ڕۆژی چوارشهممه 23/12/2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بهڕێز پێترۆ گراسۆ سهرۆكی ئهنجوومهنی پیرانی ئیتاڵیا و شاندێكی یاوهری كرد کە پێکهاتبوو لە مارکۆ کارنێلۆس باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و دکتۆر ئەلێساندرا دێ پیپۆ کونسوڵی ئیتاڵیا لە هەولێر و ژمارەیەک دیپلۆماتکار و ڕاوێژکار.
له دیدارێكدا سهرۆكی ئهنجوومهنی پیرانی ئیتاڵیا خۆشحاڵی خۆی بهو دیداره و پهیوهندییهكانی نێوان ئیتاڵیا و ههرێمی كوردستان دهربڕی و پێزانینی بۆ خۆڕاگری و خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان هەبوو. هەروەها وێڕای پیرۆزبایی لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە، ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان كرد و سەرەخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.
سهرۆكی ئهنجوومهنی پیرانی ئیتاڵیا ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە سەركردایەتیكردنی دۆخەكە و شەڕی داعش و دروستكردنی سەقامگیری بەرز نرخاند و ڕایگەیاند کە بەڕێزیان لای ئێمە پێگەیەکی زۆر بەهیزی هەیە و سەرکردەیەکن کە خزمەتی هەموو مرۆڤایەتی دەکات و گەل و حکوومەتی ئیتاڵیا خۆشحاڵن لەگەڵ سەرۆک بارزانی هاوکار و هاوسەنگەر بن دژی تیرۆریستان. سهرۆكی ئهنجوومهنی پیرانی ئیتاڵیا ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئیتاڵیا جگە لە بواری هاوکاریی سەربازیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، حەز دەکات لەهەموو بوارەکاندا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر پەرە پێ بدات، بەتایبەتی لەبوارەکانی شوێنەوار و تەندروستی و خوێندنی باڵا و یارمەتیدانی ئاوارەکان، کاری جیددیش دەکەن بۆ ئەوەی پشتیوانیی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکەن، کردنەوەی کونسوڵگەریی وڵاتەکەشی لەهەولێر وەک بەڵگەی ئەو خواستە نیشان دا.
هەروەها سوپاسی گەل و حکوومەتی كوردستانیشی كرد كە سەرباری بوونی گرفتی گەورە، بە دڵفراوانییەوە پێشوازییان لە ئاوارەكان كردووە، بە بێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی و ئەو هەڵوێستەی بەرزنرخاند و ڕایگەیاند کە پێزانینی زۆرمان بۆ ئەو کارە مەزنە هەیە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هاوپەیمانان و حكوومەت و گەلی ئیتاڵیاشی كرد كە لە كاتی تەنگانەدا پاڵپشتیی خۆیان بۆ گەلی كوردستان ڕاگەیاند و هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون. خۆشحاڵیی خۆشی بە کردنەوەی کونسوڵگەریی ئیتاڵیا لە هەولێر نیشان دا و هیوای خواست پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا لەهەموو بوارەکاندا پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی خستەڕوو و ڕایگەیاند کە باری قورسی شەڕی داعش بەر گەلی كوردستان كەوتووە بەڵام گەلی كوردستان خۆڕاگر بوو و پێشمەرگەیش ئەفسانەی داعشی شكاند و هێمایشی بەوەدا كە تیرۆر هەڕەشەیەكی جدییە و پێویستە جگە لە بەرەی سەربازی لە ڕووی فکری و ئابوورییشەوە شەڕی تیرۆریستان بکرێت. لەبارەی حەواندنەوەی ئاوارەكانیش سەرۆك بارزانی ئەوەی وەك شانازییەك بۆ گەلی كوردستان باس كرد كە فەزڵی ئەوەیش بۆ كولتووری پێكەوەژیان و ئاشتیخوازی و قبووڵكردنی بەرانبەر لەناو كوردستان دەگەڕێتەوە.
بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێتاڵیا تەوەرێكی تری ئەم كۆبوونەوەیە بوو.