هەرێمی کوردستان
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- ئەمڕۆ یەکشەممە 12 ی ئەبلوولی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە دەیڤد هەنت کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکی حکومەت، وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون، هیوای خواست کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا، لە ئەرکەکانیدا سەرکەوتوو بێت لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا.
کونسوڵی گشتیی بەریتانیا، سوپاسی هەماهەنگیی و هاوکاری دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لەگەڵ کونسوڵگەریی بەریتانیا و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ برەودان بە پەیوەندیی هەمەلایەنە لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بە تایبەتی لە بواری پەرەپێدانی وەبەرهێناندا. ستایشی هەوڵەکانی سەرۆکی حکومەتیشی کرد لە ئەنجامدانی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە . پشتیوانیی شانشینی یەکگرتووشی بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.
بەریتانیا پشتگیریى خۆى بۆ هەرێمى کوردستان دووپات دەکاتەوە
سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/9/12 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز دەیڤد هەنت کونسولى گشتیى نوێى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى وێڕاى بەخێرهێنان، پیرۆزباییى دەستبەکاربوونى لێکرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست، هەموو پشتگیرییەکیشى بۆ سەرخستنى کار و ئەرکەکانى نیشان دا. هەردوولا جەختیان لەسەر برەودان بە پەیوەندیى دووقۆڵى و فراوانکردنى بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشیى نێوان هەرێمى کوردستان و شانشینى یەکگرتوو کردەوە.
بەڕێز کونسولى گشتیى بەریتانیا ڕوونى کردەوە کە پلان و بەرنامەیەکى چڕى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى وڵاتەکەى لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەیە و لەگەڵ تیمەکەى کارى لەسەر دەکات، هەروەها پابەندیى شانشینى یەکگرتووى بە بەردەوامیى پشتگیرى و سەقامگیریى هەرێمى کوردستان و عیراق دووپات کردەوە و ستایشى هاریکارى و هەماهەنگیى وەزارەتى پێشمەرگەى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى لەگەڵ وەزارەتى بەرگریى بەریتانیا کرد.
کارکردن بۆ فراوانکردنى بوارى بازرگانى و سەرمایەگوزارى و چالاکیى کەرتى تایبەت لەنێوان هەردوولادا، دۆخى هەرێمى کوردستان و عیراق بەگشتى، کێشەکانى هەولێر ـ بەغدا، دوایین پێشهاتەکانى شەڕى دژى تیرۆر و مەترسییەکانى سەرهەڵدانەوەى داعش، هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عیراق، پەرەسەندنەکانى ناوچەکە و چەند پرسێکى جێى بایەخى هاوبەش، تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوو.
https://presidency.gov.krd/britain-confirms-its-support-for-the-kurdistan-region/
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 7 ی ئەیلولی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جۆزێپ بوڕێڵ جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا کرد.
لە دیدارەکەدا جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا، ئاماژەی بە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان کرد وەک فاکتەرێکی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا ، هەورەها بەردەوامبوونی هاوکاری و هەماهەنگیی یەکێتی ئەوروپاشی بۆ هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە شەڕی تیرۆردا، دووپات کردەوە .
سەرۆکی حکومەت وێڕای سوپاسکردنی هەڵوێستی دۆستانەی یەکێتیی ئەوروپا لە پشتگيریکردنی هەرێمی کوردستان، جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی چاودێرانەی تیمەکانی یەکێتی ئەوروپا کرد لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق ، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ، بە ئاراستەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک وبێگەرد کە ماف و خواستی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق دەستەبەر بکات.
سەرۆکی حکومەت هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە، دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت و یەکسانی و دادپەوروەری و شەراکەتی ڕاستەقینە ببنە بنەمای حوکمڕانییەکی تەندروست لە عێراقدا.
پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێنیی ئەوروپا و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان، چەند تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.
سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ شاندێکى باڵاى یەکێتیی ئەورووپا کۆبووەوە
نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 2021/9/7 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز جۆزێپ بۆرێل، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەورووپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا و شاندێکى یاوەرى کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا وێڕاى هەڵسەنگاندنێکى بابەتیانە بۆ دۆخى عیراق، پەیوەندییەکانى یەکێتیى ئەورووپا لەگەڵ عیراق و هەرێمى کوردستان و برەودان بە بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشیى نێوانیان، پەیوەندى و کێشەکانى هەولێر ـ بەغدا، دیموکراسى و سیستمى فیدراڵى لە عیراق، مەترسییەکانى تیرۆر و هەڕەشە و کردارەکانى داعش، هەڵبژاردنەکان و داهاتووى سیاسیى عیراق، دۆخى ئاوارە و پەنابەران، مەترسى و کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا، دوایین پێشهاتەکانى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبەشیان، تاوتوێ کرد.
بەڕێز بۆرێل، وێڕاى پێزانینى یەکێتیى ئەورووپا بۆ ڕۆڵى هەرێمى کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنى داعش و پێشوازى لە ئاوارە و پەنابەران و پاراستنى پێکهاتەکان، بەردەوامیى پشتگیریى و هاریکاریى یەکێتیى ئەورووپاى بۆ هەرێمى کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.
لاى خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان، ڕۆڵى یەکێتیى ئەورووپاى لە عیراق و هەرێمى کوردستان و یارمەتیدانیان بۆ بەهێزکردنى دامەزراوەکانى وڵات و چاکسازى و یارمەتیدانیان بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان بەرز نرخاند و دووپاتى کردەوە کە کێشەکانى عیراق پێوستییان بە چارەسەرى سیاسى و بەرپرسیاریەتیى هاوبەش لەسەر بنەماى دەستوور هەیە.
دواى کۆبوونەکەش لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیى هاوبەشدا، باسیان لە ناوەڕۆکى کۆبوونەوە و تەوەرەکانى کرد. لەمبارەیەوە سەرەتا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى گوتى:
بەخێرهاتنی بەڕێز بۆرێل، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەورووپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا دەكەم بۆ هەولێر و بۆ عیراق، بە خێر بێن. ئەم سەردانە زۆر بەرز دەنرخێنین كە لە كاتێكی گرنگدا ئەنجام دەدرێت و نیشانەى پابەندیی یەكێتیی ئەورووپایە بەرامبەر بە عیراق و هەرێمى کوردستان.
لەسەر كۆمەڵێك پرس گفتوگۆمان کرد، لەوانە: ئاسایش و سەقامگیرى، پەیوەندییەكانی یەكێتیی ئەورووپا و عێراق، پەیوندى و کێشەکانى هەولێر و بەغدا، شەڕی دژی داعش و هەڕەشەکانى، هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و گرنگیى بەشداریى تیمەکانى یەکێتیى ئەورووپا بۆ چاودێرى، دۆخی ناوچەكە، پرسى کۆچ و چەند بابەتی دیکەى جێی بایەخی هاوبەش.
سوپاسی وڵاتانى یەكێتیی ئەورووپا دەکەین بۆ پشتگیریى عیراق و هەرێمى کوردستان لە شەڕی دژی داعشدا، هەروەها بۆ یارمەتیی مرۆیییان. یەكێتیی ئەورووپا لە ڕێگەی بەرنامەکانی پەرەپێدانەوە لەسەر چەندین ئاستی جیا بە شێوەیەكی بەرچاو بۆ پەرەپێدان بە توانا مرۆیییەکان، هاوکارییان کردووین.
گۆڕانی كەشوهەوا، كاریگەری بەسەر تێكڕای گۆی زەویدا هەیە و ئێمەش لە دەرەوەى ئەو کاریگەرییە نین. تا دێت ڕوونتر دەبێتەوە كە گۆڕانی كەشوهەوا بۆ ئاسایش و پێشكەوتنی عێراق مەترسییە.
خۆشحاڵین كە سێ پارێزگای هەرێمی كوردستان لە پەیمانی پارێزگارانی ئەورووپا بوونەتە ئەندام، بە هۆی ئەوەی كە بە پشتگیریى یەكێتیی ئەورووپا، پلانی خۆگونجاندنی كەشوهەوا و وزەیان، پەرە پێداوە.
یەكێتیی ئەورووپا هان دەدەین كە بەردەوام بێت لە پشتگیریکردنى هەوڵەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ بەرنگاربوونەوەی كاریگەرییە تێكدەرەكانی گۆڕانی كەشوهەوا.
هەروەها داواى لێدەکەین بۆ بەهێزكردنی دامەزراوەكانى دەوڵەت، چاکسازى، بەرقەراریی یاسا، فەرمانڕەواییی دروست، تواناسازیی ژنان و لاوان، هاریکارى لە بوارى ئەکادیمى و زانکۆیی و بەرەوپێشبردنى بوارەكانی کارگێڕیى دارایى و کاروبارى دادوەریدا، پشتگیریمان بکەن. داواکارین هاوکار بن تا هەرێمى کوردسان لە هەموو ڕوویەکەوە لە ڕێککەوتن لەگەڵ عیراق و یەکێتیى ئەورووپا، سوودمەند بێت.
لە كۆتاییدا بەڕێز بۆرێل، دەمەوێ جارێكی دیکە پابەندیی خۆمان لە پەرەپێدان بە بەها هاوبەشەكانمان: دیموكراسی، ئازادیی ڕادەربڕین، ڕێزگرتنی مافەكانی مرۆڤ، پێكەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادیی ئایینی و پاراستنى پێکهاتەکان، دووبارە بکەمەوە. … زۆر بەخێر بێی.
پاشان بەڕێز جۆزێپ بۆرێل، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەورووپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا گوتى:
سوپاس جەنابی سەرۆک، سەرەتا سوپاسی جەنابتان دەکەم بۆ ئەم پێشوازییە گەرمەتان لە هەولێر.
خۆشحاڵم کە گەشتەکەم بۆ عێراق لەم هەرێمە، هەرێمی کوردستانی عێراق، کۆتایی پێدێنم، چونکە ئەستەمه سەردانی عێراق بکەیت و بایەخێکی زۆر بە هەرێمی کوردستان نەدەیت. ئێمە گفتوگۆیەکی پڕ بەرهەممان هەبوو لەبارەی کۆمەڵێک پرسی جێی بایەخی هاوبەش کە جەنابی سەرۆک ئاماژەی پێ دا. ئێمە دەزانین ئەم هەرێمە لە ڕابردوودا بە کێشەی زۆردا تێپەڕیوە و زۆر لەم ئاڵنگارییانە هێشتا ماون. من لێرەوە بە ناوی یەکێتیی ئەورووپاوە هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆمان دەردەبڕم. یەکێتیی ئەورووپا دۆست و هاوبەشە و هەروایش دەمێنێتەوه.
لەم کاتە سەختانەدا، هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگ لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا دەگێڕێت، هەر بۆیە ئێمە بایەخێکی زۆر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و دەستەڵاتە فیدراڵییەکان لە بەغدا دەدەین. ئێمە لە سەختییەکان تێدەگەین و هانی هەموو هەوڵەکان دەدەین بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و دەستەبەرکردنی هاوکاری، بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەی هەموو هاوکارییەکین.
لە گفتوگۆکانم لەگەڵ جەنابی سەرۆکدا، دەرفەتی ئەوەم هەبوو پێزانین و ستاییشی خۆم بۆ یارمەتیی گرنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیى دژی داعش بگەیەنم. پشتگیریى گرنگی خەڵکی کوردستان، کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەی هەبووه لە شەڕی دژ بە داعشدا. ئێمە لە یەکێتیی ئەورووپا بە تەواوی پابەندی ئەو هاوپەیمانییه جیهانییەین.
شەڕی دژی داعش بە داخەوه کۆتاییی نەهاتووه، هێرشەکان بەم دواییە هەروا بەردەوامن، هەر بۆ ئەم مەبەستە خۆشحاڵم ڕابگەیەنم کە لەم هاوینەدا ئێمە ئەرکی ڕاوێژکاریی خۆمان لە عێراق بە کردنەوەی شوێنێکی هەمیشەیی لە هەولێر فراوان کردووە. تیمەکەی ئێمە ئامادەیە ڕاوێژ و کاری پسپۆڕی لە بواری ئاسایشی مەدەنیدا پێشکەش بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات. ئەم ئەرکه نوێیە لەو شوێنانەدا دەستی پێکردووه کە پشتگیریى ئێمەیان پێویستە.
هەروەها پێزانینم بۆ هەرێمى کوردستان دەربڕى بۆ ئەو جوامێرى و بەرپرسیاریەتەى بەرامبەر زۆر کەس و زۆرێک لە ئاوارەکانى ناوخۆى دەستى داعش نیشانتان دا کە لە نێویاندا زۆر لە خەڵکى مەسیحى و ئێزدى هەبوون. جەنابى سەرۆک، هەوڵەکانتان زۆر بەرچاون، ئێوە لە ماوەى شەش مانگدا توانیتان پێشوازى لە دوو ملیۆن ئاوارە بکەن کە دەکاتە سێیەکى ژمارەى دانیشتوانى هەرێمى کوردستان، باوەڕ ناکەم لە هیچ شوێنێکى دیکە نموونەى کارێکى وا گەورەى پێشوازى و هاوکاریکردنى خەڵک هەبێت.
دەزانم ئەمە زۆرى تێدەچێت، بۆیە دەبێ ستایشى جەنابتان و خەڵکى کوردستان بکەم بۆ ئەو هەموو هاریکارییە. هەوڵ دەدەین ئەوەى لە توانانماندا بێت، یارمەتیتان بدەین، لە ساڵى 2019ـەوە تا ئێستا نزیکەى 240 هەزار کەس لە عیراق لە خزمەتگوزارییەکانى یەکێتیى ئەورووپا لە کەمپەکان سوودمەند بوون، پشتگیریش لەو پرۆژانە دەکەین کە دەبنە هۆى باشترکردنى پەیوەندیى نێوان ئاوارەکان و خەڵکى ناوچەکە.
هەروەها دەرفەتمان هەبوو گفتوگۆ لەسەر چەندین پرسى ناوچەیى بکەین کە جێى بایەخى هابەشمانن. ئەم ناوچەیە لە جوگرافیایەکى ئاڵۆزدا هەڵکەوتووە، هەر لەم چوارچێوەیەدا دوایین پێشهاتەکانیش وەک ئەوەى ئەفغانستان ڕەچاو دەکەین، باسمان لە دۆسیەى کۆچ کرد کە بۆ ئێمە و ئەندامانى یەکێتیى ئەورووپا گرنگە.
جەنابى سەرۆک، بە گفتوگۆمان دەربارەى مافەکانى مرۆڤ خۆشحاڵ بووم، لەسەر گرنگیى ئازادیى ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن هاوڕا بووین وەک بەشێک لە دیموکراسییەکى تەندروست بۆ کۆمەڵگەیەکى مەدەنیى ژیاندۆست و خاوەن ڕۆڵێکى کارا لەسەر بنەماى یاسا ناوخۆییەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان. میدیاى ئازاد و سیستەمى دادپەروەرى قەزا، بنەماى کۆمەڵگەیە.
ئەمانە پەیامەکانى کۆبوونەوەم بوون لەگەڵ جەنابى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و بەرپرسانى هەرێمى کوردستان. لەمەودوا پێشبینى هاوبەشییەکى پتەوتر لەگەڵ ئێوە دەکەم و هیوادارم دەرفەتى دووبارە سەردانى ئەم ناوچە جوانەیەم هەبێت.
https://presidency.gov.krd/the-president-of-the-kurdistan-region-meets-with-a-high-ranking-european-delegation/
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن کۆدەبێتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە 5 ی ئەیلولی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە عەبدولمونعم ئەلعۆدات سەرۆکی پەرلەمانی شانشینی ئوردن و شاندێکی یاوەری کرد .
سەرۆکی پەرلەمانی شانیشینی ئوردن، ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکی دۆستانەی بەهێز لە نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان هەیە و ستایشی ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێميشی کرد لە بواری ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە دەکرێ ببێتە نموونە بۆ تەواوی عێراق.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاس وپێزانینی بۆ هەڵوێستی دۆستانەی شا عەبدوڵلا و شانشینی ئوردن دەربڕی کە بەردەوام پشتیوانیی لە گەلی کوردستان کردووە بە تایبەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا.
لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن لە هەموو بوارەکاندا کرایەوە، بەتایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و برەودان بە دەرفەتەکانی وەبەرهێناندا.
سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە شاندێکى پارتى گەلى کۆماریى تورکیا کرد
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 2021/9/6 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە شاندێکى پارتى گەلى کۆماریى تورکیا CHP بە سەرۆکایەتیى بەڕێز ئۆغوز کائان سالیجى، جێگرى سەرۆکى پارتەکە کرد.
لە دیدارێکدا شاندەکە باسى لە ئامانجى سەردانەکەى بۆ هەرێمى کوردستان کرد و جەختى لەوە کردەوە کە چارەسەرکردنى کێشە و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە، بە دیالۆگ و لێکگەیشتنى نێوان گەلان و پێکهاتەکان دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش پارتەکەیان جێبەجێکردنى ڕوانگەیەکى دوورمەوداى لەسەر ئەو بنەمایە دەست پێکردووە و هیواى خواست پەیوەندیى باش و لەسەر بنەماى بەرژەوەندیى گەلانى ناوچەکە لەگەڵ هەرێمى کوردستان و پێکهاتەکانى بنیات بنێن و پێکەوە کار بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و ئارامى و سەقامگیرى لە ناوچەکەدا بکەن، هەر لەمبارەیەوە ئاماژەى بە گرنگیى ڕۆڵ و پێگەى هەرێمى کوردستان کرد.
لاى خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى جەختى لە گرنگیى دیالۆگ و لێکگەیشتن و بیروبۆچوونى هاوبەش و دۆزینەوەى ڕێگەچارەى کێشە و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە لەسەر بنەماى یەکترقبووڵکردن و نەهێشتنى ئینکار کردەوە و ئەم سەردانەی وەک سیاسەتێکى تازەى CHP لە قەڵەم دا. بەڕێزیان سوپاسى تورکیاى کرد کە هەمیشە لە تەنگانەدا یارمەتیى خەڵکى کوردستانى داوە و ئاماژەى بە هاوکاریى تورکیا لە کاتى ئۆپەراسیۆنەکانى ئەنفالى 1988دا کرد کە دەرگاکانى بەڕووى خەڵکى کوردستاندا کردەوە و یارمەتی دان. دەربارەى ڕۆڵ و پێگەى هەرێمى کوردستانیش دووپاتى کردەوە کە وەک هەمیشە بە فاکتەرى ئارامى و سەقامگیرى دەمێنێتەوە.
دۆخى گشتى و هەڵبژاردانەکانى داهاتووى عیراق، مەترسییەکانى داعش و پێشبینییەکان بۆ داهاتووى ناوچەکە، چەند تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوون.
https://presidency.gov.krd/the-president-of-kurdistan-region-receives-a-delegation-from-the-turkish-republican-peoples-party/
دوایین هەواڵەکان
- «سەلام رشدی» لهگهڵ «سەفین دزەیى» بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە کۆبووه
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد