ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 27/7/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێزان كریستۆس ستایلیاندس كۆمیساری باڵای یەكێتیی ئەوروپا بۆ كاروباری مرۆیی و بەڕێوەبردنی قەیرانەكان و خاتوو جانا هایپەسكۆڤا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق و شاندێكی یاوەریان كرد.
لە دیدارێكدا شاندی میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان پێشكەش بە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە سەرەڕای ئەو بارە قورسە ئابوورییەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە، باوەشیان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران كردووتەوە و بە باشترین شێوە خزمەتگوزاریی پێویستیان پێشكەش كردوون بۆیە وەك یەكێتیی ئەوروپا هاوكار و پشتیوانی هەرێمی كوردستانن و بەردەوامیش دەبن و هەوڵ دەدەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات بۆئەوەی ئەو بارە قورسەی لەسەر شانییەتی، كەم بكرێتەوە.
ڕێز و سوپاسی خۆشیان پێشكەش بە پێشمەرگەی كوردستان كرد كە توانیویانە بەر لە هەڕەشە و هێرشەكانی تیرۆرستانی داعش بگرن و هێرشەكانیان تێكبشكێنن و خەڵكی ناوچەكە بە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانەوە بپارێزن. هەروەك باسیان لە پێدوایستییەكان و هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا بۆ بەدەستهێنانی هاوكاریی نێودەوڵەتی كرد و جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بایەخێكی زیاتر بەو بابەتە بدات.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی شاندی یەكێتیی ئەوروپای كرد و داوای كرد لەو سەردانەیاندا ڕاستی بارودۆخی هەرێمی كوردستان بگەیەننە لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەوروپا و نێودەوڵەتی و لە پشتگیریی و هاوكارییكردنی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەهاناوەچوونی ئاوارە و پەنابەران بەردەوام بن جا چ ڕاستەوخۆ یان بە ڕێگەی ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە بێت.
هەروەها سوپاسی ڕۆڵی بەڕێز باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپای لە عێراق كرد كە بەردەوام سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و لە نزیكەوە چاودێری بارودۆخی هەرێم دەكات و ئەمەش بایەخدانی یەكێتی ئەوروپا بە هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت و جێگەی خۆشحاڵییە.
تاوتوێكردنی بارودۆخی گشتی عێراق و ناوچەكە و ئەو كێشانەی ڕووبەڕووی ناوچەكە بوونەتەوە، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی 5ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو جانا هیباسكۆڤا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق كرد.
لەم دیدارەدا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا سەرۆك بارزانیی لە هەنگاوە پڕاكتیكییەكانی كردنەوەی نووسینگەی تایبەتی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر ئاگادار كردەوە و باسیشی لەو هاوكاری و هەماهەنگیانە كرد كە لەنێوان یەكێتی ئەوروپا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئارادایە لە بواری سیاسی و مرۆیی و گەیاندنی یارمەتی بۆ ئاوارە و پەنابەران.
هەر لەم دیدارەدا هەردوولا نیگەرانیی خۆیان نیشاندا لە بارودۆخی نالەباری ئاوارەكانی ئەنبار بە تایبەتی دوای كەوتنی شاری ڕومادی و هاتنی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی عێراق، جەختیان لە پێویستی بەدەنگەوەهاتنی جدیتری حكوومەتی عێراقی و وڵاتانی ناوچەكە و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كردەوە.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا باس لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەبارەی بودجە و نەوت كرا.
ئەمڕۆ شەممە 7ـی 2ـی 2015 لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میونیخ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بە جیا لەگەڵ خاتوو فیدریكا موگیرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا و بورگ برێند وەزیری دەرەوەی نەرویج و خاتوو ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و ئێدوارد ناڵبەندیان وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا و تەممام سەلام سەرۆك وەزیرانی لوبنان كۆبوویەوە.
لەم كۆبوونەوانەدا هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان تاوتوێ كرا.
شایانی باسە لەم كۆبوونەوانەدا مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێن و دڵشاد بارزانی نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە ئەڵمانیا یاوەری سەرۆك بارزانی بوون.
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- ههرێمى كوردستان و ئێران جهخت له برهودان به پهيوهندييهكانيان دهكهنهوه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ لهگهڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» لهگهڵ شاندی یهکێتی هاورده و ناردنکارانی لقی ههولێر کۆبۆوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ههميشه پشتيوانى و بهرگرى له مافهكانى ئێزدييان دهكهين
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ باڵیۆزی یهکێتیی ئهورووپا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى نهمسا كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جهنهرال ڤاول دهكات