سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 22ى ته‌ممووزى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندى فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان كرد.


له‌ دیدارێكدا فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان پیرۆزبایى ده‌مه‌زران و ده‌ستبه‌كاربوونى كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیان له‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ خۆى كابینه‌كه‌ى خواست. هه‌روه‌ها دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ خوازیارى هه‌بوونى هه‌ماهه‌نگییه‌كى باشن له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن پێكه‌وه‌ كار و خزمه‌تى باشتر پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، وێڕاى به‌خێرهێنان و ده‌ربڕینى خۆشحاڵیى خۆى به‌م سه‌ردانه‌، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌بوونى چاودێریى په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌ر حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، هه‌م وا ده‌كات ڕۆڵى په‌رله‌مان كاراتر ببێت و هه‌م حكوومه‌تیش هان ده‌دات به‌رده‌وام هه‌وڵى پێشكه‌شكردنى باشترین كار و خزمه‌ت بۆ هاووڵاتیان بدات. جه‌ختیشى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ نه‌بوونى ئۆپۆزسیۆن و به‌شداریى هه‌مووان له‌ كابینه‌ى حكوومه‌تدا، به‌و مانایه‌ نیه‌ كه‌ په‌رله‌مانى كوردستان ڕۆڵى كاراى خۆى له‌ چاودێریكردنى حكوومه‌ت نه‌گێڕێت.

له‌ دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا داكۆكییان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م قۆناغه‌ى ئێستا هه‌رێمى كوردستانى پێدا تێده‌په‌ڕێت، پێویستى به‌وپه‌ڕى كارى پێكه‌وه‌یى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان لایه‌نه‌كان و ده‌زگاكانى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌مووان پێكه‌وه‌ به‌شدار بن له‌ گه‌یاندنى هه‌رێمى كوردستان به‌ كه‌نارى ئارامى و پێشكه‌شكردنى باشترین خزمه‌تگوزارى به‌ كوردستانیان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا باس له‌ ده‌ركردنى خوشك و برایانى مه‌سیحى له‌ شارى مووسڵ و په‌ناهێنانیان بۆ هه‌رێمى كوردستان كرا و له‌مباره‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ى له‌ تواناى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا بێت بۆ به‌هاناوه‌چوون و هاوكارى و یارمه‌تیدانى ئه‌وان؛ هیچ درێغییه‌كى نه‌كردووه‌ و ناكات، هه‌روه‌ها حكوومه‌ت هه‌وڵ ده‌دات له‌ ڕێگه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌، كۆمه‌ك و هاوكاریى باشتریان بكرێت.  

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی