بەبۆنەی ڕۆژی مامۆستایانی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم مامۆستایانی کوردستان دەکەین کە هەمیشە و لە هەموو سات و قۆناغە جیاجیاکاندا هەڵگری مەشخەڵی زانست و پێشکەوتن بوون و فێرکەر و پەروەردەکەری نەوە بە نەوەی گەلەکەیانن.


مامۆستایانی دڵسۆز و بەڕێزی کوردستان،
دڵسۆزی و ماندوونەناسی و خزمەتی گەورەی ئێوە بە گەل و نیشتیمان، لەپشت ئەو پیرۆزییەوەن کە بە ناو و پیشەکەتان بەخشراوە و هەمیشە پێگەی تایبەت و دیارتان لەنێو کۆمەڵگادا هەیە.
حکومەتی هەرێم بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە دەڕوانێتە خۆڕاگری و لەخۆبوردوویی ئێوەی دڵسۆز لەم دۆخە نەخوازراوەی کە چەندین قەیرانی ئابووری و دارایی دووچاری هەرێمەکەمان بووە و کاریگەریی لەسەر ژیان و گوزەرانی هەمووان کردووە. بەردەوامبوونتان لە خزمەتکردن لە هۆڵەکانی خوێندن و ئامادەبوونتان لەبەردەم تەختە ڕەشی قوتابخانەکاندا، وەک ئامادەبوونی پێشمەرگە قارەمانەکانمان لە بەرەکانی شەرەف و سەرفرازی، لای گەلەکەمان جێگەی ڕێزێکی زۆرە بۆتان کە هەمیشە چاوەڕێی ئەو هەڵوێستە دڵسۆزانەیەتان لێکراوە کە شیاو بە ناو و پیشە پیرۆزەکەی خۆتانە.


حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستەبەرکردنی ماف و خواستەکانی ئێوە و سەرجەم هاووڵاتیانی کوردستان بە ئەرکی سەرەکی خۆی دەزانێ و وێڕای سەختیی بارودۆخەکە، بەردەوام لە خەمی بەجێهێنانی ئەم ئەرک و بەرپرسیارێتییەیە و بەردەوامێش دەبێت لەم پێناوەدا.


دووبارە گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەین و پێزانین و ڕێزی زۆرمان بۆ دڵسۆزی و خەمخۆریتان هەیە لە پێگەیاندن و پەروەردەکردنی نەوەکانمان کە چرا و ئومێدی ئاییندەی ئەم گەل و نیشتیمانەن.


ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان
٦/١٠/٢٠١٥

 

 

 

 

 

بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە سەرەتا گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی خانەوادە و کەسوکاری سەربەزی شەهیدە نەمرەکانمان دەکەین و هەرگیز گیانفیداکاری و قوربانیی ئەو ڕۆڵە قارەمانانەمان لەیادناچێ کە لە سایەی خوێنی گەشی ئەواندا گەلەکەمان بە سەربڵندی و شکۆوە بەرەو ئاییندەیەکی گەش هەنگاو دەنێت.

پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی پێشمەرگە قارەمانەکانمان دەکەین کە لە سەنگەری شەرەف و سەربەرزیدا بەریان بە شاڵاوی دڕندانەی بەرەی تاریکی و تیرۆر گرتووە.

ئەم بۆنەیە پیرۆز دەکەین لەسەرجەم موسوڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان. هیوادارین هاتنی جەژنی قوربانی پیرۆز، کردنەوەی دەروازەی خێر و خۆشی بێت بۆ گەل و خاکەکەمان و دەرگا بە ڕووی برایی و تەبایی و یەکڕیزیی لایەنەکانە سیاسییەکان و سەرجەم پێکهاتەکانمان واڵا بکات.

هەموو ڕۆژێکتان هەر جەژن و شادی بێت و کوردستانیشمان ئازاد و ئاوەدان و پێشکەوتوو.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
23/ ئەیلوول/2015

 

سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیەندراوێكدا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر گوندی زارگەلی لە قەزای ڕواندز ئـیدانە كرد، كە بووە هۆی شەهیدبوونی 8 كەس، كە پێنجیان گوندنشینانی ناوچەكەن. ئەمەش دەقی ڕاگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە:


بەرەبەیانی ئەمڕۆ 1/8/2015 لە ئەنجامی هێرشی فڕۆكەكانی توركیا بۆ سەر گوندی زارگەلی لە قەزای ڕواندزی پارێزگای هەولێر، هەشت كەس شەهید بوون كە پێنج لە وانە هاووڵاتیی هەرێمی كوردستانن و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون.


ئێمە شەهیدكردنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و كردنە ئامانجی گوندەكانی هەرێمی كوردستان ئیدانە دەكەین و داوا لە توركیا دەكەین بە هەموو شێوەیەك خۆی لە بۆمبابارانكردنی گوند و ئاواییەكانی هەرێمی كوردستان بەدوور بگرێت، لە هەمان كاتدا داوا لە پارتی كرێكارانی كوردستانیش دەكەین كە هێزەكانیان و بارەگا و دەزگاكانیان لە گوند و ئاواییەكانی هەرێمی كوردستان دوور بخەنەوە، بۆ ئەوەی چیتر گیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندییەكانیان نەكەونە ناو چوارچێوەی شەڕی ئەوان و توركیا. هەروەها داوا لە هەردوولا دەكەین بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆكردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەكتر و بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە ئامادەی هەموو هاوكارییەكین.


سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
1/8/2015 

سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەكدا بە توندی تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوتیی هەرێمی كوردستان لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستان PKKەوە شەرمەزار دەكات و ئەوە بە هێرشكردنە سەر سەرچاوەی قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستان لێكدەداتەوە. ئەمەش دەقی بەیاننامەكەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە:


هێرشی PKK بۆ سەر سەرچاوەی قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستان شەرمەزار دەكەین ڕۆژی 29/7/2015 ئەو بۆڕییە نەوتەی كە نەوتی هەرێمی كوردستان دەگوازێتەوە لە ناوچەی شرناخ لەناو سنووری توركیادا تەقێندرایەوە، ڕۆژی دواتر هێزی پاراستنی گەل HPG، كە هێزی چەكداری پارتی كرێكارانی كوردستان PKKیە، بە شێوەیەكی فەرمی، بەرپرسیارێتیی خۆی لەو تەقاندنەوەیە ڕاگەیاند.
حكوومەت و خەڵكی كوردستان، بەهۆی نەناردنی بودجە لەلایەن حكوومەتی فیدرالیی عێراق و شەڕی داعشەوە، لە دەستتەنگییەكی گەورەی داراییدا دەژیت و ئەو هێڵە نەوتییە تاكە سەرچاوەی سەرەكیی مووچە و قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، هەروەها هۆكارێكی سەرەكیی خۆڕاگریی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بەرامبەر هەموو گوشارەكان، لە هەمان كاتدا سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی شەڕی بەرەنگاریی پێشمەرگەیە لەگەڵ داعشدا و سەرچاوەی یارمەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ ملیۆنێك و 800 هەزار ئاوارە لە هەرێمی كوردستان.
ئێمە بە توندی ئەو هێرشەی PKK شەرمەزار دەكەین و بە كارێكی نابەرپرسیاریانەی دادەنێین بەرامبەر بە ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و بەرگریی پێشمەرگە و ژیانی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان. ئەو هێرشە هیچ مانەیەكی نییە جگە لە لێدانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان نەبێت. ئەو كردەوەیەی PKK مایەی شەرمەزاركردنە لەلایەن خەڵكی كوردستان و هەموو لایەنەكانەوە. داواش لە PKK دەكەین ئەو دوژمنكاریە بەرامبەر خەڵكی هەرێمی كوردستان دووبارە نەكاتەوە.
ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی ئەو بۆڕییە بەكار بهێنێت كە كۆمانیای نیشتمانیی بەمبازاڕكردنی نەوتی عێراق
(سۆمۆ) بەكاری دەهێنێ، بۆ ئەوەی بتوانێ درێژە بە هەناردەكردنی نەوتەكەی بدات.

سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
31/7/2015 

 

 

 

 

لە دیدارێکدا، کە لە تەلاری ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو، جۆزێف پینینگتۆن، کونسوڵی پێشووی ئەمریکا لە هەرێم، ماتیاس میتمەنی وەکو کونسوڵی نوێی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان بە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناساند.

لە دەستپێکی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم سوپاس و پێزانینی خۆی وحکومەتی هەرێمی بە جۆزێف پینینگتۆن راگەیاند، کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا وەکو کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستاندا کاری کردووە، وهیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکانی داهاتویدا بۆ خواست.

جۆزێف پینینگتۆن دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا هاوپەیمانی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانە و هیوای خواست کونسوڵی نوێی وڵاتەکەی لەسەر هەمان رێچکە کار بکات و برەو بە پەیوەندییەکان بدات لەسەر ئاستەکانی ئابووری و فەرهەنگی و سەرجەم بوارەکانی تر.

لە وتەیەکیشیدا بەڕێز قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، جۆزیف پینینگتۆن لە کاتێکی گرنگدا لە هەرێمی کوردستاندا کاری کرد و توانی لە ماوەی دوو ساڵی کارکردنیدا شوێنی خۆی بکاتەوە بەوەی رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە بەرەوپێشبردن و پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا بەڕێز جیگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتی، ماتیاس میتمەن کەسێکی بە توانایە و پێشتر  لە ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریکا کاری لەسەر دۆسێی عیراق کردووە، هەروەک کونسوڵی وڵاتەکەی بووە لە شاری بەسرا.

لە کاتێکدا لە سایەی خوێنی پیرۆزی شەهیدە نەمرەکانمان و بازووی پێشمەرگە قارەمانەکانماندا، بە ئازادی و سەربەرزییەوە پێشوازی لە جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز دەکەین، گەرمترین پیرۆزبایی لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکانمان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان دەکەین، هه‌روه‌ها پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەین.

هیوادارین هاتنی ئەم جەژنە، ببێتە مایەی ئاشتی و سەقامگیری و برایەتیی زیاتر لە کوردستاندا و سەرکەوتنی ئیرادەی خێر و خزمەتکردنی سەرجەم کوردستانیان و نیشتیمانە ئازیزەکەمان. جه‌ژنه‌كانى داهاتووش، جه‌ژنى سەرکەوتنی یەکجارەکی بەسەر بەرەی تیرۆر و تاریکیدا و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆیان و باڵکێشانی ئاشتی و ئارامی هه‌میشه‌یى بەسەر کوردستان و ناوچەکە و جیهاندا بێت.

جەژنتان پیرۆز و کوردستانیش هەردەم شکۆدار و ئاوەدان و پێشکەوتوو بێت.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان.
16-7-2015

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 29/6/2015 بە سەرۆكایەتی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەست.

 

لە كۆبوونەوەكەدا سەرەتا بەڕێز سەرۆك وەزیران لە وتەیەكدا باسی لە دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و كێشەكانی نێوان هەردوولا كرد و ئاماژەی بەوە دا حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو ئەركانەی جێبەجێ كردووە كە بەپێ یاسای بودجەی فیدرالی ساڵی 2015 لەسەر شانیەتی، بەڵام بەداخەوە هێشا بەغدا بە تەواوی پابەندی یاسای بوجەی فیدرال نەبووە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی وەك لە یاسای بودجەدا هاتووە، نەناردووە لە كاتێكدا ڕۆژ دوای ڕۆژ باری هەرێمی كوردستان بەهۆی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و هاتنی بەردەوامی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێم و نەبوونی بودجەی پێویست بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، قورستر دەبێت.

 

بەڕێزیان ئەوەشی خستەڕوو كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەركردنی ئەو ئاستەنگ و كێشانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە و لەم نێوەندەشدا پشتگیری لەوە دەكات كە كێشەكانی لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی دیالۆگ چارەسەر بكات، بەڵام گەر چارەسەر نەكرا ئەوا حكوومەت سەرپشكە چۆن ئەو كێشانە چارەسەر بكات بەپێی یاسای بەدەستهێنانی شایستە داراییەكانی هەرێم ژمارە 5ی ساڵی 2013 بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان دابین بكات.

 

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی لە دانیشتنی 23ی ئەم مانگەی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كرد كە بووە مایەی دروستكردنی نیگەرانی و ئاڵۆزی لە هەرێمی كوردستان و بنەمای سازان پێشێل كرا كاتێك بێ پرس كردن بە لایەنەكانی دیكە و بەهەند وەرنەگرتنی بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان وەها دانیشتنێك ئەنجامدرا، بەڵام هەوڵەكان بۆ سازان و لەیەكتر تێگەیشتن لەنێوان سەركردە سیاسییەكان و هەموو لایەنەكان بەردەوامە بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو. ئەوەشی دووپات كردەوە كە نابێت بە هیچ شێوەیەك ئەو هەنگاوەی پەرلەمان ڕەنگدانەوەی لەسەر حكوومەت هەبێت كە حكوومەتێكی بنكە فراوانە و لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تا ئێستا بە تەبایی و یەكڕیزی كارەكانی خۆی ئەنجامداوە. هیواشی خواست هەموو لایەنێك وەك كابینەی حكوومەت بە تەبایی و یەكڕیزی كار بكەن.

 

هەر لەمبارەیەوە هەموو وەزیرە بەڕێزەكان بە یەكدەنگی پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەڵوێستی بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەربڕی كە پێویستە بە یەك دەنگ و یەكڕیزی كارەكان بەڕێوە ببرێت و بنەمای سازان پێشێل نەكرێت و نیگەرانیی خۆشیان لەبارەی مامەڵەی پەرلەمان لەگەڵ بابەتێكی وەها هەستیاردا پیشاندا كە بابەتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە.

 

دواتر لە كۆبوونەوەكەدا بابەتی وەرگرتنی قەرز لە بانكە جیهانییەكان لە ژێر ڕۆشنایی یاسای ڕاكێشانی مایە لە ڕێگەی قەرزكردن لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە ژمارە 7ی ساڵی 2015 كە لە ڕۆژی 25ی ئەم مانگە لە ڕۆژنامەی وەقائعی كوردستان بڵاوكراوەتەوە، لەلایەن هەریەك لە بەڕێزان جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرانی دارایی و ئابووری و سامانە سروشتییەكان بۆ ئەنجومەن خرایەڕوو.

 

بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران وردەكاری ئەو پڕۆژەیە و ئەو گفتوگۆیانەی كە لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ چەند ناوەندێكی دارایی نێودەوڵەتی ئەنجامیانداوە، بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی باسكرد و ئاماژەی بەوە دا كە ئەم هەنگاوە نەك تەنیا لە ڕووی داراییەوە دەبێتە هاوكار بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە ڕووی سیاسیشەوە جێگە و پێگەی هەرێمی كوردستان زیاتر بەهێز دەكات و متمانەكردن بە بازاڕی كوردستان دروست دەكات كاتێك كە بۆندی هەرێمی كوردستان بخرێتە بازاڕەوە و لە هەمان كاتدا یەكێكە لە سەرچاوەكانی زیادكردنی داهات و هەرێمی كوردستان سودی لێ دەبینێت و پرۆژە حزمەتگوزارییەكانی پێ دەبوژێنتەوە.

 

كۆبوونەوە پشتگریی لەو پرۆژەیە كرد و بڕیاریدا لیژنەیەكی تایبەت بۆ جێبەجێكردنی یاسای ڕاكێشانی مایە ژمارە 7ی ساڵی 2015 پێكبهێرێت لە چوارچێوەی ئەو یاسایەشدا كاری یاسایی پێویست ئەنجام بدرێت.

 

لە كۆتاییشدا چەند بابەتێكی پەیوەندیدار بە كار و چالاكییەكانی وەزارەتە جیاجیاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خرانە ڕوو و ئەنجومەنی وەزیران بەمەبەستی باشتر بەرێوەبردنی كاروبارەكان بڕیاری پێویستی لەبارەوە دان.

 

 

 

 

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ‌‌‌حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری وتەبێژی حکومەت و سەرپەرشتیاری ئەنجومەنی ئابوری و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی دەستەی وەبەرهێنانی کرد و لە لایەن رێبوار خەلیل سەرۆکی دەستەکەوە پێشوازی لێکرا.

لە دیدارەکەدا جێگری سەرۆکی حکومەت پشتیوانی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستەی وەبەرهێنان دووپاتکردەوەو رایگەیاند، پێویستە پەرلەمانی کوردستان یاسای وەبەرهێنان بە پێی هەلومەرجی ئێستای هەرێم هەموار بکاتەوە.

دووپاتیشیكردەوە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان ئەنجام بدرێت و رێگەچارەی گونجاو بۆ گرفتەکان دەستنیشان بکرێت.

جێگری سەرۆکی ‌‌‌حکومەت بە پیێویستی زانی متمانە بۆ کەرتی وەبەرهێنان بگەڕێندرێتەوە و هاوڵاتیان وەکو پێویست سود لە پرٶژەکانی یەکەی نیشتەجێبوون وەربگرن.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی