یانزەمین خولی پیشانگای نێودەوڵەتی هەولێر لە 4ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، بە بەشداری 140 كۆمپانیا لە 14 وڵات، دەرگاكانی بەڕووی هاوڵاتیاندا كردەوە. هاوكات لەگەڵ ئەم پیشانگایەشدا شەشەمین پێشانگا بۆ كاروباری كارەبا و وزە نوێ بووەكان كرایەوە.

چەندین بەرپرسی حكومی وئیداری و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی كوردستان لەڕێوڕەسمی كردنەوەی پیشانگاكە ئامادەی بوون. هەروەها ژمارەیەكی زۆری خاوەنكار و خاوەنی كۆمپانیای گەورە لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكە ئامادەی بوون.

سەڵاحەدین بابەكر، وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان، باسی لە گرنگی كردنەوەی پێشانگاكە وبەشداربوونی كۆمپانیای ناوخۆو بیانیەكان كرد، بەتایبەتی لەم بارودۆخە هەستیارەدا.

ئاماژەی بەوەشدا، بوونی كۆمپانیای بیانی لەهەرێمی كوردستان لەم هەلومەرجەدا مایەی خۆشحاڵیە و ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی سەرەڕای ئەو قەیرانانەی تووشی هەرێمی كوردستان بووە، رەوشی ژیان و گەشەپێدان بەردەوامە.

لەم پیشانگایەدا، جگە لەبەشداربوونی چەندین كۆمپانیا لەبواری جیاجیادا، چەندین دەزگای حكومی وفەرمی لەسەر ئاستی عیراق وهەرێمی كوردستان وئەڵمانیا وئێران وتوركیا وفەڕەنسا بەشداریان كردووە و لەبواری پەروەردە وفێركردن وگەشتوگوزار وبازرگانی گشتی كاڵای جۆراوجۆر نمایشكراوە.

نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر دووپاتیکردەوە ئەو سیاسەتەی حكومەتی هەرێم لەبواری ئابوری وبازرگانیدا گرتویەتیە بەر بۆ ناساندنی هەرێمی كوردستان وپتەوتركردنی متمانەی نێودەوڵەتی بەم هەرێمە سەركەوتنی بەدەستهێنا.

پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێكی تایبەت بە مالپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتی "ئەم سیاسەتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە هۆی ئەوەی تەنها لە هەولێر بایی 24 ملیار دۆلار وەبەرهێنان بكرێت لە پرۆژەی جیاجیا. راستە قەیرانی دارایی بەشێكی زۆری ئەو پرۆژانەی راگرت كە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە تەمویل دەكران بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی دارایی بۆ درێژە پێدانیان. ئێستا كاری سەرەكی حكومەت بەپلەیەك دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ەزارەتی سامانە سروشتیەكان. بەڵام چالاكی و جووڵەی كەرتی تایبەت نەوەستا وپرۆژە وپیشانگاكانیش بەردەوامن تەنانەت بەشێكی ئاوارەكانیش ئەوانەی لەدەرەوەی كامپەكاندا دەژین بەشێكن لەجووڵەی بازاڕ و سیاسەتی سەركەوتووانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمبارەیەوە رۆڵ وكاریگەری خۆی هەبووە".

لەماوەی ئەم مانگەشدا هەولێر لە چالاكی بازرگانی و ئابوری بەدەر نەبوو ئەگەرچی بارودۆخ لەسەر ئاستی عیراقیش لەباشیدا نیە و تا ئێستاش بەغدا و هەرێمی كوردستان نەگەیشتونەتە رێككەوتن لەبارەی پرسی بودجەوە.

سەرەڕای ئەوەش، لە 3ی ئەیلوول/ سێپتەمبەری ئەمساڵ، دووەمین پیشانگای كاڵای میسڕی لە هەولێر بەئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری بەرپرسانی حكومی لە هەرێمی كوردستان ومیسڕ دەستی پێكرد و بۆ ماوەی دە رۆژ پێشوازی لە میوانان كرد.

چاوەڕوانیش دەكرێت ساڵی داهاتوو هەمان پیشانگا ئەگەر دەرفەت بۆ كۆمپانیای رێكخەری پیشانگا رەخسا، دووجار لە دوو كاتی جیادا لە هەولێر بكرێتەوە. هەر لە 9ی ئەیلوول / سێپتەمبەری ئەمساڵ، سێیەمین لقی كارفور كە بڕاندێكی فەڕەنسی بەناوبانگە وەكو بازاڕێك بۆ فرۆشتنی كەلوپەل وكاڵای جۆراوجۆر لەهەرێمی كوردستان ودووەمین لقی لەهەولێر كرایەوە. وەك ئاماژەكانیش دەری دەخەن تا ئێستا زیاتر لە 20 ملیۆن جار سەردانی كارفور كردواوە.

دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی وپیشەسازی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكی تایبەت بە ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتی كە "سەرەڕای قەیرانەكان، هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا هێشتا بەبەردەوامی مامەڵە لەگەڵ بازاڕ دەکەن ولە سروشتیاندا بووە كۆڵنەدەر بن".

هاوكات دارا جەلیل خەیات نەیشاردەوە "هەرێمی كوردستان لە شەڕێكی گەورەی ئابوریشدایە كە چەندین ئاستی بەخۆوە گرتووە بەتایبەتی بە هەبوونی قەیرانێكی ناڕەوای دارایی لەلایەن بەغداوە ودابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان، ئەمەش جگە لە شەڕی  تیرۆر كە كاریگەری زۆری بەسەر باری ئابوری هەرێمی كوردستانەوە هەیە".

بە باشیشی زانی، "حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین رێوشوێنی دیكە بگرێتە بەر وسەرچاوەی دیكەشی بۆ ئابووری هەبێت وپشت بەستن تەنها بە نەوتەوە نەبێت چونكە دابەزینی بەهای نەوت زیاتر لە 60% ی بودجەی هەرێمی كوردستانی كەمكردەوە و گرفتی زۆری دروستكرد بۆیە پێویستە هەرچی زووە حكومەت چارەسەری بەپەلەی هەبێت بۆ دەرچوون لەم قەیرانانە".

لەلای خۆشیەوە فادی دەرویش رێكخەری پیشانگای نێودەوڵەتی هەولێر گرێدانی ئەم پیشانگایە لەخۆیدا وەڵامێكی بەهێزە بۆ ئەوانەی گرەویان لەسەر گرێنەدانی ئەم پیشانگایە دەكرد.

دەرویش لە لێدوانێكی تایبەت بە ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاند، ئەو پیشانگایە هەمیشە وێستگەیەكی سەرەكی بووە بۆ بەیەكگەیشتنی كۆمپانیاكانی ناوخۆ و دەرەوە. كاری زۆر كرا بۆ ئەوەی ئەم وێستگەیە گرنگە ئەمساڵ لەهەولێردا بوونی نەبێت، بەڵام متمانەی كۆمپانیاكان بە هەرێمی كوردستان بەهێزتربوو، بە بەڵگەی ئەوەی جگە لە خولی ئەم پیشانگایەدا شەشەمین پیشانگای وزە و هەشتەمین پیشانگای پرۆجێكت-عیراق كرایەوە. هاوكات سوپاسی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆمیشی كرد كە بوە سپۆنسەری پیشانگاكە و پاڵپشتی تەواوی پیشانگاكە كرد.

هەر لەمبارەیەوە، بەڕێوەبەری پەیوەندیە گشتیەكانی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم لە لێدوانێكی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كۆمپانیاكەیان بە ئەركی نیشتیمانی و نەتەوەیی خۆی هەستاوە بۆ گرتنە ئەستۆی سپۆنسەری ئەم پیشانگایە و چەندین پرۆژەی دیكەش لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەشدا ئەم پیشانگایە سەركەوتنی بەرچاو بەدەستدێنێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخەی كوردستان وعیراق وناوچەكە بەگشتی پێیدا تێدەپەڕێت و ئەوەشی خستەڕوو قەیرانی دارایی سەرەڕای ئەوەی كاریگەری بەسەر بەشێكی زۆری پرۆژە و چالاكیە ئابوریەكاندا هەبووە بەڵام بە پاڵپشتی هەموو لایەك ئەمساڵ رێگە بە هەڵپەساردنی ئەم پیشانگایە نەدرا.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی