ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت پێشوازی لە بەڕێز ئەداما دینگ جێگر و ڕاوێژكاری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ڕێگری لە جینۆساید و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا کە سۆکۆل کۆندى بەرپرسى نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمى کوردستان و خاتوو سوهام جەبەلى یاریدەدەرى بەرپرسى فەرمانگە ئامادەبوون،  ئەداما دینگ جێگرى سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ڕێگری لە جینۆساید ستایشى سیاسەتى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد بۆ واڵاکردنى سنوورەکانى بەڕووى ئاوارەو پەناهەندەکانى سوریاو عیراق، کە وێڕاى بوونى قەیرانى ئابوورى توانى بەپێى توانا کۆمەکیان بکات.

هاوکات دەنگى خۆى خستە پاڵ دەنگى حکومەتى هەرێم بۆ بە جینۆساید ناساندنى ئەو تاوانانەى بەرامبەر کوردانى ئێزیدى لەلایەن تیرۆرستانى داعش ئەنجامدرا. بەڕێزیان گووتى هەرچەندە عیراق واژووى رێکەوتننامەى رۆماى نەکردووە بەڵام پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند رێگایەک بگرێتەبەر بۆ بەرەوپێشبردنى ئەو کەیسە و هەموو هاوكارییەكی خۆیشی لەمبارەیەوە ڕاگەیاند. هەروا گووتى لە گەڕانەوەم بۆ نیویۆڕک هەموو ئەو راستیانە دەخەمەڕوو کە لە هەرێمى کوردستان لە نزیکەوە ئاشنایان بووم.

فەلاح مستەفا وێراى بەخێرهێنان بەناوى حکومەتى هەرێم سوپاسى ئاژانسەکانى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانى کرد کە لە بارودۆخە سەخت و دژوارەکان بە گوێرەى توانا لە بوارە جیاجیاکان یارمەتى هەرێمى کوردستانیان داوە.

بەڕێزیان گووتى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە هەر لە سەرەتاوە هەوڵى داوە لە ناوەوەو دەرەوەى هەرێمى کوردستان کار لەسەر بەرەو پێشبردنى ئەو کەیسە بکات. هەروا حکومەتى هەرێم لێژنەیەکى باڵاى پێکهێنا بۆ بەدوواداچوون و کۆکردنەوەى بەڵگەى تاوانەکان تایبەت بە جینۆسایدکردنى کوردانى ئێزیدى و پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکانى تر. ئەم لێژنەیە هەنگاوى باشى هەڵێناوەو دادگاى باڵاى تاوانەکانى نێودەوڵەتى لە لاهاى لێ ئاگادار کردۆتەوە.

فەلاح مستەفا گووتى هیوادارین کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى پشتگیرى زیاترى هەوڵەکانى حکومەتى هەرێم بکات بۆ ئەم هەنگاوە، تاکو کوردانى ئێزیدى و پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینیەکانى تر لەڕووى ماددى و سایکۆلۆژى قەرەبوو بکرێنەوەو تاوانبارانیش بەسزاى خۆیان بگەن.

 

 

 

 

ڕۆژی پێنجشەممە 5ـی 11ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەداما دینگ ڕاوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ڕێگەگرتن لە جینۆساید و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا ڕاوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان باسی لە ئەو نەهامەتییانە كرد كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و ڕایگەیاند كە لە نزیكەوە ئاگاداری مێژووی خەباتی كوردستانە و خۆی بە دۆست و هاوسۆزی گەلی كوردستان وەسفكرد. هەروەها هاوخەمیی خۆیشی نیشاندا بەهۆی ئەو كارەساتە یەك لەدوای یەكانەی بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتووە. ڕاوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانیی خۆی لە ئەو كارەساتە نیشاندا كە لەلایەن تیرۆریستانەوە بەسەر ئێزیدی و پێكهاتەكانی دیكەدا هاتووە و سوپاسی سەرۆك بارزانیشی كرد كە پاڵپشتێكی گەورەی ئێزیدییەكان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی تری عێراق و ناوچەكەیە و هەروەها ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە پاراستنی ژیانی پێكهاتەكان بەرز نرخاند و ڕایگەیاند كە دەبێ جیهان بزانێ كە سەرۆك بارزانی خەباتی بۆ ئازادی كردووە و هەوڵی بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی داوە. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ڕاوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سوپاسی قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد و پێزانینیشی هەبوو بۆ گەلی كوردستان كە سەرباری بارودۆخی خراپی ئابووری ملیۆنێك و پێنجسەدهەزار ئاوارەی حەواندووەتەوە. دواتریش سەرۆك بارزانیی لە ئەرك و چالاكییەكانی بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر تاوانەكانی داعش لەدژی ئێزیدی و پێكهاتەكانی تر ئاگادار كردەوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی تەواوی خۆی و ئامادەیی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ یارمەتیدانی ڕاوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕاگەیاند و ئەرك و چالاكییەكانی بە ئەركێكی گرنگ و پیرۆز وەسف كرد. سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا باسی لە پێویستی پاراستنی هەموو پێكهاتەكان كردەوە و ئاماژەی بەوەدا كە مرۆڤ گەورەترین سەرمایەیە و پێویستە ئازاد بێت لە هەڵبژاردنی ئایین و بیروباوەڕی خۆی. وێڕای ئاماژەدان بە تاوان و وەحشیگەرییەكانی داعش باسیشی لەوە كرد كە كوردستان پەناگەی خەڵكی لێقەوماو و ئاوارەیە و یارمەتیدانیان ئەركێكی مرۆڤی و نیشتیمانییە و ئەوەیشی خستەڕوو كە بە هۆی كولتووری دەوڵەمەند و مێژوویی گەلی كوردستان پێكەوەژیان لە كوردستان ئاسانە و دوورە لە كێشە و گرفتی تاییفی. سەرۆك بارزانی باسی لەو قوربانیدانە مەزنە كرد كە پێشمەرگە لە پێناو مرۆڤایەتیی داوە و جەختیشی لەوە كردەوە كە نابێ فەرهەنگی تۆڵەسەندنەوە جێگەی یاسا بگرێتەوە وز گەلی كوردستان بە كردەوە ئەو بنەمایەی سەلماندووە.

هەر لەم دیدارەدا هەردوولا ئەوەیان دووپاتكردەوە كە بۆ بەدواداچوون لەسەر كەیسی تاوانەكان و جینۆساید و مافەكانی مرۆڤ لە پەیوەندی و هەماهەنگی و هاوكاریی بەردەوامدا بن.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی