نوێنەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاوارەکانی شنگار رایگەیاند، "دوای داگیرکردنی قەزای شنگار لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، نزیکەی 263 هەزار کەس لەم دەڤەرەوە بەرەو پارێزگای دهۆک رایانکردووە ونزیکەی 20 هەزار کەسیش لەپارێزگای هەولێر نیشتەجێکران، هەمان ژمارەش ئێستا لەپارێزگای سلێمانی بوونیان هەیە وژمارەیەکی کەمیش لەسوریا وتورکیا ئاوارە بوونە".
لە دیمانەیەکی تایبەت بەماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. نوری عوسمان شنگاری، نوێنەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ کاروباری ئاوارەکانی شنگار ئاماژەی بەوەدا "لە سۆنگەی گرنگیدانی حکومەت بەپرسی ئەم ئاوارانە ئەم نوێنەرایەتیە تایبەتیەی دامەزراند کە کاری بەدوواداچوونی بارودۆخ وپێداویستیەکانی ئەو خەڵکەی گرتۆتە ئەستۆ کە پەنایان بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هێناوە دوای دەستبەسەرداگرتنی ماڵ وحاڵیان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە".
هەروەها رایگەیاند "خەڵکێکی زۆر لەدەڤەرەکەدا مابوونەوە کە هەمووی لەژێر کۆنترۆڵی تیرۆریستانی داعشە تەنها چیای شنگار نەبێت، بەڵام بەهەوڵی بەردەوامی حکومەتی هەرێم کەسانێکی زۆریان رزگارکران".
ئاماژەی بەوەشدا "یارمەتی مرۆیی وەک خۆراک ودەرمان وپێداویستی پزیشکیەوە، ئێستا لەڕێگەی هێلیکۆپتەر وفڕۆکەی عیراقی وئەمەریکیەوە دەگاتە ئەو خەڵکەی لەچیای شنگارن وئێستاش بەهاوکاری حکومەتی عیراقی فیدرالی ئەو پرۆسەیە بەردەوامە، ئەمە جگە لەهێنان وگواستنەوەی خەڵک وبریندار ونەخۆش". ئەوەشی خستەڕوو کە د.فوئاد مەعسوم، سەرۆکی کۆماری عیراق وسوپاسالاری عیراق فەریق بابەکر زێباری، رۆڵی راستەوخۆیان لەم پرۆسەیەدا هەیە.
دوای هێنانە خوارەوەی ژمارەیەکی زۆر لەو خەڵکانەی لەچیای شنگار مابوونەوە، ئێستا نزیکەی دە هەزار کەس لەکوردانی ئێزدی لەم شوێنەدا هەن. ئەمە جگە لەژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە وخۆبەخش لەخەڵکی دەڤەرەکە کە چەکیان بۆ بەرگریکردن ورزگارکردنی شارەکەیان هەڵگرتووە.
ئێستا، بەهۆی سەرماوە گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ ئەو شوێنە "بۆتە کارێکی سەخت وپێداویستییەکان زیادیان کردووەو هەلیکۆپتەریش تەنها تەنێک تا یەک تەن ونیو باری پێ هەڵدەگیرێت، ئەمە جگە لە هەوڵەکانی رێکخراوی تێرۆریستی ناسراو بە داعش بۆ داگیرکردنی چیای شنگار، کە ئەم هەوڵانەیان لەلایەن پێشمەرگەوە بەرپەرچدراون."
د.نوری شنگاری روونیکردەوە، "ئەوانەی ئێستا لەسەر چیای شنگار ماونەتەوە، بەئارەزووی خۆیان لەوێن وئێستاش پێیان خۆش نیە ئەو شوێنە بەجێبهێڵن وکەسانێکی زۆریش خێزان وکەسوکاری خۆیان لەچیای شنگار هێنایە خوارەوە وخۆیان گەڕانەوە. خەڵکێکی زۆریش خۆبەخشانە دەچنە شاخ بۆ بەشداریکردن لەشەڕی دژە تیرۆر دەگەڕێنەوە. چەند کەسێکیش لەو خۆبەخشانەی کە لەئەورووپاوە هاتبوون شەهیدبوون".
لەبارەی رۆڵی بەغداش بۆ گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ لێقەوماوانی شنگار، د.نوری ئاماژەی بۆ ئەوەدا کە هەر چەندە حکومەتی فیدرالی هاوکاری دەکات، بەڵام رۆلی لەمبارەیەوە لەئاستی پێویست نەبووە بەشێوەیەک کە نەبوونی هەستی بەرپرسیارێتی نیشان بات لەکاتێکدا کە ئەو لێقەوماوانە هاوڵتی عیراقن ولەناوچەیەکدان کە لەدەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە. ئەمەش لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن و400 هەزار ئاوارەی لەخۆوە گرتووە کە لە ناوەڕواست وباشووری عیراقەوە هاتوون، جگە لەزیاتر لە 70 هەزار مەسیحی کە لەتلکێف وتلسقۆف وباتنایا ومووسڵ هاتوون".
بەهۆی بارودۆخی ئەم دواییەی عیراق، ئێستا نزیکەی 2 ملیۆن و70 حەفتا هەزار ئاوارە لەعیراقدا هەن کە نزیکەی65 تا 70 لەسەدی لەهەرێمی کوردستانن. لەگەڵ ئەمەش، لەسەرەتای ساڵی 2014 بەغدا ئابڵوقەیەکی ئابووری خستە سەر هەرێمی کوردستان وموچەی فەرمانبەرانی هەرێم وبەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی وئەم پرسەش ئەرکی هەرێمی کوردستانی بۆ ئیدارەدانی ئەم مەسەلەیە قورستر کرد.
د.نوری شنگاری سوپاسی خەڵکی کوردستانی کرد، بەتایبەتی خەڵکی پارێزگای دهۆک کە بەبێ جیاوازی هەموو ئاوارەکانیان لەباوەشگرتووە وستایشی رۆڵی پارێزگای دهۆک ودامودەزگا ئیداریەکانی ئەم پارێزگایەی کرد، بەتایبەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی کە بەڕێنمایی سەرۆکی حکومەت هەموو خزمەتگوزاریەکیان بەبێ بەرامبەر پێشکەشی ئاوارەکان کردووە وئاماژەی بەوەشدا زۆرترین ئەرک لەسەر پارێزگای دهۆکە لەبەر زۆری ژمارەی ئاوارەکان ونزیکی لە بەرەکانی شەڕەوە.
هەروەها د. نوری شنگاری دووپاتیکردەوە کە بۆ رێگەگرتن لەبڵاوبوونەوەی هەر نەخۆشیەکی درم، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی "هەڵمەتێکی کوتانی بۆ هەموو تەمەنەکان دەستپێکرد بەهەماهەنگی لەگەڵ ئاژانس ودەزگا نێودەوڵەتیەکان وئێستاش باری تەندروستی لەژێر کۆنتڕۆلە. سەرەڕای هەبوونی قەیرانی دارایی وسستی ولاوازی رۆڵی وەزارەتی تەندروستی عیراق ورێکخراوە نێودەوڵەتیەکان، حکومەتی هەرێم نزیکەی سەد ملیۆن دۆلار بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ پارێزگای دهۆک تەرخانکردووە وچەندین حاڵەتیش بۆ دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەری نێردراون".
هیواشی خواست وڵاتانی جیهان "پەلە بکەن لەیارمەتیدانی هەرێمی کوردستان لەڕووی مرۆیی وسەربازیەوە بەتایبەتی ئەمەریکا وبەریتانیا، بەوپێیەی هەرێمی کوردستان زۆرترین فشاری لەو شەڕەدا لەبەردەستە لەدژی تیرۆر ولەجیاتی جیهان شەڕی تیرۆر دەکات".
هەروەها د. نوری شنگاری ئاماژەی بەوەدا کە دوای ئەو بارودۆخەی کە بەسەر عیراقدا هات لەئەنجامی داگیرکاری تیرۆریستانی داعش بۆ چەند پارێزگا وشاری عیراق، لیژنەیەک بۆ بەهاناوەهاتنی ئاوارەکان بەسەرۆکایەتی ساڵح موتڵەگ جێگری سەرۆک وەزیرانی عیراق پێکهات، بەڵام تا ئێستا ئەم لیژنەیە، بەتایبەتی لەڕووی تەندروستیەوە، چ رۆڵێکی بەرچاوی بۆ ئەو ئاوارانە نەدیووە کە لە هەرێمی کوردستانن. حکومەتی هەرێم لەپەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵیان بۆ زامنکردنی بەشی هەرێم لەم یارمەتیە تەندروستیانە.
لەبارەی بارودۆخی ناو شنگاریش، د.نوری رایگەیاند "بارودۆخی شنگار زۆر سەختە وهەبوونی تیرۆریستان لەم دەڤەرەدا هەڕەشەیەکی زۆر گەورەیە بەسەر ژیانی ئەم هاوڵاتیانە ولەوەتەی ئەم دەڤەرە دەستی بەسەردا گیراوە دەیەها کەس شەهیدکراون ولەگۆڕی بەکۆمەڵ نێژراون کە دوای شەپۆلی ئەم دواییەی باران تەرمەکانیان کەوتنە سەر زەوی".
ئەوەشی دووپاتکردەوە، "ڕەسەنایەتی نەتەوەی کورد لەئێزدیان دایە کە تەنانەت ئایینیەکانیشیان بەزمانی کوردیە، بۆیە بەهیچ شێوەیەک ئێزدیان لە کورد جیا ناکرێنەوە وهیچ کەسێکیش لەکوردانی ئێزدی ئەو هەوڵانەی پێ قبووڵ نیە کە بیانەوێ ئەم کارە بکەن. ئێستاش حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاردایە بۆ بەجینۆساید ناساندنی کوشتاری کوردی ئێزدی لەسەر ئاستێکی نێودەوڵەتی".
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد