Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیكا دەكات

ڕۆژی پێنجشەممە 7ـی 4ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خێرت بۆرژوا سەرۆك وەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە كۆن یۆنگبلوت بەرپرسی فەرمانگەی كاروباری دەرەوەی هەرێمی فلاندەرز و ژمارەیەك لە بەرپرس و ڕاوێژكاری ئەو هەرێمە.


لە دیدارەكەدا سەرۆك وەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیكا سوپاسی ڕەخساندنی دیدارەكە و ئەو پێشوازییەی كرد كە لەخۆی و شاندە یاوەرەكەی كراوە. هەروەها وێڕای باسكردنی ئەو تەحەدییاتەی كە ڕووبەڕووی خەڵكی كوردستان بووەتەوە، ستاییشی سەركەوتن و خۆڕاگریی گەلی كوردستان و قوربانیدانی پێشمەرگەی كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستان و دڵخۆشی خۆیشی نیشان دا بەو سیستەمەی كە خەڵكی كوردستان لە ڕەچاوكردنی مافەكانی مرۆڤ و پێكەوەژیان و بەشداریی ئافرەت پەیڕەوی دەكەن. هەروەها ئامادەیی خۆی و وڵاتەكەیشی نیشاندا بۆ پشتگیرییكردنی گەلی كوردستان و پێزانینیشی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە سەركەوتنەكانی كوردستان هەبوو و ئەوەی خستەڕوو كە لەوە دڵنیان كە ئاییندەی كوردستان لە دەستێكی ئەمیندایە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هاوسۆزی و پشتگیریی شاندی میوانی كرد و سەرەخۆشیی لە گەلی بەلجیكا و شاندی میوان كرد بۆ قوربانیانی ڕووداوە تیرۆریستییەكانی شاری بروكسڵ و ڕایگەیاند كە گەلی كوردستان كە خۆی قوربانیی دەستی تیرۆرە، هاوسۆزە لەگەڵتان و وێڕای ئاماژەدان بە هەڕەشەكانی تیرۆر هێمای بەوەدا كە هەڕەشەی تیرۆر هەموو لایەك دەكاتە ئامانج و ڕووبەڕووبوونەوەیشی هەوڵێكی جددی و هەمەڵایانە و دڵسۆزانەی پێویستە هەم لەڕووی سەربازی هەمیش لەڕووی فكری و ئابووری و كۆمەڵایەتی.

سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا ڕۆشنایی خستەسەر تەحەدییاتی بەردەم گەلی كوردستان و هەروەها هۆكارەكانی قەیرانی دارایی و باسیشی لەوە كرد كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە مەسەلەی ئاوارەكان وەك پێویست یارمەتیی هەرێمی نەداوە و حكوومەتی عێراقیش لەمبارەیەوە كەمترخەم بووە.

هەر لەم دیدارەدا باس لە مێژووی سیاسیی عێراق و قەیرانی سیاسیی ئێستا و شەڕی ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ و هەروەها ئاییندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرا.

 

 

 

 

Read کد خبر: 1811