باره‌ت به‌ پرسى یه‌كڕیزى و یه‌كهه‌ڵوێستیى لایه‌نه‌كانى هه‌رێمى كوردستانیش ڕایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر له‌ ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان بیروبۆچوون و هه‌ڵوێستى جیا و كێشه‌ش هه‌بێت، به‌ڵام كه‌ پرسه‌كه‌ هاته‌ سه‌ر كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا، لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان یه‌كهه‌ڵوێست ده‌بن له‌پێناو دابینكردنى ئاینده‌یه‌كى گه‌شتر بۆ هه‌رێمى كوردستان. هه‌روه‌ها گوتى: ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ به‌ ده‌رفه‌تى كۆتایى ده‌بینن بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ى ڕێڕه‌وى حوكمڕانى له‌ عیراق.


له‌سه‌ر پرسى نه‌وتیش دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ سیاسه‌تى نه‌وتیى هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور و پاراستنى به‌رژوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندایه‌، بۆیه‌ هه‌رێمى كوردستان سووره‌ له‌سه‌ر موماره‌سه‌كردنى مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى خۆى. هه‌روه‌ها عیماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانیش دووپاتى كردوه‌ ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ پرسى نه‌وتدا كردوویه‌تى؛ له‌ چوارچێوه‌ى مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و مافى هاوبه‌شیى ڕاسته‌قینه‌دایه‌ له‌ عیراق بۆ مسۆگه‌ركردنى هاوبه‌شى له‌ ده‌سه‌ڵات و داهاتدا، به‌ڵام به‌غدا ئه‌و هاوبه‌شییه‌ى په‌یره‌و نه‌كردووه‌.


ڕه‌وش و بارودۆخى پارێزگاى ئه‌نبار و ڕه‌وشى ئاوه‌ركانى ئه‌و ناوچه‌یه‌ و په‌نابه‌رانى سووریا له‌ هه‌رێمى كوردستان؛ لایه‌نێكى دیكه‌ى دیاره‌كه‌ بوو كه‌ تیایدا وێڕاى ستایشكردنى‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ داڵده‌دان و هاوكاریكردنى په‌نابه‌ران، شاندى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا ڕایانگه‌یاند له‌ ماوه‌یه‌كى نزیكى داهاتوودا ئۆفیسى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا بۆ هاریكاریى مرۆیى له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ست به‌ كاره‌كانى ده‌كات؛ تا بتوانێت هاوكاریى ئاواره‌كان و په‌نابه‌ران بكات.


له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك له‌ باڵیۆزانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا چه‌ندین پرسیار و ڕا و سه‌ره‌نجیان له‌باره‌ى كێشه‌كاتى هه‌ولێر و به‌غدا و پرسى پێكهێنانى كابینه‌ى هه‌شته‌مى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ خسته‌ ڕوو.


له‌ كۆتاییدا نێچیرڤان بارزانى سوپاسى ئه‌م سه‌ردانه‌ى باڵیۆزانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپاى كرد كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ پێكه‌وه‌ هاتوون بۆ ئه‌وه‌ى باشتر و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگادارى پرسه‌كان و سیاسه‌ت و هه‌ڵوێست و كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و عیراق ببن. دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان خوازیارى به‌هێزكردن و پته‌وكردنى بنه‌ماكانى دیموكراسى و په‌ره‌پێدانى دامه‌زراوه‌كانه‌، له‌مڕووه‌شه‌وه‌ پێویستى به‌ پشتیوانیى به‌رده‌وامى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت ئه‌و ئامانجانه‌ به‌دى بهێنێت كه‌ خه‌باتى بۆ كردووه‌.  

 

 

 

 

 

 

 

هێشتا دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕووننەبۆتەوە و هاوپەیمانی شیعەکانی عێراقیش لەسەر کاندیدی خۆیان یەکڕانین. بەڵام بە پێی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە سەردەمی ڕووخانی سەدام حوسێن دیکتاتۆڕی پێشووی عێراق پێکهاتووە، بە هۆی باروودۆخی پێکهاتەکانی عێراق، سێ بەرپرسیاریی سەرەکی ئەم وڵاتە لە نێوان سێ گرووپی شیعە، سوننە و کوردەکان دابەشکراوە. بە پێی ئەم ڕێککەوتنە، سەرۆک وەزیران بە شیعەکان، سەرۆک کۆمار بە کوردەکان و سەرۆکی پەڕڵەمانیش بە سوننەکان دەدرێت، بەڵام لە دابەشکردنەکانی حکوومەتیدا تەنیا سەرۆک کۆمار بۆ کوردەکانە و پلە و پایەکانی دیکە لە نێوان دوو گرووپەکەی دیکە دابەش دەکرێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەمانە، لایەنە کوردییەکان بەو ڕێککەوتنە پابەندن و هیوادارین هەموو لایەن و ڕێکخراوە سیاسییەکانی عێراق بەم ڕێککەوتنە وەفادار بن. لەبەر پاراستنی یەکێتی نەتەوەیی عێراق، هەموو گرووپەکان دەبێت پابەندی یاسای بنەڕەتی و ڕێککەوتنەکان بن کە پێشتر لە نێوانیاندا پەسەند کراوە. بەم حاڵەوە دەبێت چاوەڕوانی دەرئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان بین و لە ئێستاوە ناتوانرێت سەرکەوتنی "نووری مالکی" سەرۆکی وەزیرانی عێراق مسۆگر حیساب بکەین. مافی بێ شکی هەموو لایەن و ڕێکخراوە سیاسییەکانی عێراقە کە حکوومەتی هاوبەشییان هەبێت و چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە کە هاوبەشییەکی ڕاستەقینە پێکبێت. ئێمە پەیڕەوی هاوبەشییەکی ڕاستەقینەین و نە هاوبەشییەک کە وەکوو ڕابردوو گرفتی زۆری بۆ عێراق هێناوەتە پێشێ. بە لەبەرچاوگرتنی ئەمانە ئێمە کۆمەڵگای کوردەکانی عێراق ڕێز لە یاسای بنەڕەتی دەگرین و ئەگەر پێکهاتەکانی شیعە کورسی زۆریان لە پەڕڵەمان بەدەست هێنا، مافی ئەوانە کە سەرۆک وەزیران لە لایەنی ئەوان بێت.    

 

ڕۆژنامەی شەرق، ڕوانینی ناوخۆ، یەکشەمە 11ی ئایاری 2014 (21ی گوڵانی 1393ی هەتاوی)، ساڵی یازدەیەم، ژمارە 2013، لاپەڕەی 15.

 

 

 

 

 

 

 

دکتۆر جگەرخوێن جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران لە ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی کۆچیی دوایی سەید محەمەد باقر حەکیم و سەید عەبدوالعەزیز حەکیمدا بەشداری کرد.

بە ئامادەبوونی دکتۆر جگەرخوێن (محەمەد سدیق ئەحمەد) جێگری نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران و هەندێک لە کارمەندانی نووسینگەی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران، ڕۆژی پێنجشەمە 8ی ئایار / مایی 2014 ڕێوڕەسمی یازدەیەمین ساڵوەگەڕی کۆچیی دوایی سەید محەمەد باقر حەکیم و هەروەها پێنجەمین ساڵیادی کۆچیی دوایی سەید عەبدوالعەزیز حەکیمدا لە شاری تاران بەڕێوەچوو.

ئەم ڕێوڕەسمە لە لایەن نووسینگەی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق لە تەلاری ئەندیشەی حەوزەی هونەری شاری تاران بەسترا.

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەكات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی 5ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نیكولای ماڵدینۆڤ نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە عێراقی فیدڕاڵ كرد.

لە دیدارێكدا دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی ناوخۆی عێراق و هەروەها هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ئەنجام و كاریگەرییەكانی ئەم هەڵبژاردنە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق ڕاگەیاند و هیوای خواست كە ئەم هەڵبژاردنە و ئەنجامەكانی ببێتە هۆی باشتربوونی بارودۆخی ئاساییشی عێراق و كۆتاییهاتنی قەیرانی سیاسی و دروستبوونی گۆڕانكاریی ئیجابی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا.

سەبارەت بە بەشداریی كورد لە دانوساندنەكان و حكوومەتی ئایندە و پڕۆسەی سیاسیی عێراق سەرۆك بارزانی جەختی لە ڕەچاوكردنی پڕەنسیپی شەراكەتی كردەیی لە حوكمڕانیی عێراقدا كردەوە و هێمایشی بەوەدا كە پێویستە هەموو لایەك چاوەڕێی ئەنجامی ڕەسمیی هەڵبژاردنەكان بین و لەژێر ڕۆشنایی ئەنجامەكان قسە لەسەر هێڵە گشتییەكانی حكوومەتی تازەی عێراق بكرێت.

لەم دیدارەدا نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ئامادەیی خۆی و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی ڕاگەیاند بۆ ئەوەی یارمەتیی لایەنە سیاسییەكانی عێراق بدات لە پڕۆسەی دانوساندن و چارەسەركردنی قەیرانە سیاسییەكانی عێراق.

 

 پێنج شەممە, 08 ئایار 2014

 

 

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ وه‌زیری گه‌یاندنی فه‌له‌ستین كرد

ئه‌مڕۆ 8/5/2014 پێنج شه‌ممه‌ به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ وه‌زیری گه‌یاندنی فه‌له‌ستینی دكتۆر سه‌فا ناسره‌دین و كۆنسوڵی گشتی ئەم وڵاتە له‌ هه‌ولێر كرد.

له‌ دیدارێكدا وه‌زیری گه‌یاندنی فه‌له‌ستینی سوپاسی ئەو پێشوازییە گه‌رمەی كرد كە لە هەرێمی كوردستان لێیان كراوە و سڵاوی سه‌رۆكی فه‌له‌ستین به‌ڕێز (مه‌حمود عه‌باس)ـی گه‌یانده‌ سه‌رۆك بارزانی. هه‌روه‌ها ئاماژە‌ی به‌ په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ی نێوان گه‌لی كوردستان و گه‌لی فه‌له‌ستینی كرد.

له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ كوردستان، وه‌زیری فه‌له‌ستینی خۆشحاڵی خۆی به‌رامبه‌ر پێشكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان لە هەموو بوارەكان به‌تایبه‌تی له‌ بواری دابینكردنی ئارامی و ئاسایش نیشاندا. هیوای خواست له‌ بواری جیاجیا هاوكار بن له‌ پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنی هه‌رێمی كوردستان.

به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی میوان سڵاو و رێزیشی بۆ به‌ڕێز مه‌حمود عه‌باس سه‌رۆكی فه‌له‌ستین بە شاندی میوان ڕاگەیاند‌ و جەختی لە، په‌یوه‌ندییه‌كی مێژوویی و دۆستانه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو گه‌لی فه‌له‌ستین و كوردستان كردەوە.

هەر لەم دیدارەدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئامادەیی هەرێمی كوردستانی بۆ كاری هاوبەشی نێوان فەلەستین و هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیاره‌كه‌دا وه‌زیری گه‌یاندنی فه‌له‌ستینی باسی ئه‌و هه‌وڵ و هه‌نگاوانه‌یان كرد سه‌باره‌ت به‌ ئاشته‌وایی ناوخۆیی و كۆششه‌كانیان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تێكی یه‌كگرتوویی فه‌له‌ستینی، سه‌رۆك بارزانییش هیوای خواست ئاساییش و سه‌قامگیری و پێشكه‌وتن بۆ گه‌لی فه‌له‌ستین بێته‌دی.

 

 پێنج شەممە, 08 ئایار 2014

 

پەڕەى 189 لەکۆى 210 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی