Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی بریتانیا دەكات

ڕۆژی پێنجشەممە 17ـی 3ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فیلیپ هامۆند وەزیری دەرەوەی بریتانیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە فرانك بێكەر باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكار و كاربەدەستی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا.

لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی بریتانیا ستاییشی هەوڵەكانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ چاكسای و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و بە هاندەرێكی باشی زانی بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە بەردەوام بێت لە پاڵپشتیكردن و هاوكاریی هەرێمی كوردستان. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بەو تەحەدیاتەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، ئەوەی دووپاتكردەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە هاوكاریكردنی سەربازیی پێشمەرگە و چۆن لەشەڕی داعشدا پشتیوانی هەرێمی كوردستان بوو ئەوهایش لە ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدی و قەیرانی ئابووری لەگەڵ كوردستاندا دەبێت.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی وڵاتی بریتانیای كرد و پەیوەست بە قەیرانی دارایی هێمای بەوەدا كە قەیرانی دارایی دەكرێ فورسەتێك بێت بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بەخۆماندا بچینەوە و چاكسازیی بنەڕەتی ئەنجام بدەین و تەئكیدی كردەوە كە خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان پاڵپشتی پڕۆسەی چاكسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایین. هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە دەكرێ ئەزموونەكانی بریتانیا لە بواری كارگێڕی و چاكسازی یارمەتیدەری هەرێمی كوردستان بێت.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باس لە ئامادەكارییەكانی پڕۆسەی ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای داعش كرا و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە بۆ دڵنیابوونەوەی پێكهاتەكان لە دواڕۆژی خۆیان و ڕێگەگرتن لە كێشەی تازە پێویستە بەر لە ئازادكردنی موسڵ ڕێككەوتنی سیاسی بە بەشداریی نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی هاوپەیمان لە نێوان لایەنەكاندا هەبێت.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و ڕێوشوێنەكانی یارمەتیدانی هەرێم لەڕووی داراییەوە كرا.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەدوای كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە پرێسكۆنفرانسێكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن خستەڕوو و وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانیان دایەوە.

بۆ بینینی پڕێسكۆنفرانسەكە ئێرە دابگرە

Read کد خبر: 1794