هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور دەكات

ئەمڕۆ یەكشەممە 11ـی 1ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پیتێر ماورێر سەرۆكی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆكی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و وێڕای ئاماژەدان بە ڕووداوە خێراكانی ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆر ئەوەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە ڕێكخراوی خاچی سوور بەنیازە چالاكییەكانی خۆی لە ناوچە پڕكێشەكانی جیهان فراوانتر بكات بە جۆرێك كە لەگەڵ گۆڕانكارییە تازەكان بگونجێت. سەرۆكی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور سوپاسی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی كرد كە میوانداریی سەدانهەزار ئاوارەیان كردووە و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانیان لە هەڕەشەی تیرۆریستان پاراستووە. هەروەها لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی فراوانبوونی چالاكییەكانی ڕێكخراوی خاچی سووری كرد لە گەیاندنی هاوكاریی مرۆڤی بۆ ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان كرد و ئەوەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە ڕێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی ئامادەیە لە گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچە ئازادكراوەكان یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدات. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور سوپاسی دامودەزگەی فەرمیی هەرێمی كوردستانی كرد كە لە جێبەجێكردنی ئەرك و كارەكانی ڕێكخراوەكەیان هاوكاری و ئاسانكارییان پێشكەش دەكەن و هەروەها ئاسانكاری و هاوكاریی گرتووخانەكانی هەرێمی كوردستانیشی بەرز نرخاند لە كاتی سەردانی نوێنەر و چاودێرەكانی ڕێكخراوەكەیان بۆ گرتووخانەكانی هەرێم.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و دەستخۆشی لە ئەرك و كارەكانی ڕێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی كرد و پێشوازی لە هەوڵ و چالاكییەكانی ئەم ڕێكخراوەی لە یارمەتیدانی ئاوارەكان كرد كە لە كوردستاندا نیشتەجێن. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی ڕاگەیاند كە بۆ كوردستان جێگەی شانازییە بووەتە پەناگەی ئاوارە و نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان و حكوومەتی هەرێم بەهەموو توانایەك یارمەتیی ئاوارەكان دەدات بەڵام بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان و قەبارەی كارەساتەكە ئەركی یارمەتیدان لە ئاستی تواناكانی هەرێم چووەتەدەر و كوردستان پێشوازی لە هەر لایەنێك دەكات كە یارمەتیی پێشكەشی ئاوارەكان بكات .

هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە هۆكار و سەرەتاكانی دەركەوتنی تیرۆریستانی داعش و كەوتنی موسڵ و بەهێزبوونیان ئەوەی خستەڕوو كە كوردستان ئاستەنگێكی گەورە بوو لەبەرانبەر فراوانبوونی تیرۆر و بۆ ئەوەی ڕێگە لە گەشە و پێشكەوتنی كوردستان بگرن و بەهۆی هێزەوە خاكی كوردستانیش داگیر بكەن، پەلاماری كوردستانیاندا بەڵام تیرۆریستان هەرگیز پێشبینیی ئەوەیان نەدەكرد گەلی كوردستان و پێشمەرگە بەمشێوەیە ڕووبەڕوویان ببنەوە و دۆستانی گەلی كوردستانیش یارمەتیی پێشمەرگە بدەن. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا هێمای بەوەدا كە تیرۆریستان چەك و ئیمكانیاتی دوو دەوڵەتیان لەبەردەستە و لە ڕەگەز و نەتەوەی جۆراوجۆرن و دژی هەموو بەهاكانن و هەڕەشەن بۆ سەر هەموو جیهان بۆیە ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنیان ئەركی هەموو لایەكە و تەنیا بە لایەنێك ناكرێت. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی باسكرد كە كوردستان بە شێوەیەكی فیعلی لە كۆبانێ هەتا خانەقین لەگەڵ تیرۆردا لەشەڕێكی قورسدایە و خۆڕاگریی و ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستانی لەم شەڕەدا بەرز نرخاند.

نێچیرڤان بارزانی هێرشه‌ تیرۆرستییه‌كه‌ی پاریس ئیدانه‌ ده‌كات

هێرشه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی سه‌ر گۆڤاری ’’شارلی ئه‌بدۆ’’ له‌ پاریسی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسا، كارێكی تیرۆستییه‌، كه‌ هیچ پاساوێكی نییه‌ و به‌ توندی ئیدانه‌ی ده‌كه‌ین. به‌ ناوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ‌سه‌ره‌خۆشی له‌ خانه‌واده‌ و كه‌سوكاری قوربانیان ده‌كه‌ین. له‌ دژی تیرۆر به‌ هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیری له‌ گه‌لی فه‌ڕه‌نسا ده‌كه‌ین، وه‌ك چۆن فه‌ڕه‌نسا له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆردا له‌ وڵاته‌كه‌مان، پشتگیری له‌ گه‌لی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
7ی یه‌نایه‌ری 2015

 

 

 

 

لێدوانى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە سەبارەت بە هێرشە تیرۆرستیەکەى پاریس

فەرمانگەى پەيوەنديەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە توندى سەرکۆنەى رووداوى تەقەکردنە مەترسيدارەکەى سەر نووسينگەى گۆڤارى چارلى هێبدۆ لە پاريس دەکات، کە بووە هۆى گيان لەدەستدانى 12 کەس. هەست و پاڕانەوەکانى ئێمە لەگەڵ قوربانيەکانى ئەو کردەوە تيرۆرستيەيە. ئێمە لەم کارەساتەدا لەگەڵ خەڵکى فەڕەنسادا دەوەستين و لەم بارودۆخە سەختەدا هاوخەمى خەڵکى کوردستان دەدەبڕين.

ئەم جۆرە هێرشانە تەنها هاندەرمان دەبێت بۆ پابەندبوونمان بە يەکگرتوويي و پاراستنى بەهاکانى ئازادى دەربڕين و هەروەها بۆ بەردەوامبوونمان لە شەڕ دژى تيرۆر. ئەم جۆرە هێرشانە ئەوەمان پيشان دەدات کە پێويستە ئەندامانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى پێکەوە شانبەشانى يەکتر شەڕ دژى تيرۆرستان بکەن، کە هەڕەشەن بۆسەر بەهاکانى ديموکراسى و لێبوردەيي و پێکەوە ژيانى ئاشتيانە. ئەمڕۆ هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان لە پێشەوەى بەرەکانى شەڕدان دژى تيرۆر. هاوکات پێويستە شەڕ دژى توندڕەوەکان بەبێ راوەستان بەردەوام بێت.

جارێکى ديکە پرسەو سەرەخۆشى خۆمان ئاڕاستەى خانەوادەى قوربانيەکانى رووداوەکەى پاريس دەکەين.

لە ئەمەریکا، فەلاح مستەفا سەردانی وەزارەتی دەرەوە و كۆنگرێس و سیناتی كرد

بە مەبەستی ناساندنی نوێنەری تازەی حكومەتی هەرێم بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە بە یاوەری نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا سەردانی وەزارەتی دەرەوە و كۆنگرێس و سیناتی وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایان كرد.

فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە بە یاوەری خاتوو بەیان سامی نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا لە سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا چاویان كەوت بە بەڕێز برێت مەكگێرك جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك. لە سەرەتایی دیدارەكەدا سوپاسی بەڕێز برێت مەكگێرك یان كرد لە پشتگیریەكانی بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق و ئەو پێشوازیە گەرمەی كە لە شاندەكەی كرد.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە گوتی " ئێمە سوپاسی وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكەین بۆ هاوكاری كردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1991 و ئازادكردنی عێراق لە ساڵی 2003 و  دواتریش دووبارە بەجێهێنانی ئەركی دۆستایەتیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014 ئەویش لە ڕێگای وەشاندنی گورزی ئاسمانی بۆ سەر ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش كە بووە هۆی زیاتر پشتگیری و بەرزكردنەوەی مۆراڵی خەڵكی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە".

هەروەها خاتوو بەیان سامی نوێنەری تازەی حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا گووتی كە بە پەرۆشەوە دەڕوانێتە هەماهەنگی كردن لەگەڵ بەڕێز برێت مەكگێرك لە ئەركی نوێی وەك نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا بە تایبەتی لەو كاتەی ئێستادا كە هەرێمی كوردستان و وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەیەكەوە شەڕ دەكەن دژی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش.

بەڕێز برێت مەكگێرك ئەوەی دووپات كردەوە كە هاوبەشیەكی ستراتیژی لە نێوان وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هەرێمی كوردستاندایە هەیە كە لە پێناوی بەرژەوەندی هەردوولادایە.

هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا دەربارەی پێداویستیەكانی هێزی پێشمەرگە كە ئێستا لە شەڕدان دژی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش و ئەو قەیرانەی مرۆییەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆتەوە لە ئەنجامی ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك. هەردوولا پێشوازیان لە بەرەوپێشچوونی كەشی هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغدا كرد.

هەروەها ڕۆژی سێ‌ شەممە ڕێكەوتی 7/1/2015 بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە و نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا چاویان كەوت بە ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆنگرێس و سینات.

لە دیدارێكدا لەگەڵ سیناتۆر بۆب كۆركەر سەرۆكی كۆمیتەی كاروباری دەرەوەی سینات و نوێنەری وویلایەتی تێنیسی كە زۆرترین ژمارەی ڕەوەندی كوردستانی لێیە، گفتوگۆ و بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا دەربارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق و سوریا و پێویستی زیاتری هاوكاری وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە دەتوانێت پێشكەش بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانی بكات. هەروەها ئاماژەكرا بە ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە دابین كردنی پەناگەیەكی ئارام بۆ ئەو پێكهاتە نەتەوەییانەی ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.

هەروەها ژمارەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی كۆنگرێس و سینات ئەنجامدرا لەوانە بەڕێزان كۆنگرێسمان دێڤین نیونس سەرۆكی كۆمیتەی هەواڵگری، سیناتۆر تیم كاینی، كۆنگرێسمان رۆدنی فێرلینگهیوسن سەرۆكی كۆمیتەی لاوەكی بەرگری لە كۆمیتەی دابین كردن، كۆنگرێسمان جێری كۆنۆڵی، كۆنگرێسمان دەینا رۆراباكەر، كە لە تەواوی ئەو دیدار و كۆبوونەوانەدا باس لە بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و بەرەنگاربوونەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان و پێداویستی هەرێمی كوردستان لە ڕووی هاوكاری سەربازی و مرۆیی كرا.
 

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە پێشمەرگەی قارەمانی شنگال قاسم دەربۆ دەكات

ئەمڕۆ چوارشەممە 7ـی 1ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پێشمەرگەی قارەمانی دەڤەری شنگال قاسم دەربۆ كرد.

لە دیدارێكدا سەرۆك بارزانی سوپاسی خۆڕاگری و قارەمانێتیی قاسم دەربۆ و هەڤاڵانی و هەروەها ئەم پێشمەرگە دڵێرانە كرد كە قارەمانانە بەرگرییان لە چیای شنگال كرد و ڕێگەیان نەدا دەستی گڵاوی تیرۆریستان بگاتە چیای شنگال. سەرۆك بارزانی لەبارەی ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزیدییەكان هاتووە، ئاماژەی بەوەدا كە زوڵم و دەستدرێژیی دوژمنان و تیرۆریستان دژی خوشك و برا ئێزیدییەكان درێژەپێدەری ئەو زوڵمەیە كە دوژمنانی كوردستان لەدژی گەلەكەمان و بێسەروشوێنكردنی 12000 فەیلی و 8000 بارزانی و سەدوهەشتاودوو هەزار كوردی گەرمیان و ناوچەكانی دیكەی كوردستان و هەروەها كیمیابارانكردنی هەڵەبجە ئەنجامیان داوە. دوژمنان ئێزیدییەكانیان بەهۆی كوردبوون و ئێزیدیبوونیان كردە ئامانج و بەلای تیرۆریست و دوژمنانەوە ئێزیدیەكان دووجار تاوانبارن ئەویش چونكە لە نەتەوەی كوردن و ئایینیشیان ئێزیدییە. بۆیە ئێمەیش هەرچی لە تواناماندا بیت دەیكەین بۆ ئەوەی ئێزیدییەكان سەرفیراز و ئازاد بن و وەك هەموو خەڵكی كوردستان بە ئازادیی بژیین.

لەبەرانبەردا فەرماندە و پێشمەرگەی قارەمانی دەڤەری شنگال سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد و ئامادەبوونی سەرۆك بارزانیی لە بەرەكانی شەڕ بە هۆكارێكی گەورە زانی لە سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە و هەروەها هاتنی سەرۆك بارزانیشی بۆ سەر چیای شنگال بە وەرچەرخانێك لە مێژووی دەڤەری شنگال لە قەلەمدا. قاسم دەربۆ بەڵێنی بە سەرۆك بارزانیدا كە تاهەتایە بەرگریكاری كەرامەت و خاكی كوردستان و شنگال دەبێت و جەختی لەوەیش كردەوە كە ئێزیدییەكان و خەڵكی دەڤەری شنگال، شنگال بە بەشێكی ڕەسەنی كوردستان دەزانن.

پەیامی هاوخەمیی سەرۆك بارزانی بۆ سەرۆكی فەڕەنسا

بەڕێز فڕانسوا هۆڵاند سەرۆك كۆماری فەڕەنسا

بە بیستنی هەواڵی پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر گۆڤاری شارلی ئێبدۆ لەناو شاری پاریس و گیانلەدەستدانی ژمارەیەك ڕۆژنامەنووس و هاووڵاتیی بێتاوان زۆر خەمبار بووم. بە ناوی خۆم و گەلی كوردستان سەرەخۆشی لە بەڕێزتان و گەلی فەڕەنسا و كەسوكاری قوربانیانی ئەم ڕووداوە دەكەین و زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە نامرۆڤانە و قێزەوەنە دەكەین.

لەو ڕۆژە ناخۆشەدا گەلی كوردستان لە كاتێكدا كە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دڕندەترین جۆری تیرۆر لەشەڕدایە، پشتیوان و هاوخەمی گەلی فەڕەنسایە.

جارێكی دی سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە دەكەم و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازم. لەوەیش دڵنیام كە لە ئەنجامدا تیرۆریستان تێكدەشكێن و مرۆڤایەتی سەردەكەوێت.

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
7ـی 1ـی 2015

پەڕەى 238 لەکۆى 347 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی