ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی 11ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سری ساكیك سەرۆكی شارەوانیی ئاگری كرد.
لە دیدارەكەدا كە فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم ئامادەی بوو سەرۆكی شارەوانیی ئاگری سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و وێڕای ئاماژەدان بە پێشڤەچوونی دۆزی كورد لە باكوور جەختی لەوە كردەوە كە ڕێكاری ئاشتی و كاری سیاسی دۆزی كورد بەهێزتر دەكات. هەروەها سوپاسی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستانی كرد بۆ یارمەتیدانی ڕۆژئاوا و كۆبانێ و ڕایگەیاند كە چوونی پێشمەرگە بۆ یارمەتیدانی خوشك و براكانی لە كۆبانێ هەنگاوێكی مێژوویی بوو و دڵی هەموو كوردێكی لە جیهان شاد كرد. سەرۆكی شارەوانیی ئاگری ڕۆڵی سەرۆك بارزانیی لە یارمەتیدانی دۆزی كورد و پڕۆسەی ئاشتی لە باكوور و هەروەها هەوڵدان بۆ یەكگرتنی لایەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوا بەرز نرخاند. سەرۆكی شارەوانیی ئاگری داوایشی لە سەرۆك بارزانی كرد كە هەموو لایەك هەوڵەكانیان بخەنە گەڕ بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی سەرۆكی شارەوانیی ئاگری كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا لەوەی دۆزی كورد بە ڕێكاری ئاشتییانە لە توركیا بەرەو پێشەوە چووە و ئەوەی خستەڕوو كە لە توركیا هەنگاوی باش بۆ كرانەوە و چارەسەری كێشەی كورد نراوە. سەرۆك بارزانی لەبارەی خەباتی گەلی كورد ئاماژەی بەوەدا كە خەباتی چەكداریی گەلی كورد لەپێناو بەرگریكردن لە مانەوە و پاراستنی ناسنامە بووە. ئێستا كە كورد توانی بە خەبات و كۆڵنەدانی خۆی ناسنامەی خۆی بپارێزێ پێویستە لەڕێی سیاسی و بەهۆی ئاشتییەوە مافەكانی مسۆگەر بكات. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە لە ئاشتیدا دەستكەوتی مەزنتر بەدی دێن و بۆ سەرخستنی ئاشتیش دەبێ هەموو لایەك پشوودرێژ بین و دەبێ هاوكاری ئەو كەسانە بین كە دەرفەت بۆ ئاشتی دروست دەكەن. هەروەها نابێ بیانوو بدەینە دەست شۆڤینی و فاشیستەكان بۆ ئەوەی لە ناوچەكەدا شەڕی نێوان نەتەوەكان هەڵبگیرسێنن. لەگەڵ ئەوەیشدا گەلی كورد تەعەدا لە كەس قبوول ناكات و لە بەرانبەر زوڵم و داگیركاریدا بەرگری لەخۆی دەكات.
سەرۆك بارزانی بەرانبەر بە ئاییندەی گەلی كورد گەشبینیی خۆی نیشاندا و ڕایگەیاند كە ئێستا گەلی كورد لە ئاستی جیهانیدا ناوبانگێكی زۆر باشی هەیە. كورد هەر لە كۆبانێ هەتا خانەقین بە ئیمكانیاتی كەم توانی بەرانبەر تیرۆریستان بوەستێ و تێكیانبشكێنێت. لەبارەی چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ هێمای بەوەدا كە چوونی پێشمەرگە بۆ یارمەتیدانی كۆبانێ هەستی نەتەوەیی كوردانی بەرز كردەوە و یەكگرتوویی كوردی بەهێزتر كرد و ئەوەیشی دووپات كردەوە كە هێزی ئێمە لە یەكگرتووییماندایە و ئەگەر بمانەوێ گەلێكی ئازاد بین دەبێ یەكبگرین.
لەبارەی ڕۆژئاوای كوردستانیش سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ سەرۆكی شارەوانیی ئاگری باس كرد كە جیوگرافیای ڕۆژئاوا و دووربوونی ناوچە كوردییەكان لە یەكتر وا دەخوازێ كە هەموو هێز و لایەنەكان لەگەڵ یەكتر بن. هەر لە سەرەتای قەیرانی سووریا بە كوردانی ڕۆژئاوامان ڕاگەیاند كە بەیەكەوە بن و نەبنە دوو بەرە و هەر بڕیارێك كە ئێوە بیدەن ئێمە پاڵپشتیتان دەكەین. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە لە دوای هێرشی تیرۆریستان بۆ سەر ڕۆژئاوا چۆن پاڵپشتی پێشمەرگە بووین ئەوەهایش هاوكار و پاڵپشتی ڕۆژئاوا بووین.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی جەختی لەسەر پێویستیی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كردەوە.
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد