ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 19ـی 12ـی 2014 بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بە بۆنەی سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە دەڤەری زووممار و شەنگال و شكاندنی ئابڵۆقەی تیرۆریستانی داعش لەسەر چیای شنگال. هەروەها دەستخۆشیشی لە هێزەكانی پێشمەرگە كرد بۆ ئەو دەستكەوت و سەركەوتنانەی لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعش بەدەستیان هێناوە.

هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ پشتگیری و پشتیوانی حكوومەتی عێراقی بۆ هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستان دووپات كردەوە و جەختی لە هەماهەنگی و پەیوەندیی بەردەوامی هەردوولا كردەوە.

ئەمڕۆ شەممە 20ـی 12ـی 2014 بەڕێز فواد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد. لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆك كۆماری عێراق بە گەرمی پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بە بۆنەی ئەو سەركەوتنە مەزنانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە دەڤەری زووممار و ڕەبیعە و شنگال بەدەستیانهێناوە. هیوایشی خواست لە ئاییندەیەكی نزیكدا تەواوی شوێنەكانی دی لە دەستی تیرۆریستان ڕزگار بكرێن. هەروەها دەستخۆشیشی لە هێزەكانی پێشمەرگە كرد كە قارەمانانە توانیویانە تیرۆریستان تێكبشكێنن و ڕاویان بنێن.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی