هەر لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ شاری سلێمانی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەمە2015/5/10 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری سەردانی باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی كرد و لەلایەن پارێزگار و جێگرەكەی و ستافی پارێزگاوە پێشوازی لێكرا.
لە دی‌دا بەڕیز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی لە پارێزگار و جێگرەكەی و ستافی نوێی پارێزگای سلێمانی كرد بەبۆنەی دەست بەكاربوونیان و هیوای خواست كە وەك یەك ستاف و بە تیم كارەكانیان ئەنجام بدەن و هەرچی زۆرتر خزمەت بە خەڵكی شار و پاریزگای سلێمانی بكەن.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە كێشە و گرفتەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی كرا بە تایبەت لە ڕووی ئاو و كارەباوە و ئەنجامدانی پرۆژەی زیاتر بۆ خزمەتی زیاتری هاوڵاتیان.
دواتر لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی كۆبوونەوەی لەگەڵ ستافی پارێزگای سلێمانی كرد و گوتی: "لەگەڵ پارێزگار باسی کێشەکانی سلێمانیمان کرد و بەشێوەیەکی گشتی ئەو کێشانەی کە تا ئێستا ماونەتەوە و هەروەها باسی ئەو پرۆژانەمان کرد کە ئێستا پێویستیان بەوە هەیە پارەیان بۆ خەرج بکرێت و سلفەیان پێبدرێت. من و وەزیری دارایی پشتیوانی خۆمان بۆ پارێزگار دەربڕیوە لەبەرامبەر ئەوکارانەی کە تا ئێستا کردویەتی و هەروەها دەستخۆشی لە پارێزگاری سلێمانی دەکەم کە لەوەتەی دەست بەکاربووە بە تیم لەگەڵ ستافەکەی کاردەکات و هیوادارم ئەو رۆحیەتی کارکردنە لەنێوانیاندا بمێنێ و هەموومان بتوانین بە تیم کاربکەین بۆئەوەی زیاتر خزمەتی ئەو وڵاتە بکەین".
لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ شاری سلێمانی، ڕۆژی یەكشەممە 2015/5/10 بەڕیز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی سەرۆك جەلال تاڵەبانی كرد.
له دیدارێكدا بەڕێز سەرۆك وەزیران وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاریی بۆ ئەو پێشوازییه گه‌رمه‌ی سەرۆك مام جه‌لال، هەروەها خۆشحاڵیی خۆی بە دیداری به‌ڕێزیان پیشاندا به تایبه‌تی كه ته‌ندروستییان زۆر باشتره و رۆژ به‌رۆژ به‌ره‌وپێش ده‌چێت.
له به‌شێكی دیكەی دیداره‌كه‌دا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ خستنه‌ڕووی یاده‌وه‌رییه‌كانی پێكه‌وه كاركردنیان، هەروەها گرنگی رۆڵی سەرۆك مام جه‌لالی دووپاتكرده‌وه له‌قۆناغه جیاجیاكاندا كه له هه‌موو ئاسته‌كاندا بەڕێزیان جێ ده‌ستیان دیاره، له‌و باره‌یه‌شه‌وه تێڕوانین و بۆچونه‌كانی و مامه‌ڵه‌كردنی له به‌رامبه‌ر پێشهات و ڕووداوه‌كان، به‌رز نرخاند.
ڕونیشی كرده‌وه كە هه‌میشه هه‌ڵوێسته‌كانی سەرۆك مام جه‌لال له‌یاد و بیره‌وه‌ریاندا ده‌مێننه‌وه و هه‌رگیز له یاد ناچن كە له هه‌موو بۆنه و وێستگه‌یه‌كدا به‌ڕێزیان ئاماده‌ییان هه‌یه.
سەرۆك مام جه‌لالیش دڵخۆشی خۆی نیشاندا بۆ سه‌ردانه‌كه‌ی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و دوای دیدارەكەش سەرۆك مام جەلال به‌گه‌رمی به‌ڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی به‌ڕێخست.
بە چاودێری وئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمرۆ لە تەلاری پارێزگای سلێمانی مەراسیمی دەستبەكاربوونی پارێزگاری نوێ بەڕێوەچوو.
لەوتەیەكدا قوباد تاڵەبانی، دەستخۆشی خۆی و حكومەتی هەرێمی كوردستانی لە بەهرۆز حەمە ساڵح كرد كە لە ماوەی پێنج ساڵی كاركردنی وەك پارێزگاری سلێمانی جێدەستی لە خزمەت كردنی پارێزگای سلێمانی دیار بووە و وەك پارێزگارێكی سەركەوتووی وەسف كرد.
جێگری سەرۆكی حكومەت پیرۆزبایی خۆی و حكومەتی هەرێمی كوردستانی لە پارێزگاری نوێی سلێمانی كردوو رایگەیاند: ئێمە متمانەی تەواومان بە پارێزگاری نوێی سلێمانی د.ئاسۆ فەرەیدون هەیە و دڵنیاین لە كارەكانی سەركەوتوو دەبێت و هیوادارین هەمیشە بە بێ جیاوازی خزمەت بەخەڵكی پارێزگاكە بكات و لەئاست متمانەی هەموواندا بێت.
پاشان قوباد تاڵەبانی سوپاسی خەڵكی پارێزگای سلێمانی كرد كە ماوەیەك لە چاوەروانی دەست بەكاربوونی پارێزگاری نوێ‌دا بوون.
مەنسوور جیهانی ـ کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" دوو خەڵاتی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی "تکسی کاتا‌لۆنیا" لە وڵاتی ئیسپانیا و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی "مافی مرۆڤ" لە سلێمانی بەدەستهێنا.
کورتە فیلمی چیرۆکی "ماڵ و کلیل" Home And Key لە نووسین و دەرهێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" و بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای سلێمانی کە لە لایەن کۆمپانیای "ئای لۆف فیلم" لە باشووری کوردستان و وڵاتی بەریتانیا لە ئاستی دنیادا بڵاودەبێتەوە، لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا ڕۆژی 8 کانوونی یەکەم / دیسەمبەری 2014 لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی "تکسی کاتا‌لۆنیا" Txicatalunya لە وڵاتی ئیسپانیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلمی پێبەخشرا.
ئەم خولەی فیستیڤاڵی کورتە فیلمی "تکسی کاتا‌لۆنیا" بە تەرکیز لەسەر "شووناس و زاکیرە لە کورتە فیلم‌دا" و بە نمایشی بەرهەمی وڵاتانی جۆراوجۆر لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە شاری بەرشەلۆنە لە وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوەچوو.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە سەبارەت بە کورتە فیلمی کوردی "ماڵ و کلیل" لەو بڕوایەدابوون کە ئەم فیلمە زۆر بە سادەیی و بە شێوەیەکی شاعیرانە توانی سەد ساڵی ڕابردووی کورد و هەموو ئەو تراژیدیانەی کە بەسەریاندا هاتووە بە باشی نیشانی ئێمە بدات.
ئەم کورتە فیلمە 15 خولەکییە هەروەها بە ئامادەبوونی "شوان عەتووف" ڕۆژی 10 کانوونی یەکەمەم / دیسەمبەری 2014 لە یەکەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی "مافی مرۆڤ" لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان نمایشکرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلم لە ڕوانینی بینەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە بەدەستبێنێت.
ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی 48 فیلم لە 13 وڵاتی جیهان، لە لایەن ڕێکخراوەی گەشەپێدانی مافی مرۆڤ و بە هاوکاریی ماڵی سینەما و چەندین کۆمپانیای کەرتی تایبەت بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤەوە لە ڕۆژانی 4 تا 10ی کانوونی یەکەم / دیسەمبەری 2014 لە هۆڵی مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە کە ڕەمزی داپڵۆسنی سەردەمی بەعسییەکان بوو، لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا ڕۆژی 21 تەشرینی دووەم / نۆڤەمبەری 2014 لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی چواردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی "ئۆ کورت" O Curt لە شاری ناپۆلی لە ئیتاڵیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی تایبەتی پێبەخشرا.
ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی بەرهەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی 19 تا 22ی تەشرینی دووەم / نۆڤەمبەری 2014 لە شاری ناپۆلی لە وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.
لە رێورەسمێکدا، گوندی کارگۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە 8ـی نۆڤەمبەری رابردوو کرایەوە لە هەمان کاتی دانانی بەردی بناغەی تێرمیناڵی نوێی فڕۆکەخانەی سلێمانی، بەئادەبوونی جێگری سەرۆکی حکومەت، قوباد تالەبانی وژمارەیەک لەوەزیرەکانی حکومەتی هەرێم و پارێزگاری سلێمانی و پەرلەمانتاران و بەرپرسانی حکومی وژمارەیەک لەبازرگانانی کەرتی تایبەت.
لەمیانەی وتارێکیدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە کردنەوەی گوندی کارگۆ لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، هەنگاوێکی دیکەی بەستنی کوردستانە بەجیهان بەوپێیەی فڕۆکەخانە ستونێکی گەشەپێدانی ئابووری وڵاتەو دەرفەتێکە بۆ بازرگانان و وەبەرهێنان کە لەنێوان هەرێم و وڵاتانی دەرەوە بازرگانی بکەن، چەندیش کاری بازرگانی زیاتر بێت ئەوەندەش کەرتی گەشتوگوزار زیاتر دەبێت.
دووپاتیشیکردەوە کە نابێ رۆتین ببێتە رێگر لەبەردەم زیادبوونی خزمەتگوزاریەکانداو دەبێت حکومەتی هەرێم بەڕێنماییەکاندا بچێتەوەو رۆتیناتەکانی بەردەم ئەو بوارە کەمبکاتەوە.
جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا "فڕۆکەخانە کاریگەری گەورەی هەیە بۆ پەیوەندی کلتوری نێوان هەرێم و وڵاتانی جیهان، هەروەها لەڕووی سیاسیشەوە دەبێتە هۆی زیاتر بوونی پەیوەندیە دیپلۆماسیەکان لەگەڵ وڵاتان". هەروەها ئاماژەی بەوەشدا "پێشتر کە فڕۆکەخانەمان نەبوو لەسنورەکانی ئیبراهیم خەلیل و باشماخ هاوڵاتیان توشی ناڕەحەتی دەبوون، بەڵام ئەمڕۆ لەفڕۆکەخانەکانی کوردستانەوە راستەوخۆ دەچین بۆ وڵاتان".
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رونیشکردەوە کە فڕۆکەخانەکان بۆ هەرێمی کوردستان گرنگ بوون، بەتایبەتی لەڕووی سەربازییەوە "کە بونە هاوکارێک بۆ هێنانی چەک ویارمەتی سەربازی بۆیان لەشەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان‌دا. وتیشی هەرێمی کوردستان بەبوونی فڕۆکەخانە دەتوانێت لەو گەمارۆیانەی لەلایەن نەیارەکانیەوە دەخرێنەسەری رزگاری ببێت.
شیاوى باسە گوندی کارگۆی بازرگانی لەسەر روبەری 250 هەزار مەتر دووجا لەناو فڕۆکەخانەی سلێمانیدا، کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی خایاند، دروستکراوە، گەنجینەیەکی تێدایە کە روبەرەکەی سێ هەزار مەتر دووجایەو چەندین نوسینگەی تێدایە بۆ بازرگاکان، هەوەرها تێرمیناڵێکیشی تێدایە کە سێ فڕۆکەی بارهەڵگر دەتوانن تێیدا بوەستن.
هه‌ولێر : معد فیاز
هه‌ر كه‌سێك كه زیاره‌تی هه‌ولێری پایته‌ختی كوردستانی عێراق و پارێزگاكانی دهۆك و سلێمانی ده‌كات تووشی شۆك ده‌بێت ، چۆن ژیان به‌ڕێوه ده‌چێت به شێوه‌یه‌كی ئارام و پارێزراو سه‌ره‌ڕای هه‌ره‌شه‌كانی نزیكی داعش بۆ سه‌ر ئاسایشی هه‌رێم.
له‌گه‌ل بوونی زیاتر له یه‌ك ملیۆن و نیو ئاواره كه زۆربه‌یان عه‌ره‌بن ، و خه‌رابی بارودۆخی ئابووری به‌هۆی سزادانی حكومه‌تی سه‌رۆك وه‌زیرانی ماوه ته‌واو بوو و بڕینی بودجه‌كه‌یان و بێبه‌ش كردنی فه‌رمانبه‌ران له مووچه‌كانیان ، باروودۆخ به ئاسایی ده‌بینرێ ، و سه‌ركردایه‌تی كورد كه پێكدێت له سه‌رۆكی هه‌رێم مسعود بارزانی ، و سه‌رۆكی حكومه‌ت نێچیرڤان بارزانی ، و به‌رپرسانی ئه‌منی و حكومی زیاتر له دوو كاتژمێر ناخه‌ون به‌هۆی كۆبوونه‌وه‌كان و سه‌رپه‌رشتیكردنی به‌ره‌كانی شه‌ڕ ، هه‌روه‌كو دكتور فۆئاد حسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌ی دووپات كردوه.
حسێن له ووته‌كانی بۆ شه‌رقولئه‌وسه‌ت دوێنی له نووسینگه‌ی خۆی له هه‌ولێر زۆر له نهێنیه‌كانی ئاشكرا كرد ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه به‌دی هاتووه له پێشكه‌وتنه‌كانی مه‌یدانی و سیاسی ، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه هه‌ره‌شه‌كانی رێكخراوی داعش له‌سه‌ر ئاسایشی هه‌رێم تا ئه‌م كاته به‌رده‌وامه ، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا به‌رگری هه‌یه ، سه‌ره‌ڕای ئه‌و پاشه‌كشه‌كانی كه روویدا له ئه‌نجامی گرفتی رێكخستن ، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه رێكخرانه‌وه و ئێستا موباده‌ره‌كه له ده‌ستی هێزه‌كانی هه‌رێمدایه به‌ڵام هێزه‌كانی داعشی ئێرهابی له پاشه‌كشه‌دان .
و روونیكرده‌وه ((سنووری به‌رگریمان له‌گه‌ڵ داعش به درێژایی نزیكه‌ی 1500 كیلۆمه‌تره له ده‌وروبه‌ری موسڵ تا باشووری خانه‌قین ، و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌كان ئه‌مرۆ له ده‌وروبه‌ری موسڵ دان له‌دوای ئازادكردن و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی به‌نداوی موسڵ ، و هه‌روه‌ها پێكدادان له ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك و جه‌له‌ولادا هه‌یه)) هه‌روه‌ها ووتی ((داعش هه‌ولی دا بگاته ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر و له شه‌وی حه‌وته‌می ئه‌م مانگه گه‌یشته نزیك پایته‌ختی هه‌رێم به‌لام له‌دوای دوو رۆژ رووخا و پاشه‌كشه‌ی كرد .
حسێن ئه‌وه‌ی روونكرده‌وه و ووتی ((هاوسه‌نگی هێزه سه‌ربازیه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندی داعش دابوو له‌دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ر چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی شه‌ش فیرقه‌ی سوپا و پۆلیسی عێراقیدا گرت كاتێك ده‌ستی به‌سه‌ر موسڵدا گرت ، كه باسی چه‌كی شه‌ش فیرقه ده‌كه‌ین له سوپای عێراقی مانای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی هه‌زار ئۆتۆمبێلی درع و هه‌زاران تۆپی مه‌ودای جیاوازه، هه‌روه‌ها كۆگاكانی گه‌وره‌ی چه‌كی قورس و سووك و عیتاد له موسڵ و ده‌وروبه‌ری سه‌لاحه‌ددین له ده‌ستیدایه .
له‌دوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئه‌و چه‌كانه هێزه‌كانی داعش ده‌ستیان كرد به هێرشێكی رێكخراو بۆ سه‌ر باره‌گاكانی هندێك له فیرقه‌كان و لیوا و سه‌ربازگه‌كانی سوپای سوری له‌ناو خاكی سوریا و ده‌ستی به‌سه‌ر چه‌كی پێشكه‌وتوودا گرت له نێویدا سارۆخی مه‌ودای ناوه‌ند . به‌مانای ئه‌وه‌ی داعش توانی چه‌كی پێشكه‌وتووتر و نوێتر و به‌هێزتر له سوپای عێراق و سوریا به‌ده‌ست بهێنێ . و له به‌رامبه‌ردا چه‌كی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ساده بوو و زۆربه‌یان سووك و بۆ به‌رگریكردن بوون ، و ئه‌وه‌شی خسته روو كه له‌دوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی موسڵ و ناوچه‌كانی فراوانی تر له‌لایه‌ن داعش ، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه دابه‌شكران له شنگار تا خانه‌قین به مانانی ئه‌وه‌ی ئێمه باسی رووبه‌ری زۆر فراوان ده‌كه‌ین كه ئه‌وه‌ش بووه هۆی دروستبوونی گرفت له هاوسه‌نگی هێزه‌كان له كاتیكَدا كه هێزه‌كانی داعش ده‌جولێته‌وه و خاوه‌نی چه‌كی هێرشی پێشكه‌وتووه به‌ڵام هێزه‌كانی ئێمه جێگیرن و خاوه‌نی چه‌كی به‌رگری سووكن .
سه‌رۆكی دیوان ئه‌وه‌شی خسته‌روو و ووتی (( زیادتر له هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر بوو له‌لایه‌ن داعش پێش كه‌وتنی قه‌زای شنگار پێش دوو هه‌فته و ئه‌وه‌ش باروودۆخێكی تایبه‌تی دروست كرد له به‌رژه‌وه‌ندی هێزه تیرۆریستیه‌كان به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی خه‌لكی ته‌له‌عفه‌ر و به تایبه‌ت شیعه‌ی توركمان له شاره‌كه‌یان ئاواره بوون به‌ره‌و شنگار كه شارێكی هه‌ژاره و نزیكه‌ی سه‌د كیلۆمه‌تر له هه‌رێم دووره و له ده‌روبه‌ری رێگای شنگار به‌نزیكه‌ی 70 كیلۆمه‌تر عه‌شیره‌ته عه‌ره‌بیه‌كانی سووننه بڵاو بوونه‌ته‌وه .و گه‌یشتن به شنگار پێویستی به رێگایه ، و ئه‌گه‌ر ئه‌و رێگایه له‌ده‌ستی هاوپه‌یمان و دۆستان بێت بۆمان ئاسانه كه بگه‌ینه شنگار و هاوكاری خه‌لكه‌كه‌ی بكه‌ین .به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌م عه‌شیره‌تانه لێمان هه‌لگه‌رانه‌وه و بوونه پشتیوانی داعش و ئه‌و رێگایه بووه دوژمنمان . و ئه‌وه‌ش گرفتێگی گه‌وره‌بوو بۆ رێكخستنه‌كانی پێشمه‌رگه له شنگار و ئیداره‌ی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له‌وێ بۆیه هێزه‌كانی داعش توانیان ده‌ستبه‌سه‌ر شنگاردا بگرن به پشتیوانی عه‌شیره‌ته‌كانی عه‌ره‌بی سوننه، و ئه‌وه‌ش بووه هۆی كه‌وتنی ناوچه‌كانی تری ده‌وروبه‌ری شنگار له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌لكه‌كه گوێی لێ‌بوو له تاوانه‌كان و كاره قێزه‌ونه‌كانی داعش له‌سه‌ر دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ی كه ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتبوو .
حسێن ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه (( داعش به دو شێواز له یه‌ك كاتدا شه‌ڕی ده‌كرد ، هێرشی چه‌كداری و راگه‌یاندنی تۆقێنه‌ر كه ده‌ری ده‌كرد كه توانی 60 له‌سه‌دی سه‌ركه‌وتنه‌كانی داعش به‌ده‌ست بهێنی و جۆرێك له شێوازی تۆقاندنی دروست كرد له نێوان منداڵ و ژنان ، كه ئه‌وان شه‌ڕی سوپا ناكه‌ن به‌لكو سه‌ره‌تا شه‌ری دانیشتوان ده‌كه‌ن ، كۆی ئه‌و هۆكارانه جۆرێك له هه‌ره‌سهێنانی دروست كرد لێره وله‌وی ، به‌ڵام له‌دوای چه‌ند رۆژ هێزه ئاسمانیه‌كانی ئه‌مریكا هاتنه مه‌یدان)) . حسێن ووتی ( ئێمه له رۆژه‌كانی یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی ئه‌مریكا بووین و ئاگادارمان كرده‌وه له‌سه‌ر رێڕه‌وی پرۆسه‌كان و قولی مه‌ترسیه‌كان و گرنگی ده‌ستێوه‌ردانیان بۆ گۆرینی هاوسه‌نگی هێزه‌كان)
حسێن به‌رپرسیاره‌تی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی عێراقی له موسڵ و رێگه‌دان به ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی له‌لایه‌ن داعش ده‌خاته ئه‌ستۆی نوری مالكی به‌و پێیه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان بووه (له‌و كاته‌دا) . و ئاماژه‌ی دا به‌وه‌ی (سه‌رۆكی هه‌رێم مسعود بارزانی پێش چه‌ند مانگێك په‌یوه‌ندی به مالكی كرد و ئاگاداری كرده‌وه له‌وه‌ی داعش به هێزه‌وه له ناو موسڵه و داوای هه‌ماهه‌نگی كرد بۆ له‌ناوبردنی داعش ئه‌و كاته ، و مالكی له‌وه‌لامدا ووتی ( ئێوه كاروباره‌كانی خۆتان له هه‌رێم به‌ڕێوه ببه‌ن و ئێمه ناوچه‌كانی تر به‌ڕێوه ده‌به‌ین) و ئه‌نجامدانی هه‌مانه‌نگی ره‌تكرده‌وه . و ئه‌وه‌شی خسته روو كه (مالكی كه كورده‌كان هاوكاریان كرد بۆ جێگیربوون له پۆسته‌كه‌ی بۆ خزمه‌تكردنی پرۆسه‌ی سیاسی هیچ رۆژێك متمانه‌ی به ئێمه نه‌كرد ، مالكی گۆڕا بۆ دوژمنی مالكی و له‌جیاتی ئه‌وه‌ی دوژمنه‌كان بكاته بێلایه‌ن و بێلایه‌نه‌كان بخاته خانه‌ی دۆسته‌كان ، دۆسته‌كان و بێلایه‌نه‌كانی گواستنه‌وه بۆ خانه‌ی دوژمنه‌كان .
حسێن ده‌لێ (( ده‌بێ شته‌كان له مێژوودا جێگیر بكرێت ، پێش ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی داعش به چه‌ند رۆژێكی كه‌م سه‌رۆك بارزانی له ده‌ره‌وه‌ی عێراق بوو ، و له‌سه‌ر راسپارده‌ی به‌ڕێزیان و برای به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ، په‌یوه‌ندیم كرد به به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی مالكی تاریق نجم ، پێش چه‌ند رۆژێك له كه‌وتنی موسڵ ، ئه‌و دۆستی مالكییه و ده‌زانم كه به ئاسانی ده‌توانی بیگاتێ ، پێم ووت پێشنیار ده‌كه‌م كه خۆی و به‌رپرسانی سه‌ربازی و ئه‌منی بێنه هه‌ولێر بۆ كۆبوونه‌وه بۆ گۆرینه‌وه‌ی زانیاری و بڕیاردانێكی به په‌له له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌كان زۆر به‌ره‌و سه‌ختی ده‌چێت و ره‌نگه ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی موسڵ له‌لایه‌ن داعش ببێته راستی ، و ئه‌و ، كه دۆستی منه ، له نێوان جیددیه‌ت و گالته‌دا پێی ووتم، سوێند ده‌خۆم كه ئه‌گه‌ر ئێوه بچنه ناو موسڵ له‌پاش ئاسایی بوونه‌وه‌ی باروودۆخه‌كه لێی ناكشێنه‌وه . من ده‌زانم ئه‌وه بیرۆكه‌ی مالكی یه له كۆبوونه‌وه‌كانی پێشتر ووتی ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بچنه ناو موسڵ لێی ناكشێنه‌وه ، پێم ووت من په‌یوه‌ندیم پێت كردووه بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران له مه‌ترسی بارودۆخه‌كه ، ئێمه زانیاریمان هه‌یه و پێویستیمان به هه‌ول و كۆششی ئێوه‌یه و به‌بێ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سوپای عێراقی ناتوانین بچینه ناو موسڵ و ئه‌گه‌ر فه‌رمانده‌كانی سه‌ربازی له موسڵ ئاگادار نه‌كرێته‌وه له پێویستی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه ئه‌وا باروودۆخه‌كه ده‌بێته هۆی ئالۆزی ئه‌منی و هه‌ماهه‌نگی ناكرێت.
له كاتژمێر دووی سه‌رله‌به‌یانی رۆژی دواتر ، یانی له‌دوای چه‌ند كاتژمێر له داگیركردنی موسڵ ، تاریق نه‌جم په‌یوه‌ندی پێوه كردم و یه‌كه‌م قسه‌م بۆی ئه‌وه بوو كه سویند ده‌خۆم كه موسڵ له‌لایه‌ن داعش داگیر كراوه؟ چی ماوه ؟ بارودۆخ به ته‌واوی تێكچوو .
و روونیكرده‌وه كه (فه‌رمانده‌یی سه‌ربازی عێراقی له موسڵ به ده‌ستی عه‌لی غێدان و و عبود قه‌نبه‌ر بوو ، و له رۆژی دووه‌م ئێمه ژووری ئۆپه‌راسیۆنمان دروست كرد و كۆبوونه‌وه‌ی فه‌رمانده‌كانی ئه‌منی كوردی و سه‌رۆك وه‌زیران و جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌بوو ، جبار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنی بۆ هات له غێدانه‌وه كه ئه‌و به ئۆتۆمبێله‌كه‌ی به‌ره‌و هه‌ولێر دێت و ده‌یه‌وێ رێگاكه‌ی پێشان بدات و له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه پێشوازی بكرێت ، و یاور رێگاكه‌ی پێشاندا و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵدا كرد تا گه‌شتنی بۆ لای هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و وه‌كو فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی به رێزه‌وه هه‌لسوكه‌وتی له‌گه‌ڵدا كرا و له رۆژی دواتر به فرۆكه ناردمانه‌وه بۆ به‌غدا . له هه‌مان كاتدا پێشمه‌رگه پێشوازی كرد له هه‌زاران سه‌ربازی عێراقی كه سوپای عێراقی ناردبوویان بۆ شه‌ڕی داعش به‌لام هه‌لاتن و سوپای عێراقی دارووخا ، و پێشمه‌رگه و كورده‌كان هاوكاریان كرد بۆ گه‌رانه‌وه‌یان بۆ ماله‌كانیان به سه‌لامه‌تی.
له‌و نهێنیانه‌ی كه حسێن ئاشكرای كرد ئه‌وه بوو كه (له رۆژی ده‌ی ته‌موز حامد الموسوی ، به‌رێوه‌به‌ری جێبه‌جێكار له نووسینگه‌ی مالكی ، په‌یوه‌ندی پێوه كردم ، و ئه‌وه یه‌كه‌مجار بوو كه پێكه‌وه قسه بكه‌ین به ته‌له‌فۆن ، ووتی من به‌ناوی سه‌رۆك وه‌زیران (مالكی) قسه له‌گه‌لتدا ده‌كه‌م و داواتان لێ ده‌كه‌ین هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بنێرنه ناو كه‌ركوك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داعش ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرێ ، و منیش ووتم باشه ده‌چین بۆ رزگاركردنی كه‌ركوك ، كه‌واته هێزه‌كانمان له‌سه‌ر داوای مالكی چوونه ناو كه‌ركوك .
و ئه‌گه‌ر داعش ده‌ستی به‌سه‌ر كه‌ركودا گرتبا كاره‌ساتێكی گه‌وره روویده‌دا بۆ خه‌لكی عه‌ره‌ب و كورد و توركمان ، و ده‌ستیان ده‌گرت به‌سه‌ر سه‌رچاوی نه‌وت و بۆڕیه‌كانی ناردن كه رۆژانه به‌م بۆڕیانه‌دا نیو ملیۆن به‌رمیل ره‌وانه‌ی توركیا و 300 هه‌زار به‌رمیل رۆژانه ره‌وانه‌ی بێجی ده‌كرێت ، و ئه‌وه ئامانجه‌كه‌یان بوو ، ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كه‌ركوك و پالاوگه‌ی بیجی بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رچاوی نه‌وت و پالاوگه به‌ده‌ستیانه‌وه بێت ، و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كه‌ركوكیان پاراست .
حسێن ئاماژه‌ی به‌وه دا كه (ئه‌مرۆ لای ئێمه زیاتر له یه‌ك ملیۆن عه‌ره‌ب هه‌یه له ناوچه سوننه‌كانه‌وه و ئێستاش مه‌سیحییه‌كان كه له موسڵ و ده‌شتی نه‌ینه‌وا هه‌لاتوون و ئێزدییه‌كانیش زیاد بوونه ، ئێستا له هه‌رێم زیاتر له یه‌ك ملیۆن و نیو ئاواره هه‌یه له‌گه‌ل په‌نابه‌ره سورییه‌كان كه ژماره‌یان ده‌گاته چوارێه‌كی ملیۆن په‌نابه‌ر)) . سوپاسگوزارین بۆ پشتگیری نێوده‌وله‌تی مرۆیی ، پردێكی ئاسمانی دروست كراوه له‌نێوان وولاتانی ئه‌وروپی و هه‌ولێر بۆ گه‌یاندنی هاوكاری سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌غدا له‌مپه‌ر دروست ده‌كات له گه‌یشتنی فرۆكه‌كانی هاوكاری سه‌ربازی بۆ لای ئێمه به‌هۆی ئه‌وه‌ی بواری ئاسمانی (فرۆكه‌وانی مه‌ده‌نی) به ده‌ستی ئه‌وانه .حكومه‌تی عێراقی باسی سه‌روه‌ری ده‌كات له‌كاتێكدا كه هیچی تێیدا نه‌ماوه نه سنوور و نه سه‌روه‌ری له‌دوای ئه‌وه‌ی داعش گه‌نده‌لی و كوشتنی دارشتووه له ناوچه‌كانی فراوانی عێراق ، ئێمه باوه‌رمان به‌وه هه‌یه كه پاراستنی سه‌روه‌ری دروشم نیه به‌لكو سه‌روه‌ری پاراستنی گیانی خه‌لك و ئاسایشه‌كه‌یانه و ئازادكردنی ناوچه‌كانی وولاته له‌ژێر ده‌ستی داعش ،.
و له‌باره‌ی به‌شداری كورد له حكومه‌تی داهاتوو ، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ووتی (( برایان له به‌غدا پێویسته له ده‌رسه‌كانی حكومه‌تی پێشتر فیر بن بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و به‌شداریكردنی خه‌لكی تر به هێزه‌وه ، پێویسته له به‌رپرسیاره‌تییه‌كه‌یان تێبگه‌ن و بگه‌نه ئه‌و باوه‌ره‌ی كه واقێعی عێراق ته‌واو گۆڕاوه و فیئه‌یه‌ك یان مه‌زهه‌بێك یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك ناتوانێ حوكمی هه‌موو عێراق بكات ، سوننه و كورد و شیعه و مه‌سیحی و توركمان هه‌یه ، ئێمه به‌شێك ده‌بین له پرۆسه‌ی سیاسی و حكومه‌تی داهاتوو و شاندی دانوساندن به سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێز هۆشیار زێباری كۆبوونه‌كانی له به‌غدا ده‌ست پێكردووه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، ئێمه گه‌شبینین به ئیراده‌ی خۆمان و به‌وه‌ی به‌شێك ده‌بین له چاره‌سه‌ر وه‌كو هه‌میشه و به‌شیك نین له كێشه .
حسێن زۆر دلگران بوو و ووتی (عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌كان له ناوچه‌كانمان و ده‌روبه‌رمان سه‌ره‌رای ئه‌و هه‌مووه‌ی پێشكه‌شمان كرد پشتگیری داعشیان كرد بۆ كوشتنمان و دزینی ژنه‌كانمان و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه مروڤایه‌تیمان له‌بیر ناكه‌ین و دژایه‌تی عه‌ره‌ب ناكه‌ین و رق و كینه‌مان له به‌رانبه‌ریان نیه و ئایدۆلۆجی دژایه‌تی عه‌ره‌ب دروست ناكه‌ین . به‌لكو به‌رده‌وام ده‌بین له ئایدۆلۆجیای خۆمان له‌سه‌ر بنه‌مای لێبورده‌یی و خۆشه‌ویستی .
به‌لی ئێمه بریندارین له عه‌ره‌ب ، ئێمه به‌رگریمان كردووه له هه‌موو عێراق و ئۆردن و كوه‌یت و سعودیه به‌وه‌ی شه‌ری داعشمان كردووه به ته‌نیا و به پشتگیری ئه‌مریكا و سه‌رقالمان كردوون له هێرش و فراوانبوونیان به‌ره‌و وولاتانی دراوسێ ، و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ وولاتێكی عه‌ره‌بی پشتگیری نه‌كردوین ، جگه له مه‌مله‌كه‌تی ئۆردنی هاشمی كه هاوكاری مرۆیی ناردووه و لوبنان كه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ناردووه ، هیچ شتێكیان نه‌ووتووه ، هیچ هه‌لوێستێك ده‌رنه‌چووه ته‌نانه‌ت ئیدانه كردنی تاوانه‌كانی داعش و به‌وه‌ی كه داعش نوێنه‌رایه‌تی ئیسلام و عه‌ره‌ب ناكات ، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا كه له رووی جوگرافیا و كۆمه‌لایه‌تی و مێژوویی لێمان دوورن ئه‌وان ده‌ستیان كرده‌وه بۆهاوكاری مرۆیی و سه‌ربازیمان .
ئەمرۆ جێگری پارێزگاری مازندەرانی كۆماری ئیسلامی ئێران و وەفدێك لە نوێنەرانی كەرتی تایبەت و بەرێوەبەرە حكومییەكانی ئەو پارێزگایەو و ژمارەیەك لە نوێنەرانی شارە كوردییەكانی ئیلام و مەریوان لە پەرلەمانی ئێران و سەركونسۆڵی نوێی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی، سەردانی دیوانی پارێزگای سلێمانیان كردوو لەلایەن بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانییەوە پێشوازیان لێ كرا.
لە دیدارێكدا كە ژمارەیەك لە بەرێوەبەرە ئیدارییەكانی پارێزگای سلێمانی و ژووری بازرگانی سلێمانی ئامادەی بوون، گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان پارێزگای سلێمانی و پارێزگای مەزندەران و ئیلام تاوتوێ كرا.
لە دیدارەكە پارێزگاری سلێمانی و جێگری پارێزگاری مازندەران هەر یەكەو كورتەیەكیان لەبارەی توانا و ئیمكانیەت و پێشكەوتنەكانی پارێزگاكانیان خستەروو .
هەروەك تیشكی خسەسەر تایبەتمەندییەكانی پارێزگای مازندەران و رایگەیاند مازندەران لەرووی گەشتیارییەوە یەكێكە لە پارێزگا پێشەنگەكانی ئێران و ساڵانە 20 ملیون كەس سەردانی ئەو پارێزگایە دەكەن.
جێگری پارێزگاری مازندەران، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد "دەیانەوێت پەیوەندیی و هەماهەنگییەكانیان لە بواری بازرگانی و گەشتیاری و ئاڵوگۆڕی ئەزمووندا" لەگەڵ پارێزگای سلێمانی گەشەپێ بدەن.
وتیشی: دەمانەوێت ناوەندێكی بازرگانی بەهێز لە شاری سلێمانی بكەینەوە. هەروەك رایگەیاند "هەلومەرج بۆ وەبەرهێنانی هاوبەش لەنێوان هەردوو پارێزگاكەدا لەبارە"
لەبەرامبەردا پارێزگاری سلێمانی وێرای بەخێرهاتنی وەفدەكە، تیشكی خستەسەر گەشەكردنەكانی پارێزگای سلێمانی و پەیوەندییە مێژووییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران.
پارێزگار رایگەیاند لە بواری گەشتیاری و پیشەسازیدا سلێمانی گەشەكردنێكی باشی بە خۆیەوە دیووەو تەئكیدی كردوە" سلێمانی و مازندەران دەتوانن لەبواری گەشتیاریدا هەماهەنگی و هاوكاری بكەن.
پارێزگار لەبارەی دەرفەتەكانی وەبەرهێنان لەبواری پیشەسازیدا لەسلێمانی روونكردنەوەی دا‌و رایگەیاند وەبەرهێنەرە ئێرانییەكان دەتوانن بێنە پارێزگای سلێمانی بۆ كاری وەبەرهێنان و بەپێی یاسای وەبەرهێنانیش هەموو كار ئاسانییەكیان بۆ دەكرێت.
پارێزگار راشیگەیاند دەرفەتی كاری زۆر لە سلێمانی لەبەردەستە. هەر لەكۆبوونەوەكەدا پارێزگاری سلێمانی لەبارەی بارودۆخی مەرزە رەسمیەكانەوە رایگەیاند: بەهۆی رێكەوتننامەكانی لێكگەیشتنی پارێزگای سلێمانی و پارێزگا هاوسنورەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران زۆربەی كێشەی خاڵەسنورییەكان چارەسەركراوەو تەنیا كێشەی گواستنەوەی یەكسەرەی كاڵاكان ماوە كە ئەویش لە هەوڵی چارەسەركردنیداین و بە پێكهاتنی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ئەو كێشەیەش چارەسەر دەبێت.
لە كۆبوونەوەكەدا تەئكید لە هەماهەنگی زیاتری نێوان كەرتی تایبەتی هەردوو پارێزگاكە كرایەوە.
سێ شەممە, 20 ئایار 2014
بەڕێزان ئەم كاتەتان باش،
وهه‌موو لایەك بەخێر بێن بە سەرچاو..
دەمەوێ بەخێرهاتنێكی تایبەتی برای خۆشەویستم كاك داود ئۆغڵو بكەم كە لە توركیاوە بۆ بەشداریكردن لەم كۆنفرانسە هاتە سلێمانی و تەشریفی هێنا، ئێمە بە ناوی هەرێمی كوردستان و شاری خۆشەویستی سلێمانی، زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی دەكەین و ئەمە یەكەم جارە سەردانی سلێمانی دەكات. بەخێرهاتنی هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەم كە ئەمڕۆ تەشریفیان هێناوە.
دكتۆر داون كێڵ، سەرۆكی زانكۆی ئەمەریكی لە عێراق- سلێمانی و، دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆكی فەخریی زانكۆ، بە گەرمی سوپاسیان دەكەم بۆ بانگەێشتكردنم.
ناونیشانی ئەم كۆنفرانسە (ڕێدەربازكرن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا) بەلامەوە گرنگە. بە دەرفەتی دەزانم چەند بابەت و پرسیارێك بخەمە ڕوو، بۆ ئەوەی ئەگەر بكرێت، ببێتە بابەتی گفتوگۆی ئەم كۆنفرانسە.
(ڕێدەربازكرن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ؟)
ئەم ناونیشانە دروازەیەكی گەورە و فراوانە بۆ بابەتی جیاجیای گفتوگۆ، لە كاتێكدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەموو قۆناغێك پتر پێویستی بە گەشەپێدانی ژیانێكی مێژووییی نوێ هەیە.
ئەو گرفتانەی ئێستا ئەم ناوچەیە ڕووبەڕووی دەبنەوە، وردبینیی تایبەتیان دەوێت بۆ لێ تێگەیشتن و شیكردنەوە و هەڵسەنگاندیان. تەنها بەو شێوەیە سەركردەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانن دووبارە هەوڵی دروستكردنەوەی پێكهاتەی سیاسی و ڕێكخستنی كۆمەڵایەتی بدەن، لەسەر بنەما و بناغەی سەردەمیانە بۆ هێنانەدی بناغەیەكی سەردەمیانە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە هەریەك لە وڵاتانی ناوچەكەدا.
هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عێراقی فیدراڵ، دوو پرسیاری سەرەكیمان لا دروست دەكات.
یەك : ئایا ئەم وڵاتە وەك دەوڵەتێكی دیموكراتی فیدراڵ دەمێنێتەوە؟
دوو: ئایا تێكچوونی باری ئاسایش، ئابووری و سیاسیی ئەم وڵاتە لە چ ئاستێكدا دەبێتە هەڕەشەی لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەوڵەتەی ئێمە یانزدە ساڵە هەوڵی دروستكرنەوەی دەدین و قوربانیمان بۆ داوە؟
ئێمە لە عێراقی پێش 2003 ڕۆژگارێكی ناخۆشمان بینی و بەردەوام لەژێر ترس و هەڕەشەی مان و نەماندا دەژیاین. پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، قۆناغی ڕزگاربوون هاتە كایەوە كە بە هاوكاریی هێزەكانی هاوپەیمانان، لە سەروویانەوە ئەمەریكا پارێزگاری لێ دەكرا. بەڵام ئەمڕۆ عێراق پتر لە دەوڵەتێك دەچێت كە بەرەو داڕمان دەچێت. ناوچەیەكی فراوان لە عێراق، گرفتی ئاسایش و كەمیی خرمەتگوزاری و دامەزراوەی حكوومەتی، وای كردووە دەوڵەت خەریكە تەواو دەسەڵاتی نەمێنێت بەسەریاندا. ئەمە بۆتە هۆی ململانێیەكی قووڵ و ڕووخێنەر لە نێوان پێكهاتە و لایەنە سەرەكیەكاندا. بەداخەوە نەبوونی ستراتیژییەكی كارا و چالاك لە كاتی گەڕان بە دوای چارەسەری كێشەكاندا، زۆر خەڵكی ئەم وڵاتەی تووشی نائومێدی كردووە دەربارەی ئایندەیەكی هاوبەش بۆ هەموو عیراق.
بێگومان ئێوە باش دەزانن كە بەرژوەندیی گەلی كوردستان ڕاستەوخۆ بەندە بە وەڵامی ئەم پرسیارەوە!. چارەسەری ئەم كێشانە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان دیاری دەكات لە پڕۆسەی پێكەوەژیانمان لە چوارچێوەی عێراقێكی دیموكراتی فیدراڵ‌دا.
ئێمە لە سەرەتای پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە بیروبۆچوونی خۆمان ئاشكرا كردووە: بەدڵنیایەوە چەندین جار، بە قسە و بە كردار، گوتوومانە ئێمە پابەندین بە عێراقێكی دیموكرات، فیدراڵ و فرەیی، كە تیایدا ماف و ئازادییە دەستوورییەكانمان پارێزراو بێت. پابەندین بە دەستووری نوێی عێراق، واتە پابەندین بە پڕۆسەی ئاشتیی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن لە ڕای خەڵكی ئەم وڵاتە. ئێمە نابێت ئەو ڕاستییە لەبیر بكەین كە چوار لە پێنجی دەنگدەران لە عیراق، دەستووری نوێی وڵاتەكیان لە ڕێفراندۆمی ساڵی 2005دا پەسەند كردووه. ئەركی سەرشانی گشت هێزە سیاسییەكانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و پشتگیرانی دیموكراسییە لە دونیا، كە هەوڵ بدەن دەستوور پێشێل نە‌كرێت، یاری پێ نە‌كرێت، نەبێتە داردەستی هێچ لایەنەكی سیاسی لە خزمەتی مەبەستی حزبی، یان تاكە كەسیدا.
نامەوێت كاتی ئێوە بگرم و بچمە وردەكاریی ئەم پرسەوە، بەڵام ئێمە مەترسیمان هەیە لە ئایندەی عێراق. نیگەرانین لە په‌یوەندیمان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ، ئێمە هاوبەشین لەم وڵاتەدا، هاوبەشین لە حكوومەتی فیدراڵ‌دا، بەڵام بەداخەوە هەست بە نائومێدی دەكەین دەربارەی چۆنیەتیی هەڵسوكەوتی حكوومەتی فیدراڵ لەگەڵ مافی دەستووریی هەرێمی كوردستاندا.
لە ماوەی دە ساڵی ئازادیی عێراقدا، ساڵ بە ساڵ كێشەی نێوانمان بەرەو گرژی چووە، چەندین جار هەڕەشەی ڕاستەوخۆمان بیستووە، ئەم جۆرە ڕەفتارانە نە خرمەتی لێكگەیشتن دەكات، نە دەبێتە بنەمای دروست بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو لە چوارچێوەی دەستووری فیدراڵی عیراقدا. وەك گشت لایەنێكی دیكە، ئێمەش خاون بەشین لەم وڵاتەدا، ئێمەش قوربانیمان داوە و بەردەوام قوربانی دەدین بۆ دابینكردنی ئاسایش لە عێراقدا و بۆ ئاشتبوونەوەی سیاسی، بۆ گەشەی ئابووری، بۆ دابینكردنی سەقامگیری لەم وڵاتەدا.
ئێستاش لە گفتوگۆكانمان لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی بگەینە ڕێگەچارەسەرێكی هاوبەش بۆ گرفتەكان. ئێمە بەكارهێنان و سوودوەرگرتن لە سەرچاوە سروشتیەكانی ئەم هەرێمە، بە مافێكی دەستووریی خۆمان دەزانین، لەم ڕووەشەوە بۆ هەموو لایەكمان ڕوون كردووەتەوە و دەمەوێ لێرەدا دیسان دووپاتی بكەمەوە كە ئێمە بۆ دواوە ناگەڕێنەوە و دەستبەرداری مافەكانمان نابین بەپێی دەستووری عیراق، بەڵكوو ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لە عیراقدا لێكگەیشتن و پێكەوەكاركردنە بەپێی دەستوور، نە‌ك بەپێی بۆچوونی كەسی و هەوڵدان بۆ پەیڕەوكردنی سیستەمێكی تاكڕەوی لە دەسەڵات و مەركەزیەت، كە ئیتر لای ئێمە ئەم بیرۆكەیە كۆتایی پێهاتووە و هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك ئامادە نیە لەم بوارەدا بۆ دواوە بگەڕێتەوە، هەر ئەمە پرەنسیپانەش بنەمای كار و پەیوەندیی ئێمەیە لەگەڵ حكوومەتی بەغدا و لەگەڵ تەواوی لایەنەكانی سیاسی لە عێراقدا.
هاوكات ئەوە دووبارە دەكەینەوە كە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە جیاجیاكان لەسەر حیسابی یەكتری نیە و ئێمە نابینە بەشێك لە ململانێ، بەڵكوو ئێمە بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری و لێكگەیشتنی هاوبەش و لە هەمان كاتیش‌دا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان، كار دەكەین.
ئێمە بە جددی نیگەرانین كە ئەمڕۆ لە بەغدا قووتی خەڵكی كوردستان وەكوو كارتێكی فشار لە دژی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەكار دێت، ئێمە بە جددی هەست بە نیگەرانی دەكەین لەوەی كە تاكە كەس لە بەغدا بڕیاری ئەوە دەدەن قووتی خەڵكی كوردستان نەدەن و ئەم كارتە وەكوو فشارێك بۆ سەر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەكار دێنن، ئەمەش لە لایەن خەڵكی كوردستان و هەموو هەرێمی كوردستانه‌وه بە شێوەیەكی گشتی بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نیە.
ئەوەی ئێمە لە عیراقدا لێی دەترساین، ڕووی دا، ئەوە بوو بە تەواوی كە ئێمە لێی دەترساین، ئێمە دەترساین ڕۆژێك بە میزاجی تاكە كەسی و میزاجی یەك نەفەر وەكوو كارتێكی فشار لە دژی هەرێمی كوردستان بێن و بڵێن قووتی خەڵكی كوردستان كە بەشێكن لە فەرمانبەرانی عیراق بە پێی دەستوور و بەپێی یاسا دەبێت مووچەی ئەو خەڵكە بدرێت، یەك تاكە كەس بڕیاری ئەوە دەدات ڕایبگرێت و ئەو مافە بە خۆی دەدات كە نەیدات. مەترسیی ئێمە لە عیراقدا ئەوە بوو، ئێمە ئەوەشمان بینی، لەبەر ئەوە هەرێمی كوردستان لەوەدا جددییە كە جارێكی دیكە بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە .
لە دوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراق، زۆر وڵات و لایەنی دەرەكی هەوڵیان دا ئەجێندای خۆیان لە عێراق بسەپێنن، بەڵام ئێمە كاری جددیمان بۆ پاراستنی سەروەریی ئەم وڵاتە كردووە. ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەكی دۆستانەمان لەگەڵ دراوسێكانمان هەبێت، بەڵام نابینە بەشێك لە ململانێ و پەیوەندییەكانیشمان لەسەر حسابی ئەوانی دیكە نابێت. بەڵكوو ئێمە ئەجێندای تایبەتی خۆمان هەیە، كە ئەویش پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان و خزمەتكردنی ئەم گەلەیە لە چوارچێوەی عێراقێكی دیموكراتی فیدراڵی فرەییدا.
هەر لەم ڕووەشەوە دابینكردن و هەوڵدان بۆ سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەكەدا بە گرنگ دەزانین، بۆ ئەم مەبەستەش كاری جددیمان كردووە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ دراوسێكانمان لەسەر بنەمای لێكگەیشتن و بەرژەوەندیی هاوبەش، هەروەك چۆن كار دەكەین بۆ پەرپێدانی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی دیكەی جیهاندا.
لەم ڕوانگەیەشەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی بە جددی لە ڕێكەوتنی بەراییی گرووپی 5+1 دەكات و پێمان وایە فاكتەرێكی گرنگە بۆ ئارامی و سەقامگیریی ناوچەكە. هاوكات حكوومەتی هەرێم كرانەوەی دەوڵەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕووی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا، وەك وڵاتێكی دراوسێ بە گرنگ دەزانێ و پێمان وایە دەبێتە فاكتەرێكی گرنگ بۆ سەقامگیری و پێشكەوتن لە ناوچەكە.
هەروەها بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ كۆماری توركیا لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و عێراقدایە كە ئەمەش لە خزمەتی سەقامگیری و لە یەكتر تێگەیشتنی زیاتر دەبێت بۆ هەردوولا و بۆ عیراق بە شێوەیەكی گشتی و وڵاتی توركیا.
دووەم پرسیارمان ئەوەیە:
ئایا دەرئەنجامەكانی ناسەقامگیری و توندوتیژیی بەردەوام لە سووریا، دیارە؟ بەتایبەتی ململانێكانی ئێستا، هیچ ئاماژەیەكی وا نێشان نادەن كە بەم زووانە بارودۆخ كۆتایی بێت!.
لای هەموان ئاشكرایە كە دەیەكانی سەدەی ڕابردوو پڕ بوون لە بێهیوایی، لە ململانێی سیاسی، لە كودەتای سەربازی، لە شۆڕشی ناوچەیی، لە كێشمەكێشی ئایدیۆلۆژی و پڕوپاگەندە و بەرزكردنەوەی هێمای ناوەڕۆك بەتاڵ و جەنگی سارد. ئێستاش لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، شێوە شڵەژانێك لە ئارادایە، هەرچەندە لە ناوچەیەكی پڕ لە كێشە و ململانێی ئایدیۆلۆژی و مەزهەبیی وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پڕیشكەكانی بەر هەموومان دەكەوێت، بەڵام كاری جددی دەكەین لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خۆپاراستن لەو شڵەژانە و ناچینە نێو ململانێكانەوە و هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان دەدەین.
قەیرانی سووریا كە عەقلانیەتی پشتگوێ خستووە، كاریگەریی نەرێنی زۆری لەسەر وڵاتانی دراوسێی هەبووە، بەتایبەتی لە ڕووی بەردەوامیی لێشاوی ئاوارەبوونی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە.
نەبوونی بڕیاری سیاسیی جددیی یەكلاكەرەوە سەبارەت بەم قەیرانە، هۆكارێكی سەرەكییە بۆ بەرفراوانبوونی ململانێ، هۆكارێكیشە بۆ زیادبوونی هێزە توندڕەوەكان كە كاریگەریی خراپی لەسەر ناوچەكە هەیە و هەروەها كاریگەریی خراپی بەسەر تەواوی جیهاندا دەبێت، ئەمەش وێڕای لاوازی و بەشبەشبوونی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و هاوكات ململانێی هێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكان لەم وڵاتەدا كە بەداخەوە دۆخەكەیان ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر كردووە.
بە هۆی ئەم قەیرانەشەوە ئێستا ئاوارەكانی سووریا نزیكەی یەك لەسەر چواری خەڵكی لوبنان پێك دێنن. لە ئوردن هەمان گرفت هەیە و دەیان هەزار ئاوارەی سووریا ئێستا لەو وڵاتە دەژین. هاوكات هەرێمی كوردستان زیاتر لە "دوو سەد و پەنجا هەزار" ئاوارەی سووریای لەخۆ گرتووە، بۆیە بۆ كەمكردنەوەی كێشە و گرفتەكانیان و بۆ بەدەستهێنانی بارودۆخێكی گونجاو بۆ ئەو ئاوارانە لە ڕووی مرۆییەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدات.
لە هەمان كاتدا ئەم قەیرانەی سووریا بووەتە هۆی گەڕانەوەی سەدان چەكداری شەڕكەری ڕێكخراوی تیرۆریستیی قاعیدە و چەكدارانی دیكەی توندڕەو بۆ ئەم ناوچەیە، ئێستاش ژمارەیەكی بەرچاو لەو چەكدارانە هاتوونەتەوە ناو سنووری عێراق و ئەو ناوچانەیان كۆنترۆڵ كردووە كە حەوت ساڵ پێش ئێستا بەهۆی هەڵمەتەكانی هێزەكانی ئەمەریكاوە، بەجێیان هێشتبوو.
پرۆسەی ئاشتی كە لە جنێف دەستی پێكردووە پێمان وا نیە ئەمە به‌س بێت. ئەو هێز و وڵاتانەی كاریگەرییان بەسەر دۆخی سووریادا هەیە، پێویستە دەسەڵاتی خۆیان بۆ كۆتاییهێنان بەو تراژیدیا مرۆییە بەكار بهێنن، بۆ ئەوەی دووبارە ئاسایش لە سووریا بەرقەرار بێ، چونكە بەردەوامبوونی ئەم قەیرانە دەبێتە هۆی ڕاكێشانی تەواوی ناوچەكە بۆ ناو تەنگژە و ئاژاوە، كە ئێستا لەو وڵاتەدا هەیە.
بەڕێزان..
ئەمڕۆ ئێمە لە هەرێمی كوردستان سەرقاڵی دامەزراندنی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستانین، لەگەڵ تەواوی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان خەریكی ئاڵوگۆڕكردنی بیروبۆچوونەكانمانین و لە گفتوگۆی بەردەوامداین. ئێمە كار بۆ دامەزراندنی كابینەیەكی بنكەفراوان دەكەین كە تەواوی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تیایدا بەشدار بن، ئەم پرۆسەیە‌ش كاتی پێویست بووە، بەڵام هەنگاوەكان باش بەرەو پێشەوە چوونە.
ئێمە دەمانەوێت چوار ساڵی داهاتوو، ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئارام و سەقامگیر بێت، دەمانەوێت تەواوی لایەنەكان لە پرۆسەی حوكمڕانی و بەرەوپێشبردنی ئەم هەرێمە بەشداریی تەواویان هەبێت و پێكەوە كار بكەین بۆ پەرەپێدانی سیستەمی دیموكراسی لە هەرێمەكەماندا، هەر ئەمەش وای كردووە لەگەڵ تەواوی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە گفتوگۆی بەردەوام بین، بۆ گەیشتن بە ئەنجامێك كە لە ئاستی بەرژەوەندی و خواستی گەلی كوردستاندا بێت.
كۆمەڵگای كوردستان و سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان تەواو هەست بە گۆڕانكارییەكان دەكەن و زۆر بە جددی وەریاندەگرن و خوێندنەوەیان بۆ دەكەن بەمەبەستی چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوە هەنووكەییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرفتەكانی ئایندە، بە جۆرێك كە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان تیایدا پارێزارو بێت.
سێیەمین خاڵ كە جێگەی سەرنج و بایەخە، هەردوو وڵاتی توركیا و ئێرانن كە درواسێی ئێمەن. هەردوو دەوڵەت وەك دەسەڵاتێكی هەرێمی ڕۆڵ دەبینین كە لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەنگی خۆیان هەیە. هەندێك كەس لەو باوەڕەدان كەوا جۆرێك لە هاوكاری لە نێوانیاندا هەیە، هەندێكی دیكەش بۆچوونیان وایە كە پێشبڕكێ لە نێوانیاندا هەیە، ئەمە وێڕای ڕۆڵ و كاریگەریی سعوودیە و وڵاتانی دیكەی ناوچەكە.
پرسیار ئەوەیە:
ئایا ئامانج و بەرژەوەندییەكانی توركیا و ئێران چین و دەتوانن چ ڕۆڵێكی ئەرێنی ببینن لە كەمكردنەوەی ململانێكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟!
لە كاتێكدا زۆرێك لە ئێمە ئەمە وەك ئاماژەیەكی هاندەر دەبینین، بەڵام خەڵكی دیكەش هەن كە نیگەرانن لەوەی كاریگەریی زیاتری ئەوان لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبوونی پێشبڕكێ و ناسەقامگیریی پرۆسەكە و هەر لایەنێك هەوڵ بدەن بۆ فراوانكردنی سنووری ئابووری و سیاسیی خۆیان لەسەر حسابی ئەوەی دیكە. هاوكات ناكرێت ڕۆڵ و كاریگەریی فاكتەری دەرەكی نادیدە بگیرێت لەو كێشە و ململانێیانەدا كە هەندێكیان ئایدیۆلۆژی، یاخود ئایینی و مەزهەبین.
دوا پرسیار وەك یەكێك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە: ئایا ئاستی بەرژەوەندی و كاریگەریی ئەمەریكا لەم هەرێمەی ئێمە چیە و چەندە، هەروەها ئێمە پێشبینی چ جۆرە سەركردایەتی و پشتگیرییەك لە ئەمەریكا دەكەین؟
ئیدارەی پێشووی ئەمەریكا تێڕوانینی تایبەتی هەبوو لەسەر دووبارە داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام بە خوێندنەوەی سیاسەتی ئیدارەی ئێستای ئەمەریكا دەركەوت كە ڕوانگەیەكی جیاواز هەیە. لەوانەیە بوونی تەكنەلۆژیای نوێی نەوت و گاز، وا لە ئەمەریكا بكات كەمتر پشت بە سەرچاوەكانی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببەستێت كە لەوانەیە دەرئەنجام ببێـتە هۆی كشانەوەی گشتگیری ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست!.
بۆیە دەبێت بپرسین:
ئایا لە چەند ساڵی داهاتوودا، سیاسەتی ئەمەریكا و ئەورووپا بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرەو چ ئاقارێك دەڕوات؟!
بەڕێزان،
ئەو خاڵانەی ئاماژەم پێدان، چەند پرس و پرسیارێكن كە پێویستە سەركردەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەچاوی بكەن و خۆیانی بۆ ئامادە بكەن. گومان لەوەدا نیە كە چەندین بابەتی دیكەش هەن كە ئێوە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا گفتوگۆیان لەبارەوە دەكەن، دڵنیاشم لەوەی ئەم كۆنفرانسە سەركەوتن بەدەست دەهێنێت، چونكە ژمارەیەكی بەرچاو لە زانستخواز و توێژەر و شرۆڤەكارانی سیاسی و بەرپرسانی حكوومەت و ڕۆژنامەنووسان، لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان، تیایدا بەشدار دەبن.
لە كۆتاییدا دەستخۆشی لە زانكۆی ئەمەریكا لە عێراق ـ سلێمانی و سەنتەری IRIS دەكەم بۆ سازكردنی ئەم كۆنفرانسە لە شاری سلێمانی و كۆكردنەوەی ئەم میوانە تایبەتانە لەسەر مێزی گفتوگۆكردن. هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم لە كار و شرۆڤەكانتاندا و هیوادارم ئەنجامی باش بەدەست بهێنن.
زۆر سوپاس .
سێ شەممە, 04 ئازار 2014
دوایین هەواڵەکان
- سه‌ركۆمارى توركيا به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه
- پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی‌دا
- نێچيرڤان بارزانى: ده‌بێ نيشتمان كۆكهرهوهى هه‌موومان بێت
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه
- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له باڵيۆزى فه‌ره‌نسا كرد
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له باڵيۆزى به‌ريتانيا كرد
- سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات
- عەباس غەزالی: نووسین و چاپکردنی "فەرھەنگیی زارەکیی موکریان" شانازییەکی بێ پایانە
- پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز
- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نامهيهكى پيرۆزبايى له وه‌زيرى دهرهوەى توركياوه پێده‌گات