هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی سه‌ری ساڵی ئاشووری بابلی و جەژنەکانی ئەکیتۆ

به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

به‌ بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی ئاشووری بابلی و جەژنەکانی ئەکیتۆ، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم ئاراسته‌ی خوشك و برا ئاشووری و كلدانی و سریانییه‌كانی كوردستان و عێراق و جیهان ده‌كه‌م.

ئەمساڵ لەکاتێکدا بەشداریی لەو جەژنەی ئێوەی خۆشەویست دەکەین کە گەلەکەمان بە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانییەوە بەورڕووی شەڕێکی داسەپاوی تیرۆریستانی دڕندە و هەڵگرانی بیری نکۆڵیکاری و شۆڤینیزم بۆتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە خوشک و برایانی کریستیانی پارێزگای موسڵ لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی ئەو پارێزگایە ناچار بوونە ماڵ و موڵکی خۆیان بەجێ بهێڵن و ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن و هەرێمی کوردستانیش وەک هەمیشە نەوایەکی ئارام و ماڵی هەموو لێقەوماوانە و ئەو بەها بەرزانەی گەلەکەمان لە هەموو ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا بۆتە جێی ستایش و پێزانین.

لێرەوە جارێکی دیکە داوا ئێوەی خۆشەویست دەکەم بیر لە بەجێهێشتنی وڵات نەکەنەوە و دڵنیاتان دەکەمەوە کە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان وەک چۆن ئێستا تیرۆریستان تێک دەشکێنن و زۆربەی ناوچەداگیرکراوەکانیان لە دوژمنانی مرۆڤایەتی پاک کردۆتەوە و بەرگرییان لە هەموو پێکهاتەکانی ناوچە ئازادکراوەکان کردووە، لە داهاتوویشدا هەروا کوردستان سەروماڵی ئێوە و هەموو هاونیشتیمانییان دەپارێزێت و تیرۆریستانیش هیچ داهاتوویەکیان نییە و هەموو ئەوانەی ناچاربوونە ناوچەکانی خۆیان بەجێ بهێڵن، بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان.

هیوادارم ئێوەی ئازیز هه‌موو ساڵێك له‌ژێر سایه‌ی ئارامی و ئاسووده‌ییدا جه‌ژن و شادییه‌كانتان به‌ خۆشی بگێڕن.

مسعود بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
31/3/2015

 

 

 

 

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لوگزەمبۆرگ ده‌كات

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 29/3/2015 به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ ژان ئاسڵ بۆرن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و كاروباری یه‌كێتی ئه‌وڕووپای لوگزەمبۆرگ و شاندی یاوه‌ری كرد.

له‌م دیداره‌دا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لوگزەمبۆرگ ستایشی سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كرد و پێزانینی خۆشی ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر ئه‌و یارمه‌تییه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌شی ئاواره‌كانی كردووه‌ و رایگه‌یاند، جیهان به‌ڕێزه‌وه‌ سه‌یری ڕۆڵی كوردستان له‌ حه‌واندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان و پاراستنی پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌كان ده‌كات. هه‌روه‌ها ستایشی ئه‌و سه‌قامگیری و پێشكه‌وتنانه‌ی كرد، كه‌ كوردستان به‌خۆیه‌وە بینیوویەتی‌ و پابه‌ندی بنه‌ماكانی دیموكراسی و پێوه‌ره‌كانی مافی مرۆڤ بووه‌. له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئه‌وه‌شی به‌ سه‌رۆك بارزانی راگه‌یاند، كه‌ لەنێو وڵاتانی ئەورووپاییدا مەیلێكی زۆر هه‌یه‌ بۆ یارمه‌تیدانی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی سه‌ربازی و هاوكاری مرۆییه‌وه‌، وڵاته‌كە‌شی له‌ پشتیوانی و هاوكاری مرۆیی بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و رایشیگه‌یاند، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وڵاتی ئه‌ڵمانیادا ئاماده‌ی چاره‌سه‌ركردنی پێشمه‌رگه‌ برینداره‌كان و دابینكردنی پێداویستی پزیشكین.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لوگزەمبۆرگ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ له‌ ئه‌وڕووپادا رێزێكی زۆر بۆ پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ و رایگه‌یاند، ئێمه‌ باش له‌و ئه‌ركه‌ قوڕسه‌ ده‌گه‌ین، كە پێشمەرگە بەجێیگەیاندووە به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ نه‌بوایه‌، داعش نه‌ده‌شكا. ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌ته‌نها شه‌ڕی كوردستان نییه‌ و چونكه‌ داعش هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ هه‌مووان بۆیە ده‌بێ به‌ هه‌موو لایه‌ك روبه‌ڕووی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ جیهانییه‌ ببینه‌وه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆك بارزانی سوپاسی هه‌ڵوێستی وڵاتانی دۆستی هه‌رێمی كوردستانی كرد و رایگه‌یاند هه‌رچه‌نده‌ كوردستان له‌ شه‌ڕێكی قورسدا بوو، به‌ڵام یارمه‌تیدانی ئاواره‌كانی به‌ ئه‌ركێكی نیشتمانی و مرۆیی زانی و له‌و ئه‌ركه‌یشدا به‌رده‌وام ده‌بێت. سەرۆك بارزانی جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ شانازییه‌وه‌ شه‌ڕی تیرۆریستان ده‌كات و توانیشی ئوستوره‌ی داعش بشكێنێ و دووپاتی كردەوە داعش هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك و روبه‌ڕووبونه‌وه‌یشی ته‌نها به‌ ڕێگەی سه‌ربازی ناكرێ، به‌لكو ده‌بێ له‌ڕووی فكریشه‌وه‌ شه‌ڕی بكرێ و سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی وشك بكرێن. ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ نابێ رێگه‌ بدرێ تیرۆریستان له‌ وڵاتانی ئه‌وڕووپادا ئازادییه‌كان بۆ مەبەستی ئاسانكاریی كاری تیرۆریستی بەكار بهێنن.

بارودۆخی سیاسی و قه‌یرانه‌كانی ناوچه‌كه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو، له‌وباره‌وه‌ سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ گه‌لی كوردستان خاوه‌نی كولتووری پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌ییه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نابێته‌ به‌شێك له‌و ململانێ تایفییه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌دا له‌ ئارادایه‌، هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ تیرۆر و فه‌رهه‌نگی توندڕۆیی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانێ جێ پێی خۆی له‌ كوردستان بكاته‌وه‌. سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ رێككه‌وتنێك لە نێوان هەردوولا هه‌یه‌ و لایه‌نی كوردستانی پێوه‌ی پابه‌نده‌ و چاوه‌ڕێی جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌یه‌.

له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك بارزانی لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی دا. بۆ بینی لێدوانه‌كه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌.

 

 

 

 

سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆك بارزانی كرد

ئەمڕۆ دووشەممە 30ـی 3ـی 2015 بان كیمۆن سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆك بارزانی كرد.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دڵگرانیی خۆی نیشاندا كە سەرباری ئەوەی زۆری پێخۆش بووە بەڵام بەهۆی كەمیی كات نەیتوانیوە سەردانی هەرێمی كوردستان بكات. هەروەها پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بە بۆنەی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەبەرانبەر تیرۆرریستانی داعش و سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدانی پێشمەرگە كرد و ستاییشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كرد لە شكستدانی تیرۆریستانی داعش.

هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستخۆشی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە یارمەتیی ئاوارە و پەنابەرانیان داوە و ڕایگەیاند كە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هەوڵ دەدات بەردەوام بێت لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان بۆ حەواندنەوەی ئاوارەكان و ئاستی هاوكارییەكانیش زیاتر بكات. لە بەشێكی دیكەی ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا كە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە قۆناغێكی باشتر دان و هەوڵەكان بۆ چارەسەربوونی گرفتەكان بەردەوامن.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو لەیلا زانا و شاندی یاوەری كرد

ئەمڕۆ سێشەممە 31ـی 3ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو لەیلا زانا پارلەمانتاری توركیا و ئەندامی شاندی سەردانیكاری ئیمڕالی و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە سڕی سوڕەیا ئۆندەر پارلەمانتاری توركیا و ئەندامی شاندی سەردانیكاری ئیمڕاڵی و نیلوفەر كۆچ هاوسەرۆكی كەنەكە.

لەم دیدارەدا كە بە مەبەستی گەیاندنی نامەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە سەرۆك بارزانی ئەنجامدرا، شاندی میوان سڵاوی بەڕێز ئۆجەلانیان گەیاندە سەرۆك بارزانی و باسی ئەو دیدار و چاوپێكەوتنانەیان كرد كە لەسەرەتای ئەم مانگە لە ئیمڕاڵی لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلاندا هەیانبووە. هەر لەم دیدارەدا شاندی میوان ئەوەیشیان خستەڕوو كە بەڕێز ئۆجەلان ئاگاداری گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و هاوكێشە ئاڵۆزەكان و ئەو شەڕەیە كە لە لایەن تیرۆریستاندا بەسەر كوردستاندا سەپێندراوە و ڕایانگەیاند كە بەڕێز ئۆجەلان جەختی لە ڕۆڵ و ئەو ئەرك و بەرپرسیارێتییە قورسە كردووەتەوە كە لەسەر شانی سەرۆك بارزانییە و دڵنیایی خۆیشی نیشان داوە كە سەرۆك بارزانی ڕۆڵی خۆی لە چارەكردنی گرفتەكان و تێپەڕاندنی هەڕەشەكان بۆ سەر كوردستان دەگێڕێت. لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا شاندی میوان سەرەخۆشیی خۆیان و بەڕێز ئۆجەلانیان بە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە گەیاند كە لەشەڕی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان جەختیان لە پاراستنی یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكان و بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كردەوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی پەرۆشی و خەمخۆریی بەڕێز ئۆجەلانی كرد بۆ چارەكردنی كێشەكان و ئەوەی خستەڕوو كە لەم كەشە ئاڵۆزەی لە ناوچەكەدا دەگوزەرێ بەهێزترین چەكی كوردستان، یەكڕیزی و برایەتی و كاركردنە بەو پڕەنسیپە باڵایانەی كە گەلی كوردستان هەیەتی، ئەویش ئاشتیخوازی و ئازادی و فەرهەنگی پێكەوەژیانە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بۆ شاندی میوان باسكرد كە لەم ململانێ تاییفییەی لە ناوچەكەدا هەیە، كوردستان نابێتە بەشێك لە كێشە و ململانێیەكان. سەبارەت بە شەڕی تیرۆریستانیش سەرۆك بارزانی ئەوەی شی كردەوە كە سەركەوتنی كورد بەسەر تیرۆریستان، پێگە و ناوبانگی بەرزی بۆ گەلی كوردستان مسۆگەر كردووە و جێگەی شانازییشە كە كوردستان لە كۆبانێ هەتا خانەقین لە یەك سەنگەردا ڕووبەڕووی تیرۆریستان بووەتەوە. پەیوەست بە بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی، وێڕای پێداگیری لەسەر بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە پێویستە هەموو لایەك لە هەوڵی سەرخستنی كۆنگرە بێت و ئامانجی سەرەكیی كۆنگرەیش گەیاندنی پەیامی ئاشتی بێت بۆ گەلانی ناوچەكە.

پڕۆسەی ئاشتیی لە توركیا و بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان و هەروەها قسەكردن لەبارەی چۆنییەتیی نەهێشتنی كێشەی نێوان حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو و، سەرۆك بارزانی پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ پڕۆسەی ئاشتی دەربڕی.

 

بروسكەی سەرەخۆشیی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی پاتریاركی كەنیسەی ئاشووریی ڕۆژهەڵات

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بۆ كەنیسەی ئاشووریی ڕۆژهەڵات

بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی قەداسەتی پاتریارك مار دنخای چوارەممان بیست كە لە 26ـی ئاداری 2015 لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمەریكا كۆچی دوایی كردووە. خوالێخۆشبوو ڕابەر و كەسایەتییەكی كاریگەری ئایینیی عێراق و جیهان بوو و ڕۆڵی هەبوو لە قووڵكردنەوەی تەبایی و برایەتی و هەموو كات پەرۆشی پێكەوەژیان و ئاشتیی نێوان پێكهاتە و پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەكان بووە. بەم بۆنە خەمناكەوە سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی دەستەی كەنیسەی ئاشووریی ڕۆژهەڵات و تێكڕای باوەڕدارانی ئەم كەنیسەیە و خانەوادە و كەسوكاری خواڵێخۆشبوو قەداسەتی پاتریارك مار دنخای چوارەم دەكەم. لە خودای مەزن داواكارم سەبر و ئارامی بە هەموو لایەكمان ببەخشێت و خوالێخۆشبووش بباتە بەر ڕەحمەت و دلۆڤانیی خۆی و ڕۆحی شاد بێت.

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
27ـی ئاداری 2015

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەكیلی وەزیری دەرەوەی توركیا دەكات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی 3ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فرێدون سینێرلی ئۆغلو وەكیلی وەزیری دەرەوەی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەخت لەوە كرایەوە كە دابینكردنی ئاساییشی ناوچەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان ئەركی هەموو لایەكە و پێویستی بە كاری هاوبەش و هەماهەنگیی نێوان وڵاتانی ناوچەكە و جیهان هەیە.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا قسە لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری ئاشتیی توركیا كرا و سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە هەرێمی كوردستان پاڵپشتی پڕۆسەی ئاشتیی لە توركیایە و ئامادەیشە لە هەموو قۆناغەكانی ئەم پڕۆسەیە یارمەتیی سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا بدات. هەر پەیوەست بەم باسەوە سەرۆك بارزانی ئەوەی خستە ڕوو كە لە سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتیدا هەموو لایەك و گەلانی ناوچەكە سوودمەند دەبن و هیوایشی خواست كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم ئەم پڕۆسەیە نەمێنن.

پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و فراوانكردنی ئاستی هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان هەردوولا بۆ دابینكردنی ئاساییش و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو و، وەكیل وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند كە ئاساییش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی جێگەی بایەخە و توركیا هەموو هەوڵێك دەدات یارمەتیی ئاساییش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بدات.

پەڕەى 210 لەکۆى 347 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی