هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

ئه‌ڵمانیا له‌ هاوكاریكردنى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ‌2015/1/11، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو "ئوزولا فۆن دێر لایه‌ن" وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌‌ڵمانیا و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه‌ له‌ چه‌ند به‌رپرسێكى سه‌ربازى و سیاسى و ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانته‌ران و باڵیۆزى ئه‌ڵمانیا له‌ عیراق و كونسولى گشتیى ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمى كوردستان پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا خاتوو "فۆن دێر لایه‌ن" وێڕاى سوپاسگوزارى بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ى له‌ كوردستان لێى كراوه‌، ڕێز و پێزانینى خۆى و حكوومه‌تى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان و پێشمه‌رگه‌ ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ ئه‌ڵمانیا به‌ چاوى ڕێز و پێزانینه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌ له‌ به‌ره‌كانى جه‌نگى دژى داعشدا، له‌ جیاتى هه‌موو جیهانى ئازاد له‌ شه‌ڕدایه‌ و نرخێكى زۆرى پێشكه‌ش كردووه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌و هێزه‌ تیرۆرسته‌ زۆر كاریگه‌ر بووه‌ و پێشمه‌رگه‌ سه‌لماندى‌ كه‌ داعش هێزێك نییه‌ له‌ناو نه‌چێت، یان نه‌شكێت.

هه‌روه‌ها پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى پێشكه‌ش به‌ كه‌سوكارى شه‌هیدان كرد و هاوسۆزى و هاوخه‌میى خۆى له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كانیان و گه‌لى كوردستان ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ڵمانیا و دنیاى ئازاد له‌ پشتگیرى و هاوكاریكردنى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بن. دڵگرانیى خۆیشى بۆ هێرشه‌ تیرۆرستییه‌كانى چه‌ند ڕۆژى ڕابردووى پاریس نیشان دا.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سوپاسى سه‌ردانه‌كه‌ى كرد كه‌ بۆ جارى دووه‌مه‌ دێته‌ هه‌رێمى كوردستان تا له‌ نزیكه‌وه ئاگادارى بارودۆخه‌كه‌ و دوایین پێشهاته‌كان بێت، سوپاس و پێزانینى خه‌ڵك و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیشى بۆ هاوكارییه‌ سه‌ربازى و مرۆییه‌كانى ئه‌ڵمانیا ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كان و جۆرى چه‌ك و مه‌شق و ڕاهێنانى سه‌ربازى له‌ لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌، كاریگه‌رییه‌كى به‌رچاوى له‌ گۆڕینى هاوكێشه‌كانى شه‌ڕدا هه‌بووه‌ و له‌ سه‌ركه‌وتن و پێشڕه‌وییدا، هاوكارییه‌كى زۆرى پێشمه‌رگه‌یان كردووه‌. جه‌ختیشى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتن و پێشڕه‌وییه‌كانى پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بن، به‌ڵام پێویستى به‌ یارمه‌تى و هاوكاریى زیاترى سه‌ربازى هه‌یه‌.

تاوتوێكردنى ڕه‌وشى عیراق و پێشهاته‌ سیاسى، سه‌ربازى و ئه‌منییه‌كان و بارودۆخى ناوچه‌كه‌ به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش دەكات

ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی 1ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جۆن ئاڵێن نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە بڕێت مەكگوورك جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و جۆزێف پێنینگتۆن كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سوپای ئەمەریكا.

لە دیدارەكەدا نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی لە دەڤەری ڕەبیعە و زووممار و شنگال كرد و پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵی ئازایانەی هێزەكانی پێشمەرگە لە شكستدانی تیرۆریستانی داعش و سەرەخۆشی لە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لەم شەڕەدا ئازایانە گیانی خۆیان بەخشیوە و شەهید بوونە. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەڵەتیی شەڕی دژی داعش وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە سەركردایەتیكردنی شەڕەكە ڕایگەیاند كە لە هەموو جیهاندا ڕێزێكی تایبەت هەیە بەرانبەر ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و خۆڕاگریی گەلی كوردستان و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و هەروەها پاراستن و پەنادانی سەدانهەزار ئاوارە كە لەبەر هەڕەشەی تیرۆریستان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و ئەوەی وەك دەستكەوتێكی گرنگ بۆ هەرێمی كوردستان لەقەڵەم دا كە بووەتە هۆی ئەوەی كوردستان پێگە و ناوبانگێكی بەرز لە ئاستی جیهانیدا بەدەست بهێنێت. نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەڵەتیی شەڕی دژی داعش ئەوەیشی خستەڕوو كە پێشمەرگە ئەفسانەی داعشی تێكشكاند و وڵاتەكەیشی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردنی زیاتری هەرێمی كوردستان و هانی وڵاتانیش دەدات كە لە هاوكاریكردن و پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام بن.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوان كرد و سوپاسی گەل و سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەمەریكای كرد كە زۆر خێرا پاڵپشتیی خۆیان بۆ گەلی كوردستان ڕاگەیاند و لە وتەیەكدا باسی چۆنییەتی سەرهەڵدان و گەشەی تیرۆریستانی داعشی لە ڕۆژئاوای عێراق كرد و ئاماژەیشی بەوەدا كە ڕووداوەكانی پاریس بەڕوونی نیشان دەدات كە تیرۆر هەڕەشەیەكی جیهانییە و هەموو لایەك دەكاتە ئامانج و نابێت تەنیا لەڕووی سەربازییەوە شەڕی تیرۆر بكرێت بەڵكو لەڕووی سیاسی و فكریشەوە پێویستە هەموو لایەك بە جدی ڕووبەڕووی ئەم هەڕەشەیە ببنەوە.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا قسە لەبارەی بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی جەنگ و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە كرا و هەروەها چۆنییەتی هەماهەنگیی زیاتری نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان تاوتوێ كرا.

فەلاح مستەفا بە نوێنەرایەتى سەرۆک بارزانى و حکومەتى هەرێم بەشدارى رێپێوانە جەماوەرییەكەی پاریسى کرد

فەلاح مستەفا بە نوێنەرايەتى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و حکومەتى هەرێمى کوردستان بەشدارى رێپێوانە جەماوەرييەكەي پاريسى کرد کە ئەمڕۆ يەک شەممە بە بەشداري فرانسوا ئۆلاند سەرۆكي فەرەنسا و زياتر لە 50 سەرۆک وڵاتاني جيهان بە ناوى (رێپێوانى کۆمارى) دژي کردەوە تيرۆرستيەکانى پاريس تيرۆر بەڕێوەچوو.

نوێنەرى سەرۆک بارزانى و حکومەتى هەرێم، فەلاح مستەفا، بە ياوەرى عەلى دۆڵەمەڕى لە نوێنەرايەتى حکومەتى هەرێم لە فەرەنسا هاوشان لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەکانى جيهان لە بەردەم کۆشکى ئەليزێ لەلايەن فڕانسوا هۆلاند سەرۆکى فەڕەنساو وەزيرى دەرەوەى فەڕەنسا پێشوازيان لێکرا.

سەرۆکى فەڕەنسا سڵاوو رێزى خۆى گەياندە سەرۆک بارزانى و گەلى کوردستان و گووتى بەشدارى کردنى شاندى هەرێمى کوردستان بە بايەخەوە سەير دەکەين و وەک وڵاتى فەڕەنسا بەردەوام دەبين لە پشتيوانى کردنى هەرێمى کوردستان.

بەرپرسى پەيوەنديەکانى دەرەوەى حکومەت سڵاوو رێزى سەرۆک بارزانى گەياندە سەرۆکى فەڕەنسا و هاوخەمى و هاوسۆزى گەل و حکومەتى هەرێمى لەبەرامبەر کارە تيرۆرستيەکانى ئەم دواييەى ئاراستە کردو گووتى بەشدارى کردنمان لەم خۆپيشاندانە، بەشدارى کردنە لە سەنگەرێک دژى تيرۆرستان کە گەلى ئێمە بۆتە قوربانى دەستى تيرۆرو ئێستاش قارەمانانە دژيان دەجەنگن.

وەزيرى دەرەوەى فەڕەنسا جەختى لەسەر پشتوانى هەرێمى کوردستان کردەوەو بەشدارى کردنى شاندى هەرێمى کوردستانى بە بايەخەوە وەسف کرد.

لە ناو کۆشکى ئەليزێ سەرۆک وەزيرانى فەڕەنسا پێشوازى لە فەلاح مستەفا کردو خۆشحاڵى خۆى نيشاندا بۆ بەشدارى کردنيان لە رێپێوانى کۆمارى و پشتگيرى وڵاتەکەى بۆ هەرێمى کوردستان دووپاتکردەوە. لە بەرامبەردا شاندى هەرێمى کوردستان هاوخەمى گەل و حکومەتى هەرێميان گەياندە سەرۆک وەزيرانى فەڕەنسا.

لە ميانەى ديدارەکانى لە کۆشکى ئەليزێ فەلاح مستەفا چاوى بە هەر يەک لە راوێژکارى ئەڵمانيا ئەنگێللا مێرکل و وەزيرى دەرەوەى ئەڵمانياو سەرۆک وەزيران و وەزيرى دەرەوەى نەرويج و به‌رپرسي سياسه‌تي دره‌وه‌ي يه‌کێتي ئه‌ورووپا فيدريکا مۆگرينى و مەحمود عەباس سەرۆکى دەسەڵاتى فەلەستين و سەرۆک وەزيران و وەزيرى دەرەوەى ئيتاڵيا و سەرۆکى رۆمانيا و سەرۆک وەزيرانى تورکياو سەرۆک وەزيرانى هۆڵەنداو وەزيرى دەرەوەى چيک و وەزيرى دەرەوەى ئيمارات و وەزيرى دەرەوەى لوبنان کەوت.

بەرپرسى پەيوەنديەکانى دەرەوەى حکومەت پەيامى سەرۆک بارزانى و هەرێمى کوردستانى لەمەڕ تيرۆرو مەترسيەکانى تيرۆرستان ئاراستەى ئامادەبووان دەکرد، لە بەرامبەردا تەواوى سەرۆک و گەورە بەرپرسانى ئەو وڵاتانە بەشدارى کردنى شاندى هەرێمى کوردستانيان بەرز نرخاندو پشتيوانى وڵاتەکانيان بۆ هەرێمى کوردستان دووپاتکردەوە.

بە مەبەستي راگەياندني پشتيواني زۆرتر بۆ فەرەنسا لە رووبەڕووبوونەوەي توندوتيژي و تيرۆر، ئەمڕۆ لە پاريس خۆپێشاندانێکي سەرتاسەري بە بەشداري زياتر لە يەك مليۆن و پێنج سەد هەزار كەس و  50 سەركردەي جيهان بەڕێوەچوو. دواي رێپێوانەكە سەركردەكاني جيھان بۆ رێزگرتن لە قوربانياني ھێرشەكان ساتەوەختێك وەستان.

 

 

 

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا كۆبۆوە

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەمە 11ـی 1ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ئیكهارد بروس باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و ئەندامانی لیژنەی بەرگریی پارلەمانی ئەڵمانیا و كۆنسوڵی نوێی ئەڵمانیا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سیاسی و سەربازیی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا.

لە كۆبوونەوەیەكدا وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی ئەم دیدارە و ڕێز و پێزانینی خۆیشی نیشاندا بۆ پێشمەرگە كە ئازایانە شەڕی تیرۆریستانی داعش دەكات و ڕاشیگەیاند كە ئامادەبوون و سەرپەرشتیكردنی ڕاستەوخۆی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕ مانایەكی قووڵی هەیە و ئەڵمانیا لەو مانایە دەگات. هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو كە بۆ حكوومەتی ئەڵمانیا مایەی شانازییە كە هاوكاریی پێشمەرگە دەكات لە شەڕی دژی تیرۆریستان. وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئەوەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە هاتووە بۆ ئەوەی كار بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاوكاری هێزی پێشمەرگە و هەروەها مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە بكات و لە پێویستییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئاگادار ببێتەوە. وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا هێمایشی بەوەدا هاتنی شاندی پارلەمانی ئەڵمانیا و لیژنەی بەرگریی پارلەمانی ئەڵمانیا بۆ ئەوەیە كە لەڕووی تەشریعییەوە بتوانن چوارچێوەیەكی یاسایی پتەو بۆ هاوكاریكردنی پێشمەرگە دابڕێژین.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ئەندامانی لیژنەی پارلەمانی ئەڵمانیا لەمەڕ چۆنییەتی یارمەتیدانی پێشمەرگە و هەڕەشەی تیرۆریستان كۆمەڵێك پرسیاریان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و جەختیشیان لە دۆستایەتیی گەلی ئەڵمانیا و گەلی كوردستان كردەوە و ستاییشی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد كە لەپاڵ شەڕی داعش یارمەتیی ئاوارەكانیان داوە و ئەوانیان لە هەڕەشەی تیرۆریستان پاراستووە. شاندی میوان هاوخەمیی خۆیشیان دەربڕی بۆ خانەوادە و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانەی لە بەرەكانی جەنگدا شەهید بوونە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای كرد كە یارمەتیی گەلی كوردستانیان داوە و ئەو هاوكاریانەی بە كاریگەر وەسفكرد. وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ ئەوەی دووپاتكردەوە كە گەلی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستاندا ئیرادەیەكی بەهێزی هەیە و پێشمەرگەیش توانیویەتی لەزۆر شوێن شكست بە تیرۆریستان بهێنێت. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە هێزی پێشمەرگە پێویستی بە هاوكاری و یارمەتیدانی دۆستانی هەیە بۆ ئەوەی ئەم شەڕە یەكلایی بكاتەوە. لەگەڵ ئەوەیش ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئەركی هەموو جیهانیانە و ڕووداوەكانی شاری پاریس بەڕوونی پێشانیدا كە تیرۆر دەتوانێ لە زۆر شوێن ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و ناسەقامگیری. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە هەرێمی كوردستان ڕەچاوی هەموو ئەو ئیلتزاماتانە دەكات كە لەگەڵ دۆستان و هێزی هاوپەیماناندا هەیەتی.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پێویستییەكانی پێشمەرگە و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و هەروەها دەڤەری شنگال و كۆبانێ و گوزەرانی ژیانی ئاوارەكانی بۆ شاندی میوان خستەڕوو.

شایانی باسە لەم كۆبوونەوەیەدا مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و دلشاد بارزانی نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە ئەڵمانیا و فەریق شێروان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەدوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی و وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە پڕێسكۆنفرانسێكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن خستەڕوو.

بۆ بینینی پڕێسكۆنفرانسەكە ئێرە كلیك بكە

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ جێگری سەرۆك كۆماری عێراق كۆبۆوە

ئەمڕۆ یەكشەممە 11ـی 1ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئوسامە نوجەیفی جێگری سەرۆك كۆماری عێراقی فیدڕاڵ كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق خرایە بەر باس و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش تاوتوێ كرا.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا جێگری سەرۆك كۆماری عێراق دەستخۆشی لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان كرد بۆ ئەو سەركەوتنە مەزنانەی لەشەڕی تیرۆریستاندا بەدەستیان هێناوە و پاڵپشتیی خۆیشی بۆ گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپاتكردەوە.

سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆك بارزانی دەكات

ئەمڕۆ یەكشەممە 11ـی 1ـی 2014 سەلیم ئەلجبووری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆك بارزانی كرد.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا پڕۆسەی سیاسی و بارودۆخی مەیدانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش خرایە بەر باس و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی لە بەرەكانی شەڕی دژی داعشدا بەدەستیان هێناوە.

هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە ڕاگەیاند و ئامادەیی خۆیشی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە پشتیوانی و هاوكارییەك بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش.

 

 

 

پەڕەى 237 لەکۆى 347 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی