"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تارانبه‌شداریی له‌ ساڵیادی شەهیدانی عێراقی السید "محمد باقر الصدر" و السید "محمد باقر الحکیم" و هه‌روه‌ها کۆچی دوایی "عبدالعزیز الحکیم" کرد.

 

ئەنجومەنی باڵای شۆرشی ئیسلامی عێراق لە تاران بە بۆنەی ساڵیادی شەهیدی عێراقی و یادی شەهیدبوونی السید "محمد باقر الصدر" و السید "محمد باقر الحکیم" و کۆچی دوایی "عبدالعزیز الحکیم" دوێنێ هەینی ٩/٤/٢٠١٦ کۆڕێکی ماتەمینی سازکرد.

 

لەم کۆرەدا چەند بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی ئێران و بەشێک لە باڵیۆزی وڵاتانی بیانی تیایدا ئامادەبوون.

شاندی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران بە سەرۆکایەتی "نازم عومەردەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران ئامادەی ئەم ساڵیادە بوون.

 

 

ڕۆژی یەكشەممە 10ـی 1ـی 2016 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی باڵای حكوومەتی هۆڵەندا كۆبۆوە كە پێكهاتبوون لە لۆدڤایك ئاشەر جێگری سەرۆك وەزیران و ژەنین هێنس پلاشخارت وەزیری بەرگری و جەنەڕاڵ تۆم میدن دۆرپ سوپاسالاری هۆڵەندا و جان واڵتماز باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق و ڤان دێر زاندی كۆنسوڵی هۆڵەندا لە هەولێر.


لە دیدارەكەدا جێگری سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە خۆی و شاندی یاوەری كراوە و هەروەها ستاییشی ڕۆڵ و ئازایەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و سەرەخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد بۆ ئەو پێشمەرگانەی لەپێناو پاراستنی پێكهاتەكان و شەڕی دژی تیرۆریستان گیانی خۆیان بەخت كردووە و لە شەڕەكاندا شەهید بوونە. هەروەها جەختیشی لەبەردەوامی پشتیوانی وڵاتەكەی كردەوە لە كوردستان و هێزی پێشمەرگە. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا پێزانینی وڵاتەكەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە هەرێمی كوردستان میوانداری ملیۆنێك و هەشتسەتهەزار ئاوارە و پەنابەری كردووە و سەرباری بوونی گرفتی قووڵی ئابووری قوربانی زۆریشی لە شەڕی تیرۆریستان داوە و لەوەدا هۆڵەندا هاوسۆزی كوردستانە و هەروەها شەڕی تیرۆریستانیشی بە هۆكاری یەكبوونی هەردولا لە قەڵەم دا.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی گەل و حكوومەتی هۆڵەندای كرد كە لە شەڕی تیرۆریستاندا پشتیوانی پێشمەرگەن. هەروەها باسی لە هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان كرد و ئەو هەماهەنگییەی بە كەموێنە وەسف كرد كە بووەتە هۆی ئەوەی سەركەوتنەكان زووتر بەدەست بێن و لە شەڕەكاندا هیچ شوێنێكی سڤیل نەكرێتە ئامانج. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی مەترسییەكانی توندڕۆیی و ڕێكخراوی داعشی بۆ سەر مرۆڤایەتی بۆ شاندی میوان خستەڕوو و باسی لە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی داعش و گەشەكردنی لە عێراق كرد و جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە قۆناغی دوای شكستدانی داعش بە بایەخەوە سەیر بكرێت و دەبێ ڕێككەوتنێك هەبێت كە لەدوای ڕزگاركردنی موسڵ ناوچەكان چۆن بەڕێوەببردرێت و گەرەنتیش بۆ ئاییندەی پێكهاتەكان هەبێت كە كارەساتەكان چیتر دووبارە نەبنەوە.

هەر لەم كۆبوونەوەیە جەخت لە پێویستی لەناوبردنی تیرۆریستان لە سووریا و عێراق و گەڕاندنەوەی ژیانێكی ئاشتیانە بۆ ناوچە ئازادكراوەكان كرایەوە و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە شەڕی دژی تیرۆر جگە لە لایەنی سەربازی پێویستە ڕەهەندی ئابووری و ئایدیۆلۆژیشی هەبێت. لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا باس لە پێداویستییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ كرا.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم و فەریق جەمال سوپاسالاری پێشمەرگە و فەریق جەبار یاوەر ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.

 

 

 

 

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 23/12/2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە به‌ڕێز پێترۆ گراسۆ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئیتاڵیا و شاندێكی یاوه‌ری كرد کە پێکهاتبوو لە مارکۆ کارنێلۆس باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و دکتۆر ئەلێساندرا دێ پیپۆ کونسوڵی ئیتاڵیا لە هەولێر و ژمارەیەک دیپلۆماتکار و ڕاوێژکار.


له‌ دیدارێكدا سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئیتاڵیا خۆشحاڵی خۆی به‌و دیداره‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئیتاڵیا و هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و پێزانینی بۆ خۆڕاگری و خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان هەبوو. هەروەها وێڕای پیرۆزبایی لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە، ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان كرد و سەرەخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.

سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئیتاڵیا ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە سەركردایەتیكردنی دۆخەكە و شەڕی داعش و دروستكردنی سەقامگیری بەرز نرخاند و ڕایگەیاند کە بەڕێزیان لای ئێمە پێگەیەکی زۆر بەهیزی هەیە و سەرکردەیەکن کە خزمەتی هەموو مرۆڤایەتی دەکات و گەل و حکوومەتی ئیتاڵیا خۆشحاڵن لەگەڵ سەرۆک بارزانی هاوکار و هاوسەنگەر بن دژی تیرۆریستان. سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئیتاڵیا ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئیتاڵیا جگە لە بواری هاوکاریی سەربازیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، حەز دەکات لەهەموو بوارەکاندا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر پەرە پێ بدات، بەتایبەتی لەبوارەکانی شوێنەوار و تەندروستی و خوێندنی باڵا و یارمەتیدانی ئاوارەکان، کاری جیددیش دەکەن بۆ ئەوەی پشتیوانیی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکەن، کردنەوەی کونسوڵگەریی وڵاتەکەشی لەهەولێر وەک بەڵگەی ئەو خواستە نیشان دا.

هەروەها سوپاسی گەل و حکوومەتی كوردستانیشی كرد كە سەرباری بوونی گرفتی گەورە، بە دڵفراوانییەوە پێشوازییان لە ئاوارەكان كردووە، بە بێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی و ئەو هەڵوێستەی بەرزنرخاند و ڕایگەیاند کە پێزانینی زۆرمان بۆ ئەو کارە مەزنە هەیە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هاوپەیمانان و حكوومەت و گەلی ئیتاڵیاشی كرد كە لە كاتی تەنگانەدا پاڵپشتیی خۆیان بۆ گەلی كوردستان ڕاگەیاند و هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون. خۆشحاڵیی خۆشی بە کردنەوەی کونسوڵگەریی ئیتاڵیا لە هەولێر نیشان دا و هیوای خواست پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا لەهەموو بوارەکاندا پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی خستەڕوو و ڕایگەیاند کە باری قورسی شەڕی داعش بەر گەلی كوردستان كەوتووە بەڵام گەلی كوردستان خۆڕاگر بوو و پێشمەرگەیش ئەفسانەی داعشی شكاند و هێمایشی بەوەدا كە تیرۆر هەڕەشەیەكی جدییە و پێویستە جگە لە بەرەی سەربازی لە ڕووی فکری و ئابوورییشەوە شەڕی تیرۆریستان بکرێت. لەبارەی حەواندنەوەی ئاوارەكانیش سەرۆك بارزانی ئەوەی وەك شانازییەك بۆ گەلی كوردستان باس كرد كە فەزڵی ئەوەیش بۆ كولتووری پێكەوەژیان و ئاشتیخوازی و قبووڵكردنی بەرانبەر لەناو كوردستان دەگەڕێتەوە.

بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێتاڵیا تەوەرێكی تری ئەم كۆبوونەوەیە بوو.

 

 

 

 

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 10ـی 12ـی 2015 جارێكی تر تیرۆریستان تاوانێكی نامرۆڤانەیان دەرهەق خوشك و براكانمان لە ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام دا و لە ئەنجامی زنجیرەیەك پەلاماری تیرۆریستی بۆ سەر شارۆچكەی تل تەمەر لە ڕۆژئاوای كوردستان دەیان هاووڵاتی شەهید و دەیانی دیكەیش بریندار بوون.


لێرەدا زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە قێزەوەنەی تیرۆریستان دەكەین كە ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ وەحشیگەری و ترسنۆكیی تیرۆریستان كە پابەندی هیچ بەهایەكی مرۆیی و ئاسمانی نین و، سەرەخۆشی لە گەلەكەمان لە ڕۆژئاوای كوردستان و لە كەسوكاری شەهیدانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارن دەخوازین.

ئەوەیش دووپات دەكەینەوە كە كردەوەی لەم جۆرە ئیرادەی هەموو لایەكمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندن و لەناوبردنی تیرۆریستان و دوژمنانی مرۆڤایەتی بەهێزتر دەكات و دواجاریش سەركەوتن و سەربەرزی بۆ گەلەكەمانە و سەرشۆڕی و شكستیش بۆ تیرۆریستان دەمێنێتەوە.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

11ـی 12ـی 2015

 

 

 

 

ماوەی چەند ڕۆژێكە لە شاری دوزخورماتوو پشێوی و ئاڵۆزی دروست بووە و چەندین ڕووداوی نەخوازراو ڕوویداوە، و چەند هاووڵاتیەك لە پێكهاتە جیاوازەكان شەهید كراون و دەستدرێژی بۆ سەر موڵك و ماڵی هاووڵاتیانی لێكەوتۆتەوە.

وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆمان لەسەر ئەم ڕووداوانە، پێویستە دەزگە فەرمی و ئیداری و ئەمنییەكانی شارەكە و هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕۆڵی خۆیان ببینن لە كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخەكە و بە بێ جیاوازی سەروماڵی هاووڵاتیان بپارێزن و ڕێگەی دەستدرێژی بە هیچ لایەك نەدەن. هەروەها جەخت دەكەینەوە لەسەر پاراستنی یەكڕیزی و تەبایی گشت پێكهاتەكانی شارەكە، و پێویستە گشت كێشەكان بە ڕێگای دیالۆگ و لێك تیگەیشتن چارەسەر بكرێن، و هەموو لایەك كار بكەن بۆ پاراستنی ئاسایشی شارەكە و بەرەنگاربوونەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش كە دوژمنی هاوبەشی هەموو لایەكە .

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
16/11/2015

ڕۆژی یەكشەممە 4ـی 10ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەرەكانی كەركووك لە سەرۆك بارزانی كرد و سەرەخۆشیشی لە كەسوكاری شەهیدانی ئەم ئۆپراسیۆنە كرد و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست. هەروەها ئاستی هەماهەنگیی و هاوكاریی نێوان هێزە هاوپەیمانەكان و هێزی پێشمەرگەی بە نموونەیی وەسف كرد و سوپاسی سەرۆك بارزانیشی كرد كە پشتیوانێكی سەرەكیی هاوپەیمانان بووە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش. لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق سەرۆك بارزانیی لە دوایین هەڵوێست و ستراتیژییەكانی وڵاتەكەی لە ناوچەكە و لەمەڕ پرسە هەنووكەییەكان ئاگادار كردەوە.

هەر لەم كۆبوونەوەیە پێداویستییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگە و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا و چۆنییەتی لەناوبردنی تیرۆر تاوتوێ كرا و بیروڕایش لەبارەی دوایین پەرەسەندنە سیاسییەكانی ناوچەكە و هەروەها پەلامارە ئاسمانییەكانی ڕووسیا ئاڵوگۆڕ كرا و سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە پێویستە شەڕی هەمە لایەنەی داعش بكرێت و تیرۆریستانی داعش لە سووریا و عێراق و ناوچەكە لە ڕەگوڕیشە دەربهێنرێن. سەرۆك بارزانی بوونی كۆدەنگیی دەولیی لەسەر لەناوبردنی داعش بە پێویست زانی و ئەوەیشی خستەڕوو كە دەبێ وڵاتان هەموو جۆرە ناكۆكییەك وەلا بنێن و تەركیز لەسەر لەناوبردنی داعش بكەن چونكە هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو لایەك.

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو.

ڕۆژی سێشەممە 29ـی 9ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە عەبدوڵلا كوردی باوكی شەهید ئالان كوردی كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی بە باوكی شەهید ئالان كوردی ڕاگەیاند بەهۆی ئەو كارەساتە دڵتەزێنەی كە بەسەر خانەوادەكەیدا هاتووە كە كارەساتێك بووە بۆ هەموو كوردێك و هەموو خانەوادەی كوردستانیان و ئەوەیشی خستەڕوو كە ڕووداوەی دڵتەزێنی شەهیدبوونی ئالان و خانەوادەكەی هێمای مەزلوومیەتی گەلی كوردستان بووە لە سەردەمی ئێستادا. سەرۆك بارزانی هیوای خواست خودای مەزن سەبر و ئارامی بە باوكی شەهید ئالان ببەخشێت و پێی ڕاگەیاند كە هەموو ماڵێكی كوردستان ماڵ و كەسوكار و نزیكی ئەون.

لە بەرانبەردا باوكی شەهید ئالان سوپاسی هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و خەڵكی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ هاوسۆزی و بەدەنگەوەهاتنیان و دواتریش سەرۆك بارزانیی لە ژیان و گوزەران و كێشەكانی خۆی ئاگادار كردەوە.

دوێنێ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سەرۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ‌ محەمەد ئەحمەد قەساب، سەرۆكی دەزگای مینی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبۆوه‌.

قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لەسەرۆكی دەزگاو تەواوی كارمەندانی دەزگای مینی كرد بۆ باش راپەراندنی كارەكانیان لەم كاتە هەستیارەدا وستایشی رۆڵی كارمەندانی دەزگای مینی كرد لەهاوكاریكردنی پێشمەرگە لە جەنگ دژی تیرۆرستانی داعش.

محەمەد ئەحمەد قەساب، چەند  مانگێكە دەستبەكار بووە وەك سەرۆكی دەزگای مینی كوردستان.

به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی رایگەیاند، ”ئەو كارمەندانەی كە هاوشانی پێشمەرگە، بەتایبەت كارمەندەكانی دەزگای مین، لە بەرەكانی پێشەوەی جەنگدان شایستەی دەستخۆشی و رێزگرتنێكی تایبەتن و گرنگە رۆڵە جوامێرەكانیان ستایش بكەین. تاكو ئێستاش چوار كارمەندی دەزگای مین لەكاتی پووچەڵكردنەوەی مین و بۆمبی شاراوە لەم جەنگی دژی تیرۆرستانی داعش شەهید بوون.“

هەروەها پشتگیری خۆی دەربڕی بۆ زوو پەسەندكردنی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كارمەندانی دەزگای مین لە كوردستان كە ”دەبێتە پشتگیریەك و هاندەرێك بۆ ئەو كارمەندانەی كە رۆژانە ژیانیان دەخەنەبەر مەترسی لەپێناوی پاككردنەوەی خاكەكەمان لە مین و بۆمبی شاراوە.“

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی