لە درێژەى سەردانە فەرمیەکەیدا بۆ ئەمریکا رۆژى چوارشەممە 17/9/2014 فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم بەشدارى لە مێزگردێکدا کرد کە لە لایەن ئەنجومەنى پەیوەندیەکانى دەرەوە رێکخرابوو.

لە مێزگردەکەدا کە زیاتر لە 20 کەسایەتى ئەکادیمى و بەرپرسانى باڵاى پێشووى ئەمریکاو شارەزایانى کاروبارى دەرەوە کە کاریگەریان لەسەر بڕیارەکانى واشنتۆن هەیە ئامادەى بوون، بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە پوختەیەکى پێشکەش کرد دەربارەى دوایین پەرەسەندنەکان و هێرشەکانى پێشمەرگە و هەماهەنگى و هێرشە ئاسمانیەکانى ئەمریکاوگفتوگۆ سیاسیەکان لەگەڵ حکومەتى نوێى فیدڕاڵى عێراق و هەروەها دەربارەى بارودۆخى مرۆیی ئاوارەو پەناهەندەکان لە ئەرزى واقعدا. هاوکات جەختى لە پابەندبوونى حکومەتى هەرێم بۆ تێکشاندنى گرووپى تیرۆرستى داعش کردەوە.

لە هەمان رۆژدا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە پێشوازى کرا لە لایەن سەرۆکى لیژنەى کاروبارى دەرەوەى کۆنگرێس، ئێد رۆیس، و ئیلیۆت ئێنگڵ بەرپرس لە هەمان لیژنە.

لە مێزگردێکدا کە نزیکەى دە لە ئەندامانى لیژنەکە لە هەردوو پارتى ئەمریکایی و ئەندام لە کۆنگرێس تێیدا بەشداربوون، فەلاح مستەفا چەند باسێکى دەربارەى بارودۆخى سیاسى و ئاسایش و پەرەسەندنە مرۆییەکان لە کوردستان و عێراق پێشکەش کرد، هاوکات وەڵامى چەند پرسیارێکى ئامادەبووانى سەبارەت بەو پرسانە دایەوە.

لە چەند دیدارێکى دیکەى جیاجیادا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە لەگەڵ سیناتۆر جەیمس ریچ لە لیژنەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى سێنات و کونگرێسمان دەینا رۆراباکەر و پێتى کینگ کۆبووەوەو باسى لە دوایین پەرەسندنەکان لە هەرێمى کوردستان و هەماهەنگیەکانى نێوان ئەمریکاو هێزەکانى پێشمەرگەو حکومەتى هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەى هێزەکانى تیرۆرستى داعش کرد.

لە لایەکى دیکەوە ماریو دیاز بالارت لە کۆنگرێس پێوازى لە فەلاح مستەفا کرد. لە دیدارەکەدا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە ئەوپەرى سوپاسگوزارى پێشکەش کرد بۆ هەوڵەکانى ئەمریکا لە چیاى شنگال و لە تەواوى هەرێم، وە داواى بەردەوامبوونى ئەمریکاى کرد بۆ پشتیوانى کردنى کوردستان لەڕووى ئابوورى بۆ تێکشان و رووخاندنى داعش. لە لایەکى دیکەشەوە داواى پێدانى هاوکارى مریی بۆ ئاوەرەکانى ناوخۆو پەناهەندەکان لە هەرێم کرد.  لاى خۆشیەوە ماریو گووتى من سەرسامم بە خەڵکى کوردستان و جێگەى شانازیە کە لەگەڵیاندا لەشەڕى رێکخراوێکى دڕندە شەڕ دەکەین.

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی