لە چوارچێوەی بایەخدانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە بارودۆخی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ بەڕێز یۆرگین لیندسترۆم باڵیۆزی ووڵاتی سوید لە عیراق سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی كرد و لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لێكرا.

بەڕێز لیندستروم نیگەرانی خۆی نیشاندا سەبارەت بەو كارەساتانەی بەم دواییە لەسەر دەستی تیرۆرستان بەسەر هاوڵاتیانی چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستاندا هات كە ژمارەیەكی زۆریان شەهید و بێسەروشوێن بوون، هەر بەم بۆنەیەوە پرسەو سەرەخۆشی حكومەتی سویدی ئاراستەی حكومەتی هەرێم كرد و رۆلی پێشمەرگەو حكومەتی هەرێمی كوردستانی بەرز نرخاند لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستان و كردنەوەی دەرگا بەڕووی ئاوارە ناوخۆییەكان و ئاوارەكانی سوریا.

هەردوولا باسیان لە گرینگی پشتیوانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان كرد لە شەڕ دژی تیرۆرستان و بەرگری كردن لە هەرێمی كوردستان وەك ناوچەیەكی ئارام و سەقامگیرو پێشكەوتوو.

فەلاح مستەفا سوپاسی هەڵوێستی ووڵاتی سوید و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد بۆ بە هانا هاتنی خەڵكی هەرێمی كوردستان و ئاوارەكان و دووپاتی كردەوە كەوا كوردستان و هەموو پێكهاتەكانی بە درێژایی مێژوو دژی تیرۆربوونە، گەلی كوردستانیش خۆیان قوربانی تیرۆر بوونە.

بەڕێزیان ئاماژەی بەوەدا كەوا هەرێمی كوردستان پێویستی بە یارمەتی زیاتر هەیە لە ڕووی مرۆیی و سیاسی و سەربازی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستانی دەوڵەتی ئیسلامی كە مەترسیەكی گەورەیە بۆ سەر هەموو گەل و ووڵاتان نەك تەنها هەرێمی كوردستان. هیواخوازین وڵاتی سوید بتوانێ‌ كۆمەك و یارمەتی زیاتر پێشكەش بە هەرێمی كوردستان بكات و رۆلی هەبێت لە یەكێتی ئەوروپا بۆ پشتگیری كردن لە هەرێمی كوردستان بە تایبەت لەم قۆناغە هەستیارەدا.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی