Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق دەكات

ڕۆژی یەكشەممە 4ـی 10ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەرەكانی كەركووك لە سەرۆك بارزانی كرد و سەرەخۆشیشی لە كەسوكاری شەهیدانی ئەم ئۆپراسیۆنە كرد و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست. هەروەها ئاستی هەماهەنگیی و هاوكاریی نێوان هێزە هاوپەیمانەكان و هێزی پێشمەرگەی بە نموونەیی وەسف كرد و سوپاسی سەرۆك بارزانیشی كرد كە پشتیوانێكی سەرەكیی هاوپەیمانان بووە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش. لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق سەرۆك بارزانیی لە دوایین هەڵوێست و ستراتیژییەكانی وڵاتەكەی لە ناوچەكە و لەمەڕ پرسە هەنووكەییەكان ئاگادار كردەوە.

هەر لەم كۆبوونەوەیە پێداویستییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگە و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا و چۆنییەتی لەناوبردنی تیرۆر تاوتوێ كرا و بیروڕایش لەبارەی دوایین پەرەسەندنە سیاسییەكانی ناوچەكە و هەروەها پەلامارە ئاسمانییەكانی ڕووسیا ئاڵوگۆڕ كرا و سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە پێویستە شەڕی هەمە لایەنەی داعش بكرێت و تیرۆریستانی داعش لە سووریا و عێراق و ناوچەكە لە ڕەگوڕیشە دەربهێنرێن. سەرۆك بارزانی بوونی كۆدەنگیی دەولیی لەسەر لەناوبردنی داعش بە پێویست زانی و ئەوەیشی خستەڕوو كە دەبێ وڵاتان هەموو جۆرە ناكۆكییەك وەلا بنێن و تەركیز لەسەر لەناوبردنی داعش بكەن چونكە هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو لایەك.

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو.

Read کد خبر: 1580