لە چوارچێوەى سەردانەکەیان بۆ هەرێمى کوردستان بەڕێز ژۆن ئازلبۆرن وەزیرى دەرەوەى لۆکسمبۆرگ و شاندى یاوەرى هاوڕێ لەگەڵ فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و دلاوەر ئاژگەیى نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە بەلجیکا و نیهاد لەتیف قۆجەو دارا یەعقوبى سەردانى کەمپى ئاوارەکانى بەحرکەیان کرد لە هەولیر.

وەزیرى دەرەوەى لۆکسمبۆرگ لەنزیکە لە بارو گوزەرانى ئاوارەکان و خواست و داواکاریەکانیانى پرسى و هاوخەمى خۆى دەربڕى بۆ ژیانى سەختى ئاوارەکان.

فەلاح مستەفا پوختەیەکى لەسەر ژمارەى ئاوارەو پەنابەرانى نیشتەجێى هەرێمى کوردستان دابەشبوونى جوگرافى و خواست و پێداویستیەکانیان پێشکەش کردو هیواى خواست وڵاتى لۆکسمبۆرگ بڕى کۆمەک و یارمەتیە مرۆییەکانى بۆ هەرێمى کوردستان زیاد بکات بە مەبەستى کەم کردنەوەى خەم و ئازارى ئاوارەو پەنابەران.

 

هەمان رۆژ ژۆن ئازلبۆرن وەزیرى دەرەوەى لۆکسمبۆرگ و فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت سەردانى قەڵاى دێرینى هەوڵێریان کرد کە وەک شوێنەوارێکى میژوویى نایاب لەسەر ئاستى جیهان دێتە ژماردن و نیشانەى بوونى شارستانیەتى کۆنە لەم شارەدا.

بەڕێزیان سەرسامى خۆى نیشاندا لە بەرامبەر ئەم شوێنەوارەو هیواى خواست هەرێمى کوردستان هەمیشە سەقامگیرى بەخۆیەوە ببینێ و لە گەشەسەندن بەردەوام بێت.

دواى ئەوەى ئێوارەى دوێنێ بەڕێز لۆبۆمیر زاورالیك وەزیرى دەرەوەى کۆمارى چیک بە یاوەرى جێگرى وەزیرى بەرگرى ئەو وڵاتەو باڵیۆزى چیک لە عیراق گەیشتنە هەرێمى کوردستان و دیدارو کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرێزان سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکومەت و گەورە بەرپرسان ئەنجامدا، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ شاندى میوان بە یاوەرى فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت سەردانى قەڵاى مێژوویى هەولێریان کردو لەلایەن دارا یەعقوبى سەرۆکى دەستەى باڵاى نووژەنکردنەوەى قەڵاى هەولێر پێشوازیان لێکرا.


سەرۆکى دەستەى باڵاى نووژەنکردنەوەى قەڵاى هەولێر پوختەیەکى لەسەر مێژووى قەڵاى هەولێرو تەواوى شوێەوارەکان پێشکەش کردو  سوپاسى رێکخراوى یۆنسکۆى کرد کە بەر لە چەند هەفتەیەک بە فەرمى قەڵاى هەولێرى خستە نێو لێستى شوێنەوارە مێژوویەکانى سەر بە یۆنسکۆ بۆ ئەوەى پارێزگارى لێبکرێت.


دواى سەردانەکەى بۆ قەڵاى دێرینى هەولێر وەزیرى دەرەوەى کۆمارى چیک و شاندى یاوەرى کۆتاییان بە گەشتەکەیان بۆ هەرێمى کوردستان هێناو لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت لە رێگەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر بەڕێخران.

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی