ڕۆژی سێشەممە 26ـی 4ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فۆمیۆ ئاوای باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق كرد.
لەدیدارەكەدا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، سەرۆك بارزانیی لە بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە و دارایی گرووپی 7 لەبارەی پاڵپشتی و هاوكاریكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان ئاگادار كردەوە و هەروەها ئەوەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی بەنیازە كۆنسوڵخانەی خۆی لە شاری هەولێردا بكاتەوە و سوپاسی هەماهەنگی و هاوكاریی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمیشی كرد بۆ ئەو مەبەستە.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق باسی ئەو هەنگاوانەی كرد كە وڵاتەكەی لەبواری هاوكاریی مرۆیی و گەشەپێدانی ئابووری بۆ عێراق لە دە ساڵی ڕابردوو ناویەتی و جەختیشی لە بایەخی هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان كردەوە.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی حكوومەت و گەلی ژاپۆنی كرد و كردنەوەی كونسوڵخانەی ژاپۆنی لە هەولێر بە هەنگاوێكی باش بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا وەسف كرد.
لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراقیش باڵیۆزی ژاپۆن نیگەرانیی خۆی لەبارەی قەیرانی سیاسیی عێراق نیشاندا و سەرۆك بارزانیش باسی لەوە كرد كە هەرێمی كوردستان دەیەوێ ڕۆڵێكی ئیجابی لە چارەسەركردنی گرفتەكان بگێڕێت و جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەگەر یاسا و دەستوور پەیڕەو كرا با قەیران و كێشەی سیاسییش لە عێراقدا دروست نەدەبوو.
بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان و ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی موسڵ و تاوتوێكردنی قۆناغی دوای ئازادی موسڵ تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 11ـی 4ـی 2016 بەڕێز جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق خرایە بەر باس و بیروڕا لەبارەی چارەسەركردنی بارودۆخی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و هەردوولا لەسەر پێویستیی چارەسەركردنی پڕۆسەی سیاسی هاوڕابوون و جەختیش لە هەماهەنگی و ڕاوێژی هەردوولا كرایەوە بۆ پشتگیریكردنی سەقامگیریی سیاسی و چارەكردنی پڕۆسەی سیاسی.
هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ڕۆشنایی خرایە سەر شەڕی داعش و ئامادەكارییەكانی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و تەئكید لەسەر كاری هاوبەش و هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان هێزە هاوپەیمانەكان و هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی كرایەوە لە تێكشكاندنی تیرۆریستان و ئازادكردنی ناوچەكانی ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش.
ڕۆژی یەكشەممە 3ـی 4ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە برێت مەكگورگ نوێنەری تایبەتی سەرۆك ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش كرد.
لە دیدارەكەدا كە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هۆكارەكانی قەیرانی سیاسیی بەغدا ئاڵوگۆڕ كرا و بڕیار درا هەر دوولا بەردەوام بن لە ڕاوێژكردن بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی دەربازبوون لە قەیرانی سیاسی.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی هەردوولا و هەروەها باس لە ئامادەكارییەكان بۆ ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای ئازادكردن موسڵ كرا.
ڕۆژی چوارشەممە 20ـی 1ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فرانك باكێر باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكە و هەروەها بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە پارێزگاكانی ئەنبار و نەینەوا و پارێزگاكانی تری عێراق و ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی شاری موسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەختیش لە هەماهەنگی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان و هێزەكانی عێراقی كرایەوە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی قەیرانی ئابووری و ڕێگەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە و هەروەها كێشە و قەیرانە سیاسی و تاییفییەكانی عێراق و ئاشتەوایی نیشتیمانی ئاڵوگۆڕ كرا.
ڕۆژی سێشەممە 8ـی 12ـی 2015 لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دوا پێشهاتە سیاسییەكانیان تاوتوێ كرد.
هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جەخت لە پاراستنی سیادەی عێراق كرایەوە و باسی سەردانە چاوەڕواننكراوەكەی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا و ئەجێندای ئەو سەردانە كرا بە تایبەت بابەتی هاتنی سوپای توركیا بۆ نزیك شاری موسڵ و ئەوەیش دووپات كرایەوە كە پێویستە ئەم بابەتە لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكرێن.
ڕۆژی سێشەممە 15ـی 9ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی باڵای وەزارەتی دەرەوە و سوپای ئەمەریكا كرد كە پێكهاتبوون لە بڕێت مەكگرگ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراقی فیدڕاڵ و جەنەڕاڵ جەمێس تێڕی ڕێكخەری هێزە تایبەتییەكانی سوپای ئەمەریكا و جەنەڕاڵ تۆنی تۆماس فەرماندەی هێزە تایبەتییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكار و ئەفسەری وەزارەتی دەرەوە و سوپای ئەمەریكا.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە سووریا و عێراق و ئامادەكارییەكانی پڕۆسەی ئازادكردنی موسڵ و چۆنییەتی شكستپێهێنانی تیرۆریستان و كاری هاوبەشی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان تاوتوێ كرا. هەروەها ئاستی باڵای هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكا بەرز نرخێندرا كە بووەتە هۆی سەركەوتنی ئۆپڕاسیۆنە هاوبەشەكان كە بە هیچ شێوەیەكیش زیان بە ئامانجە مەدەنییەكان نەگەییشتووە.
لەم دیدارەدا شاندی هاوبەشی وەزارەتی دەرەوە و سوپای ئەمەریكا پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان و یارمەتیدان و هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە دووپات كردەوە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و ئاییندەی سووریا خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق كە ئێستا بە سەردانێك لە كۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە بەرانبەر ئەنجامەكانی لیژنەی تایبەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ لێكۆلینەوە لە كەوتنی موسڵ لە لێدوانێكدا كۆمەڵێك بۆچوونی بێبنەمای خستووەتە ڕوو و كەوتنی شاری موسڵی بە موئامەرەیەكی هاوبەشی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیای لەقەڵەم داوە.
لە وەڵامیدا بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە ئەم لێدوانەی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە ڕاستی و خۆدزینەوەیە لە هۆكارە ڕاستەقینەكانی كەوتنی موسڵ كە ناوبراو بەرپرسیارێتیی یەكەمی ئەم ڕووداوەی دەكەوێتە سەر شان.
ئەنجامەكانی لێكۆلینەوەی لیژنەی تایبەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆلێكۆلینەوە لە كەوتنی موسڵ زۆر بە ڕوونی دەریدەخات كە نووری مالكی بەرپرسی یەكەمی ئەو كارەساتەیە كە بەسەر شاری موسڵدا هاتووە و بە قسە و تۆمەتی بێبنەما ناتوانێ خۆی لێ بێبەری بكات. ئەوەی بە سیاسەتە هەڵەكانی زەمینەی بۆ داعش ڕەخساند و گوێی بە هۆشدارییەكانی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەدا و بووە هۆی كەوتنی موسڵ، شەخسی نووری مالكیە. ئەوەیشی ئێستا لە هێڵی یەكەمی شەڕی تیرۆریستانە و ئەفسانەی داعشی شكاندووە، هێزی پێشمەرگەی كوردستانە.
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
19ـی 8ـی 2015
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی 8ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەلیم ئەلجبووری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ڕەوشی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان خرایە بەر باس و جەخت لەسەر ئازادكردنی شاری موسڵ و ناوچەكانی دیكە لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش كرایەوە.
هەر لە دیدارەکەدا سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندی یاوەری جارێکی تر سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانیان كرد كە ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر و لێقەوماوانی هەموو پێکهاتەکانیان لە کوردستان حەواندۆتەوە و ڕایانگەیاند کە هەرگیز ئەو هەڵوێستە لەیاد ناکرێت.
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا ڕەوشی ناوچەکە بەگشتی و چۆنییەتی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق تاوتوێ كرا.
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- ههرێمى كوردستان و ئێران جهخت له برهودان به پهيوهندييهكانيان دهكهنهوه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ لهگهڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» لهگهڵ شاندی یهکێتی هاورده و ناردنکارانی لقی ههولێر کۆبۆوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ههميشه پشتيوانى و بهرگرى له مافهكانى ئێزدييان دهكهين
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ باڵیۆزی یهکێتیی ئهورووپا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى نهمسا كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جهنهرال ڤاول دهكات