هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

دەقی گوتاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیڤێنتی TEDxNishtman

 هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رۆژی شه‌ممه‌ 2020/2/13 بەشداریی لە ئیڤێنتی TEDxNishtman کرد و لە گوتارێکدا تیشکی خستە سەر گرنگی رۆڵی گەنجان لە کۆمەڵگادا، ئه‌مه‌شی ده‌قی گوتاره‌كه‌یه‌تی:

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز،

گەنجانی خۆشەویست،

سەرەتا سوپاستان دەکەم بۆ بانگهێشت کردنم

سوپاس بۆ ڕێکخەر و ئەو گەنج و خۆبەخشە بەڕێزانەی ئەم بۆنەیان ڕێکخستووە.

من ئەمڕۆ لێرەم بۆ نیشاندانی پشتیوانیی خۆم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو گەنجانەی ئەمڕۆ لێرە کۆبوونەتەوە. هەروەها بۆ نیشاندانی پشتیوانیی خۆم بۆ گەنجەکانمان بەگشتی، لە زاخۆوە تا خانەقین کە لە چەند مانگی ڕابردوودا، لە نزیکەوە ئاگاداری بیروبۆچوون و بیرۆکە و پەرۆشی و گەشبینییان بووم، بۆ باشتربوونی دۆخی کوردستان، چ ئەو گەنجەی لە هەولێرەوە کار بۆ فراوانکردنی کاری بەرگدروویی خۆی و هەناردەکردنی بۆ بازاڕی نوێ دەکات، یان ئەو خانمە ڕزگاربووە ئێزدییە ئازایەی، لە دهۆک دوکانێکی شیرینەمەنی بچووکی کردووەتەوە و بەو هۆیەوە هاوکاری خێزانەکەی دەکات.

ئەوان بازرگانیی بچووکیان کردووەتەوە و خەڵکی خۆجێییان بەکارخستووە، کە بە عەقڵییەتێکی نوێ و لەسەر بنەمای پشت بە خۆبەستن و داهێنان کار دەکەن.
لەبەر ئەوەش ئەمڕۆ لێرەم ، تا سەرەتایەکی نوێ لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێوە دەست پێ بکەین. کە پەیوەندییەک بێت، لە سەر بنەمای باشترکردنی دۆخی کوردستان لەلایەک و، هێنانەئارای دەرفەتی ڕاستەقینە بۆ گەنجان لە لایەکی تر. ئەمەش هەلێکە بۆ زیاتر لە یەک نزیکبوونەوەمان لە یەکتر.

دەزانم ئەو ئاستەنگانەی لە بەردەم ئێوەن، سەختن و هەندێکیان، بۆ چەندین نەوەیە لە ئارادان. بەڵام لە هەمانکاتدا دەزانم، ئەو دەرفەتانەی ئێستا هەن بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون.

منیش وەک زۆربەی خەڵکی کوردستان لە خێزانێکدا لەدایک بووم، هەمیشە لە گەڕان و ژیانێکی ناسەقامگیردا بووە و لە ئاوارەییدا ژیاون و هەستمان بە ڕاستییە تاڵەکانی ژیان کردووە و هەمیشە بە حەسرەتەوە تامەزرۆی گەڕانەوەبووین بۆ نیشتمان. من دەزانم خوێندن و پەروەردەی باش، دەتوانێت چ گۆڕانکارییەکی مەزن، لە ژیانی مرۆڤەکاندا دروست بکات.

ئێوە بەختەوەرن کە زۆربەتان ئەو سەختیانەتان نەدیوە، کە دایک و باوک و باپیرانتان، لە سەدەی ڕابردوودا بینیویانە و ڕووبەڕووی بوونەوە.

دەزانم کە ئێستا چاوەڕوانییەکانی ئێوە جیاوازن. (ئارین)ی کوڕم زۆر جار پێم دەڵێ "بیروبۆچوونی گەنجان ئێستا جیاوازترە و خواست و داواکاریان زیاترە، بۆیە دەبێ زياتر هەل و دەرفەتی کار بۆ گەنجان برەخسێنن“.

تێدەگەم کە نابێت ڕابردوومان، هەمیشە وەک پاساوێک، بەکاربهێنین بۆ لێکدانەوەی ئەو بۆشاییەی لە نێوان گەنجان و حکومەت دروست بووە.

بەڵام بۆ ئەوەی سوود لە دەرفەتی ڕاستەقینەی بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییە وەربگرین. دەبێت لە لە پێداویستی و پێگەی یەکتر تێبگەین.

بۆیە بە ڕاشکاوی پێتان دەڵێم: من خۆم پابەندم بە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ گەنجەکانمان. بێگومان حکومەت ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ڕەخساندنی ئەو دەرفەتە و پێویستە حکومەت چوارچێوەی یاسایی و ئابووری، بۆ گەشەپێدان و هاندانی هاوبەشیی و شەراکەتی کەرتی گشتی و تایبەتی دیاری بکات ، بۆ ئەوەی خاوەنکار و بازرگانەکان، گەشە بکەن و هەروەها یارمەتی گەشەپێدانی بزنسی بچووکیش بدەن.

هەروەها دەزانم کە دەبێت مەشق و پەروەردەی دروست هەبێت، بۆ ئەوەی زۆرترین دەرفەت بۆ گەنجەکانمان بڕەخسێنین. بەڵام بێگومان ئێمە ڕێگایەکی درێژمان لە پێشە و ئەنجامدانی ئەم گۆڕانکاریانە، کاتی دەوێت و هەندێک جار هەندێک کەسی خاوەن بەرژەوەندی تایبەتین و ڕێگری لە ئەنجامدانی چاکسازی دەکەن.

بەڵام دەبێت ئابوورییەک بنیات بنێين کە کەمتر پشت بە دامەزراندن لە کەرتی گشتیدا ببەستێت. . ئابوورییەک بێت، زیاتر پشت بە هەماهەنگیی و هاوکاری نێوان کەرتی گشتی و تایبەتی ببەستێت بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و پاڵپشتکردنی بازرگانیی بچووک و مامناوەند کە بتوانن زۆرترین دەرفەت و هەلی کار بڕەخسێنێت.

دڵنیام لە ساڵانی داهاتوو، بازرگانیی و بزنسی بچووک و مامناوەند، ئەوانەی لە لایەن گەنجانی وەکو ئێوە بەڕێوە دەبرێن، گەشە دەکات و دەبێتە بەشێک لە وەرچەرخانێکی زۆر پێویست، لە ئابوورییەکی پشتبەستوو بە نرخی ناجێگیری نەوت، بۆ ئابوورییەکی گەشەسەندوو ، کە لە کۆمەڵگەیەکی بەکارهێنەرەوە ببینە کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێنەر.

من بە پەرۆشم بۆ ئەوەی بزانم دەتوانین چی بەدەست بێنین لە وزەی کەسک و نوێکەرەوە green & renewable energy ، لە پیشەسازیی تەکنەلۆژیی پێشکەوتوو ، لە بواری گەشتیاریی ، لە کاری داهێنەرانە و زۆر بواری دیکەی ئابووریماندا .

ئەمە وەرچەرخانێک دەبێت لە ماوەی درێژخایەندا کە دەرفەت و هەلی کار دەرەخسێنێت و یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی، هەرێمەکەمان پێشبڕکێ بکات. دڵنیام ئێمە بە ئاراستەیەکی ڕاستدا هەنگاو دەنێین. کە خۆشبەختانە هەرێمی کوردستان لە جیهاندا، ناسراوە بەوەی، پەناگەیەکی ئارام و لێبوردە بووە و ئێمەش، پەرە بەو بەهایانە دەدەین. بۆیە من لەوباوەڕەدام کە هەرێمی کوردستان، بەوەی خاوەنی دانیشتووانێکی گەنج و بەهرەمەند و هیوابەخشە نەک تەنیا دەتوانێ ببێتە سەنتەرێکی بازرگانیی لە کوردستان بەڵکو دەبێتە مەڵبەندێکی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنانی گرنگ، لە عێراق و ناوچەکەدا.

من بەتایبەتی پەرۆشی ڕەخساندنی دەرفەتی بەدیجیتاڵکردنی کوردستانم، کە زۆر پێویست و گرنگە بۆ هێنانەدی ئەو پێشکەوتنانەی، دەمانەوێ لە کاروبارەکانی حکومەتدا بەدەستی بهێنین. که بەشێکی سەرەکی کارنامەی چاکسازی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بە ئاراستەی هێنانەدی دادپەروەری و شەفافییەت.

لە ڕاستیدا ئێمە سیستەمێکی تەواو دیجیتاڵیمان، بۆ دارایی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست پێ کردووە ، کە بە تەواوی لە لایەن کارمەندە گەنجە بەتواناکانی کوردستان لە ناو حکومەتدا، دروست کراوە و گەشەی پێ دراوە . هەروەها ئێمە سوودمان لە گەنجە گەشەپێدەرەکانمان وەرگرتووە بۆ بنیاتنانی خزمەتگوزاری دیجیتاڵی تر ، بەتایبەتی لە پۆرتاڵ و وێبسایتی حکومەتی هەرێم کە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتییە.

لەکاتێکدا ئەم هەنگاوانە دەبنە هۆی زیادکردنی شەفافیەت و کارایی لە خزمەتی گشتیدا، هەروەها یارمەتیدەری ئێوەشە ، بۆ گەیاندنی بیرۆکەکانتان بە بازاڕ و بەئاسانی تۆمارکردنی بڕاند و کۆمپانیاکان و کاروباری پێدانی باجەکانیش ئاسانتر دەکات.

بەڵام ئێوە هەمووتان ڕۆڵێکی زۆر گەورەتان لە بەرەوپێشبردنی حوکمڕانیدا هەیە و بێگومان حکومەتی هەرێم بە تەنیا ناتوانێت ئەو ڕۆڵە بگێڕێت. بۆیە پێویستیمان بە پشتیوانیی ئێوەیە . دەمانەوێت ئێوە بەشێک بن لە دایەلۆگ و گفتوگۆ ، بە ئامانجی باشترکردن و بەهێزترکردنی نیشتمانەکەمان. بۆ ئەوەی کوردستان بەهێزتر ببێت، دەبێت ئێوەی گەنج خۆتان ڕێکبخەنەوە و لە پێناو پێشخستنی کوردستاندا بیرۆکەی نوێ بهێننە ئاراوە.

تکایە گوێ بەو دەنگۆ و پروپاگەندانە مەدەن ، کە پێتان دەڵێت ئێمە ناتوانین بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین و پێشبکەوین . گوێ بەو کەسانە مەدەن، کە هەمیشە گومانیان هەیە و ڕەشبینانە دەڵێن، ئێمە هەر لە ڕابردوودا گیرمان خواردووە و قەتیس ماوین. بەڵام هەمیشە ڕۆژگار ئەو بۆچوونانەی پووچەڵ کردووەتەوە . بۆیە داواتان لێدەکەم ئێوە باوەڕتان بە خۆتان و توانای خۆتان هەبێت ، چونکە ئێوە دەتوانن گۆڕانکاری دروست بکەن و دڵنیابن کاریگەری ئێوە بێ سنوورە.

لەم ڕۆژانەی دواییدا لەگەڵ ژمارەیەک خاوەنکار کۆبوومەوە. پێمخۆش بوو کە گوێم لە ئەزموونەکانی ئەوان بێت لە چۆنیەتی دەستپێکردنی کارەکانیان و پەرەدان بە مارکەکانی خۆیان و ئەو ئاستەنگانەی، ڕووبەڕوویان بوونەتەوە.

بۆ من زۆر جێی سەرنج بوو، گوێم لە پەرۆشییان بێت، لە هەمانکاتدا گوێبیستی پێشنیارەکانیان بم لەوەی حکومەت دەتوانێت چی بکات لە پێناو ئاسانکاریکردن بۆ گەشەپێدانی کارە بازرگانیەکان.

من دەمەوێ پردێک دروست بکەم بۆ زیاتر گەیشتنی دەنگی گەنجان بە حکوومەت. کە من پێموایە ئەمە کارێکی زۆر گرنگە . بۆیە دەمەوێت گوێم لە ئێوە بێت و حکومەتی هەرێم سوود لە تواناکانی ئێوە وەربگرێت.

من داوام کردووە کە گرووپێکی نوێنەرایەتی گەنجان دروست بکرێت بۆ ئەوەی نیگەرانیی و خواست و داوا و بیرۆکەکانی گەنجان ڕاستەوخۆ بگاتە نووسینگەکەم. من خۆشحاڵم تیمەکەم لە چەندین گەنجی بەتوانا و لێهاتوو پێکاتووە و ئەمڕۆ هەندێکیان لێرەن کە زۆر ماندوونەناسانە کاردەکەن بۆ ئەوەی یارمەتیدان بدەن بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە.

من تەواو دڵنیام بە بێ گوێکردن لە دەنگی گەنجان، ناتوانین دید و ڕوانینەکانمان بگەیەنین و ئامانجەکانمان بە دی بهێنین. بۆیە خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ ئەم دەرفەتەم بۆ ڕەخساوە بۆ ئەوەی لەم بۆنە و ئیڤێنتەی تێدێکس نیشتمان ( TEDxNishtiman ) بەشداری بکەم و قسە بکەم.

بە ئومێدی ئەوەم، زیاتر گوێبیستی ئامادەبووان و ڕێکخەرانی ئەم بۆنەیە ببم، بەتایبەتی دەربارەی ئەوەی ئێمە چۆن لە حکومەتدا دەتوانین کاری زیاتر بکەین، بۆ ئەوەی بە یارمەتی ئێوە ،کارنامەکەمان جێەجێ بکەین و داهاتووییەکی گەش بۆ ئێوە و کوردستان دابین بکەین.
ئێوە خاوەنی ئەم وڵاتەن و سەرمایەکی گرنگیی ئێستا و داهاتووی نیشتمانن .تکایە مەهێڵن هیچ کەسێک سنوور بۆ تواناکانتان لە خزمەتکردنی نیشتمان ساردتان بکاتەوە.

تکاتان لێ دەکەم ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە بەرچاو بگرن.

سوپاستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نادیە موراد دەکات

 هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - رۆژی یەکشەممە 2021/2/7 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە نادیە موراد چالاکیی ئێزدی و ڕزگاربووی دەستی داعش کرد.

لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە کە حکومەتی هەرێم، هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتەگەڕ لە پێناو کەمکردنەوەی ئازار و مەینەتییەکانی خوشک و برایانی ئێزیدی و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان. گوتیشی ئێزیدی پێکهاتەیەکی ڕەسەن و گرنگی گەلی کوردستانن و هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتیوانیی لە داوا ڕەواکانیان دەکات و سەدان پێشمەرگەش لە پێناو ڕزگارکردنی شنگالدا شەهید بوون. بۆیە پێویستە دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و ئارامیی بۆ ئەم دەڤەرە بگەڕێتەوە.

نادیە موراد وێڕای جەختکردنەوە لە سەر گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ژن و کچە ڕفێنراو و شوێنبزرکراوەکانی ئێزیدی و ئازادکردنیان و گەڕانەوەی روفاتی تەواوی قوربانییانی گوندی کۆچۆ، داواشی کرد بە زووترین کات ڕێکەوتننامەی شنگال جێبەجێ بکرێت لە پێناو سەقامگیربوونی دادپەروەریی و ئاشتی لە ناوچەکەدا.

لە دیدارەکەدا هەروەها جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگیکردن لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوە و لێپیچینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش ( یونیتاد) کرا بۆ بەدیهاتنی دادپەروەریی بۆ قوربانییانی ئێزدی دەستی تیرۆریستانی داعش.

ڕاگه‌يه‌نراوێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە

 لەم ماوەیەدا ئاژانسی هەواڵی فارس لە ئێران، لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی دوو فیلمه‌وه‌ لەسەر هەولێر و پێشمەرگە و شەڕی داعش، هەوڵی داوە ڕاستییەكان بشێوێنێت و سووكایەتی بە پێشمەرگە و سەركردایەتيی هەرێمی كوردستان بكات و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان بشارێتەوە.

هاوكارییەكانی ئێران بۆ هه‌رێمى كوردستان لە كاتی شەڕی داعشدا پەیوەندییەكانی نێوانمانی بەهێزتر كرد، ئەو ئاژانسە فەرمییە لە كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەو كارەی هەوڵ دەدات زیان بە پەیوەندییەكان و دۆستایەتيی نێوانمان بگەیه‌نێت. ئەو کارە گیانی ئەو شەهیدانەش ناشاد دەكات كە ئەو ڕۆژانە پێكەوە لە یەك سەنگەردا بەرامبەر داعش شەهید بوون. بێگومان كارێكی ئاواى پڕ لە نادروستی و پڕ لە شێواندنی ڕاستی و منەتكردنی بەو شێوەیە، بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەو ئەخلاق و هەڵسوكەوتەشدا یەك ناگرێتەوە کە فەرماندەی شەهید قاسم سلێمانى هەیبوو. بۆيه‌ كاری بەو شێوەیە دڵسۆزی نییە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و فەرماندەی شەهید، بەڵكو تێكدانی ئەو پەیوەندییە بەهێزەیە كە فەرماندە قاسم سلێمانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەرەی پێدابوو.

پشتیوانییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە كاتە سه‌خته‌كاندا بۆ خەڵک و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان و لە سەرەتای هێرشی داعشدا بۆ سەر كوردستان كه‌ بە چەك و تەقەمەنی و ژمارەیەك ڕاوێژكار بە فەرماندەیيی فەرماندە قاسم سلێمانی، هاوكاريی پێشمەرگەیان كرد، هەمیشە جێگەی سوپاس و ڕێزە و لەكاتی خۆیدا هەرێمی كوردستان بە ڕوونی ئەوەی ڕاگەیاندووە. هەروەك چۆن هاوكاريی هاوپەیمانیی نێودوڵەتيی دژی داعش، بەتایبەتی هاوكاريی كاریگەر و ماوەدرێژی ئەمه‌ریكا، هەروەها هاوكاريی وڵاتانی ئەورووپا و ناوچەكە، بە هەمان شێوە هاوكاريی حیزبە كوردستانییەكانیش لە ڕۆژانی سەرەتای هێرشی داعشدا بۆ سەر كوردستان لەبیر ناكرێن. هاوكاریكردنی پێشمەرگە بە چەك و تەقەمەنی لەلایەن ئێران و دواتریش هاوكاريی بەرفراوانی هاوپەیمانان زۆر گرنگ بوو، چونكە بەهۆی ئەوەی ڕێگە نەدەدرا حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەك لە دەرەوە بكڕێت و حكوومەتی عێراقیش چەك و تەقەمەنی نەدەدایە پێشمەرگە، هێزی پێشمەرگە بە چەكی زۆر سادە، بەرامبەر دڕندەیيی داعش و چەكە پێشكەوتووەكانی وەستابووەوە.

لە كاتی هێرش و شەڕی داعشدا، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە فەرماندەیی و ئەزموونی چەندین ساڵ خەباتی پێشمەرگایەتيی سەرۆك مەسعوود بارزانی، وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لەسەر زەوی هێرشی داعشی ڕاگرت و هێزی داعشی لە ناوچەكەدا تێكشكاند، ئەوەش تێكشكاندنی هێزێكی تاریكپەرستی ئەوتۆ بوو كە هەڕەشە بوو لەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەكە و ئازادی و ئاسایشی هەموو جیهان. هەرێمی كوردستان كە وەك هەمیشە شوێنی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان بووە، جارێكی دیكە بووەوە به‌ پەناگەی پاراستنی ئاوارە و په‌نابه‌ران لە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان، ئەوەش بە هاوكاريی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان و ڕێكخراوە ناوخۆیی و جیهانییەكان، لەپێش هەمووشیانەوە لە سایەی بەرگریی بەهێزی پێشمەرگە بوو.

ئێمە ئەو دوو فیلمە بە سووكایەتیكردن بە خۆڕاگريی خەڵكی كوردستان و سەركردایەتيی هەرێمی كوردستان دادەنێین، هەروەها بە سووكایەتیكردن بە قارەمانیيەتيی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدانی كوردستان و لە هەمان كاتدا بە سووكایەتیكردن بە بنەما و باوەڕەكانی فەرماندەی شەهید قاسم سلێمانی دادەنێین. لە ڕاستیدا ئێمە هیچ سوودێك لە بەرهەمهێنانی فیلمی ئاستنزم و دوور لە ڕاستیی بەو شێوەیەدا نابینین، جگە لە هەوڵێك بۆ تێكدانی هاريكاريى ناوچەیی و دروستكردنی ناكۆكی لەنێوان گەلانی دۆست لە ناوچەكەدا. بۆيه‌ لە ڕوانگەی هەبوونی پەیوەندیی دۆستانە و هاوكاريی لەمێژینە لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، داوای هەڵوێستێكی گونجاو لە كۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر ئەو دوو فیلمە دەكەین كە بووەتە هۆی برینداركردنی هەستی گەلی كوردستان.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

2021/1/26

 

 

وتووێژی نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لەگەڵ کاناڵی NRT سەبارەت بە فیلمی "تەوەکول"

Media

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزیرى بەرگریى تورکیا کۆبووەوە

 نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 19/1/2021 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز خلووسى ئاکار، وەزیرى بەرگریى تورکیا و شاندێکى یاوەرى کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەڕێزان جێگرانى سەرۆک، وەزیرى پێشمەرگە، سوپاسالارى هەرێمى کوردستان و بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان، ئامادەى بوون، باس لە سەردان و دیدارەکانى بەڕێز وەزیرى بەرگریى تورکیا لە بەغدا و هەولێر کرا و هەردوولا جەختیان لە پاراستنى ئارامى و سەقامگیرى لە ناوچەکە و گرنگیى هاوکارى و هەماهەنگیى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا بۆ پارستنى سەقامگیریى ناوچەکە کردەوە.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وێڕاى سوپاسکردنى تورکیا بۆ هاوکارییەکانى لە شەڕى دژى داعشدا بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان، دووپاتى کردەوە کە ناکرێت خاکى عێراق و هەرێمى کوردستان وەک پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا و وڵاتانى دراوسێ بەکار بهێنرێت و هیواى خواست لەمبارەیەوە عێراق ئەرکى خۆى جێبەجێ بکات، هەروەها شاندى میوانى دڵنیا کردەوە کە هەرێمى کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکى ئارامى و سەقامگیریى ناوچەکە دەبێت.

پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا لە هەموو بوارەکاندا، پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و کێشەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و شەڕی داعش، بوارەکانى هاریکارى و هەماهەنگیى نێوان هەردوولا، دۆخى ناوچەکە بەگشتى، ڕێککەوتنى شەنگال و گرنگیى جێبەجێکردنى، گرنگیى پاراستنى سنوورەکان و ئاسایشیان، پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا، چەند تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون.

  •  
  •  

 

راپۆرتی كۆمپانیای (دیلۆیت)ی جیهانی سەبارەت بە وردبینی كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان-عێراق (١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ تا ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٠)

 راپۆرتی پشتڕاستکراوی تایبەت بە داتا و زانیاریی نوێ دەربارەی هەناردەكردن، بەكاربردن، خەرجی و داهاتەكانی نەوت لە (١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ تا ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٠) لەلایەن ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز لە هەرێمـی كوردستان لە پێگەی ڕەسمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوكرایەوە.

• راپۆرتەکە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیـزی بەردەستە، شیکردنەوەیەکی چارەکە ساڵانە پێشکەش دەکات دەربارەی زانیارییەکانی هەناردەکردنی نەوت و ڕێژەی نرخەکان.

• پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان لەلایەن کۆمپانیای (دیلۆیت)ەوە ئەنجام دراوە.

لە چوارچێوەی پڕۆژەی وردبینی سەربەخۆی كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان و وەك بەشێك لە دەستپێشخەری تایبەت بە شەفافییەت لە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی وەزیران، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی هەڵسەنگاندن بۆ ئاشکراکردنی زانیاری سەربار دەکات بۆ پەرەپێدانی شەفافییەت لە بواری کەرتی نەوت و گاز. بەمجۆرە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بە بەردەوامی راپۆرتەکانی وردبینیکردنی کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان پشتڕاستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (دیلۆیت)ەوە بۆ رای گشتی بڵاو دەکاتەوە. وە لە ساڵی (٢٠١٩)ەشەوە داتا و زانیاری پێشکەش کردووە دەربارەی ڕەسیدی پێشەکیدراو بە هەرێمی کوردستان کە قەرزاری کڕیارەکانی نەوتە. لە ساڵی ٢٠٢٠دا ئاشکراکردنی زانیارییەکان فراوان کران و هاوتاکردنی داتاکانی نێوان بەرهەمهێنان و هەناردەکان و بەکاربردنی ناوخۆشی گرتەوە.

ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز بەردەوام دەبێت لەسەر كاركردن بۆ برەودان و دەوڵەمەندكردنی ڕاپۆرتەكانی وردبینی و پێداچوونەوە بە پشتبەستن بە سەرنج و پێشنیازی لایەنە پەیوەندیدارەكان، لەناویشیاندا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، سەرەڕای کارکردن بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەکانی چاودێری و وردبینی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی توانا مرۆییە ناوخۆییەکانی بواری وردبینیی کەرتی نەوت و گاز، و حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی پابەندبوونی خۆی دەكاتەوە لە بەرامبەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان كە بەردەوام دەبێت لەسەر وردبینی و پێداچوونەوەی سەربەخۆ بۆ سێكتەری نەوت و گاز بە هەموو پرۆسە و بەشەكانییەوە.

دەتوانن دەقی راپۆرتی دیلۆیت بە ئیمزاكراوی بە فۆرمی (PDF) داتاکانی پشتڕاستكراوی نەوتی خاوی هه‌رێمی كوردستان بۆ (١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ تا ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٠) بە هەر سێ زمانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی دەستبخەن. لە چوارچێوەی راپۆرتی دیلۆیت، پرسیار و وه‌ڵامه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی هه‌نارده‌ كردنی نه‌وتی هه‌رێم بە هەر سێ زمانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بخوێننەوە كه‌ بۆ روونكردنەوەی پێویست و تێگەیشتنی باشتر لە بڕگە جياوازەکانی راپۆرتی پرۆسه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت خراوه‌ته‌ڕوو‌.

15 کانوونی دووەم 2021

 https://gov.krd/news-and-announcements/posts/2021/january/%D8%B1%D8%A7%D9%BE%DB%86%D8%B1%D8%AA%DB%8C-%D9%83%DB%86%D9%85%D9%BE%D8%A7%D9%86%DB%8C%D8%A7%DB%8C-%D8%AF%DB%8C%D9%84%DB%86%DB%8C%D8%AA-%DB%8C-%D8%AC%DB%8C%D9%87%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%B3%DB%95%D8%A8%D8%A7%D8%B1%DB%95%D8%AA-%D8%A8%DB%95-%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%A8%DB%8C%D9%86%DB%8C-%D9%83%DB%95%D8%B1%D8%AA%DB%8C-%D9%86%DB%95%D9%88%D8%AA-%D9%88-%DA%AF%D8%A7%D8%B2-%D9%84%DB%95-%D9%87%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85%DB%8C-%D9%83%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%B9%DB%8E%D8%B1%D8%A7%D9%82-%D9%A1%DB%8C-%DA%A9%D8%A7%D9%86%D9%88%D9%86%DB%8C-%D8%AF%D9%88%D9%88%DB%95%D9%85%DB%8C-%D9%A2%D9%A0%D9%A2%D9%A0-%D8%AA%D8%A7-%D9%A3%D9%A0%DB%8C-%D8%A6%DB%95%DB%8C%D9%84%D9%88%D9%84%DB%8C-%D9%A2%D9%A0%D9%A2%D9%A0/

پەڕەى 98 لەکۆى 347 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی